٢٧\٣\٢٠١٨
(بەڵێ) بۆ دەوڵەتی
کوردستان (نەخێر) بۆ دەوڵەتی حیزبیی.

ئاری محەمەد سابیر
دەوڵەت یان حکومەت بە پێی ھەر فەلسەفە و دەستوور و رێسایەک مرۆڤ لە
کۆنەوە ھەوڵی بۆ داوە و دایناوە و دایدەمەزرێنێ بۆ پوختەکردنی ژیانی
خەڵک و باش بەڕێوەبردنی ئیشوکاری مرۆڤەکان و ھاوڵاتیانی خۆی لە
چوارچێوەی ئەو دەستوور و میکانیزمانەی کە دەوڵەت پێکدەھێنن و
بەڕێوەدەبەن. زۆربەی کۆمەڵگاکان ھەوڵی بەدەستھێنانی و دامەزراندنی
دەوڵەت دەدەن تاکو رەسەنایەتی و ئیتنی خۆیان بپارێزن واتە دەوڵەت زیاتر
بۆ نەتەوەپارێزیی ومانەوەی نەتەوە سوودی لێدەبینرێ واتە زیاتر
رەھەندێکی سیاسی ھەیە! ئەمەش ئەو میللەت کۆمەڵگایانە ھەوڵیان بۆ داوەو
ھەوڵیشی بۆ دەدەن کەشایانی ژیانی سەربەخۆن و شایانی ژیانی
خۆبەرَێوەبردنن. لە باشووری کوردستان لەپاش راپەڕینی (١٩٩١) لە ماوەی
(٢٥) ساڵ حکومەتداریی توانیان جۆرە ژیانێک بژین لە چوارچێوەی
دامودەزگای حکومەت و پەرلەمان خۆیان خڕکەنەوە و کۆکەنەوە بە پێی
ئەودەستوور و یاسایانە دایانڕشتبوو پەیڕەویان کردبوو بەڵام
دەسەڵاتدارێتی ئەم حکومەتە لە باشووری کوردستان حکومەتانە و دەوڵتانە
ئەرک و پەیامی خۆی نەگەیاند و جێبەجێینەکرد لەبەر کێشەی حیزبیی و کەسیی
و خزمخزمێنە و گەندەڵیی و ناعەدالەتی چارسەرنەکردنی کەموکوڕیەکان وەک
ئێستا دەیبینین ھەرچەندە قۆناغێک لە قۆناغەکان خۆیان شارستانیی و
مەدەنیی پیشاندا بەڵام سوودی نەبوو لەبەر ململانێی حیزبیی و حیساب
بۆیەکتری نەکردن کەواتە بەپێوەری حکومەتداریی سەرکەوتوو نەبووە لە
بەڕێوەبردن و بەرامبەر (ئەرک و ماف و سەروەریی یاسا) بۆ
ھاوڵاتیانی.کێشەی ئەم حکومەتە زەقبووەتەوە ھاوڵاتیان ناڕازیین
دەسەڵاتداران خۆشیان باش دەزانن و خۆشیان دان بە کەموکوڕییەکان و
گەندەڵییەکان دەنێن! کە بارێکی قورسە بۆ حکومەت و ھاوڵاتیان.
ئێستا دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەیانەوەێ ھەنگاو بنێنە قۆناغێکی
تر کە (دەوڵەتی کوردستان)ە, سەرباری ئەو بارە قورسە و کێشە و ململانێیە,
ھاتنەکایەوەی دەوڵەتی کوردستان خەڵکی کوردستان رازییە و لە لایەکی دی
ناڕازییە! رازییە وەک مافێکی مرۆیی ونەتەوەیەک کە سەربەخۆیی ھەبێ,
ناراِزییە لەوەی کە ئەم دەسەڵاتە کە (٢٥) ساڵ کوردستانی بەڕێوەبردووە
ھەر ئەم دەسەڵاتە دووبارە خەریکی ململانێ و کێشەی حیزبیی و قۆڕخکاریی
وگەندەڵیی بێت. خەڵکی کوردستان و بەشێکی زۆری حیزبەکان و رۆشنبیرەکان و
سیاسیەکان بە گومان و دڵەڕاوکێوە سەیری ئەم مەسەلە و ئەم دەوڵەتە
کوردیە دەکەن بە موزایەدەی سیاسی و کات کوشتن و لەبیر بردنەوەی
کێشەکانە لە ھاوڵاتیان! یانیش بەسیاسەتی (یەکێتی و پارتی) دەزانن
کەبەسەرچاوەی کێشەکان دادەنرێن چونکە (یەکێتی و پارتی) ٩٠٪
دەسەڵاتیان بەدەستەوەبووە ھەیمەنەو زاڵبوونی خۆیان فەرزکردووە
قازانجیکی (مادی و مەعنەوی) یان بۆ حیزب و کەسانی سەربەحیزب
دەستەبەرکردووە. (دەوڵەتی کوردستان) پرسێکی نیشتمانیی و نەتەوەییە پرسی
لایەن و حیزبی نییە دەبێ ھەموولایەک بە دڵ و بە عەقڵ پشتگیریی بکەین و
کەسیش فەرامۆش نەکرێت بۆئەم پرسەو چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی
ھەرێمی کوردستان گەر نا ھاوڵاتی ئاسوودە و خۆشگوزەران نابێ و سەروەریی
پارێزراو نابێ.
بەڵێ تاک بە تاکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ
ئازادیی و سەربەستیی وڕزگاریی و مافی مرۆڤ و بۆ ھەرتاکێکی کورد لەم
ھەرێمە. بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردستانی خاوەن دامەزراوەیی, نەخێر بۆ
دەوڵەتی حیزبی ئێکسپایەر و بەپرسی ئێکسپایەر, بەڵێ بۆ دەوڵەتی
کوردستانی بە ھەنگوینی کوێستانەکانی کوردستان ,نەخێر بۆ دەوڵەتی
کوردستانی بە ماست و پەنیری وڵاتان, بەڵێ بۆ دەوڵەتی کوردستانی
خۆشگوزەرانیی و سەربەرزیی و ئاسوودەیی بۆ تاکی کورد, نەخێر بۆ دەوڵەتی
نەھامەتی و قەیران و ترس و دڵەڕاوکێی تاکی کورد,بەڵێ بۆ دەوڵەتی
کوردستانی بە بەرھەم و بەرووبومی خۆماڵیی نەخێر بۆ دەوڵەتی کوردستان بە
کەلوپەلی ئێکسپایەری ھاوردە, بەڵێ بۆ دەوڵەتی ئەرک و ماف و سەروەریی
یاسا, نەخێر بۆ دەوڵەتی بەشبەشێنە و خزمخزمێنە و حیزبایەتی!
areezendiny40@yahoo.com
|