په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٢

بەکێڵگەکردنی جەستەی ژنان، سووکایەتیکردنە بە هزری مرۆڤبوون.


ئەرسەلان مەحمود    


هۆکارەکان، زاتی، یان بابەتی، سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، هەر چییەک بن، بەگومانم لەوەی هەتا ئێستایش، تاکی کورد، توانیبێتی ئازادی خود لەخۆدای خۆی بەمانکردبی لەخۆدا..


بێگومان، هەتا ئێستایش، ئەوە تاکی کورد نییە، وەک یەکەیەکی بنەڕەتی ڕۆڵدەبینێت لەپێکهێنانی جڤاکەکەیدا، بەڵکو ئەوە خودی جڤاکە لەبری تاک بیر دەکاتەوەو، لەبری تاک بڕیار دەداو، ژیان دەنووسێتەوە لەدو توێی میزاج و، کولتورێکی باوگیردا، بۆیە ئەگەر تۆی ژن، کۆیلەی ئاو هەڵکێشان و، خۆ وشککردنەوەی خۆتبیت لەخۆدا، ئەوا منی پیاویش، لەفۆڕمێکی تردا، کۆیلەی ئاخهەڵکێشان و، خۆ خاڵیکردنەوەی خۆمم بەهەمان شێوە لەخۆدا..


دیارە ئەو تاکەی ئازادی خۆد لەخۆدای خۆی، بەمانا نەکردبێت لەخۆدا، بێگومان سەر بەهەر ڕەگەزێک بێت، بەر لەوەیش بەکۆیلە کرابێت لەلایەن جڤاک، یان ئەوانی ترەوە، ئەوا خودیخۆی بەرەو خود کۆیلەیی خۆی بردوە، بەم عیبارەتە، زۆرینەی ڕەها لەتاکی کورد، نەک هەر جارێک، بگرە دوجاریش کویلەین، جارێک کۆیلەی بەندوباوە کۆمەڵایەتی و، جڤاکییەکان، جارێکیش کۆیلەی نەسازییە خودییەکانی خۆمان لەخۆدا، ئەم هەموو حەسرەت و، قەهرەیش، تەنهاو تەنها لەوەها بێماناکارییەکی جڤاکی و، نائازادی خودییەوە، سەرچاوەیان گرتووەو، بەس‌!


بەمانایەکی تر، تۆی ژن، بۆ دەچەوسێندرێیتەوە؟، ئەی باشە چەوسێنەر، بۆ دەبێ‌ منی پیاوبم؟ بوونمان هاوبەش، ژیریمان هاوبەش، ژیانمان هاوبەش، مردنی هاوبەش، پێمبڵێن‌ ئەی تاکە بڕیاردەر بۆ منم؟، ئایا زەوی نێرە؟!، ئەی پلە نزم بۆ هەر تۆی؟، کێ‌ پیاوی باڵاتکرد؟ ئایا ئاسمان مێیە؟! تاڵاوی ئەم هەموو ڕهاییە لەبڕیاردان، سوێراوی ئەم هەموو پلەبەندییە لەوابەستەیی، تۆ بڵێی لەکویی عەقلانیەت و، لەکوێی لۆژیکەوە، ڕژاونەتە وجودمانەوە؟!


تۆی ژن، بۆ نیوەی جڤاک و، نیوەکەی تری بۆ منی پیاوم؟، ئەم ناتەواوییەی بوون!، دەرهاویشتەی چجۆرە ڕێسایەکی مێگەلی و، دەرچەی چجۆرە یاسایەکی فیزیکی و، ماتماتیکییە؟، چجۆرە ئاین و، بیردۆزەو، فەلسەفەیەک، وەک ژمارە لەتاکێتیمان دەڕوانن‌؟!


ئایا، نیووەی پرتەقاڵ + نیووە سێوێک لەمیوەجات، = بەچەن پرتەقاڵ و، سێوی تەواو، لەباخچەدا؟، ئایا، نیوەی نێرو، نیوەی مێرێک لەمرۆڤدا، = بەچەند مێرو، نێری تەواو، لەجڤاکدا؟


بێگومان، نەنیووەی پرتەقاڵێک بەکۆکردنەوە لەگەڵ نیووەی سێوێک دەکاتە یەک جۆری تەواو لەمیوەو، نەنیووەی سێوێکیش بەکۆکردنەوە لەگەڵ نیووەی پرتەقاڵێک دەکاتە یەک جۆری تەواو لەهەمان میووە، بەڵێ‌ دواجار ئەوان میوەن، بەڵام نابن بەنیووەی یەکتر، چونکێ‌ ئەوان لەبنەمادا، دو جۆر میووەی سەر بەدو درەختی سەربەخۆن، هەروەک چۆن نەپیاوێک نیووە مرۆڤە تا بەکۆکردنەوە لەگەڵ نیووە ژنێک بکاتە یەک مرۆڤی تەواو، نەژنێکیش نیووە مرۆڤە تا بەکۆکردنەوە لەگەڵ نیووە پیاوێک بکاتە یەک مرۆڤی تەواو.


