په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١٧

سوریا:

بە ناوی سڵاولێکردنێکەوە ١٠٠ گورزییان لێدام.

 

سۆزانە جەهانگەری

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ محەمەد

شەپاڵ ئیبراهیم، تەمەن ٣٩ ساڵ و یەکێ لەو ٨٤ کەسە گەواهە/شاهیدەی کە لە ڕاپورتی رێکخراوی لێبووردنی گشتی(ئەمنستی ئینتەرناسیۆنال)دا لەمەڕ پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە لە سوریا ناوی هاتووە. هەتا ئیمڕۆش لەژێر ئازار و ژانی ئەنکەنجەدا دەناڵێنێ، کە لە زیندانی سیدنایە/‌ صیدنایا لە نێزیکی دیمەشق پیی گەیشتووە.


من کوردم خەڵکی باکووری سووریام، شاری قامیشلی.دوو مانگ پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا،ناوم کەوتە نێو لیستی دەزگای سیخوڕی سورییەوە.لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١١ دا،بەیانییەکەی ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم دەرگای ماڵەکەماندا ڕاوەستا. "سەرکەوە پێویستە هەندێ شت هەیە لەگەڵتا باسی بکەین" ئەمەیان پێ وتم.من بە زیندانی برام بۆ زیندانی جۆراوجۆر.سەرەتای ٢٠١٢ منیان برد بۆ سەیناجە.ئیدی ئەوەی پێشهات کە پاسەوانەکان ناویان ناوە ئاهەنگی بەخێرهاتن.


بە کابڵ لێیان داین،تا هەر یەکەی ١٠٠ جار بیرازکرا.پێموایە نێزیکی ٤ کاتژمێری خایاند.دواتر بردمیانە ژوورێکی بچووکەوە دوو بە یەک مەتر. تەوالێتێکی تێدا بوو. ئێمە ٧ کەس بووین،ناچاریان کردین خۆمان رووت دەینەوە. زۆر سارد بوو. سەیدنایە دەکەوێتە نێزیکی سنووری لوبنان و ناوچەیەکی شاخاویی ساردە.


ئێمە تەنیا دوو بەتانیمان پێ بوو.دەبوو بە چاودێریی و لەژێر فەرمانی ئەواندا بە نۆرە بخەوین.


نانخواردن ژەمێکی کەمیان دەداینێ لە رۆژێکدا و دەبوو لە نێوان خۆماندا دابەشی بکەین. بۆ نموونە پەتاتە، دوو هێلکە و نان. لە ژوورەکەی مندا زیندانییەک مرد، ڕەنگە بە هۆی سەرماوە بوو بێت، یاخود نەخۆشی گورچیلەوە. جەللاد و پاسەوانەکان بە مردووییش لاشەکەیان دارکاری دەکرد. جارێکیان بینیم، بە بەردەم دەرگای ژوورەکەی ئێمەدا ٤ لاشەی مردوویان ڕاکێشا. رەنگە ڕەق بووبێتنەوە.


من نەخۆش کەوتم، بردیانم بۆ نەخۆشخانە و لەوێش بە کلکی گسک و سۆندەی خەستەخانەکە لێیان دام. دوای ٦ مانگ بەسەر بردن لە زیندان، خرامە ئوتۆمبێلێکی بەفگرەوە کە خۆی بۆ گۆشت و سەوزە کراوە و گوێزرامەوە بۆ دادگایەکی سەربازی.


داگاییەکەم یەک خولەکی خایاند. پێیان وتم: پێویست ناکات هیچ بڵێیت، تۆ حوکم دراوی لەبەرئەوەی بەشداریی ئاژاوەگێرییەکەت کردووە. ئەمەیان پێ وتم. دواتر زانیم، کەوا بە بە ١٥ ساڵ زیندانی کاری قورس حوکم دراوم.


رۆژێک ڕێگە درا براکەم سەردانم بکات. دیارە دەبێ بەرتیلی دابێت. سەربازەکان بیانوویان پێ گرتم، کەوا بە کوردی شتێکم بە براکەم وتووە. بەوهۆیەوە دەستتیان بەستمەوە و لێیان دام.


چەند هەفتەیەک دواتر، بەیانییەکی زوو کاتژمێری ٤ی بەیانی لە ژوورەکەم هێنامیانە دەرەوە. دەستتیان کرد بە جوێندانم،" کوردی کورێ قەحبە". ئیدی من وا هەستم کرد، کە لەناوم دەبەن، کەچی تومەز براکەم هاتبوو بمباتەوە بۆ ماڵەوە.


"خەریکی ژیانی خۆت بە،تۆ ئازادکرایت". بەڕێوەبەری زیندانەکە ئەمەی پێ وتم. ئەو رۆژە ١٥/٥/٢٠١٣ بوو. شاندێکی کوردی هەوڵی ئازادکردنمی دابوو. دواتر توانیم هەڵبێم، بەرەو هەولێر لە عێراق و لەوێشەوە بەرەو دووسەلدۆرف بێم.


لەو کاتەی بەندیخانەی سەیدنایەوە، من توانای کارکردنم نەماوە، ترساوم کەوا لێرەش تووشی هەمان چارەنووس ببمەوە.
______________________________
سەرچاوە: گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی. ژمارە ٧\٢٠١٧.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک