په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٠

بەڵگەنامەیەک تورکیای هەژاند و سوپاکەی ریسوا کرد.

بەدواداچوون و شیرۆڤە.


هوشیار حوسێن برایم

 

ئاشکراکردنی بەڵگەی کودەتا سەربازیەکەی سوپا پیلانی بۆ داڕشتبوو،لەلایەن سێ رۆژنامەنوسی تورک و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی تەرەف، تورکیای تووشی بومەلەرزەیەکی سیاسی و راگەیاندنی کەم وێنە کردۆتەوە.

ئەگەر بومەلەرزەکەی هاییتی بە دەیان هەزار مرۆڤی قوتدا، ئەوا بومەلەرزەکەی ئەمجارەی تورکیاش، کە نەک دەستکرد و رێکەوتی سروشت، بەڵکو داهێنانێکی دیکتاتۆریانەی عەقڵیەتی عەسکەرتاریەتە، بە هەزاران مرۆڤی دەکردە قوربانی ڤایرۆسەکەی کەمالیزم.

سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر راگەیاندن، لەمەش ووردتر رۆژنامەنووس چاونەترس بێت و زانستیانە و راستیانە بۆ بابەتەکان بچێت و لە پێناوی گەیاندنی ئەمانەتە وونبووکان و پەیامە راستەقینەکەی کار بکات، ئەوا هەرسێ رۆژنامەنووسە تورکەکە، نمونەی بێ وێنەی پێناسەکەمان دەبن.

کاتێ لە مێژووی تورکیا بڕوانین و پراکتیک و کردەوەی سوپاکەیان بدەینە بەر چاو، ئەوا باشتر دەزانین کە لەو جوگرافیا خوێناوییەی وڵاتی تورکیای پێدەگوترێ، دەستبردن بۆ ئاشکرا کردنی پیلانێکی بەو شێوەیەی سوپا و کەمکردنەوەی هەیبەتەکەی و ئابڕوبردنی، دەبێ پێشتر فاتیحات بۆ روحی خۆت خوێندبێت و شەهادە و ئیمانێکی بە حەقیشت هێنابێ.

سوپای تورکیا بەردەوام خاوەنی پیلانی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، ئەو کارەش بە ئەرکێکی نەتەوەیی و بەپاراستنی پرەنسیپ و سیستەمی کەمالیزم دەزانێت، سوپای تورکیا جگە لە هێرشکردنە سەر قوبرس کە ئەویش لە مەحافلی نێودەوڵەتیدا بە( داگیرکردن) ناونراوە، ئەگینا بە درێژایی مێژووی کۆمار بۆ تەنیا جارێکیش ئەرکی بەرگریکردنی لەبەرامبەر هێرشی دەرەوە بۆ سەر وڵاتەکەی ئەنجام نەداوە،کەچی هەر ئەو سوپایە ساڵ بە ساڵ و قۆناغ بە قۆناغ لە هەوڵی بەهێزکردنی خۆیدایە، جا بە چەک و تەکنۆلۆژیای سەردەم دەبێت یان بە شێوازی نوێی پەروەردە و نوێکردنەوە و رێکخستنەوەی مۆدێرنانەی هەیکەلەکەی و بەردەوام پیلانڕێژی سەربازییانەیە، هەڵبەتە بەڵگە مێژووییەکان و هەنووکەییەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە هەموو ئەوانەیان لە پێناوی سەرکوتکردنی نەیارە نێوخۆییەکانیان بەکارهێناوە.

زۆرن هەڵمەتەکانی سوپا لە دژی گەلانی تورکیا گەر باسیان بکەین، بەڵام باس لە کامیان بکەین، لەکۆمار، کە ئەتاتورک خۆی لەڕێگای سوپاکەی دایمەزراند، یان لە کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1960، باس لە زەبرەکەی سوپا بکەین لە ساڵی 1970 کە حوکمی سەربازی لەوڵاتەکەدا راگەیاند، یان باس لە کودەتای 12 ی ئەیلولی ساڵی 1980 بکەین کە لەسەر ئەو زەمینەماندا قیامەتی نیشانی گەلانی تورکیادا، یان کودەتای مۆدێرنانەی 28ی شوباتی 1997 کە حکومەتی هەڵبژێردراوی خەڵکی لەسەر تەخت لادا، ئەمانە و بێجگە لەچاو سوورکردنەوە و هۆشدارییەکانی سوپا کە هاوسەنگی نێوەخۆ و هاوکێشەکانی دەنگان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی.

نزیکەی 10 رۆژێک دەبێت پیلانی کودەتایەکی خوێناوی کە لەسالی 2003 ئامادە کراوە و نەتوانراوە ئەنجام بدرێت، لەلایەن سێ رۆژنامەنوسی رۆژنامەی تەرەف ئاشکرا و ریسواکرا، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە و وردەکاری بەڵگە سەربازییە نهێنییەکە تورکیای هەژاندووە.

بابەتی سەرەکی حکومەت، سوپا، تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت، راگەیاندنەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەنانەت لە نێو تەواوی هاوڵاتیانی تورکیادا جێگای باسە و ترس و شۆکێکی گەورەی دروست کردووە و تا دێت هەیبەت و سومعەی سوپاش لاواز دەبێت، وەڕس بوون و بێزاریش لە زێدە بووندایە.

کودەتا بۆ؟

لە پێشەکی بەڵگەنامەکەدا کە بیانوی ئەنجامدانی کودەتای تێدا دیاریکراوە هاتووە:
پارتی داد و گەشەپێدان لەهەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە و بەتەنیاش حکومەتی راگەیاند، ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر سیستەمی عەلمانیەتی ئەتاتورک و پێویستە ئەو حکومەتە( حکومەتی ئاکەپە) بڕوخێنرێت .

هەروەها لە بەڵگەنامە نوسراو و بیستراوەکەدا هاتووە و دەڵێت:
ساڵی 1997 لەبەرامبەر حکومەتە ئیسلامیەکە کودەتای مۆدێرنمان ئەنجامداو لەسەر حوکممان لادا، سەرۆکی ئەو کاتەی شارەوانی ئیستەنبوڵ ( واتە ئەردۆغان) لەسەر خوێندنەوەی شیعرێک لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر کارەکەی لادراو رووبەڕووی دادگا کرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەمان کەس هاتووە و سەرۆک وەزیرە، بۆیە ئەوە قەبوڵ ناکرێت.

لێرەدا بەتەواوی جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێت و ئاشکرا دەبێت کە لەتورکیادا هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن و کۆمەڵێک پرەنسیپی دیموکراتی و مەرجی سەردەمیانە بۆ گرتنە دەسەڵاتی هەر پارت و لایەنێک لە یاساکانیاندا هەیە، بەڵام ئەگەر سوپا رەزامەندی لەسەر ئەنجامەکان نەدات، ئەوا هیچ گروپ و لایەن و پارتێک بۆی نییە دەسەڵات بگرێتە دەست و خۆ ئەگەر گرتیشیە دەست، ئەوا دەبێ لادرێت و پێویستیش بکات سوپا کودەتای لەبەرامبەردا ئەنجام دەدات.


لە ئەقڵیەتی سوپادا، ئەگەر لایەنێک بێ ئارەزوو و رەزامەندی سوپا دەسەڵاتی حکومەت بگرێتە دەست، ئەوا تورکیا لە دەست دەچێت و بۆیە تەنیا خۆشیان رزگارکەری وڵاتن، ئەو جۆرە بیرکردنەوە و بۆچوونەش وەک ڤایرۆسێک کەوتۆتە نێو ئێسک و مێشکی سوپا و لایەنگرەکانی، بۆیە سوپا تووشی نەخۆشیەکی کوشندە بووە و لەوەش مەترسیدارتر هیچ جۆرە دەرمان و چارەسەرییەکیش قەبوڵ ناکات.

دارشتنی پیلانی کودەتا.

لەبەڵگەنامە نهێنییە ئاشکرابووەکەدا هاتووە:
لەساڵی 2002 ئاکەپە هەڵبژاردنەکان قازانج دەکات و بەتەنیا حکومەت رادەگەیەنێت، دوای ئەوە بە مانگێک چەتین دۆغان فەرماندەی لەشکری یەکەمی هێزە زەمینیەکانی سوپای تورکیا هەموو جەنەڕاڵ و فەرماندەی لەشکر و قۆڵ و دەزگا هەستیارەکانی هێزەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک دەکات کە پێشتر ئاگادار کرابوونەوە و ئامادەکاری تەواوی بۆ کرابوو،کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دارشتن و گفتوگۆ لەسەر پیلانی ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی لە تورکیادا.

ئەو کۆبوونەوەیە هەم بە کاسێت و هەم بە نوسین دیکیۆمێنت کراوە،تەواوی کرۆکی پیلانەکە و پاشکۆی پیلانەکە و لیستی ناوەکان و تەنانەت بچوکترین و وردترین هەنگاو و ئەرک و تەوقیت و نەخشەی تێدایە، لەسەر سیدی و کاسێتیش دەنگەکان تۆمار کراون.

بەڵگەنامەکان ئەوەندە راستەقینەو ئۆرژینالن، کە گومان قەبوڵ ناکەن و ئیدی نە حکومەت و نە سوپا و نە راگەیاندنەکانیش بیریان بۆ ئەوە نەچووە کە دروستکراو بێت، بەڵکو دەزانن راستەقینەیە.

لە راستیدا هاوڵاتیانی تورکیا بە کودەتای سەربازی هەوڵی کودەتای سەربازی و دەستتێوەردانی سوپا لە سیاسەت نامۆ نین، بۆیە ئەمجارەش زەحمەتیان نەبینی لە ئاشکرابوون و راستەقینەیی بەڵگەنامەکان،بۆ گەلی تورکیا سروشتی بووە لە هەر ئان و ساتێک، بەیانی لە خەو هەڵسن و سەرباز و تانک و تۆپ لە شەقام و کۆڵانەکاندا و فڕۆکە جەنگیەکان لە ئاسمان و کەشتیە جەنگیەکانیش لە کەنار دەریاکان چوار دەوری شارەکانیا ئابڵوقە دابێت، چونکە ئیدی رووداوە مێژووییەکانیان بۆیان سەلماندوون کە سوپاکەیان هەردەم کوتکێکی داپلۆسێنەرە بەسەر سەریانەوە، نەک بۆ ئەوەیە لە دوژمنی دەرەوە و هێرشی دەرەوە بیانپارێزێت.

دروستکردنی زەمینە بۆ ئەنجامدانی کودەتا.
بەڵگەنامەکان ئاشکرایان کرد کە:
قۆناغی یەکەم :
هەنگاوی یەکەم: مزگەوتی فاتیح لە کاتی نوێژی هەینی بتەقێننەوە.
مزگەوتی بازیت بتەقێننەوە.
فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا سنوری یۆنان ببەزێنێت و وا بکەن کە لە فرۆکە جەنگیەکانی یۆنان بخرێتەوە خوارەوە، ئەگەر ئەمە نەبوو، ئەوا هەر فڕۆکەیەکی سوپای تورکیا خۆی ئەو فڕۆکە جەنگیەی خۆیان بخاتە خوارەوە.

هەنگاوی دووەم: تەقینەوەکان لەلایەن تیمە تایبەتیەکانی سوپا خۆیان بە ڤیدیۆ تۆمار بکرێن و لە راگەیاندنەکان بەخشی بکەن.

کۆمەڵێک لایەنگری خۆیان لە ناو خەڵک ئامادە بکەن کە جل و بەرگی ئیسلامیەکان بپۆشن و خەڵکانی دیندار هان بدەن بۆ ئەوەی ناڕەزایی لەبەرامبەر تەقینەوەکان ئەنجام بدەن و هێرشی سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت بکەن و ئاژاوە و گێرەشێوێنی دروست بکەن.

وا دیاری بکەن کە فڕۆکەکەیان لەلایەن یۆنانیەکان خراوەتە خوارەوە و لە راگەیاندنەکاندا هانی تۆڵە و هێرش بکەن.

هەنگاوی سێیەم: کە ئەمانە هەمووی پێکهاتن و شەقام شڵەژاو ئاژاوە و پشێوی دروست بوو وا نیشان بدەن کە حکومەت توانانی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتی نییە و دەوڵەت لە مەترسیدایە، بۆیە رەوشی ئاوارتە واتە حوکمی سەربازی رابگەیەنن و سوپا دامودەزگاکانی دەوڵەت داگیر بکات و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

لەراستیدا سوپا ئەوەندە هێز و لایەنگرەی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کەش و هەواو رەوشێکی ئاوا بخولقێنێت، چونکە هەندێ لە پارتە سیاسیەکان تەنانەت لە نێو دەزگاکانی دەوڵەت و لە نێو خەڵکیشدا هەن کە بە هەمان ڤایرۆسەکەی سوپا نەخۆشن.

راگەیاندنی کودەتای سەربازی.

بەڵگەنامەکان دەڵێن:
دوای ئەوەی رەوشی ئاوارتە رادەگەیەندرێت، کودەتاش بەفەرمی رادەگەیەنرێت و ئاشکرا دەکرێت کە ئیدی سوپا حوکمی وڵات دەکات.

بۆ ئەمەش لەبەڵگەنامەکەدا لیستی ناو و ئەرکەکان دیاریکراون:
- سەرۆک وەزیر کێ بێت، وەزیرەکان، بەرپرسی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و دەزگا هەستیارەکان، پارێزگاری شار و قائیمقام و بەڕێوەبەرەکان، سەرۆکە شارەوانییەکان و . هتد، هەر هەمووی کۆنە ژەنەرال و ئەفسەرە خانەنشینەکانی سوپان یان باوەڕپێکراو و دڵسۆزانی سوپان.
- هەموو ئەو بەرپرسانەی کە لەسوپا دوورن دەخرێنە زیندانەکان و دادگایی دەکرێن.
- ستادیۆمی تۆپی پێ وەک زیندان بۆ 200 هەزار دەستگیرکراو بەکار دەهێنرێت .
- راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن، بەشێکیان بۆ زیندانەکان و بەشێکیش بۆ بەکارهێنان و خزمەتکردنی کودەتا بەکاردەهێنرێن.
- چەندین تاوانی دیکە کە رۆژ بەرۆژ تا ئەم ساتەش بەڵگەکان لەلایەن رۆژنامەی تەرەف و سێ رۆژنامەنووسەکە ئاشکراو بڵاودەکرێنەوە.

جێگای سەرنج ئەوەیە کە بەڵگەنامەکە زیاتر لە 5 هەزار لاپەڕەیە و بەووردترین شێواز بچووکترین خاڵ لەبەرچاو گیراوە.
لەڕاستیدا ئەو پیلانە لەگەڵ کودەتای 12 ی ئەیلولی ساڵی 1980 دا بەراوردکراوە، دەنگی چەنەرالەکان کە لە کاسێتەکاندا تۆمار کراون و لەنێو بەڵگەکاندایە شاهیدی حاشا هەڵنەگرن، بەئاشکراش باس لەوە دەکەن کە نابێت کەموکوڕیەکانی کودەتای 12 ی ئەیلول دووبارە بکەینەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت تواوکەری ئەو بین.
ئەو بەرنامەیەش گەواهی ئەوەیە کە قەبارە و دژواری کودەتاکە زۆر لەوەی پێش خۆی زێدەتر و گەورەترە.

ئەگەر ئەو کودەتایە ئەنجامگیر و سەرکەوتوو بوا، ئەوا جارێکی دیکە تورکیای بۆ 30 ساڵ دواوە دەگەڕاندەوە، هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەش کە لەپێناوی رزگاربوون لەژێر سێبەری سوپا درابوون بەهەدەر دەچوون.

گەر ئەنجامی گرتبا، ئەوا ئازادییەکان - ئەوەندەی کە هەیە-، ئابووری، پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان، باری ئاساییشی، پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، دەزگا و کۆمەڵە مەدەنییەکان و . هتد، لەگەڵ ئەوەی کە نیوەچڵیشن، بەڵام بەتەواوی وەلاوەدەنران و لەژێر پۆستاڵی ژەنەرالەکان و سوپادا دەپڵیشانەوە.

ئیسلامیەکان، کوردەکان، عەلەویەکان، دیموکراتخوازان، نوسەر و رۆژنامەنووسە خاوەن ویژدانەکان، چەپەکان و بەگشتی هەر بوونەوەرێک ناڕازی و ناکۆک بوا لەگەڵ میللیگەرای توندڕەو و حوکمی سوپا، دەخرانە کونجی زیندانەکان، سەرکردە و کەسایەتییە کاریگەرەکانیش لەبەردەم دادگاکاندا سزای کوشتن و زیندانی تاهەتایە و ئەشکەنجەیان بۆ دەبڕایەوە.

تورکیا پەیوەندییە دەرەکی و دیبلۆماسییەکانی سەرەتا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێدا ئاڵۆز و لاسەنگ دەبوو، بەتایبەتیش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستان، ئەرمەنستان، یۆنان گرژییەک تائاستی پچڕانی بەخۆیەوە دەبینی، چونکە کودەتاچییەکان ئەو پەیوەندییانە وەک تەنازول لە رێبازی ئەتاتورک و خیانەت لەوڵات و تەسلیمکاری دەخوێننەوە.

ئەو بەڵگانە چۆن دەستکەوتوون؟
ئاشکرابوونی بەڵگەیەکی واگرنگ و هەستیار و مەترسیدار لەکاتێکی وادا گەلێک پرسیار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، چونکە دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزی و تەنگەژەیەکی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە هەر وەک لێیکەوتۆتەوە.

لێرەدا دوو گریمانە خۆی دەسەپێنێت:
گریمانەی یەکەم:
دوور نییە کارێکی ناڕاستەوخۆی مووساد بێت، بەڵگەکانی دەستکەوتبێت و بەشێواز و تاکتیکێکی هونەری هەواڵگریانە گەیاندبێتیە دەستی کەسانێک کە لەسوپا ناڕازین و بەردەوام کەمینیان بۆ سوپا داناوەتەوە و بەرژەوەندییان لەڕیسواکردنی سوپادایە، بێگومان مووساد وەک تۆڵەکردنەوەی رووداوەکەی (داڤۆس) لەتورکیا، بەئاشکرابوونی بەڵگە نهێنیەکانی کودەتا ئاژاوەیەکی سیاسی لەنێوخۆی تورکیا درووست بکات و نێوان حکوومەتی ئەردۆغان و سوپا ئاڵۆز بکات، ئەمەش باوەڕیان بەیەکتر ناهێڵێت و بەیەکتریانەوە خەریک دەکات.

گریمانەی دووەم:
مەسەلەی هەوڵی کوشتنی بلند ئارنجی جێگری سەرۆک وەزیران بوو بەئامرازێک بۆ ئەوەی حکوومەت بەو بیانووە بڕیاری لێکۆڵینەوە لە( ژووری نهێنییەکان - kozmik oda) ی دەوڵەت بکات و دادوەری لێکۆڵینەوە ئازاد بکات بۆ ئەوەی لەئارشیفی نهێنییەکان بکۆڵێتەوە و ئەو بەڵگەی کودەتا و هەندێک بەڵگەی دیکەشیان دەستکەوتبێت و بەناڕاستەو خۆییش ئاشکرایان کردبێت.

لەدەرەنجامی ئەو رووداوانەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەگەر تائێستا هەوڵی هێزە شاراوەکان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لەدژی حکوومەتەکەی ئاکەپە سەرکەوتوونەبوون، ئەوا لەمەودوا کودەتایەکی دەستووری و یاسایی بەڕێوەدەبەن و ئەویش بەداخستنی AKP تەواو دەبێت لەلایەن دادگای دەستوورییەوە، واتە گەر کودەتاکەی سوپا سەرینەگرت، ئەوا دادگای باڵای دەستووری کودەتا ئەنجام دەدات.