په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٥\٢٠٢٠

بەڵێ سووچی حکومەتە.


ئەرسەلان مەحمود  


لە ساڵی ٩١وە، چونکە کەرەستە و توانای ململانێی هۆشمەندانە و خەمی بوونیادنانەوەی پێگەی تاک و جڤاکێکی کارا و زیندوویان لە هزر و ئەندێشەیاندا بوونی نەبوو، یەکەم ھەنگاو بەپشتیوانی ھەرێمایەتی کەوتنە ڕەنگکردن و پارچە پارچەکردنی ئەم بستۆکەیەی نیشتمان لە نیشتمانێکی پارچەکراودا. لێرەوە قۆرغکاری و تاڵانگەرایی مایە و سەرمایەی نیشتمانی بوون بە شای ھەموو شتێک.

لە ھەنگاوی دووەمدا ئەم هزر و تێڕوانینە تەوەزەل و ھەڵخڕێنەرە لەسەر ھەمان ئەو رێبازە دەڤەرچیێتیە بەڵام لە فۆڕمێکی تردا بە وردی و بە بەرنامەی دۆزەخیی بەکۆمەڵایەتی کرا، کەوتنە پارچە پارچەکردن و ڕەنگکردنی بنچینە مرۆییەکە "دیوەخانان، رێزلێنان، هەژارانە، مەلایانا، نووسەرانە، ھەللورانەو بللورانەو بەلێشاو دامەزراندنی خەڵک، کڕینی ئەم تیرە و ئەم ھۆزو ئەم خێڵ، داگیرکردنی ئەم کۆڵان و ئەم شەقام و ئەم گۆشە، کڕینی ئەم ئەندام و ئەم کادیر و ئەم سەرکردە حیزبییە، داگیرکردنی زەویوزار دەستیانپێکرد، ژنکوژەکان دەستکراوە کران، نووسینگە کۆمەڵایەتیەکان لەبری دادگاکان کەوتنە (سوڵح) و بڕیاردان و وەڕێخران، تێکۆشەرەکان تڕۆ و سەرۆک جاشەکان بە سوپاسالار کران" ئەوەی بەم رێگایەش نەتواندرا بکڕدرێ و داگیربکرێ و بکرێتە مشەخۆر و شڕەخۆر بەردەم قاپی خۆیان، بازاڕێکی تریان بۆ سازکردن، دوکانی تریان بۆ کردنەوە، حیزبی تریان ھەڵتۆقاندن ... تاد.

دەرئەنجام ھزری سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکتردا بوو بەجێگرەوە، بوو بە مۆتەکە و تا ئەم ساتانەیش لێکەوتەکانی جگە لە ئاودیوکردنی نیشتمان بە ھەموو خێروبێرەکەیەوە "وتم ئاودیوکردنی نیشتمان! بەڵێ ئەوەی ئێستا ھەیە نیشتمان نییە، سینەمایە" جگە لە شەڕی خوێناوی ناوخۆ، جگە لەپیلانگێڕییە ناوخۆی و ھەرێمایەتییەکان، جگە لە وەستاندن و خەساندن و زیندانیکردن و فڕاندن و کوشتنی دەنگە ئازاو ئازادەکان، جگە لە مۆنۆپولکاری خەباتی ڕێکخراوەیی مەدەنی، جگە لە ھاڕەپێکردنی کەرتی تایبەت، جگە لە ھەڕاجکردنی بەشی تەندورستی و خوێندنی باڵا و بنەڕەتی بە ناوی گەشەپێدانەوە، جگە جا لەچیتر نا! تەنانەت تا سەت ساڵی تریش دۆسییەی سەربەخۆیی کوردیان دۆڕاند!

ئەوە واتای چیە ئێستا ھەبێ و بییەوێ لەژێر ناوی "ئەوەی مافی ھەیە مەرج نییە (فام)ی ھەبێت " شکستی وەھا حکومەت و حکومڕانێتیکردنێک پاساو بداو لەپەنایەوە لۆمەی ئەم خەڵکە ماڵوێرانکراوە بکات؟! چییە "قسە دەکەن و داوای ماف دەکەن". لەڕاستیدا ھاواری خەڵک درئەنجامەو زمنالوسکانە پەناو پاساو نادرێت، ھەروەک چۆن ئەم دەستە پاچەیی و دەستە وەستاوییەی ئێستای حکومەتیش بەرئەنجامە، وەک ئەوەی ئیددیعا دەکرێ بەپەرلەمنتارۆکەو مەڕلەمانتارۆکەی بەغاو مەغا نەگەمارۆ ئەدرێ و نە لەم ڕێگەیشەوە دەتوانێ شکستی حکومەت پاساو بدرێت.

