٢٠\٩\٢٠١٣
بەڵێن
و شاباش.

شوان سدیق
بەڵێن و شاباش. دوو بابەتی لێک دورن. بەڵام
لەخاڵێکدا یەکدەگرنەوە ئەویش بەڵێن بدەیت و جێبەجێی نەکەیت. یان
جێبەجێکردنی بەڵێنی بچوک گەورە بکرێت. پاشان بکرێتە دەستکەوتی گەورە
ئەمەش وەکو شاباشی گۆرانیبێژەکان وایە پێنج ھەزار دینار دەکەنە پەنجا
ھەزار.
سەیر نیە لەھەڵمەتی بانگەشەی ئەم جارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،
چەندین بەڵێن و دروشمی جیاجیا وەک بانگەشەیەک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و
خەڵک رازیکردنی حیزبەکان ئەم رێیەیان گرتەبەر.
خۆ ئەگەر دیقەت لەبەڵێنی ئەو ٢٩ لیست و قەوارە و ٢ ھاوپەیمانیە
کوردستانیە بدەین، کەبەشداری ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول دەکەن، رەنگە سەدان
دروشم و بەڵنیان وەکو بانگەشەکردن بۆ کۆکۆدنەوەی دەنگ خستۆتەڕوو.
بەڵێن لەبانگەشەی ھەڵبژاردن مافێکی رەوای ھەموو لیست و قەوارەیەکە
بەڵام ھەندێ بەڵێنمان گوێبیست بوە. راستە بەشێکیان بە ٥ ساڵیش جێبەجێ
ناکرێن، کەچی ھەندێ بەڵێنیش ھەیە سوکایەتی بە مرۆڤ و کەرامەتی ئینسان
دەکات، ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێ دامەزراوە، دەیانخاتە بەر ھەڕەشەو
لەناوچون.
لەوە ئەچێت ئەم قەوارەیە کاتێک کاندیدێکی دەڵێ «قەیرە کچ بەشوو دەدەم و
ژن بۆ کوڕان دێنم» ئەو خۆی گەوجە یاخوود خەڵک بە گەوج دەزانێ ئەگینا
لەم سەردەمە مایەی شەرمەزاری و دواکەوتووییە کەسێک کەسێکی تر بەشووبداو
ئیدیعای ئەوەش بکات، ئەم عەقڵیەتە کۆنەپەرەستیە ببتانە ناو دامەزراوەی
حکومی!
ھەر لەم ھەڵبژاردنە ھەندێ لیست و سەرکردەی حیزبەکان. کاتێک باسی
سەروەری یاساو عەداڵەتی کۆمەڵایەتیان دەکرد خۆ ئەگەر دادگایەکی بێلایەن
ھەبوایە دەمێک بوە ئەوان روبەڕوی لێپێچینەوە دەبونەوە. ھەندێکیان بە
تۆمەتی کوشتنی سیاسەتوان و شاعیرو رۆژنامەنوس و ھاوڵاتی ئێستا توانای
ئەوەیان نەدەبوو باسی دادی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا بکەن!
سەرکردەی ئەم حیزبانە ھەموو شتێکیان وت، ھەرچی بەزاریاندا ھات بۆ
کۆکردنەوەی دەنگ و راکێشانی ھەست و سۆزی ھاوڵاتیان ھەموو رێگایەکیان
تاقی کردوە. بڕواننە بەڕێز عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی بە
کاندیدەکانی لیستەکەی دەڵێ «ئەگەر خەڵکی کوردستان ئازاد بێت، جگە
لەئیسلام ھیچ بەرنامەیەکی تر قبوڵ ناکات».
ئەگەر بەم قسەیەی بەڕێز ئەمیری کۆمەڵ بێت کەواتە ٨٠٪ی
ھاوڵاتیانی کوردستان ئازاد نین. ئایا خەڵک ئازاد نیە؟ پەیڕەوی لەئاینی
خۆی بکات؟ ئەی ئەوەچیە ھەرکاتێک ئیسلامیەکان. یاخود حیزبەکەی مامۆستا
عەلی لەسەر بابەتێک کە خیلاف بێ لەگەڵ ئایندا ئەوان دەڵێن ٩٠٪ی
خەڵکی ئێمە موسڵمانە و ئەمە قبوڵ ناکات؟!
سەرەڕای کوشتی ھاوڵاتی و برینداربون و شەڕە پەڕۆی لایەنگرانی لیستەکان،
ھەندێ لەلایەنگرانی پارتی و گۆڕان و یەکێتی بەئاشکرا سەرپێچی یاسایشیان
کرد. کەچی نەحکومەت و نەدەزگایەکی یاسایی نقەی لێوە نەھات.
ئێوارەی پێنجشەممە ١٢ مانگ لەھەولێر وتم بەلایەنگرێکی پارتی بۆچی ئاڕمی
حیزبەکەت شوێنی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەتی گرتۆتەوە. ئەی پۆلیسی ترافیک قسە
ناکات؟ کەچی زۆر بەبێمنەتی وتی «پۆلیس گ... خوارد قسە دەکات». بێگومان
ھەندی لایەنگری گۆڕان و یەکێتی. ئەوانیش بەپێی سەرنجی خۆم ژمارەی
ئۆتۆبێلەکانیان شاردۆتەوە خەڵکیشیان ھەراسانکردوە.
لەم ھەڵمەتەی ھەڵبژاردن راگەیاندنی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و ھەردوو پارتی
دەسەڵاتداریش رۆڵێکی خراپیان گێڕا لەدروستبونی بارگرژی بەتایبەتی
راگەیاندنی گۆڕان. پارتی. یەکێتی.
ئەم راگەیاندنانە ئەوەی بەگرنگیان نەزانی خستنەڕوی راستیەکان بوو ھەوڵی
چەواشەکردنی بینەریان دەدا دەردی شاباشی گۆرانیبێژەکان ٥ کەسیان کردە
٥٠ کەس واتە سەدان شوێنی دەیانی گرتەوە. کەچی لەبەرامبەر یەکیش وەھا
وەڵامی یەکیان دەدایەوە ھەموویان راستگۆن!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|