٢٢\١\٢٠١٣
بەڵێ.. بەڵێ.. بۆ
گرووپی زمان.

مەهدی خالید خەمبار
هەرچەندە من لە گەڵ دەستخۆشی و دەستگوشینی ئەم گرووپە گەنجە دا بە
هەڵێنجانی ئەم بیرۆکەیە ، هاوکات لە ڕاگەیاندنی ئەم گرووپەدا هەردوو
لایەنە نەرێنی و ئەرێنیەکەیم خوێندەوە . هەڵبەتە نەرێنیەکەی بە ئەنقەست
پێشی ئەرێنیەکە دەخەم و لە هەردو حاڵەتەکەشدا پاشەکشە لە (بەڵێ) کەی
خۆم ناکەم و ڕەنگە داوای بەندە لەمەش گەرمتر و چاوچنۆکانە تر بێت (واتە
قەپالی گەورەتر بوەشێنم کە نە بە مایەی شەرم و شورەیی دەزانم و نە بە
نا حەڵالیش) دەیگرم!
با بە پەردە هەڵدانەوە لە سەر دیوە ڕەخنە هەڵگرەکەی دەست پێ بکەم ، کە
ڕەنگە سەرەنجام ببێتە وەڵامێکیش بۆ دیوی دوەمی کە ئەرێنیەکەیە!
بە بۆچون و لێکدانەوەی من ڕەنگە ئەم ڕاگەینراوەی کە تەنها ناوی (٥١)
بەڕێز و دلسۆز و خەمخوار و بیرمەند و بە ئەمەکی لە سەرە ، دەبوو کەمێک
پشودرێژانەتر و ئارامگرانەتر و وردبینانەتر ئەم هەنگاوە پیرۆزە
بهاویژرابایە ، ئەو کات بە جیاتی ٥١ ناو و واژۆ دە قاتی ئەوە واژۆ و
ناو کۆبکرایەتەوە (کە هەموو چین و توێژ و کەسانی شارەزا لە بوارەکانی
مێژو ، یاسا و قانون ، مافناس و سیاسەتمەدار)ی لە خۆ بگرتایە ، کە بە
دڵنیاییەوە هەم سەرکەوتوتر و کاریگەرتر دەبوو و هەمیش دەتوانرا (
نەخشەڕێگای) تۆکمە بۆ قۆناخ و هەنگاوە جیا جیاکان و شوێن و کات و ساتی
بە کاربردنی کارتەکانی فیشاریش باشتر دەستنیشان دەکران ، بە کورتی و
کرمانجی نەدەبوو بەم جۆرەی کە بوو پەلە پەل بکرابایە تا لەم
بەرچاوتەنگیەی لە پێدانی مۆڵەت و کات بە بەرپرسانی شارەکە خۆمان کەمێک
دور بگرتایە ، بە تایبەت لە دیاریکردنی (٤٨) کاتژمێر بۆ وەڵامدانەوەی
وەها داواکاریگەلێکی گەورەی فرە ڕەهەند و پڕ لە گرێکوێرەدا نەگونجانێکی
مەنتیقی بەدیدەکرێت و پشوکورتیەک باڵی بە سەر نوسەرانی ڕاگەینراوەکەدا
کێشاوە و بەو هۆیەوە هەم کارتی یەکەمی فشاری لە دەستی هەموماندا سوتان
و هەمیش ناچار بەوەی کردین کە کارتی دوەمیشمان بخەینە کار.
لە ڕویەکی ترەوە ئەگەر لە ناونانی گرووپەکەش بە ( زمان ) مێزە بکەین و
بە باڵای مێژویەکی درێژی نەتەوەکەمانی بگرین ، ئەوا ئەوەمان بۆ ڕون
دەبێتەوە کە بەڵێ قۆناخی بەکارهێنانی ئەم زمانەی کە سەدەیەک زیاتر لە
تەمەنی تێپەڕاندوە ، بێ ئەوەی بەرهەمێکی ئەوتۆمان لێ چنیبێتەوە کە
کەمێک تەسکینی بە دڵمان بەخشیبێت ! هۆکاری ئەوەش دەخەمە ئۆباڵی ئەوەی
کە بەرامبەرەکانمان تێگەیشتون و حاڵی بونە و نە تروسکاییەک بۆ ئومێدێک
ماوەتەوە کە خوازیاری ئەم شێوەیەی لێک گەیشتن بن ! بۆیە باشتر بوو بیر
لە دۆزینەوەی شێوازێکی تری گەیاندنی پەیامەکە بکرابایەتەوە چونکە ( بە
باڵای شاخێک زمانمان لە بندا براوە ، زمانمان چزاوە ، چوارمێخەی
زمانشمانیان کێشراوە ، هەموشیان لە پای کوردبونماندا بە سەریاندا
هێناوین ) جێی هەڵوێستە لە سەر کردنە لە هەندێ کاتدا کە زمانی
گفتوگۆمان لە گەڵ لایەنی نەیاردا لە ئارادا بوبێت ، لە پای هەر زەلەیەک
و بۆڵەیەکمان دژ بە زوڵم و ستەمی سایەی ئاشتی زمانمان ڕوبەڕوی داخ کردن
بۆتەوە !!
تا ئەم ئاستە پەنجە ڕاکێشان و گوڵبژێرێک لە لایەنە ( نەرێن ) یەکە و
خستنەڕوی بەشێک لەو ڕاستیانە بوو کە لە نێو بۆتەی خۆ لە گێلداندا
تواونەتەوە!
لە دەروازەیەکی ترەوە گەر بڕوانینە واتا و مەغزای ئەم جوڵانەوە و
خۆڕێکخستنە کوردەواریە ی کە مۆرکێکی خەمخۆری ڕاستەقینەی بۆ شارەکە لە
خۆگرتوە، گەشبین و دڵنیامان لەوە دەکاتەوە کە ئیتر جامی ڕقێکی پیرۆزی
خەفەکراو نەک هەر کەفی کردوە و لێوان لێو بوە ، بەڵکو لە مێژە لێی
دەڕژێت !! دەشێت ئەم هەنگاوە بکرێتە زەنگێکیش بۆ ئەوەی ئیتر لە هیچ
پەڵە هەورێک قبوڵ ناکرێت شار بکاتە تاریکستان و دەبێتە زەنگێکیش بۆ بە
ئاگا هێنانەوەی ئەوانەی کە تا ئێستا لە سەر حیساب و قوتی نەداران و
کاولکردنی زیاتری ئەم شارە هەمیشە ژێر دەستەیە بونەتە مشەخۆر ، تا
دەستبەرداری ( هەموو شێوەکانی سیخناخکردنی گیرفانەکان ) نیان بن و دەست
بەرداری مامەڵە و بازرگانیکردن (بە مادە بێهۆشکەرەکانی گۆڕینەوەی
تیرۆرست بە دەفتەرە دۆلار) بن !! هاوکات بە زەنگێکی هۆشیارکردنەوەی
لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیشی دەبینم بۆ ئەوەی دەست بەرداری ململانێی
لابەلاکانیان ببن لەم شارەدا و بە ویژدانەوە خەمێک لە خەم و ئازار و
نەهامەتەکانی بخۆن و ململانێ و ڕقەبەرایەتیەکانتان بەرنەوە ئەو
جێگایانەی وەک پەتا لێیەوە بۆ ئەم شارە وێرانەیە گواستویانەتەوە!
لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێکیش وەک پێشنیار بۆ ئەم گرووپە تێکۆشەر و خوێن
گەرمە شارەکەم بخەمەڕوو کە مەبەست لێیان خزمەتکردنی زیاتری ئەرکەکەیانە
و ڕەنگە بەم هەنگاوانە بتوانرێ سەرەتایەک بۆ کۆتاهێنانی ئەم بارودۆخە
ناهەموارەی کە بەدرێژایی مێژو ئەم شارە لێی دەرباز نەبوە دەست پێ بکات!
١ / بە پشت بەستن بە هەندێ لێکدانەوە و بیردۆز ، ئەوە ساخ و سپی بۆتەوە
کە دوو دەست لە دەستێک باشترە و دوو چاویش لە چاوێک ، بۆیە بە لای
بەندەوە وا بە باش دەبینم کە لە قۆناخی دوەمدا هەوڵ بدرێت پردێکی
پەیوەندی بە پەلە لە نێوان ناوەوەی وڵات و دەرەوە دا دروست بکرێت ، تا
لە سەر هەردوو ئاست ، ئەم گرووپە لیژنە ، کۆمیتە ، ڕیکخراو ی خۆی لە
ڕێگەی ڕەوەندی کوردیەوە لە وڵاتانی دەرەوە وەک ( بزوتنەوەی ڕیفراندۆم)
کە لە ڕابردودا ئەنجامدرا بکاتەوە.
٢ / چەقی کارەکان لە هاوشانی خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا لە
ڕاگەیاندراوەکانی بینین و بیستن و نوسین و خوێندنەوەییداچڕ بکرێنەوە و
هەوڵی دروستکردنی ناوەندێکی ڕاگەیاندنی یەکگرتوو بۆ ناوەوە و دەرەوە
بدرێت و بە پێی ئەو ڕێنماییانە کارەکان ئەنجام بدرێن ، واتە پێویستە
تەنسیقێکی باش و دڵسۆزانە لە نێوانی دەرەوە و ناوەوە دا هەبێت.
٣ / کار بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری ئەوتۆ بکرێت کە لە یەک
کاتدا هەم لە شارەکانی ناوەوەی وڵات و هەمیش لە وڵاتانی جیا جیای
دونیادا دەست پێبکات.
٤ / داوای گەڕانەوەی بێ قەید و شەرتی عەرەبە هاوردە کان بۆ شار و
شوێنەکانی خۆیان بکرێت ، بە تایبەت ئەوانەی کە تا ئێستا قەرەبوو
کراونەتەوە و کەچی وەک مۆرانە لە ناو گەڕەکەکانی شاردا خۆیان حەشار
داوە ، داوا بکرێت لیژنەیەکی کارا پێک بهێنرێت تا بتوانن لە نزیکترین
دەرفەتدا بیابگەڕێننەوە و شار لەو مۆتانە ڕزگار بکەن کە بونەتە بەشێک
لە تیرۆر و تیرۆرکاری.
٥ / خاڵێکی تر کە زۆر گرینگە و پێویستە کاری کردەوەیی بۆ بکرێت ، ئەویش
داواکردنی لابردنی خاڵی ڕاپرسی و گرەوە لە سەر کوردستانی بون یا نەبونی
کەرکوک!
٦/ بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشانەوەی (ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە) لە ناوچە
داگیرکراوەکانی کوردستان ، لەوانە شاری کەرکوک لە لایەن حکومەتی ناوەند
و خودی مالیکیەوە بدرێت ، وەک چۆن بە بڕیارێکی تاکڕەوانە دایمەزراند
ئاواش بە بڕێارێک هەڵیبوەشێنێتەوە چونکە ئاڵۆزی و تەنگەژە و
نائارامیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە و کە هەم خەڵکی ئەم
شار و شوێنە جێناکۆکانە و هەمیش هەرێمی کوردستانی دوچاری قەیران و
دڵەڕاوکێ و کردوە و دۆخەکەشی گەیاندۆتە ڕۆخی هەڵگیرسانی شەڕ و
پێکدادانێکی خوێناوی گەورەی ئەوتۆ کە چارەنوسی کێشەکە یەکلایی بکاتەوە
(و ما علینا الا البلاغ المبین)!!
دەبێت دەرگا بۆ هەموو ئەگەرەکانی تر بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە و هیچ
ئەگەرێکیش مۆری بڤەی لێ نەدرێت و کورد وتەنی (گۆم تا قوڵ بێت مەلەی
خۆشترە).
mxembar.kerkuki@gmail.com
|