په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 بەلاغی کۆتایی
چوارەمین کۆنگرەى پارتی چارەسەرى دیموکراتی کوردستان.
(
PÇDK)
 

لەژێر دروشمی " لەرێبازدا قووڵبوونەوە، لەرێکخستندا بەگەلبوون"دا لەرۆژى (1) ى ئایارى ( 2008)دا پارتیمان پارتى چارەسەرى دیموکراتى کوردستان چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شارى کەرکوک لە هۆڵی (یانەى مامۆستایان) سازدا و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو. کۆنگرەکە بە خولەکێک رێزگرتن لەگیانى بێگەردى شەهیدانى رێگاى ئازادی و بە ئامادەبوونى شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) و چەندین پارت و رێکخراو و کەسایەتى دیموکراتخوازی کورد و عەرەب دەستیپێکرد و وتاری چەندین پارت و رێکخراوی کوردستانى خوێندرایەوە. لەکۆنگرەکەدا (140) ئەندامى هەڵبژێردراوى کۆنفرانسە مەحەلییەکانى شارەکان و (30) ئەندامى گوێگر و چەند کەسایەتییەکی دۆست لە عەرەب و کوردی ئێزیدی وەک میوان بەشداربوون. پاشان کۆمیتەى ئامادەکارى کۆنگرە بەخوێندنەوەى راپۆرتێک باسی لەکار و ئامادەکارییەکانى خۆی کرد. هەروەها وتاری کردنەوەى کۆنگرە لەلایەن سەرۆکی پارتیمان بەڕێز (د. فایق محەمەد گوڵپی)یەوە پێشکەش کرا. لەم کۆنگرەیەدا بروسکە و پەیامی چەندین پارت و رێکخراو و دەزگای کوردستانى خوێندرایەوە. لەمیانەى دەستنیشانکردنى دیوانى بەڕێوەبردنى کۆنگرە و دەستنیشانکردنى بەرنامەى کاردا کۆنگرە دەستى بەکارەکانى خۆی کرد؛ سەرەتا سەبارەت بە راپۆرتی سیاسی پێشکەشکراو بەکۆنگرە و رەوشی سیاسی و رێکخستنى و ئەرکەکانى قۆناخی ئێستا و داهاتوو گفتوگۆیەکى تێروتەسەل کرا. پاشان گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان ئەنجامدرا و گۆڕانکاری گرنگ و پێویست لە بەرنامە و پەیڕەوی پارتیدا کرا. هەروەها بەئامادەبوونى پێنج لەهەڤاڵانى رێکخستنى ئەوروپا راپۆرتى رێکخستنى ئەوروپا خوێندرایەوە و گفتوگۆیەکى تایبەتى سەبارەت بە کار و خەباتى رێکخستنى ئەوروپای ( پ چ د ک) ئەنجامدرا. ئەمەو لەچوارچێوەی (17) پرۆژە بڕیاردا چەندین بڕیاری گرنگ و نوێ وەرگیران.
دوابەدوای گفتوگۆ و بڕیارەکان، کۆمیسیۆنێکی تایبەت بەهەڵبژاردنەکان هەڵبژێردرا و ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکی نوێی پارتى و ئەنجوومەن و دەزگاى دیسپلینى پارتى کرد. سەرەتا سەرۆکی پێشووی پارتى هەڤاڵی بەڕێز (د. فایق محەمەد گوڵپی) وتەیەکی سەبارەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکی پارتى پێشکەش کرد، کەتێیدا وەک نەریتێکی دیموکراتیانە و هاوچەرخانە خۆکاندیدنەکردنى خۆی راگەیاند و پێشنیاری خۆیشی بۆ سەرۆکی پارتى پێشکەشکرد، کە هەڤاڵی بەڕێز (دیار غەریب) بوو. لەم هەڵبژاردنەدا بەڕێز (دیار غەریب) بەزۆرینەی دەنگەکان بە سەرۆکی نوێی (پ چ د ک) هەڵبژێردرا. پاشان ئەنجوومەنێکی حەڤدە کەسی هەڵبژێردرا. لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەندامانى دەزگاى دیسپلینی پارتى کۆتایی بە پرۆسەى هەڵبژاردنەکان هات.


بەگوێرەى پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان کە پێویستە هەردوو ساڵ جارێک کۆنگرەى ئاسایی خۆی ببەستێت، چوارەمین کۆنگرەى پارتیمان وەک کۆنگرەیەکی ئاسایی لەیەکی ئایار جەژنى کرێکار و رەنجدەرانى جیهاندا دەستی بەکارەکانی خۆی کرد و لەماوەی سێ رۆژدا، لەکەشوهەوایەکى دیموکراتییانەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ بەڕێوەچوو و چەندین بڕیاری گرنگ و مێژوویی وەرگیردران.


لەچوارچێوەى هەڵسەنگاندنى رەوشی سیاسیدا وێڕاى ئاماژەکردن بەو رەوشە دژوار و گێژاوییەى کەوا سەرمایەى جیهانى رووبەرووى مرۆڤایەتى کردۆتەوە، ئەوا جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کەوا لە ئانوساتی ئێستادا گەلەکەمان و بزاڤە ئازادیخوازەکەی بەقۆناخێکی زۆر هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێت. بەتایبەتى دواى بەرخۆدانە شکۆدارەکەى (زاپ) و شکستى شاڵاو و هێرشە داگیرکارییەکان کە لەگەڵ خۆیدا دۆخێکی پڕ لەدەرفەت و دەسکەوت و لەهەمانکاتدا پڕ لە هەستیارى خوڵقاندووە. بێگومان ئەمەش ئەرک و بەرپرسیارێتى گەل و پارتیمانی لەئانوساتێکی وەهادا زیاترکردووە. بۆیە لەمڕووەوە بەرزکردنەوەى ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدان و قورسایی دان بە یەکێتى نەتەوەیی و دیموکراتییانە وەک ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراو هەڵسەنگێنرا.


هەروەها گفتوگۆیەکی بەرفراوان و قووڵیش سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتى و کولتووری باشووری کوردستان و ئێراق کرا و ئەوە دەستنیشانکرا کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا وێڕای بەدەستخستنى چەندین دەسکەوتى بەهاداری نەتەوەیی و دیموکراتى، بەڵام گەندەڵی، قۆرخکردن و پاوانخوازی بنەماڵەیی و حزبی و پەیڕەوکردنى سیاسەتى مشەخۆری و بێبەرهەمی لەم حەڤدە ساڵەدا گەلێک دەسکەوت و دەرفەتى زێڕینى لەدەست گەلەکەمان بەفیڕۆ داوە، هەڵبەتە لاوازی ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتى و رێکخستەنەبوونى جەماوەری دۆخەکەى دژوارتر کردووە. تا ئەو رادەیەى خەڵک لەزۆر ماف و پێداویستى و خزمەتگوزاری مەحروم کراون و ناڕەزایی و بێزاری خەڵکیش گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز، توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان بێسنوور تەشەنەی سەندووە. کەچی تا ئێستا ئەو بێزاری و ناڕەزاییەى خەڵک نەگەیشتۆتە ئاستى هوشیاربوونەوە و رێکخستەبوون و نواندنى چالاکی دیموکراتیانەى بەرفراوان و گشتگیریانەوە. هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە چەندین کێشە و گرفتی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەمان لەئاستى ئێراقدا بەبێچارەسەری ماوەتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە مەسەلەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانى دیکە، کە بەهۆی سیاسەتى سازشکارانە و بێبەرنامەیی و وابەستەبوون بەدەرەوە، تادێت کێشەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر دەبن. بۆیە لەپێناو پاراستنى ماف و دەسکەوتەکانى گەلەکەمان و دابینکردنى پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها لەپێناو چارەسەرکردنى تەواوى کێشە و گرفتە هەڵواسراوەکاندا بەکێشەى کەرکوکیشەوە، بڕیاری رێکخستەکردن و چالاککردنى جەماوەر، تێکۆشان لەبەرامبەر گەندەڵی و هەموو شێوە قۆرخکارییەک درا و بە ئەرکێکى نەتەوەیی و دیموکراتیی بەپەلە بینرا و پێویستە پارتیشمان وەک پارتێکی نەتەوەیی دیموکراتیى ئۆپۆزسیۆن، رۆَڵێکی چالاکتر و مەزنتر ببینێت.


هەروەها سەبارەت بە رەوشی رێکخستنی پارتیمان و ئەرک و بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانى جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پارتیمان لەدوای کۆنگرەی سێیەمەوە تاکو ئێستا، وەکو رابردوو، لەمیانەى پێداگری لەسەر خەبات و تێکۆشانى هەمەلایەنەى خۆیەوە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانى هەرێمی کوردستانەوە رووبەرووی فشار و گوشارێکی بێسنوور بووەوە، بارەگاکانمان لەهەولێر و سلێمانى و دهۆک داخران، چەندین ئەندام و دۆستمان دووچارى فشار و گرتن بوونەوە، هەڵبەتە ئامانج لە هەموو ئەو گوشار و فشارانەى دەسەڵاتدارانیش ملکەچکردن و چۆکپێدادانى پارتیمان بوو، شکاندنى باوەڕی و ئیرادەى تێکۆشانى نەتەوەیی و دیموکراتیانە بوو، بەڵام پارتیمان وەک پارتێکی پەیوەست بە پرەنسیپە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانى خۆیەوە، نەک هەر ملکەچ نەبوو و چۆکی دانەدا، بەڵکو پێداگری و جۆشوخرۆشی تێکۆشانى خۆی، باوەڕی و ئیرادەى بەرخۆدانى خۆی تۆکمە و بەهێزتر کرد. هەروەها ئەوەش دەستنیشانکرا کە لەکار و خەباتماندا کەموکوڕی و کەمتەرخەمی جددیش روویانداوە، کە لەئاکامدا وەک کۆسپێک هاتۆتە بەردەم کار و خەباتی پارتیمان. بۆیە لەچوارچێوەی ئەو رەخنە و پێشنیارانەى پێشخران بۆ دەربازکردن و بەلاوەنانی ئەو کەموکوڕی و کەمتەرخەمیانە و لەژێردروشمی " لەرێبازدا قووڵبوونەوە، لەرێکخستندا بەگەلبوون"دا بەخۆداچوونەوە و هەنگاوهەڵهێنانێکی مەزن وەک ئەرکێکی سەرەکى قۆناخ دەستنیشان کرا.


ئەمەو سەرجەم بەشداربووانى کۆنگرە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە لەمیانەى پەیوەستبوون بە فیکر و فەلسەفەى ئازادیخوازانەى رێبەر ئاپۆ و رۆحی چالاکیخوازانەى هەڵمەتى "ئیتر بەسە"دا، پەرە بەتێکۆشانى نەتەوەیی ـ دیموکراتی بدرێت. لەم چوارچێوەیەدا چەندین بڕیاری وەرگرت، هەندێک لەو بڕیارانەش ئەمانەى خوارەوەن:


1ـ لەپێناو پاراستن و خاوەنداریکردن لە ژیان و تەندروستى رێبەر ئاپۆ و ئازادکردنیدا هەموو هەوڵ و چالاکییەکان لەچوارچێوەى هەڵمەتى "ئیدى بەسە"دا چڕبکرێتەوە و فراوانتر و کاریگەرتر بکرێت. هەروەها کۆمیتەى پاراستنى تەندروستى رێبەر ئاپۆ لە باشوورى کوردستان فراوانتر و چالاکتر بکرێت و بگەیەنرێتە هەموو شوێنێک.
2ـ هەوڵ و توانستەکان بۆ تێگەیاندن و تێگەیشتن لە سیستەمى کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتى زیاتر چڕ و فراوان بکرێت و وەک رۆژەڤێکی بنچینەیی بەردەوام و پارچەیەکى سەرەکى خەباتى پەروەردەیی و ئایدیۆلۆژی گرنگى پێبدرێت. لەم پێناوەدا توانستە راگەیاندنى و پڕوپاگەیاندەیی و پەروەردەییەکان سەفەربەر بکرێت.
3ـ هاوتەریب لەگەڵ تێگەیشتن و تێگەیاندنى سیستەمى کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا هەنگاو بەهەنگاو و بەبێ دوودڵی توانستەکانى پێکهێنان و جێبەجێکردن و پێشخستنی سیاسەتى گەل زیاتر بکرێت و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتى وەک سیستەمێکى گەل خۆی بچەسپێنێت. لەم چوارچێوەیەدا لەئاستى رێکخستنی و جەماوەریدا وەک مۆدێلی ژیان و بەڕێوەچوون و بەڕێوەبردن هەوڵی چەسپاندن و پێکهێنانى بدرێت و هەوڵ بدرێت لە ئاستى کرداریدا ئەو سیستەمە لە گوند و گەڕەک و شارەدێ و شارۆچکە و شارەکاندا بچەسپێت.
4ـ تا گەیشتن بەئازادی و گشت مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان لەتەواوى کوردستان بەگشتى و باشووری کوردستان و ئێراق بەتایبەتى هەڵمەتى "ئیدی بەسە" وەک هەڵمەتێکى چارەنووسساز زیاتر پێشبخرێت و لەئاستى نەتەوەیی و دیموکراتیدا چالاکی و رێکخستەبوون پێشبخرێت.
5ـ لەبەرامبەر سەرجەم ئەو پیلانگێڕی و مەترسیانەى رووبەرووى گەلەکەمان و دەسکەوت و بەهاکانى دەبێتەوە، بەتایبەتى لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەى قۆرخکردن و بەهەدەربردنى دەسکەوتە بەدەستخراوەکانى گەلی لێدەکەوێتەوە، هەڵمەتى "ئیدی بەسە" وەک بەرسڤێکى جەماوەری فراوان رێکخستە بکرێت.
6ـ لەبەرامبەر ئەو کولتوور و نەریت و ئەقڵییەتى پیاوسالاری ـ دەوڵەتگەرادا کە توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتن و بێناسنامەکردنى ژنان رەوا و پەیڕەو دەکات تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژی چڕوپڕ بەڕێوەببرێت و ریسوا و شەرمەزار بکرێت و لەم رووەوە ئاستى چالاکنواندن و هوشیارکردنەوەى تاک و کۆمەڵگا بەرزبکرێتەوە و دیموکراتیزەکردنى خێزان و سیستەمى کۆمەڵایەتى و حقوقی پێشبخرێت.
7ـ سەرەڕاى کەموکوڕییەکانى نێو دەستووری ئێراق بەگشتى و ماددەی (140) بەتایبەتى، جەخت لەسەر پشتگیری چارەسەری دەستووریانەى کێشەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانى دیکە دەکەینەوە. لەروانگەی "کەرکوک سیبمۆلی ئیرادەی سەربەخۆی گەلی کوردستانە"و " با کەرکوک سیمبۆلی شاری بەیەکەوە ژیانى ئازادانەى گەلان بێت" توانستی جەماوەری گەل وەک گەرەنتی سەرەکی یەکلاییکردنەوەى کێشەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە بخرێتەڕوو.
8ـ لەچوارچێوەى پرەنسیپی بەرگری رەوادا؛ لەبەرامبەر هەر هێرش و شاڵاوێکی داگیرکاریی و هەر فشار و پیلانگێڕییەکی هەرێمى و نێودەوڵەتییدا بەرخۆدانى نەتەوەیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستى ئەرکێکی ژیانیی و دەستلێبەرنەدراوە.
9ـ لەپێناو بونیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتدا هەوڵ و تەقەللاکان بگەیەنرێنە ئاستى سازدانى کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکى نەتەوەیی. لەم چوارچێوەیەدا گەڵاڵە پرۆژەیەک یان "نەخشەیەکی رێ"ئامادەبکرێت و بۆ تاوتوێ و گفتوگۆکردن پێشکەش بە رای گشتى گەل، هێز و لایەنە کوردستانییەکان، دەزگا و رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرەکان بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵی دروستکردنى کۆمیتەیەکى ئامادەکار و هەڵسوڕێنەر بدرێت.
10ـ لەچوارچێوەی داڕشتنی پەیمانێکی نەتەوەیی یان دەستوورێکی نەتەوەیی دیموکراتیدا رۆح و هزر و کرداری نەتەوەیی دیموکراتى لەرووی ئابووری، سیاسی، کولتووری و ...هتد پێشبخرێت.
11ـ هاوتەریب لەگەڵ رەوایەتى کێشەی گەلەکەمان لە دەوڵەتەکانى تورکیا، ئێران و سوریادا ئەوا پشتگیری و هاوخەباتی و هاوچارەنووسی تەواوی خۆمان لەتێکۆشان و بەرخۆدان و بەرگری رەوای گەلەکەمان لە باکوور و باشووری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و هەندەران دەردەبڕین، هەروەها بڕوا و هیوای ئازادی و سەرکەوتنی گەلەکەمان لەو پارچانەی کوردستان بەمسۆگەری و بەروونى دەبینین.
12ـ لەچوارچێوەى هەڵمەتى "ئیدی بەسە"دا جەماوەر لەسەر بنەمای رووبەرووبوونەوەیەکى مەدەنی و دیموکراتیانەى پەتاى گەندەڵی، نەبوونى شەفافییەت و نادیارى بودجە و سیاسەتى مشەخۆری و بێبەرهەمکردن و بێڕەنج هێشتنى تاک و کۆمەڵگا هوشیارکردنەوە و رێکخستە و چالاککردنى جەماوەر زیاتر پەرەى پێبدرێت و توانستەکانى پروپاگەندە و راگەیاندن و پەروەردەکردن لەم پێناوەدا بخرێتەگەڕ و ئەو پەتا و سیاسەتە بەشێوەیەکى بەرفراوان ئاشکرا و ریسوا بکرێت.
13ـ هوشیاری بەرهەمهێنى و پشتبەخۆبەستن و رۆحی خۆهێزی وەک ستوندێکی بنچینەیی ئاسایشی نەتەوەیی بڵاوبکرێتەوەو راهێنانى گروپی بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی ئیداری و حزبی. هەروەها لەپێناو بوژاندنەوەى ئابووری وڵاتدا، لەهەموو رووێکەوە هانى ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی گوندەکان بدرێت و رۆحی رەنجدان و بەرهەمهێنان و پشتبەخۆبەستن پێشبخرێت.
14ـ بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو توانست و زەمینەى هاوپەیمانێتى دیموکراتى ئۆپۆزسیۆن بڕەخسێندرێت و پرۆژە و دەستپێشخەری پێویست پێشکەش بە هێز و لایەنە دیموکراتییەکان بکرێت و گفتوگۆ و دیالۆگی کراوە پێشبخرێت کە ئامانج لێی دیموکراتیزەکردنى دەسەڵات و سیاسەت بێت لەهەرێمى کوردستاندا.
15ـ لەبەرامبەر چەمکی قۆرخ و پاوانکردنى سیاسەت لەلایەن نوخبەی سیاسی باڵادەست و سیاسەتى پەراوێزخستنى ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی جەماوەر، تێکۆشانێکی بەرفراوان پێشبخرێت و هوشیارکردنەوە و رێکخستەکردن و چالاککردنى جەماوەر فراوان و قووڵتر بکرێتەوە و زەمینەی پێشخستنى سیاسەتى ئازاد و دیموکراتی بڕەخسێندرێت.
16ـ گرنگی تەواو بە بڵاوکردنەوەى هوشیاری ژینگەیی و کولتووری ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی وڵاتپارێزی بدرێت و لەژێر دروشمی:"لەشوێنى هەر مینێک درەختێک" کەمپینى نەمام چاندن پێشبخرێت.
17ـ لەبەرامبەر ئەو رەوشە داگیرکاریی و گێژاوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتى و کولتوورییەى لەئێراقدا باڵادەستە لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، هێزو لایەنە دەسەڵاتدارەکانى ئێراق، رژێمە دەسەڵاتدارەکانى هەرێمەکەو هێزە فێندەمەنتالییەکان بەرپرسیارن. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە لەچوارچێوەی پرەنسیپى دیموکراتی و سیاسی و مەدەنیدا تێکۆشان بۆ کۆتاییهێنان بەرەوشی داگیرکاری و ئەو گێژاوە سەرتاپاگیرییەى لەئارادایە بەرزبکرێتەوە و پەرەى پێبدرێت.
18ـ لەپێناو چارەسەرى دیموکراتیانەى کێشەى کورددا، پێویستە کێشەى گەلی کورد لەکێشەى دەسەڵاتخوازی و سیاسەتى قۆرخکارانەى هێزە دەسەڵاتدارەکانى باشوور جودا ببینرێت. لەم پێناوەدا پێویستە تێکۆشان و چالاکى جەماوەری نەتەوەیی و دیموکراتیانە بەرزبکرێتەوە، تاکو ئیرادەى سەربەخۆی جەماوەرى گەل ببێتە بڕیاردەر و مەرجەع و موخاتیبى یەکەم و سەرەکی کێشەکە.
19ـ لەمیانەى توانستە پەروەردەیی و راگەیاندنییەکانەوە گرنگییەکی جددی بە هوشیاری و لێکتێگەیشتنى نێوان گەلان نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان بدرێت و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە ژیانى ئازاد و دیموکراتیانەى گەلان بدرێت.
20ـ هەوڵبدرێت ئەکادیمیایەک بەناوی "ئەکادیمیای بەیەکەوە ژیانى ئازادانەى گەلان" بکرێتەوە و ناوەندەکەی لەشاری کەرکوک بێت. ئەرکی بڵاوکردنەوەی کولتووری بەیەکەوە ژیانى ئازاد و دیموکراتیانەى گەلان و رۆحی تەبایی و لێبوردەیی و دیالۆگ لەنێوان گەل و نەتەوە و ئەتنیکەکان لەئەستۆی خۆی بگرێت.
21ـ ئەو مەیل و چەمکانە بەر رەخنە و ریسواکردن بدرێت کە هونەر و کولتووری نەتەوەیی بێبەها دەبینێت و دەیشێوێنێت، هەروەها هونەر و کولتوور لە ئەرکی مرۆییانەى خۆی بەدوور دەخاتەوە و بازرگانى پێوەدەکات و بێڕۆڵی دەکات، یان وێرانکاری و داڕووخانى رۆحی، هزری، دەروونى، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتى تاک و کۆمەڵگا پێشدەخات.
22ـ لەچوارچێوەی ئەو پێشکەوتن و رووداوانەى لەبەهارى ئەم ساڵدا لەگۆڕەپانى باشووردا لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکەى رژێمى تورکیا روویاندا ئەوا: بەرخۆدانى زاپ وەک بەرخۆدانى کەرامەتی نەتەوەیی، شەهید دایکە عائیشە وەک سیمبۆلی پەیوەستبوون بە رەنج و خاک، شەهید هەڤاڵ عەگید جاف (سیروان عەلی) سیمبۆلی گەنجی نەتەوەیی باشوور، رۆژنامەوانانى مەفرەزەی قەڵەم سیمبۆلی "قەڵەمە ئازادیخوازەکانى نەتەوە"، بەرخۆدانى جەماوەری بامەڕنێ و ئامێد و ئانیشکێ و شێلادزێ و سیریێ وەک سیمبۆلی هەڵوێستى نەتەوەیی لەباشوور" دەناسین و بەرزیان رادەگرین.
لەکۆتاییدا، وەک چۆن سازدانى چوارەمین کۆنگرەى (پ چ د ک) لەم رەوشەدا وەڵامێکی مەزن و سەرکەوتنێکی هێژا بوو بۆ بەرخۆدانى "زاپ" ئەوا سازدانى ئەم کۆنگرەیەمان لەشاری کەرکوکیشدا وەڵامێکی پڕ شایستە بوو بۆ هەموو ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەى کەوا ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە و دیموکراتیانە شایستەی ئەم شارە نابینن و ناهێڵن کێشەکانی چارەسەر ببێت.


ئیدی چوارەمین کۆنگرەى (پ چ د ک) لەمیانەى پەیوەستبوون بە رێبازی ئازادیخوازانەى خۆیەوە و بەوپەڕی بەئیرادەبوون و بەبڕیاربوون و بە پەیماندان بە رێبەر ئاپۆ، شەهیدانى رێگای ئازادی و گەلەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتى، بەسەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانى خۆی هێنا.


ئەنجوومەنى
پارتى چارەسەری دیموکراتى کوردستان
(PÇDK)
6.5.2008

 

 

___________________________________________________________________________________

 

 

 

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا،

چوارەمین کۆنگرەى پارتی چارەسەری راگەیەنرا.

 


رۆژی سێشەممە 6/5/2008 لەهۆڵی نەورۆزی شاری کەرکوک، کاتژمێر دەو نیوى سەر لەبەیانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کۆنگرەى چوارەمی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ئیعلان کرا.


کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکە بەئامەدەبوونی سەرۆکی نوێی (پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان) بەڕێز دیار غەریب و د. فایق گوڵپی و شیرین عەبدوڵڵا و روناک حەمە رەشید و شاکر مستەفا ئەندامانی ئەنجومەنى تازە هەڵبژێدراوی پارتی چارەسەری بەڕێوە چوو.


سەرەتا بەلاغی کۆتایی کۆنگرە لەلایەن سەرۆکی پارتی چارەسەریەوە خوێندرایەوە.


دواتر رۆژنامەوان و پەیامنێرانی رۆژنامە و تەلەفزیۆنە مەحەلی و ئاسمانییەکان پرسیاریان ئاراستەى بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکە کرد، سەرجەم پرسیارەکان لەلایەن بەڕێزانی بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە وەڵامدرانەوە.


جێ باسە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە نزیکەى دوو کاتژمێری خایاند.