بۆیە ئەگەر ئەم کۆکارییەی میوەجات، بۆ کوشتنی چێژ بێت لەبۆتەی باخچەدا، ئەوا ئەم بەنیووە تەواوکار بیینەی مرۆڤیش، بۆ بەرینکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی و، بۆ کوشتنی تاکە وەک مرۆڤ لەبۆتەی میگەلدا.


میووەجاتەکان فرە چەشن و، فرە چێژو، سەر بەهەزارەها فرەیشن لەدرەخت، بەڵام مرۆڤەکان مێربن، یان نێر، نابی وەک ژمارەو دو ڕەگەز سەیر بکرێن، نیووە مرۆڤبینی، نیووە بوون بینینەو، دەبێت بکرێتە مایەی گاڵتەجاڕی، ئەم هەبوونە بۆ دەبێ‌ وەک قێزەونترین بارهەڵگری نەفرەت لەیەکتری بەرەو سەر هەڵمانگرێ‌؟


لەوباوەڕەدام، بەر لەهەر شتێک، مرۆڤبوونمان دەبێ‌ بەمانا بکرێتەوەو، لەژێر پرسیار، بهێندرێتە دەرەوە، بەپێچەوانەوە، ئایا ئەمەیە مرۆڤبوون، یان ئاژەڵی دەردەسەری؟!، ئایا ئەمەیە ژیانکردن، یان تەیکردنی شەقامەکانی بێخەبەری؟!، کورت و پوخت، دوبارەی دەکەمەوە، دەبێ‌ هەبوونمان بەهەموو ماناکانییەوە، بەمانبکەینەوە!، ئەمەیە دوا کرۆک و، دوا وڵام!


وتم هەبوون، یانی هەبوونی خود لەخۆدا: تۆ خۆت بهێنە بەر تەماشای خۆت و، مرۆڤانە بڕوانە، ئایا دوا بڕیار سەبارەت بەخۆت، هەر خۆتی؟، ئەگەر وایە، ئەی ئەم هەموو ڕەفتارە نەشازو، ئەم هەموو توندوتیژییەی ناوخیزان و، دامەزراوە جیاکانی تری جڤاک، یان ئایا ڕەوایەتی بەکۆیلەکردنی هەمە چەشنەی هاوبەشەکەت لەکوێی هەبوونی مرۆڤبوونتەوە، هانی؟!، ئایا تۆ بۆ‌ وابکەی هاوبەشەکەت لەبری عەشق، هێزی پێویستبێت بۆ ژیانکردن لەگەڵ تۆدا؟، ئایا تۆ ئەوە دەزانی ئەوە هەر کۆیلەکراو نییە نادیارێک دوا بڕیار لەچارەنووسی دەدات؟، تۆ دەزانی خودی کویلەگەریش وەک مرۆڤ، لەشوێنی شیاو بەهەبوونی مرۆڤدۆستانەی خۆیدا نییەو، ئەویش هەست و بیرکردنەوەکانی دیارە بەجۆریکی تر، بەرەو خودکۆیلەیی دەیبەن، دەزانی دواجار ئەویش هەر کویلەیە، کۆیلەی خەون و، خەیاڵ و، ئەندێشەو، فکرو، فراوانخوازییەکانی خۆی!


بەم پێوەرانە، لەکوێ‌ هێزی ملپێکەچکردن، لەئارادا نەما، لەکوێ‌ ڕێساو یاسا باوگەراکان، بازاڕیان نەما، لەکوێ‌ ئازادی خود لەخۆدای تاکێتی خۆتت لەناو خۆدا بەماناکردەوە، بەڵێ‌، لەو شوێن و، ژینگەیەشدا، مرۆڤبوونت، شوێنی شیاو بەهەبوونی خۆی دەگرێت، لەوێووە دەتوانی پڕوپوچیش لەڕەگەوە ڕیشەکێشبکەیت، دەتوانی ژیانێکی بەماناتر بهێنیتە ئاراوە، دەتوانی بەرپەرچی هەموو ئەو سووکایەتیپێکردنە بدەیتەوە، کاتێک لەسەر دەستی تاک و، گروپە کۆنزێرڤاتیڤەکان لێرەو لەوێیەک بەرامبەر بەهزری مرۆڤبوون دەکرێت.


بەکێڵگەو، خۆراک و، یاپراخکردنی ژنێک، لەبنەمادا سووکایەتیکردنە بەهزری مرۆڤبوون، ڕوانگەی بەخزمەتکاربینینی پیاوێک، هزری خۆ لەخۆدای خۆ بەپلە بەرزتر تەماشاکردنی خودێک، لەبنەمادا سووکایەتیکردنە بەهزری مرۆڤبوون، هەر جۆرە پوچی و، هەر جۆرە دەڵڕەقییەک، لەناو خێزانەوە بگرە بۆ هەتا ئەوسەری پێکهاتە کارگێڕی و، جڤاکییەکانی تر، لەبنەمادا سووکایەتیکردنە بەهزری مرۆڤبوون، نیشانەی ئەوەیە مرڤبوونت لەژێر پرسیاردایە، مایەی ئەوەیە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و، سیاسیەکانت، ژێرخان و، سەرخانە ئابورییەکانت، زانست و، زانیارییە هەمەکییەکانت، هێشتا زۆر زیاتر زیانبەخشن وەک لەوەی سودبەخش و، دانابن.


ڕاست نییە، تۆ پەرلەمانت هەبێ‌ و، یاساکانت لەبری هاوسەنگی، ‏یەکەیەکی بێمانا لەنێوان نێرو، مێدا دروستبکەن، ڕاست نییە، تۆ حکومەتت هەبێ‌ و، نێر لەبری ئەوەی مرۆڤێکی خۆشگونجاو بێت، سەردارێکی دڵڕەق، ژنیش سەپانی پوش برینج بێت!، ئایا وەها بەرخۆرییەکی ناعەقلانی، دەبێتە ژیان و، دەبێتە شکۆمەندی لەهەمبەر مرڤبوونت؟!


نەخێر، رێزدارترین ‏ژن، ئێستا لەم وڵاتەدا، سەرکوتکراوترینیانە، تەنانەت سەریان غەرقی شەونمی هەستیاری پێکراوەو، ئەو جوانییەی هەبوونیش پێیبەخشیوون، زاڵگەڕایی هزری خیڵ و، کاوێژی باوگەرایی گروپە کۆنزێرڤاتیڤەکان، لێیان هەڵپڕوکاندون، مێینەی بێدەسەڵات و، چەوساوە، جوانی و، سۆزو، ئەوینداری لەکوێ‌ بوو!


ئەوەی ڕوئەدات، پەلکێشکردنی ئەوین، نییە، بۆ پێکهێنانی ژیانێکی هاوبەش، زۆربەی هەرە زۆری، هەڵاتنە لەدنیا داخراوەکەی ناو خێزان، کەچی ئەوەندە ناباو، دوبارە دەکەوێتەوە هەمان گێژاو، ئەی لەسەرەتای ڕێگەدا، تەڵاق و، هەڵنەکردن بەیەکەوە یانیچی؟ ئەی لەهەر بەرەبەیانێکدا، خۆ کوشتن و، خۆ سوتاندن و، دەرهاویشتەی ئەم هەموو حەسرەتە یانیچی؟!


باوەڕ دەکەم، ئەوەی دەرونێک هاوسەنگ دەکات، ئەوا هارمۆنیاو، سۆزی مێشک و، لێدانی رێکوپێکی ترپەکانی دڵبێت، بەڵام مرۆڤێک لەجەنگەڵدا، هاوسەنگی دەرونی لەکوێ‌ بوو!، مێشکێکی هەنجن هەنجن و، ترپە هەلا هەلاکانی دڵێک، سۆزو، رێزو، خۆشەویستی لەکوی بوو!


لەدنیای کراوەدا، ژن و، کچانێک هەن، ڕەنگە تەنها پەژارەیان، بریتیمابێت لەسوڕی مانگانە، هەیشن لەدنیای داخراودا، پتر لەهەر سات و، سەردەمێکی ڕابردو، ئێستا پڕن لەدەردو، پڕن لەپەژارەی ڕۆژانەو، هەفتانەو، مانگانەو، ساڵانە، سوڕی لەزەتی کۆنەپارێزان، دەبەنگیکردون، دەبەنگ، کەچی هێشتایش زۆرینەن ئەو ژنانەی شانازی بەلاوازییەکانی خۆیانەوە دەکەن، زۆر زۆرن ئەو ژنانەی چێژ لەدیوەزمەی پاتریاکی وەردەگرن، نوخبەو، نوێنەرایەتییەکانیان ئەوەتان پێشوازی لەفرەژنی دەکەن، ئاییییی چەند بەئازارە!، چەند بەئازارە قەشەنگترین گوڵە جوانەکانی وجود، پەڕ پەڕو بێباکانە، لەژێر دەستە ڕەشەکانی جەهل و، دەستەمۆییدا، قەدەر بیانکرۆژێ‌!


بەپێچەوانەوە، ئایا، ‏هەرهیچ نەبێ‌، هاوەڵیکردنێکی ‏عەقڵانیانەی ڕەگەزی، بەس نییە، بۆ ئەوەی کوڕو کچانێکی ‏پڕ سەرنجترو، خوشک و، برایانێکی پڕسۆزترو، ‏نێرو مێردایەتییەکی دڵسۆزترو، مەعقولانەترمان هەبێت؟، ئایا، وەها بیرکردنەوەیەک، هەرهیچ نەبێ‌، نامانکاتەوە بەمرۆڤیکی سەر ڕاست و، نامانکاتەوە بەهاوڵاتییەکی باش و، خاوەن نەخش؟


تۆی نێر، هەرگیز لەمێرت پرسیووە، ئەو شتانەی بەلای ئەوەوە گرینگن خۆیان لەچیدا دەبیننەوە؟، هەرگیز بەلاتەوە گرینگ بووە، لەخەون و، خەمەکانی ئەو تێبگەی؟، تۆ هەرگیز بەلاتەوە گرینگ بووە، لەئازاری راستەقینەی دایک و، هاوسەر، خوشک و، کچکەت لەدنیای راستەقینەی خۆیاندا، تێبگەی؟


بەداخەوە، تاوانی دژ بەمێینە خۆ تەنها هەر لەبەدکاری دڕندەکانی دنیای کۆنەپارێزاندا، کورتنابێتەوە، لەدنیای کراوەیشدا، ئەوە هەر ڕاستە، بەڵام بەجۆرێکی تر، لەوێش هێشتا، مێینە خاوەنی هەموو مافە مەدەنیەکان نین‌، دڵخوازانە بۆیان نییە دەرکەون، خۆ ویستانە بۆیان نییە بپۆشن، بەبێ واژۆی نیرینە، تەنانەت پاسپۆرتی سەفەریشیان پێنادرێت، بەبێ‌ هاوەڵیکردنی نێرینە بۆیان نییە سەفەر بکەن، هێشتا پیاو، دوا بڕیار لەچارەی دەدات!، ئەمانە مشتێکن لەگرفتەکان، خەتەنەکردن، ئەوە هەر هیچ، شەرەف و، بێشەرەفی ئەوە هەرهیچ!، مەرگی ژن بەئاسایی، وەختە ببێتە دیاردەیەکی چاوەڕێنەکراو، لەهەمبەر ئەو بابەتە، جارێکی تریش دەمەوێ‌ ئەوە دوبارە بکەمەوە،" هەموو ئەوانەی خود شەرەفی خۆیان لەوی بەرامبەردا دەبینن، بەرئەنجامی خود بێشەرەفی خودی خۆیانەو، بەس"، چونکێ‌ ئەوەی ئەمڕۆ بەبیانوی شەرەف ڕوئەدات، بەبەراورد لەگەڵ سەدەکانی ناوەڕاست، تەنانەت لەسەرئاستی ئەوروپایش، هەر زۆر قێزەونتر دەردەکەوێت!..


ئەگەرچی ئێستا مەسەلەی رزگاری مێینە لەخۆرئاوادا، تاڕاددەیەکی بەرچاو، بووە بەحەقیقەت، لەو نێوەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان و، بزوتنەوە فێمینیستیەکان، ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن، بەڵام سەرکردەی هەموو ئەم بزاوتانە، بەتەنها هەر مێینە نین، یانی هەر ئەوانە نین بەرژەوەندی ڕەگەزی کۆیکردونەتەوە، بگرە هەموو ئەو نێرینانەی مرۆڤانەیش بیر دەکەنەوەو، تێدەگەن بەیەکەوە لەدنیایەکدا دەژین، سەرمەشقی وەها شێوە تێکۆشانێکن، بەڵام لەوڵاتانی دواکەوتوو، یا تازە گەشەکردودا، ئەوە نەک هەر بەمانا نەبووە، خودی رێکخراوەکانی پەیوەیست بەوەها تێکۆشانێکیش، هێندەی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیەتی ڕوتی حزبین، هەرگیز، وەها ڕۆڵێکیان نەبینیووەو، نەیانتوانیووە وەک ئەوەی شیاو بەهەبوونە، هەبن!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک