په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠١٩

   (..........).

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

ژوورەکەم پڕە لە دیاری تۆ
لە ڤالاینتاین گوڵێکی سورت بۆ ناردم
لە سەری ساڵ ملوانکەیەکی بریسکەدار
لە نەورۆزدا دەستێ جلی کوردی ئاوریشمی
لە ھەشتی مارسدا
دوو کتێبی
نەوال سەعداوی
لە جەژنیشدا
نۆقڵی لێوت و، شەکری خۆشەویستی.
  *   *   *
وەک پەڕەسێلکەی ئێوارانی بەھار
لە نەغمەی زەردەپەڕدا
دوو باڵەکانت تەڕدەبێ و
لەسەر دڵی پایز من
لەنگەردەگرێ.
  *   *   *
ئەگەر خاک بام
لاوانەوەی دایکێکم بۆ وەرینی
گەڵاکانی خەزانت دەنووسی
گەر درەختێکی بێوەژن بام
بەسەر پۆشی سەوزەوە
باڵەکانم دەخستە نێو شەرابێکی
رژاو
بەڵام چی بکەم من دەسماڵێکی
ئەفسوناویم بۆ چنیوی
خۆم ئەدەم بەشانی تۆدا.
  *   *   *
کە زەردەپەڕی دەبێ
بە گزنگی رووخساری کیژۆڵەیەکی
شەرمنی بەیانیان
لە چاومەوە گلێنەی شەونم
دادەگیرسێ
شەقامی شارێکی وێران
بەدەمیەوە پێدەکەنێ
با ھەڵدەکا و
جریوە دەڕژێ و
رەنگی گوڵ و ، شیعر و خۆشەویستی
لە ناو دڵما دەپشکوێ.
  *   *   *
من ھەندێک جار لە جیاتی خۆم
شیعرێکم مەست دەبێ
پێک لە دوای پێک
بادەی مەستی چاوەکانم
پەرداخەکەم بۆ پڕ دەبێ
ئێوارەم دەبێ بە ماچ و
مەیخانەم بە نیوەشەو
کەمانچە سەری گێژ دەخوا و
ھەموو جەستەم سەما دەکا و
حاڵی شێتی دەتگرێ.
  *   *   *
من بە خەوتوویی دەتبینم
لە فریشتەیەکی نێو باخی شین دەچی
من لە جوانیدا دەتبینم
لە ئاوێنەیەکی عاشقان دەچی
بۆیە دەڵێم بەو ھەموو رەنگاورەنگیەوە
لە پەلکەزێڕینەی دوای بەھار دەچی.
  *   *   *
من شەوانە ناخەوم
قەڵەمەکەم ژان دەیگرێ
بۆ لەدایکبوونی شیعرێ
وەک چاوت گەش بنوێنێ
وەک رۆحت شیرینم بداتێ
بەڵام چی بکەم لە نێو ئاگردانی
روحم
پشکۆکان ھەمووی سوتان
ھەر خۆڵەمێش کۆبۆتەوە
پێویستم بەگڕی تۆیە
ئاگرەکەم گەش بێتەوە.
  *   *   *
من ئەو کاتە دەبم بە شاعیر
گەر بووم بە شمشاڵ
بۆ ژەنینی ئاوازی گەرووی شوانێ
من ئەو کاتە ئەبم بەخۆم
کە بووم بە دەریای ئەسرینی چاوەکانت
ئەوکاتەش دەبم
بە مێژوو
کە سروودەکەی نەورۆزم
بۆ گوتیەوە
ئەوسا دەتوانم ببم بەتۆ
تۆ ناوم بنێی شاعیر.
  *   *   *
سنگم کانیاو نیە
بەڵام پێستی رۆحت ھەڵدەمژێ
سنگم دۆزەخ نی یە
بەڵام لە خەمی تۆ
جگەرەی تیادا دەسووتێ.
  *   *   *
ھەموو ساڵێ
یادی بەیەکگەیشتنی خۆشەویستی
دەکەینەوە
باوەشم پڕ دەبێ لە ئەستێرە و
ماچی شینای ئاسمان دەکەن
لەگەڵ جریوەی خەمێکی سور
تارای بووکێنی بە رووخسارم دەدەن.
  *   *   *
ھەتا سەوزبوونی خەیاڵی شاعیرێک
بە سنەوبەرەکانی عشقەوە
ھەتا دامرکانەوەی گڕی
ئایەتێک لە نوێژی مزگەوتێکا
ھەتا پەرستن ھەتا ئەڤین
خۆشەویستی
ھەتا ئاویزان بوونی
دووجەستە
ھەرفڕین.
  *   *   *
ماڵی شیعرم
وەک دڵی تۆ وەک سنگی بەرینی
ئاسمان ھەمیشە لەسەر پشتە
ھەیە بە عشقەوە دێتە ژوورێ
ھەیە بە ئازارەوە.
  *   *   *
دەبم بەگوڵ
لە نێو تۆدا خۆم دەڕوێنم
ئەوسا دەبمە نەمامی
حەوشەکەی تۆ.
  *   *   *
تابلۆیەکت لە دڵی عاشقەکان
بۆ دروستدەکەم
لە ژوور سەرت ھەڵی دەواسم
تا پێتبڵێم
ماڵەکەی من پڕپڕیەتی
لە گوڵاڵەکانی عەشق و
تابلۆکانی خۆشەویستی.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک