په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بێ مۆنتاژ - ۴ -.

به‌شدار عه‌لی

 

سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەدووەمین رۆژى دەست بەکاربونى لە کابینەى تازە (600)هەزار دۆلارى لە سەروەت و سامانى خەڵک بەخشیە یانەى لاوانى عێراق بۆ بەرێوەچونى کارەکانیان لە خولى یانەکانى ئاسیا،نازانین ئەو جۆرە کارانە چى ناوبنێین؟!یارى کردن بە شعور و ئیحساسى گەنج کە لەنێو دەیان کێشە و گرفتەوە گیرۆدەن کەچى دەیان هەزار دۆلار لە گیرفانى ئەوان هەڵدەکێشرێت و بەپێى بەرژەوەندى و میزاجى سەرۆکى حکومەت کە بەپێى یاساش ئەو دەسەڵاتەى نیە،بۆ چەند کەسێک سەرف دەکرێت.

کۆى سیستەمەکانى ئەو وڵاتە دووچارى هەڵتەکان هاتون و کەس ئیش و کارى خۆى نازانێ ،ئێوە سەیرى ئەو مەهزەلانە کەن،وەزارەتى تەندورستى هەرێم کارى حاجیان رێک دەخا و وەزارەتى ئەوقافیش خەریکى پشکنینى نەخۆشییە و دڵنیاى نەبونى ئەنفلونزاى بەرازى رادەگەیانێ،وەزارەتى مافى مرۆڤ کوشتنى ژنان و مناڵان و تێهەڵدانى رۆژنامەنوسان و زیندانە نهێنیەکان لایان مەسەلەیەک نەبوو، بەڵکو لەبارەى خەتەنەوە کۆنفراسیان دەبەست و وەزیرى مافەکانى ژنانیش بۆ ماوەى چوارساڵ چوار جارمان نەبینى و ئۆفیسێکى لەم حکومەت نەبوو هەر لە دەرەوەى بازنە بوو،لەوە دەچوو خەریکى لێکۆڵینەوەیەکى ستراتیژى بێت لەبارەى ژنان و ئافرەتانى ئەوروپا!وەزارەتى پەروەردە فرۆشگاى قوتابخانەکانیشیان بە بەڵێندەر سپارد و خواردنى مناڵانیشیان لە قوتابخانەکان بە بێ ویژدانى کەرتى تایبەتدا ،وەکو چۆن تەپۆَڵکەیەک نەماوەتەوە لەم وڵاتە هەموویان کرد بە کارگە و کۆمپانیا و کۆگا و کۆشک دایان بەبەلێندەر و لەسەر خۆیان تاپۆکۆد،گرەو دەکەم تا کۆتاى ساڵ مناڵان دەبێت خواردنى پیس و ئیکسپایەر بخۆن،ئەوە مەرجى کەرتى تایبەت و بازاڕى ئازادە ،دەسەڵاتێک بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵى بەدەستهێنانى دەسکەوت و قازانجى زیاتر بێت و هەموو هەنگاوەکانى بەم ئاراستیە رێ بکات،بەڵێندەرێک و کاسبکارێک بۆ وانەکات ؟!

برادەرێک دەناسم ،لەژیانى دوو رستەى مەعقولى نەهێناوەتە نێو میدیاى کوردى و نانى ئەو لەسەر شەڕە جنێو بوە،ووشەى ناشیرن و بوختان نەماوە نەیخاتە نێو رستەوە بۆشکاندن و سوک کردنى بەرامبەرەکانى،کەچى لەبەرنامەى تیڤیەک بینیم باسى لەپرەنسیپ و ئەخلاقى رۆژنامەگەرى دەکرد و داواى لە رۆژنامەنوسان دەکرد پابەندى ئەخلاقیاتى رۆژنامەنوسى بن!! بێ خەبەر لەم بەناو راگەیاندنکارە ،لەگەڵ پێگەیشتنى کەسانى وەکو ئەو رۆژنامەنوسە باسێک لە ئەخلاق لە راگەیاندنى کوردى نەما،لەلایەکى تریش ناچارە ئیستا ئەو قسانە بکات و پێمان بڵێت: مادامەکى درۆ و بوختانەکانى ئێمە ئیستا نایگرێ و خەڵک بڕوامان پێناکات، ئێوەش مەیکەن خراپە..!

بەپێى ووتەى ئەندامێکى کۆنفراس،مەلاى مزگەوتێک( 2) دەفتەر دۆلارى لەحیزب وەرگرت و لە کۆنفراسى زانایانى ئاینى سەرف کرد بۆ ئەوەى بە ئەندامى سکرتاریەت دەربچێت و کارى حیزبەکەى لەم رێکخراوە مەیسەر بکات،بە کورتیەکەى مەلاى حیزبى عەیار بیست و یەکمان بۆ دورست بکات،قوربەسەرى خەڵک ئەو مەملەکەتە چۆن بەرەو تاریکستان ناڕوات، مامۆستاى ئاینى بێت و رێنمایى لە حیزبى علمانى وەربگرێت..!!


رێکخراوێکى گەنجانە و لاوانە و مناڵانە و هاوشێوەکانى دووچارى پاشکۆیەتى حیزب بێت و لە خراپتریت حاڵەت کۆمەڵگا دووچارى دیاردەیەکى ناشیرن و نەخوازراو دەکات،بەڵام لە کۆمەڵگایەکى ئیسلامى وەکو کوردستان رێکخراوێکى ئاینى دووچارى پاشکۆیەتى و ئەو دیاردانە بێت کە لەسەرەوە باسمان کرد،کۆمەڵگا دەبێت چاوەڕوانى کارەساتێکى گەورە بکات.

هەر دوایى هەڵبژاردن،کچێکى برادەرم بەهۆى واسیتەیەک و شۆخ و شەنگیەکەى بە دوو سعات دەست بەکاربوونى بۆ نوسراو بەڵێنیشیان پێداوە هەفتەى دوو رۆژ دەوامى پێبکەن،کەچى( تەیب) ى هاوڕێم چوار ساڵە چاوەڕوانە و هەموو قژى رووتایەوە لە خەفەتى دانەمەزراندن !!بەڵێنەکانیان بردە سەر لەکاتى هەڵبژاردنەکان بنەبڕکردنى واسیتە و رۆتینات و گرینگیدان بە گەنجان و لاوان و خستنەسەرکاریان مانشێتى سەرەکى قسەکانیان بوو،پەتى درۆ کورتە و ئەو وڵاتە بەم شێوەیە ناچێت بەرێوە.


نەبەز گۆران هەموو لەشى کون کون کراوە و شوێن نەماوە لە لەشى بەساغى،کەچى دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن بۆ وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى لە ئەوروپا خۆى واى لەخۆى کردوە!! دیارە ئەم وڵاتە جەهەنەمە و شوێنى ژیانى تیا نەماوە، بۆیە خەڵک بەهەر قیمەتێک بێت تەنانەت بە کەمئەندامى و گیان لەدەستدانیش بێت دەیەوێت لەم جەهەنەمە هەڵبێت و رزگارى بێت،عوزر لە قەباحەت خراپتر خۆزگە وەکو هەموو رووداوەکانى تر بێدەنگیان لێبکردایە.