ئەوەی بیەوێ تێبگا، راستییەکە ڕونە، لەمایەپووچی ئەم جۆرە عەقڵییەتە حیزبی و حکومڕانێتیکردنەوە بەرخان و سەرخانە ئابورییەکە بەتاڵبووەو حکومەتیش نایەوێ ددان بەو ڕاستییەدا بھێنێت. ئەگەرنا ئەوەی داوای مافەکانی بکات لەکەمترین واتادا نیشانەی ئەوەیە تێدەگا، ڕاستییەکەی ئەوە ئەوەی تێناگا ناتوانێ لەھاواری ئەو بێ چەند و چۆنییەی مافخوراوان تێبگات!

ئەگەرچی ئەم خەڵکە بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی بار نینە بەسەر حکومەتەوە، چونکە ئەوە خودی ئەم عەقڵیەتە حکومڕانێتیکردەیە ئەم شایعات و ھەمەکییەتە چەندو چۆنایەتییەی دوێنێ خوڵقاندووەو دوێنێ لەخۆ بار کردوەو ئەمڕۆش ناتوانێ دەستەبەری سەرەتایترین مافیان بکات.

پرسیاری ئەم خەڵکە چیکردوە چییە؟! ئایا تەمومژاویکردنی خەڵک لەھیچ کوێی ئەم دنیاو گەردونەدا دەسەڵات و حکومەتێکی لەناشرینییەوە جوانکردوە؟! ئایا ھەوڵی بەکۆمەڵایەتیکردنی بێدەنگکردن و بێ قسەکردنی خەڵکی، وێنەی ھەیە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا سەرکەوتنی دەسەڵات و حکومەتێکی ناسەرکەوتووی لێکەوتبێتەوە؟! بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵام چونکە لێرە "ھەرێمی کوردستان" بارەکە دەگمەنە لەبێوێنەییدا واتە خەڵک و حکومەت دوو شتی لێکجیان و حکومەت ھەر ئەو ڕۆژە ھی خەڵکە دەنگی پێئەدات، دواجار ئەوەتا دەکرێنە دوبەرە، کەمینەیەک بەسەر زۆرینەوە، ھەربۆیەش بەلایانەوە ئاساییە دوو ملیۆن کەس بۆڵە بۆڵ بکات. "دوو ملیۆنی مووچە خۆرەو ملینۆک و دو سەت ھەزاری منداڵ و پیرەو دو ملیۆنەکەی دی بۆڵە بۆڵ دەکات".

لەڕاستیدا، ئەگەر بابەتیانەو زانستیانەو بێلایەنانە، ورد بنکۆڵکاری کارو ئەداو خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکانی ماوەی نزیک بە٣٠ ساڵەی ڕابردوی حکومەت و حکومڕانێتی بکرێت، سەرەڕای لەبەرچاو گرتن و نادینەگەرایی، ئەوە نادۆزیتەوە ھاوتا بەخێرو بێری وڵات و لایەق بەژیانی خەڵکی بێت، کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، سوتەمەنی، داھاتی ساڵانەی تاک ... تاد تەنانەت مەسەلەی ئازادیش، ھەرگیز ھەمووان لە دھۆکەوە تا ھەڵەبجە وەک یەک ناتوانن نەک ھەر ئازاد بژین تەنانەت ئازاد بێن و بشچن! ئێ ئەوە مەسەلەی موچەش سەربارە، بەڵام ئەوەی لەدەست خەڵک ھاتووە لەمتمانە بەخشین و بەرگەگرتنیانەوە بگرە تا ھەوڵی دەستگرتن بەمانەوەی ئەم دەسەڵات و حکومەتە خۆبەزۆرزان و ھیچ لەبارانەبووە کردویانە، لەبەر ئەوە بەڵی ھەرچییەک ڕو ئەدات خەتای حکومەتە، تەنانەت ئەگەر بەردێک لەئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە ھەر خەتای حکومەتە، کێ ھەیە نەزانێ و نەبینێت چۆن لەئاسمانی ئەم وڵاتەوە چجۆرە چاو پۆشییەک و چجۆرە چاو ساغییەکی داگیرکەران دەکرێت!!
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک