|
٢١\٢\٢٠٢٦
بەڵگەنامەکان: لە
ئپستینەوە تا ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا،
یەک ناوەرۆک و
چەند روخسار!

نوری بەشیر
ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە هەلومەرجی ڕوودان و ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی "ئپستین"
بدەینەوە، دەرگا بە ڕووی ئەو ڕاستییەدا دەکاتەوە کە لە سیستەمی جیهانیی
ئەمڕۆدا، ئەگەر قووڵتر بڕوانین و تەنیا سەیری ڕووکەش و چاوی میدیاکانی
ئەمڕۆو لە فەزای زاڵی چینی دەسەڵاتی ئەمڕۆ دەرچین، دەتوانین
ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆکۆمێنتانە بناسینەوە کە دەرخەری چ راستی و چ
واقعیەتیەکە، لەبەرئەوەی تا ئێستا ئەوانەی دەوترێت و وتراوە لەسەر
بەڵگەنامەکان چ ئەمەی ئپستین تا ئەوانەی پێشترو ئەوانەی رۆژانە
روودەدەن، دەرخەری ناوەرۆکی راستیەکان و خودی بەڵگەنامەکانیش نین. ئەم
ڕووداوەی کە ئەمڕۆ هەواڵەکانی جیهانی داگرتووە، درێژکراوەو ناوەرۆکی
هەمان زنجیرە کارەساتێکن کە هێزو سامان و تواناو کەسایەتی گەورەی
حکومەتی لەپشتەوەیە، ناوەرۆکی هەموو ئەو بەڵگەنامەی وەک "ویکیلیکس،
پەنەما و پاندۆرا" و رووداوە جیهانیەکانی رۆژانە کە خاڵی هاوبەشی
تێدایە ئەو راستیە دەخاتەڕوو و دەکرێت جارێکی کە بەکورتیش بێت
ئاماژەیان پێبکەین.
با بەخێراییەک خوێنەران بگێڕینەوە بۆ زنجیرە مەلەفێک یان بەڵگەنامەیەک
کە بە دەیان ملیۆن لاپەڕەی لێبڵاوبۆتەوەو کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵگای
بەشەری و ئەو بەڵگانەی پێشوو چیان لێهات، کە تاوانباران هەمان
دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانن، لەژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا ئایا
٦ ملیۆن بەڵگەنامەی ئیپستینیش بە هەمان دەردی ئەوان ناڕوات؟
ویکیلیکس: لە ساڵەکانی ٢٠١٠ - ٢٠١١ دا بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازی و
دیپلۆماسیی نهێنیی ئەمریکا و وڵاتانی تری سەرمایەداری ئاشکرا کرد، لە
پێشێلکاری و کوشتار.
بەڵگەنامەکانی پەنەما: لە ساڵی ٢٠١٦ دا نزیکەی ١١.٥ ملیۆن بەڵگەی لەسەر
دزی، تاڵانکاری و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازییەکان و
دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە بڵاوکردەوە.
بەڵگەنامەکانی پاندۆرا: لە ساڵی ٢٠٢١دانزیکەی ١٢ ملیۆن فایلی لەسەر
سامانی هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێر و سەرانی حزب و دەوڵەتەکان و
بازرگانەکان ئاشکرا کرد؛ ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان
بەتاڵان بردووەتە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا ٩٩٪ی کۆمەڵگە لە
ژیانێکی مەمرەومەژیدا دەژین.
ئەم بەڵگەنامانە دەریانخست چۆن ئەم دەسەڵاتدارانە بە ناوی "کۆمەک بۆ
خەڵک" پارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەردەگرن، بەڵام بۆ کڕینی کۆمپانیا،
خانووبەرە و کێڵگەی تایبەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیانی خەرجی دەکەن.
بە ملیۆن لە بەڵگەنامەکانی رووداوەکانی تری جیهان کە لەم دەیەیەی
ئەخیردا کە رۆژانە روویانداوە لە کۆمەڵكوژی و بازرگانی بەژنان و
ئاوارەیی و لە سێدارەدان کە لەلایەن؛ جمهوری ئیسلامی ئێران، داعش،
بۆکۆحەرام، شەبابی سۆماڵ، حکومەتی ئیسرائیل، سوریاو تورکیاوە
ئەنجامدراوە، میدیاکان حکومەتان و سەرمایەدارانی جیهان لە پشتیانەوە
بوون، وە بێدەگەیان لێکردوون.
بەڵگەنامەکانی ئپستین (٦ ملیۆن بەڵگە کە تا ئێستا ٣ ملیۆنی خراوەتە ڕوو)،
پاش دەستگیرکردنی "جێفری ئپستین" لە ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ دووەم جار، بۆ
ماوەی چەند ساڵێک لەژێر دەستی (FBI) و وەزارەتی دادی ئەمریکادا بە
نهێنی مانەوە تاوەکو لە جەنیوەری ٢٠٢٦ بڵاوکرانەوە. دەتوانرێت بوترێت
تەنیا %٢٥ی بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بەشێوەیەک کە زیان بە سەرۆک و
سەرمایەدارە گەورەکان نەگەیەنێت. مردنی تەمومژاویی ئێپستین لە زینداندا،
زیاتر گومانی ئەوەی دروست کرد کە مەبەست لە شاردنەوەی ناوی ئەو
کەسایەتییە باڵادەستانەیە کە تێوەگڵاون و هەروەها بەرنامەیەک کە ئەم
سەرۆکی وڵات و سەرمایەدارو دەسەڵاتی شاهانە هەیانبووە ونبکرێت، هەروەها
ونکردنی کەیس و ئاسەواری ئەو هەزاران ژن و منداڵانەی براونەتە ئەوێ و
چارەنوسیان، وە گەلێک بەرنامەو سیاسەتی شاراوە لە پشتیەوەیەتی
بشارننەوە.
میدیاکانی بۆرژوازی هەوڵدەدەن ئیپستین وەک تەنیا "شەیتانێکی تاک" و
بازرگانێکی منداڵان نیشان بدەن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم
بەڵگەنامانە (ویکیلیکس، پەنەما، پاندۆرا و ئپستین و ئەوانی تریش) شتێکی
تریش دەخاتەروو: ئەویش بێدەنگی و شاردنەوەی تاوانی گەورەی وایە کە هیچ
جێگایەکی بۆ مرۆڤایەتی سەدەی ٢١ نەهێشتۆتەوە، بۆ مانەوەی سیستەمەکە بە
ئاڵوگۆڕی شکڵی. ئایا بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی کەمن لەسەر: فەلەستین،
سودان، یەمەن، ئێران، عێراق، ئۆکرانیا، رۆژانەی چەوسانەوەی کرێکاران و
کاری منداڵان، ئاوارەیی و برسێتی کە هەموویان لەژێر سایەی ئەم سەرۆک و
حکومەتانەدا ڕوودەدەن.
هەموو ئەم تاوانانە؛ لە بازرگانی بە مرۆڤەوەو بە منداڵانەوە، تا
کۆمەڵكوژی و برسێتی و جەنگ و ئاوارەیی و تا تاڵانکاری، لە چوارچێوەی
سیستەمێکدا کە سیستەمێکی چینایەتی سەرمایەداریەی ئەم سەردەمەیە کە
راسیزم و فاشیزمی قەومی و دینی بەڕێوەی دەبات، کە هەمووسەروەت و سامانی
کۆمەڵگا تا دادگاکانیشیان لەدەستدایە، واتە ئەو کەمایەتیە دژی ئینسانیە،
لەبەرامبەر لە ٪٩٩ی کۆمەڵگا راوەستاون و برسێتی و کوشتار و بێحورمەتی
بە مرۆڤ دەکەن، هەر هەمان ئەو سەرمایەدارو سەرۆکانەن کە بەرژەوەندی
هاوبەشیان هەیە و بڕیاردەدەن. هەر ئەو دادگایەی لە لە ٢٠٠٨ ڕێگەی بۆ
ئپستین خۆش کرد و رێگای نیشاندا تا لە سزا ڕزگاری بێت، تا ٢٠١٩ ئەو
هەموو کارەساتە مرۆییە دژی ژنان و منداڵان ئەنجامبدەن، هەر ئەو
دادگایانە بوو لە کەیسەکانی ویکیلیکسدا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی
جەنگ و کوشتاری خەڵكی مەدەنی لە عێراق و ئەفغانستان، "جولیان ئاسانج"ی
سزادا، ئەمەیە روخسارو ماهیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دنیای
ئەمڕۆ، کە رووداوەکانی رۆژانە ناخی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست و
ئازادیخواز ئازار دەدات.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەو ناوەرۆک و راستیەکانی پشتی واقیەتی کۆمەڵگای
چینایەتی ئەمڕۆی جیهانە، کە سیستەمی سەرمایەداری تێیدا دەسەڵاتدارە،
کۆمەڵگای جیهانی لە نێوان دوو ڕێگەدا راگرتووە: یان دەبێت مل بدات بۆ
ئەم فەوزا و فاشیزمەی دەسەڵاتدارانی لە چەشنی؛ ترەمپ، پۆتین، خامنەئی و
ئۆردگان، ناتانیاهۆ و هاوشێوەکانیان)، یان دەبێت ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر؛
ئەویش خۆرزگارکردن لەهەموو خۆشخەیاڵیەک بە سیستەمی چەوسێنەرو دژی
ئینسانی ئەمڕۆ و دەستبردن بۆ خۆڕێکخراوکردن و گۆڕینی ئەم سیستەمە
سەرمایەدارییە دژی مرۆییە بۆ دنیایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران بۆ
هەمووان، دوور لە کۆمەڵکوژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەویش سیستەم و
کۆمەڵگای ئینسانی سۆشیالیزمە.
______________________________________________
تێبینی: سەبارەت
بە بەڵگەنامەکانی: ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆراو داعش دەتوانن لەم
لینکەی خوارەوە، کە پێشتر بڵاومکردوونەتەوە، کە بابەتەکانی تێدایە بۆ
ئاشنابوونی زیاتری بگەڕێنەوە بۆی.
https://www.emrro.com/malperinuri.htm
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|