١٣\٧\٢٠٢١
بەندیخانەکانتان
بکەن بە پەرتووکخانە
تا کۆشکەکانتان
نەکراون بە مۆزەخانە.

قادر حوسێن
ڕەنگبێت پێکەنینتان بەم دێڕە بێت، بەڵام من توانج و تەنزێکم لەسەر
پێکەنین نییە چونکە ئەوە ئەگەر پێویست بکا، کاری دەرونناسانە.
لەسەردەمی شیشیرۆندا تەنھا لە شاری رۆما زیاتر لە چل پەرتووکخانە ھەبوو
بەڵام کە مەسیح ھات ھەموی داخست، بۆیە بەسەردەمی شیشیرۆن دەگوترێت
سەردەمی زێڕین و بەسەردەمی مەسیحیش دەگوترێت سەردەمی زیوین.
لەنوسینەکانی پێشودا باسمان لەکۆمەڵگە ئۆروپیەکان کردوەو ئەوانیش
مەینەتی ژێردەستەییان چێشتووە و ئەنفالی لێ ھەڵاوێر بکەین گەلانی
ئەمریکا لە ئێمە زیاتر چەوسێنراونەتەوە، ئەوان دوای ١٧٥ ساڵ راچڵەکین و
راپەڕینیانکرد. نمونەی ئەمجارەمان گەلی روسیایە.
سەدەی دەیەم مەسیحیەت لە روسیا دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردو کەنێسە (کێف) ی
کرد بەپایتەخت و ناوندی بڕیار، دواجار لە ١٢٢٢ مەگۆل ھات ئەو وڵاتەی
داگیر کردو ھەموو دەرگاکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری و فەلسەفەیان بەسەر ئەو
وڵاتەدا داخست، ئاگایان لە فەلسەفەو ئەدەبیاتی یۆنان و رۆماو ئۆروپا
نەبوو، زیاتر لە ٥٥٠ ساڵ ئەو وڵاتە لەو دیو دەرگا داخراوەکانی مەگۆلدا
ژیان.
تا دواجار پترۆسی مەزن ھات و دەرگا تاریکەکانی ھەڵکەندن و حوکمی
ھاوبەشی کەنێسەو مەگۆلی ھەڵتەکاندو دەسەڵاتێکی میللی گەرایی راگەیاندو
ناوەندی بریاریشی گواستەوە بۆ سانبترۆس و کردی بەپایتەخت، یەکێک لە
کارەگرنگەکانی بترۆس ئەوەبوو نەھات خۆو ھۆزەکەی بکات بەناوەندی حوکم و
خۆی لەناو خزم وھۆزو کەسە ناوچەییەکانی خۆیدا نەشاردەوە، چونکە ئەو
دەیزانی ھۆز بەبەراورد لەگەڵ نەتەوەیەکدا دڵۆپەیەکە لە زەریایەک و ھۆز
نەیتوانیوەو ناشتوانێت نەتاک و نەگەل حیمایەت بکات، بترۆس زۆر
بەگرنگیەوە دەیڕوانیە ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران و دەرگای نێوان گەلانی
مەزنی ئۆروپاو گەلانی روسیای خستە سەرپشت ومەعریفەی نوێی خۆرئاوای لە
سەر مەعریفە فۆلکلۆریەکی ڕوسیا موتربەکردو سەدان بەرھەمی پڕ بەھا بون
بەبەری ھەوڵ و عقڵی پترۆس تا وای لێھات روسیای کرد بەقوتبێکی مەزنی
عالەمی و ئێستاش خاوەنی گەورەترین تەرسانەی ئەتۆمیەو وەک خۆیان دەڵێن
ئێستاش گەورەترین شانازی بەو سەروەتەوە دەکەن، یەکەم کەسیش ئەوان بون
سنوری زوەیان بەزاندو چونە ناو بۆشاییەوە.
ئەوە عەقڵی سەرۆک ھۆزێک نەبوو روسیای گەیاندە ئاسمان، ئەوانەش ھەزار
چەکداری ھۆزێک نین پارێزگاری لە گەلی روسیا دەکەن، پترۆس نەھات
چارەنوسی نەتەوەیەک بداتە دەستی کۆمەڵێک پیاوی دینی و دەرەبەگی دەست
بەسەرداگری زەوی گشتی، وەک ئەوی دەربارەی گەلی چین کە لەپۆستی پێشتر
پیاوانی ئاینی و دەرەبەگەکان خۆیان بەبەرێتانیەکان فرۆشتبوو بەنمونەمان
ھێنایەوە، بەدرێژایی مێژوو ئەو کۆنخوازانە بچوکترین ھەنگاوی
پێشکەوتنیان نەناوە.
بۆیە باشتر وایە چیتر بەئارەزوی خۆتان پۆست و پایە نەکەنە مەکڕەمەو
بەکەسانی بنەماڵەو ھۆزو خزمەکانتان نەبەخشن، چونە پۆستەکان سەرمایەی
نەتەوەیین نەک ھۆز، چیتر خەڵکی ھۆزەکەی خۆتان مەکەن بەکارمەندو بەرپرسی
وەزارەت و فەرمانگەکان چونکە ئەوانیش بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەلن نەک
ھۆز، چیتر مەچنە بان یاڵ و گردەکان داگیرمەکەن چونکە ئەوانیش مەرعاو
لەوەڕگای میللەتن نەک ھۆز، چیتر کەسەوکاری خۆتان بێ تاقیکردنەوە شەھادە
پێ مەدەن زانکۆو قوتابخانەکانیش سەرمایەی میلەتن ناک ھۆز، سەداممان
بینی سەرۆک ھۆزبو، سەرچاوەی رەفاھیەتی ھۆزبوو، پەناگەی (يوم الطام)ی
خۆی و کوڕەکانیشی ناوجەرگەی ھۆزبوو.
بۆیە کوشتنی بەکۆمەڵ و گرتنی رۆژنامەنوس و چالاکوان بەکۆمەڵ و
راگواستنی پارەی خەڵک بەکۆمەڵ و برسیکردنی خەڵک بەکۆمەڵ، رۆژێک داداێت
وەک شای ئێران لە دواین رەحلەدا بەکۆمەڵیش فرمێسک بۆ جێھێشتنی نیشتمان
ھەڵبڕێژن، تا زووە وەک پترۆس بکەن نەک وەک ئەوەی خۆتان دەیکەن، کوشتن و
گرتن وبرسیکردن و ھۆزپەرستن باشترین قوتابخانەی ھۆشیارکردنەوەو
راچڵەکین و راپەڕنن.
ھەندێک جاریش ئەو دێڕە شێعرەی قانع چاو لێبکەن کە دەڵێ: پێنج قاتی مەکە
کۆشک و قەڵاکەت دوانی لێ کەم بکەو بیاندە بە براکەت.
ئەگەر وانەکەن رۆژێک دێت خەڵک بەندیخانەکانتان دەکەن بە پەرتووکخانە و
کۆشکەکانیشتان وەک ماڵی شا دەکەن بەمۆزەخانە.
رانیە
|