٤\١\٢٠١٢
بێناسنامەکانی
جیهان و "کوردبوون".

عەلی زیرەک
بە گوێرەی ژمارەیەکی پێوانەیی سەرەتایی کە لە لایەن رێکخراوی
نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ساڵى رابردوودا دەرچوو، ١٢ ملیۆن کەس لە
حەشیمەتی دنیا ناسنامەیان نییە و گومانیش لەوەدا نییە، ئەم رێژەیە زۆر
لەوە زیاترە کە باسی لێوەکراوە.
خۆ لەوانەیە ئەگەر زاراوەی (بێناسنامەکان) باشتر شیبکرێتەوە و وەکو خۆی
واتای تەواو و یەکلاییکەرەوەی بۆ بکرێت، ئەم رێژەیە تا ملیاردێک بڕوات!؟
لەوانەیە پێتان سەیر بێت کە من ئەم ژمارە گەورەیەم داناوە، کەچی
بەڵگەیەکی تایبەتم بەلاوەیە و هەوڵ ئەدەم لە چەند لاپەڕەیەکدا
روونکردنەوەی لەسەر بدەم.
بێناسنامەیی بە گوێرەی تێگەیشتنی من لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان
بریتییە لەوەی ناسنامەی هیچ وڵاتێکت لە باخەڵدا نەبێت. ئیتر هۆکارەکەی
چییە، شیکاریی بۆ نەکراوە.
بەڵام بە گوێرەی عەقڵییەتی دێمۆکراتیکی ئەم سەردەمەو ستانداردەکانی
شوناس، ئەوەی لە خواستی خۆی بۆ هەڵگرتنی ناسنامەیەکی باری رەگەزی و
زمانی و... بێبەش دەکرێت، ئەو کەسەش بێناسنامەیە.
ئەگەر ئێمە بە رووکاری تازەیدا - کە قازانجی کوردیشی تێدایە و دەبێ
هەوڵی بۆ بدەین، تا وەکو یاسایەک لە بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونیی
مافەکانی مرۆڤ، یان بۆ لێکدانەوەی ئەو یاسایەی، زاراوەی "بێناسنامەیی"
شیکاریکاری پێکراوە - ئەم واتایە بچەسپێنین، ئەرکێکی تازەی کلتووریمان
لە ئاستی جیهانیدا بەجێ گەیاندووە. واتە روانگەی کۆنی مرۆڤایەتیمان لە
شوناسی ئینسانەکان گۆڕیوە بۆ روانگەیەکی بەربڵاوتر و لەمەشدا یەکەمین
نەتەوەین قازانج دەکەین. چونکه لە چل تا
پەنجا ملیۆن مرۆڤی کوردی بێ دەوڵەتی بەردەوام لە ژێر کاریگەریی
سیاسەتی سڕینەوەی رەگەزیی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، کە کوردستانیان
داگیرکردووە، تەنیا چار ملیۆن کەسی
دانیشتووانی کورد خاوەنی نیوەی ناسنامەکەی خۆیانن و بۆیان نووسراوە "ئەمانە
خەڵکی عێراقن و کوردن!؟" کە زۆرتر لەگاڵتەجاڕی دەچێت تا دانپێدانان بە
جیاوازییەکانی ئەم نەتەوەیە لەگەڵ نەتەوەی باڵادەستدا.
بێناسنامەکانی جیهان چۆن و لەکوێ دەژین؟
بە گوێرەی تێگەیشتنی من ئەم وردەکارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە وڵاتانی
ئازاددا بەدواداچوونی بۆ کراوە. یانی لە وڵاتانی وەک ئورووپا کە
قەرەجەکانی لێن و وڵاتانی وەک ئامریکا و مێکزیک و دارستانەکانی
ناوەڕاستی کیشوەری ئامریکا کە رێژەیەکی لە خەڵکی خۆجێیی لێیە و لە زمان
و کلتوور و تەنانەت زۆر بواری شارستانیدا جیاوازییان لەگەڵ ئینسانی
مۆدێرن هەیە.
لە کیشوەری ئافریقا و تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش کە خەڵکی زۆر سەرەتایی
خێوەت نشینیان هەیە، لەوانەیە توانرابێت ئەم بەدواداچونە کرابێ. کەچی
وڵاتانی دیکتاتۆریی زەبەلاحی وەک چین و ئێران و تورکیا و تەنانەت
رووسیای بەناودێمۆکراتیش بەشێکی لەبێناسنامەکراوەکان لە خۆیدا
کۆکردووەتەوە.
هەر لەم رۆژانەدا بەشێک لەلادێکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی
کوردستانی پیشاندا، کەخەڵکەکەی تا ئێستا ناسنامەیان نییە و دەوڵەتیش تا
ئێستا خزمەتگوزاریی ناسنامەی بۆ دابین نەکردوون و بە گوتەی بەرپرسانی
پارێزگاکە، خەلک خۆیان لە وەرگرتنی ناسنامەدەبوێرن. ئەمەش دیارەهۆکاری
هەیە. خەڵک لەوانەیە قبووڵی نەبێت، بە زۆرەملێ بیانکەن بە فارس و تورک
و عەرەب، چونکه خۆیان بە کورد دەزانن.
زۆربەی ناوچە کێشەلەسەرەکانی جیهان ناسنامەی رەسەنیان نییە و
شێوێندراوە.
بە گوێرەی لێکدانەوەکانەوەکانم پێموایە، ئەم دۆخە لەو وڵاتانەیدا کە
باری شارستانی جێگیریان هەیە کەمترە و ئەم کێشەیە بەستراوەتەوە بەگەشەی
بیری سیاسیی مۆدێرن و کلتووری مۆدێرن و پەرەسەندنی دێمۆکراسی لە
جیهاندا.
لەو ناوچانەیدا حکوومەتە داگیرکارەکان و دیکتاتۆرەکانی قۆرخکەری
دەسەڵات و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگا هەناسە ئەدەن. کۆمەڵگا
بەرەوڕووی خنکان دەبێتەوە. لە وڵاتانی گەورەی ئافریقادا بەربەرەکان
نموونەیەکی خنکاوبوون کە بە زۆری زمان و کلتووری عەرەبییان بەسەردا
سەپاندوون و ئامازیغییەکانیش لە ئافریقادا نموونەیەکی بەرچاو بوون.
لە رۆژهەڵاتی ناویندا کورد و ئازەری و بەلووچ و تورکمان و کەمینەیەکی
عەرەب و کشمیری و تێبێتی و تاتار و هەزارە و چێچانی و ئینگووشی و ...
هتد خاوەنی ناسنامەی راستەقینەی خۆیان نین. واتە بە پێی پێوەرەکانی
دنیای مۆدێرن ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان پێبدەن ئەوکات دەبنە
هاوڵاتی جیهانی.
لە زۆر ناوچەی دنیادا بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە مافی بوون و ژیانیشیان
لە کەسەکان ئەستاندووەتەوە. لەخۆرهەڵاتی ناوین، ئافریقا و وڵاتانی
نزیکی ئەم کیشوەرانە، زۆر نەتەوە هەن، کە تەنانەت لە دەربڕینی ئازادی
ناوی خۆیشیان بێبەشکراون و نموونەکەیان کوردانی باکوور و رۆژئاوای
وڵاتەکەمانن.
ناوچەدابڕاوەکان لە دنیای پێشکەوتوو و گرفتی نەبوونی ژیان و تەندروستی
و ناسنام:
ئەگەر سەیری لێکدانەوەی فەلسەفییانەی بیرو هزری مرۆڤایەتی و
هێڵکارییەکانی بیرمەندان بکەین، جیاوازییەکیان لە جوغرافیای جیهانیدا
داناوە.
ناوچەکانی باکوور و باشووری زەوییان دەستنیشانکردووە و پێشکەوتنەکانیان
خستووەتە هێڵی باکوور و دواکەوتوویییشیان چەسپاندووە بە کلتووری
کۆمەڵگاکانی باشوورەوە.
دانیشتووانی ئامازۆن و جەمسەرەکانیش کە خەڵکی باشوور نین واتە ناوەندی
و باکوورین، هەمان کلتووریان بەسەردا سەپیوە.
کوردیش جەمسەرێکی بۆخۆی داناوە. ئەم نەتەوەیە لە دوای دروستبوونی
دەوڵەت نەتەوەکانی رۆژهەڵاتەوە خەڵکی جەمسەری ونکراوانە.
کەی دەبین بە هاوڵاتی گۆی زەوی؟
کەسایەتی و شوناس:
ناسنامەی باری کەسێتی لەم جیهانە پان و بەرینەدا یەکێکە لە ئامرازەکانی
پێشکەوتنی ژیانی تاکەکەس و دەرکەوتنی خێرای.
لە راستیدا ئەگەر کورد خەڵکی ئورووپای باکوور بوایە، ئێستا هەموو هەوڵ
و ماندووبوونەکانی بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانیی زیاتر بوو، کە بەشێکیشی
پێشکەش بە وڵاتانی هەژاری دنیا بکات، نەک هەموو هەوڵ و پڕۆژەکانی
تەرخان بکات بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێن و شەڕی بەسەردا نەسەپێنن و
نەیکوژن و ماڵ و لانەی کاول نەکەن. کەوابوو، ئەگەر ئێمە کەسایەتیمان
دەوێ، یاسای جیهانی ئاوامان پێدەڵێ: ببن بە خاوەنی ناسنامەی کوردی!
نەتەوایەتی و دەوڵەت:
نەتەوەکان ناسنامەی هاوخوێنەکانیان بنیات نا. دروستبوونی دەوڵەتی
نەتەوەییش بەسەر هەموو کەموکورتییەکانیەوە هێشتا تاکە رێگاچارەیە بۆ
دەربازبوون لە قەیرانی بێناسنامەیی.
کەوابوو بە گوێرەی پێوەرە جیهانییەکان ئێمەی کورد چارمان نییە و دەبێ
هەوڵی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بدەین تا ببین بە هاوڵاتیی گۆی
زەوی و لە شەڕی بێناسنامەیی و ناسنامەی بەقەرزپێدراو خۆمان رزگار بکەین.
یانی با هەوڵی هەموومان لە ٢٠١٢دا یەک شت
بێت: خواستی شوناس، دەوڵەتی سەربەخۆ و وەرگرتنی ناسنامەی جیهانی.
aleezeerak@gmail.com
|