١٥\٢\٢٠١١
بە نەمانی
موبارەکیشەوە هەرهەمووان گرەو لە سەر سوپا دەکەن.

مەهدی کاوانی
بە شێوەیەکی گشتی و لە بەشی هەرەزۆری ئەو وڵاتانەی کە ڕاپەڕین تیایە لە
پێناو ڕووخانی حکومەت و گۆڕینی سیستەمەوە بووبێ ، سوپا نەک تەنیا
ڕۆڵێکی خراپی نەبووە ، بەلکو هەمیشە کەوتووەتە بەر گومانی ڕژێمەوە
نەوەکا لە دژیا کودەتا بکەن یان خۆیان بدەنە پاڵ خەلکی ڕاپەڕینەوە .
شتی وا ڕێدەدا کە ڕژێم تیمی تایبەتی و ڕاستەو خۆ بۆ پاراستنی خۆیەوە و
وابەستە بە خۆیان هەبێت لە شکلی فرقە یان فەیلەق و لە زۆربەی وڵاتان بە
سوپای کۆشکی کۆماری یان مەلەکی ناو دەبرێن وەک ئەوەی لە هەرەسی بلۆکی
بەناو سوسیالیستی ڕوویدا و پێش ئەوانیشەوە فەیەلقی شاهەنشاهی لە ئێران
و حەرەس جمهوری سەربە سەدام و هی میسرو ئەردەن و وڵاتانی تری کەنداویش
، بە هەمان شێوە . لەو حالەتەدا ئەو وڵاتانە لە دوا جاردا ئەگەر ناچار
کران ئەو سوپا تایبەتیەیان دەخەنە پاڵ دەزگا داپلۆسینەکانی تریان لە
بابەت دەزگاکانی ئەمن و ئیستخبارات .
لە تونس گەورەترین ترسی زینالعابدین سوپا بوو نەوەکا کودەتای بەسەردا
بکات . سوپاش لەوێ هەلوێستی نیشتمانیانەی خۆی نواند کە شانبەشانی لیژنە
دروست کراوەکانی خەلکی ڕاپەڕیو پارێزگاری لە و بارە نائاساییە بکەن کە
هەلومەرجی ڕاپەڕین بەدوای خۆی دەهێنێ واتە پاراستنی دامەزراوە
دەولەتیەکان . حالی حازر لە مسریش نێوانی سوپاو خەلکی ڕاپەڕین ، هەمان
لێکەوتەی تونسی لێکەوتۆتەوە .
شەوی(٣١/١/٢٠١١) سوپا بە ڕەسمی لە بەیاننامەی خۆی شەرعیەتی خۆپیشاندانی
داو گوتی ئێمە نەک لە دژی خەلکی ڕاپەڕیو کاروکاردانەوە ناکەین ، بەلکو
پارێزگاریشیان لێ دەکەین . ئەو هەلویستەی ئێستای سوپاو ئەو سەرکەوتنەی
کە خەلکی ڕاپەڕیو لە شەوی غەزەبی هەینی کە دەزگای ئەمن و ئیستخبارات و
پۆلیسیان لە گۆڕەپانەکە وەدەرنا ، مانای ئەوەت دەداتە دەست کە ڕژێم
کەمترین سەرەداوی مانەوەی خۆی بە دەست ماوە بە تایبەتی (١/٢/٢٠١١) ، کە
دوور لە پێشبینیەکان زیاتر لە ٨ ملیۆن لە سەرانسەری میسر ، پڕژانە سەر
شەقامەکان . تەنیا هی ساحەی تەحریری ناوەڕاستی قاهیرە تەجاوزی دوو
ملیۆن کەسی کردبوو ، واتە یەک ملیۆن زیاتر لە پێشبینیەکان .
لیدوانەکانی هەمان شەوی موحەمەد حوسنی موبارەکیش زیاتر وەها لێک
دەدرایەوە کە بەهۆیەوە شەقام سڕ بکا بە کۆمەڵە گفتێک تاوەکو زەمینەی
دامرکاندنەوەی جەماوەر پێیەوە مسۆگەر بکات . لێکدانەوەی وەهاش هەیەکە
بیەوێ بە موشەڕەف لە ناو بارەکە دەرچێ . لێدوانەکانی شەقام و بەرەی
ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی بەدەوریانەوەن ، هەندێ جیاوازی بەدی دەکرا لە مەڕ
مامەلەکردنیان لە سەر کێشەکان . خەلکی ڕاپەڕیو هاوار هاوارەکانی هەمووی
ڕۆیشتنی بێقەیدو شەرتی موبارەک بوو . هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت
داخوازیەکانی بگەیەنێتە عومەر سولێمان ، هەندێکیان دەیان گۆت ئەو کارە
پاش دەست لە کار کشانەوەی موبارەکەوە بێت ، ئیخوان موسلمین لە
یەکەمجاردا داوای بایەکۆتی بەتەواوەتی دەکرد هەتا لە گەل سەرانی تری
ڕژێمیشەوە و دەیەویست مەجلیسێکی حکومی نیشتمانی لە تەواوی بەرەی
ئۆپۆزسیۆن و خەلکانی ڕاپەڕیو دروست بکرێ تا هەلبژاردن دەکرێ ، کەچی
دواتر وەک هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن و شەقام بەشداری لە یەکەم وتووێژی لە
گەڵ عومەر سلێمان کرد . بەرادعی دەلێ هەرچی زووە دەبێ موبارەک بڕواو سێ
کەسیش هەلبژیرین بۆ سەرۆکایەتی میسر و دەسەلاتی تەواویان بدرێتێ و بۆ
ماوەی سێ مانگ و بە دواشیەوە هەلبژاردن بکرێ . دوا لێدوانەکانی
ئەمەریکاو لە زاری ئۆبامەشەوە دەڵێن دەبێ حوسنی موبارەک بە سلمی
دەسەڵات تەسلیمی گەل بکات . ئیسرایل و لە زاری ناتەنیاهۆ و گەورە
لێپرسراوانی تریان دەڵێن ترسی ئەوەمانە ئیخوان موسلمین بێنە سەر کارو
ئاسایشمان تێک بدەن و زۆر بە هەستیاریشەوە تەماشای میسر دەکەن و بە
دەولەتی راعی ئاشتی نێوان عەرەبو ئیسرایلی دادەنێن و دەڵێن لە ڕێگای
ڕۆیشتنی یان ڕۆیشتنی سیستەمیان بە تەواوەتی وەک بڵێن ڕیسەکەمان لێ
دەبیتەوە خوری و دەکەونە بارێکی نادیارەوە لە پاش ئەو گۆڕانکاریانەی کە
لە ناوچەکە دەکرێن . ڕاگەیاندنی وەهاش لە ڕێگای ویکلکس و ئەم و ئەوی
ترەوە ، ئیسرایل کار بۆ ئەوە دەکات کە خەلەفی موبارەک عومەر سلێمان بێت
. ئەو هەلوێستە تەم ومژاویەی گەورە لیپرسراونی ئەمەریکی و هەندێ جودایی
لێدوانەکانیان ، مرۆ دەخاتە سەر ئەو ڕایەوە کە ئەمەریکا ترسی ئەوەی
لێنیشتبێ ئەگەر موبارەک ناچار بە بەجێهێنان بکەن و لە ڕێگای خیرایی
گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە وباڵادەستی تەیاری دینی تیایاندا و لە ڕێگەیەوە
کۆنتڕۆل لە دەستیان دەرچێ . بۆیە من ئەو لێدوانەی کە گوایە ئیسرایل کار
بۆ عومەر سلێمان دەکا داوایەکی ئەمەریکیش بێت و لەو نێوەندەشدا ئەگەرچی
بەڕێوەبەرایەتی واشنتون کۆمەڵە پەرچە کرداری نیشانی دەسەڵاتی ئێستای
میسری داوە کە نابێ توندو تیژی بەکار بێنن و دەبێ ئازادی تەواو بدەنە
دەست خەلکی ڕاپەڕیو و داواکانیان و ..... بەڵام هێشتا بە ڕەسمی
بانگێشەی ئەوەی نەکردووە کە حوسنی موبارەک وڵات بەجێ بێڵێ . بە
کورتیەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکی و تا ئیستاشی لە گەڵ دابێ خوازیاری
نێوەندێکە کە لە ئایندە حکومەتەکەی ئهحمهد شەفیق فراوان بکرێ و
تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشی تێدا بێت و دامەزراوە دەولەتیەکانیش
گۆڕانکاری کەمیان تێ بکەوێ .
بەڵام شەقامیش شەقامە، لێدوانەکانی شەوی (١٧/٢/٢٠١١)ی حوسنی موبارەک و
ئاخاوتنە بەدواوەکانی عومەر سلێمان و بەیاننامە ژمارە دووی سوپا ، بە
تەواوەتی شەقامی میسری پەست کردو لە ڕێگایەوەو وەک پەرچە کردار ئەو
هەینە(١٨/٢/٢٠١١) گۆڕەپانی خۆپیشاندەران لە تەواوی میسر تەجاوزی ١٠
ملیۆن کردو لە هەمان ڕۆژیشدا گەمارۆی ئێزگەو تەلەفزیون و بەشی هەرەزۆری
دامەزراوە دەوڵەتیەکانیان کردو بەرەو کۆشکی کۆماریش بەڕێ کەوتن و پیشم
وابوو هەر ئەو پەرچەکردارە توندیەی جەماوەر بوو حوسنی موبارەکی ناچار
کرد کە لە بڕیاری شەوی پێشتری پەشێمان بێتەوەو بڕیاری
دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند .
مرۆ دەبی دانیش بەوەدا بنی کە ئەوەی ئێستا لە شەقامی عەرەب دەکرێ زیاتر
بە ئاقاری بای بای کردنە لەو سەرۆک و سیستەمە سیاسیانەی کە دۆستی
ئەمەریکاو بە شکلەک لە شکلەکان دۆستی ئیسرایلیش بوون . ڕاستە لە
خۆپیشاندنی تونس و میسر شەقام و کەرستەکانی کۆمەلگای مەدەنی و گەنجانی
تازە پێگەیشتوو و دوور لە ڕێکخستنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە کارەکە هەستاون
بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بتوانن لە کۆتایدا دەست بە
کارەکان دابگرن بە تایبەتی ئەوان هێزێکی عەفەوین و بەرەی ئۆپزسیۆن و
تەشکیلە سیاسیەکانیان وەک هێزی ڕێکخەر دێنە مەیدانەوەو لە میانەیدا
بمانەوی نەمانەوێ بەشێکی فراوانی شەقام با لەگەلیشیان نەبێ ، دەتوانن
بە ئاڕاستەی خۆیان ڕێکیان خەن لەو نێوەندەدا تەیاری دینی پلەی یەکەم و
بە زەینی خۆم و دواتریش تەیاری چەپ و ڕادیتکالی و بگرە نیشتمانیش بەشی
دووەمیان بەربکەوێ . ئەگەر بێت و ئێمە بەرواردێک لەو ڕووداوانەی پاش
ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێنو هاتنی ئەمەریکیەکان بکەین لە گەل ئەو
گۆڕانکاریانەی کە لە تونس و میسر دەکرێ ، هی یەکەم ئەگەر چی زەمامی
موبادەرەو کۆنترۆلی عیراق بە تەواوەتی لە بن دەستی ئەمەریکیەکان بوو
کەچی ئەو پڕۆسیسە سیاسی و دیموکراتی و لێکەوتنەوەی هەلبژاردنەکان و لە
عیڕاقی عەرەبی بەشی شێر بەر تەیاری دینی کەوتووە . بۆ عیراق وابێ کە
کۆنترۆل لە بن دەستی ئەمەریکیەکان بێت ئەدی بۆ تونس و میسر چۆنچۆنی
دەبێت کە کۆنترۆل لە بن دەستی ئەمەریکا دەرچووبیت . خەریکە لە لوبنانیش
حکومەت ببێتە هاوبەشی نێوانی لایەنگرانی ڕۆژئاواو ئێرانی دینی بە
حیزبوللە و سوریاشەوە . ڕەنگە هەندی جیاوازی لە نیوان عیراق و ئەو دوو
وڵاتە هەبێت لە ڕووی زەمەنیشەوە ئەو ماوەیەی کە بە سەر ڕوخانی سەدامەوە
تێپەڕیوە گۆڕانی زۆری لە ناوچەکە کردبێت و هەمدیسان تەیاری نادینیش چ
بەشێوەیەکی ڕێکخراو چ وەک شەقام وجودیان کەمتر نەبێ بە پێکەوەیی لە گەڵ
تەیاری دینی بەڵام گۆڕانکاریەکانیش لە گەڵ هەموو ئەو هۆکارانەشەوە لە
ماڵی ئەمەریکی وڕۆژئاواوەیەو پروشکی ئەو گۆڕانکاریانە ، لە سەرەتادا
کەمتر بەر ئێران و هاوشێوەکانی دەکەوێت .
ئێستاش کە گەل ئاهەنگی سەرکەوتن و دەست لە کار کێشانەوەی حوسنی موبارەک
دەگێڕێ و بە دوایەوە وڵاتی میسر یانی ئێستاکە کەوتۆتە نێوەندێکەوە کە
دەسەڵاتی فعلی لە بن دەستی سوپاوەیەو هەر هەموانیش چاوەڕوانی ئەوە
دەکەن کە سوپا بە جۆرەک لە جۆرەکان پشتگیریان لێوە بکات . ڕاستە تا
١٨/٢ کار بۆ دەستلەکارکێشانەوەی موبارەک کرا بەڵام بە دوایەوە پێم
وانیە جەماوەری ڕاپەڕیو دەست لە ئەژنۆ دانیشێ بەلکو ئەرکەکانی تا وادەی
هەلبژاردنی نوێ و بە ڕای خۆمەوە هەلەوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حیزبی
دەسەڵاتدارو حکومەتەکەی احمد شەفیق بێت یان بەلانی کەمی دەبێ حکومەتە
کاتیەکە کەمترین خەلکانی سیستەمی موبارەکی دەستلەکارکێشاوەیی تێ بکەوێ
. لێرەدا ئەگەر سوپا بە تەواوەتی خۆ بداتە پاڵ لاینگرانی شۆڕشی
٢٥/١/٢٠١١ ، دەبێ ملکەچی تەواوی داخوازیەکانیانەوە بێت، ئەگەر
هەلوێستێکی مام ناوەندیش نیشان بدات کە لە میانەیدا هەم ڕۆژئاواو
پاشماوەی ڕژێمی کۆن رازی بکات هەم ئازادیەکانی خەلکیس بە تەواوەتی
بەرەلا بکات ، ئەوا بە دوایەوە هەلبەتە جەماوەریش بە ڕازی بوون و
نەبوون هەلوێستی خۆی دەبێ و لە زۆربەی حالەتەکان بە هەلویستی مام
ناوەندی سوپا رازی نابێت . ئەو دوو بەیاننامەی سوپاش دەری کرد ،
یەکێکیان پابەند بوونی میسرە بە گشت پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکەوتننامەکانی پێشترو
هی دووەمیشیان هەلوەشاندنەوەی مەجلسی شەعب و پەڕلەمان ، مانای چلاکی
سوپا دەگەیەنێ هی یەکەمیان دەوروبەر بە تایبەتی ئیسرایل و ئەمەریکا
دڵنیا دەکا بەوەی کە ئەوەی لە میسر ڕوودەدا بە دژی ئەوانەوە
ناوەستێتەوە هی دووەمیشیان دڵنیا کردنی خەلکانی ڕاپەڕیوە بەوەی سوپا و
بۆ داکۆکی کردن لە شۆڕشگێرانی ٢٥/١ هەنگاوی کرداری دەهاوێژێ . بە هەر
حال ١٨/٢/٢٠١١ سەرەتایەکە بۆ ئەو گۆرانکاریانەی کە لە میسر و ناوچەکە
دەکرێن و هەنگاوەکانی دواوەشی بەڕێوەیە.
ماڵپهڕی مههدی
حهمید
|