بێ مۆنتاژ - ٣ -.

بهشدار عهلی
لەسەر بودجەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق گۆڕپانی یاریگهکهی کهرکوک
نۆژەن دەکرێتەوە و ئاوارە قوربەسەرەکانیش لەژێر ئاڵتونى رەشى شارەکەیان
کە هەموو دنیا پێیەوە خەنى بوە چەندین ساڵە لە نێو نایلۆندا لە
یاریگهکه شەو و رۆژ بەرێدەکەن بە پارهیهکی کەم کە ناکاتە گهشتێکی
کات رابواردنی وەزیرێک یان ئەندام پەرلەمانێک قەرەبوو کرانەوە، کەچى
بەرپرسێکى باڵاى یەکێتى دەڵێت لەسەر گیرفانى یەکێتى قەرەبوکراونتەوە و
نۆژەن دەکرێتەوە،کاکى برا گیرفانى یەکێتیش هەر پارەى خەڵکە و سەروەت و
سامانى ئەو میلەتەیە و کاسبیتان نەکردوە بۆ پەیداکردنى ئەو پارەیە و
پێویستیش ناکات منەت بەسەر سەرى خەڵکەوە بکەن، نەوەد و یەک کە لە شاخ
گەڕانەوە کالە ئەدیداسەکانى قاچتان زۆر خراپ و دڕاو بوو کەچى ئیستا
خاوەنى کارگە و کۆمپانیا و ڤێلا و هەموو شتێکن و دەشتانەوێت کەمترین شت
بکەنە منەت بەسەر سەرى خەڵکەوە !
دەسەڵاتى کوردى لە کەرکوک لە دژى بڕیارێکى پەروەردەى کهرکوک دەنگى
بەرزکردەوە کە رازینیە مامۆستایانى پیاو و ئافرەت لە قوتابخانە و
خوێندنگاکانى کچان و کوڕان لەسەر بنەماى رەگەز جیا بکرێنەوە،کار گەیشتە
خۆپیشاندان و مانگرتن لە خوێندنگا کوردییەکان،بەڵام زیاتر لە (10)ساڵە
ئەو بڕیارە لە هەر سێ شارەکەى کوردستان کارى پێدەکرێت و حکومەتى هەرێم
لەسەر بنەماى رەگەز مامۆستایان بەسەر خوێندنگاکانى کچان و کوڕان دابەش
دەکا،تۆ بڵێى حیکمەتى ئەوە لەکێ بێت؟ لەلایەک خۆت بڕیارەکە جێبەجێ
بکەیت کە لە هەموو لایەکەوە بارودۆخت باشترە و لە لایەکى تریش لە دژى
بوەستیەوە و خۆپیشاندان بکەیت،بانێکە و دوو هەوا !
لیستى برایەتى لە شارى موێڵ گلەیى ئەوە دەکەن کە حەدبا دەستى گرتوە
بەسەر یەک ئیدارییەکانى شارى موێڵ و لە هەوڵى کۆنترۆڵ کردنى تەواوى
شارەکەن،بەجیا لە بوونى دنیایەک تێبینى لەسەر لیستى ناوبراو و کار و
کردەوەکانیان و تاڵە مویەک لە بەعس جیایان ناکاتەوە، بەڵام قسەى من
لەسەر ئەوەیە کە ماڵت لە شووشە بوو بەرد مەگرە ماڵى خەڵک، وەرە یەک
دائیرەم نیشاندا لە هەولێر بەرێوبەرەکەى یەکێتى بێت،وەرە یەک خوێندنگام
نیشاندا لە سلێمانى بەرێوبەرەکەى پارتى بێت،جێگرى سەرۆکى حکومەت بە
چوار ساڵ نەیتوانى لە هەولێر پۆلیسێک دامەزرێنێ.. !
ئەوەندەى ئاگاداربین، ئەدا و کار و کردەوەى (ئۆپۆزسیون)لەم ماوەى
رابردوو تەنها وباسکردن و روژاندنى (بونى گەندەڵى و رۆتینات و نەبونى
سیستەم و زاڵبوونى عەقڵیەتى حیزب...)بوە لە ئیش و کارەکانى حکومەت (بەبێ
بەڵگەى مەلموس)، جا ئەگەر ئەوە کارى ئۆپۆزسیون و گۆڕان و گۆڕانکارى بێت
لە سیستەمەکانى کۆمەڵگا و لە ژیانى خەڵک، ئەوا پارتى و یەکێتى دەمێکى
دەستیان بۆ ئەو کارانە بردوە و لە ئاستى ئەنجومەنى وەزیران بونى ئەو
دیاردانە دانى پیانراوە،بەڵام پێدەچێت برادەرانى بەناو معارزە بیانەوێت
وەکو مێژووى پێشووتریان نان بەنرخى رۆژ بخۆن و مانەوەى ئەو دیاردانە لە
کۆمەڵگا بکەنە هۆکارێک بۆ وەدەستهێنانى سەروەت و سامان و وەرگرتنى
ئیمتیازات لە دەسەڵاتى سیاسى.
لەم هەولێرە ناوى (15)سەنتەرى بەناو رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتیم لایە و
مۆڵەتیان لە حکومەت هەیە و مانگانە بودجە و نەسریەش وەردەگرن،بەڵام
تاکو ئەو ساتەیە شوێنیان نادیارە و نوسینگەیان نیە،لەوانەیە لە مەریخ
چالاکى بکەن و مەریخمان بۆ ئاوەدان و رۆشنبیر بکەنەوە بۆ ئەوەى کۆتاى
بە کێشهی نیشتهجێبوون بهێنن لە هەولێر..!!
هاوڕێ و هاوکارم (عەبدى خالقى )پێشنیارى بۆ کردووم رستە بێ مۆنتاژەکان
روونتر دەرخەم، هەست دەکەم ئەویش وەکو من گڕى گرتوە و نایەکسانى و بێ
سیستەمى تینى بۆ هێناوە،بەڵام ئازیزم خۆ تۆش لە کوردستان دەژى و
ئاگادارى هەموو شتێکى، هێز هەموو شتەکان یەکلایدەکاتەوە، بڕیارى کۆتاى
لاى گوڕاح و بەرژەوەندى بەرپرسانە،سیستەمێک نییە بۆ دەسکەوتنى
زانیاریی، کەمیش نەبوون ئەو کەسانەى لەسەر دوو ووشەى راست و دورست یان
بە گڵ سپێردران یاخود خرانە کونجى زیندانەوە.
Bashdar_net@yahoo.com
|