په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٣

بێ (موجامەلە)ى هیچ قەوارەیەک.


کارزان مستەفا*    

 

بێ (موجامەلە)ى هیچ قەوارەیەک تا نەبێتە ریکڵام. بێ هیوایى باڵى کێشاوە بەسەر دەروونى هەمووماندا و کەسێک نییە لە ئێمە گەشبین بێ بە ئایندەیەکى روون. بەڵێنە سپیەکانى نێو هەمبانەى لایەنەکان هەر لە بازنەیەکى داخراودا بێ خاوەن مایەوە، تا بووە ڤاکتەرێکى کارا و میللەتى خستە سەر دووڕیانێکى تاریک تا بەو دەرئەنجامە ترسناکەى گەیاند کە زویر بێ لەو حکومەتەى کە بە خوێنى خۆى دروستى کردووە.

 

ئێستاش من دەڵێم بەرپرسانى هەموو قەوارەکان، واز لە بەڵێنە سپیەکانى نێو هەمبانەکانتان بێنن، تاوانە و لە ئەستۆى ئێوەدایە.. ئێوە بوونەتە هۆکار تا ئەم میللەتە خۆشەویستیى نیشتیمان و حکومەتى خۆى لەدەست بدا. بەڵێ هەموومان دەزانین گرفتمان زۆرە و ئەمەش بارێکى ئاساییە و شوورەیی نییە، گرفت و شەرمەزاریی و شوورەیی لەوەدایە کە دەستەوەستان لە ئاست گرفتەکاندا بوەستن و نەتوانن چارەسەرێکى بۆ بدۆزنەو .

 

ئیدى بەسە ناشرینکردن و ناو و ناتۆرە لەیەک نان، بڕۆن دەست بخەنە سەر برینەکان تا ئەوەندەى تر خوێنى لێ نەچۆڕێ. بۆ نموونە وەک دەزانین حکومەتى هەرێم بە دەست قەڵەویەوە دەناڵێ.. ئاستى قەڵەوبونەکەى ئەوەندە زۆر بووە کە بە زەحمەت جوولەى بۆ دەکرێ، لەبەر ئەوەى لە ٧٠٪ بودجەکەى لە خۆیدا خەرج دەکا بۆ مووچەى فەرمانبەران کە دەکاتە ٩ ترلیۆن زیاتر.. بێگومان ئەو لە ٣٠٪یەی دەمێنێتەوە بەشى ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان ناکا بەدەر لە ناشەفافیەکان. وەک هەمووان دەزانین هەموو وڵاتانى جیهان کۆشش دەکەن حکومەتەکەیان ژیکەڵە بێ و بە کەمترین خەرجیى بەڕێوەى ببەن.

 

جا بەڕێزان بانگەشەى زانستیى و دروست و رۆشنبیرانە ئەوەیە قەواریەک و پڕۆژەیەکى ستراتیژیی زانستیى بە داتاوە پێشکەش بکا بۆ چارەسەى ئەم گرفتە و دەیان گرفتى تر، نەک کۆشش بکەن بە بێ ئەوەى هیچ پڕۆژەیەکمان پێ بێ یەکترى بسرینەوە و بە شەڕە پەڕۆى دەستى منداڵان بمانەوێ سەرکەوتن بە دەست بێنین.

 

لە کۆتاییدا دەڵێم کاندیدەکان ختووکەم بە بانگەشەکانى هێندێکتان دێ.. شەرم ناتانگرێ.. تەریق نابنەوە، دەیان نووسین و چاوپێکەوتنم ئەنجام دا سەبارەت بە گرنگیى بەرهەمى ناوخۆ و بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابووریی ئەم هەرێمە، دەیان پێشنیار و سەدان کەموکورتییم خستەڕوو و هەزار جار هاورارم کرد. کەسێکتان بە قەوارەکانیشتانەوە نەک هەڵوێستێکتان نەبوو بەڵکە و گوێ و چاویشتان گرت و سەرتان نزم کرد، ئەى ئێستا خێرە لەم لەبانگەشەى هەڵبژاردندا هەمووتان لێم بوونەتە (ئادەم سمیس)!

_________________________
* بەڕێوەبەری نووسینی گۆ‌ڤاری ڕێچکە.


awaolives@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک