٥\٧\٢٠١٣
بەڵی بۆ
سیستەمی پەرلەمانی نا بۆ ھەژموونی ھیچ سەرۆکێک!
وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەپەرۆشیەکی زۆرەوە چاودێری ئەم
بارودۆخە نوێیەی کوردوستان دەکەین و خوازیارین بۆ تەنھا جارێکیش بێت
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرژەوەندی گشتی لەپێش ھەموو
ئەولەویاتەکانی دیکەوە دابنێن.
ئەزمونی چەند ساڵی ڕابوردو سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوو کە ھەڵبژاردنەکانی
سەرۆکایەتی ھەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ ھەڵەیەکی
مێژویی گەورە بوو وە لە ئێستەدا ھەموومان باجەکەی دەدەین، لەماوەی
رابوردوداو لەمیانی پرۆسەی چاودێریکردنمان بۆ گفتوگۆکانی دەستور و
ھەڵبژاردنەکان ھەمیشە مەترسی ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک و داتاشینەوەی ئەو
پۆستە بۆ کەسێکی دیاریکراو جێی مەترسیمان بووە. ھەربۆیە سەرەڕای ھەموو
لایەنە سلبیەکانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کە ناڕازایەتییەکی
گەورەی چین و توێژەکانی کوردوستانی بەدوای خۆیدا ھێنا ئێمە داواکارین
کە ئەم ھەلە بقۆزرێتەوە بۆ کۆتاییھێنان بە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی
ھەرێم لەلایەن ھاوڵاتیانەوە و ئەم ماوەیەش کە سەرۆکایەتی درێژکراوەتەوە
بکرێتە ھەلێک بۆ سەروەری ڕاستەقینەی ئەزمونی پەرلەمانی و نەھێشتنی
ھەژموونی سەرۆکایەتی تاکە کەسی!؟
ھاوکات ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرانبەر بەو ھێزەی پۆلیس کە حەرەمی
پەرلەمانیان شکاند ! و ھیوادارین بێدەنگی لەم پرسە نەکرێت و سەرجەم ئەو
پۆلیسانەو بەرپرسەکانیان ئاڕاستەی دادگا بکرێن و لە کارەکانیان دوور
بخرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دی ھیچ فەرمانبەرێک ئەگەر فەرمانیشی پێ بکرێت
مافی ئەوەی نەبێت بچێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان و ڕێگری بکات لە
پەرلەمانتاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان بەھەر جۆرێک بێت چونکە
ئەو دیمەنە لە ھیچ پەرلەمانێکی دونیادا نمونەی نەبووە کە پۆلیس " دەرگا
لەسەر پەرلەمانتار دابخات ، دەسبەسەری بکات ، ڕێگری لێبکات " لەکاتێکدا
پلەی ھەموو حکومەت لەخوار پلەی نوێنەرانی گەلەوەیەو سەروەری و ھێزی
ڕاستەقینە لای پەرلەمانتارانە نەک پۆلیسەکان بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ و
بەرپرسە ئەمنیەکان و سەرۆکی ھەرێمی ئێستاش بخەنە ژێر لێپرسینەوە !
چارەسەری ئەم بارودۆخەی ھەرێمیش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە لەکاتی
خۆیداو جێگیرکردنی سیستەمی پەرلەمانییە لە دەستوردا بۆ ئەوەی جارێکی
تریش ڕوبەڕی ئەم جۆرە قەیرانانە نەبینەوە.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
|