په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٥\٢٠١٦

بە نمایشی بەرھەمی کوردەکان

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتییی فیلمی سەوز لە تاران بەڕێوەدەچێ.

 

مەنسوور جیهانی


بە نمایشی فیلمە کوردییەکان پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" تایبەت بە ژینگە لە شاری تاران لە سەرتاسەری وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.


پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" وەکو تەنیا فیستیڤاڵی ژینگە پارێزیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و بە ھەوڵی ڕێکخراوەی ژینگەیی ئێران و بە سەرۆکایەتی سیناریۆنووسی ناوداریی ئێرانی "فەرھاد تەوحیدی" و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی ماڵی سینەمای ئێران و بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و ئێرانی و وڵاتانی جۆراوجۆریی جیھان و بە ئامادەبوونی ھونەرمەندان و ئەندامانی دەستەی دادوەران لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، نیجریا، ئیتاڵیا، مەکزیک، ھۆڵەندا، ئەمەریکا، سویسڕا، ئیسپانیا، کەنەدا، بەریتانیا، شیلی، نەمسا، ئەڕژەنتین، ئیرلەندا، نۆڕوێژ، ڕۆمانیا، پۆڵەندا، بڕازیل و چەند وڵاتی دیکە لە شەش بەشی پێشبڕکێی لەوانە: فیلمە بڵیندە چیرۆکییەکان، کورتە فیلمەکان، فیلمە دیکۆمێنتارییەکان و بەشی پێشبڕکێی "ھونەرەکانی تەشکیلی" و کردنەوەی کارگەی پسپۆڕانەی ژینگەی پارێزیی و پێشانگای شێوەکاریی لە سینەما فەلەستین و ناوەندیی فەرھەنگی ھونەریی "سەبا" لە شاری تاران و بە شێوەی ھاوکات لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەدەچێت و لەم فیستیڤاڵەدا ھونەرمەندانی کوردیش بە بەرھەمەکانیان بەشدارییەکی بەرچاویان ھەیە.


کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" بە ئامادەبوونی سیناریۆنووسی ناوداریی ئێرانی "فەرھاد تەوحیدی" و "مێھدی تەوحیدپوور" بەرپرسی ئێجرایی ئەم فیستیڤاڵە و پەیامنێران و نوێنەریی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران و وڵاتانی بیانی لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ناوەندیی فەرھەنگی ھونەریی "سەبا" لە شاری تاران بەڕێوەچوو و تیایدا ئاماژە بە بەرێوەبردنی ئەم فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیییەی سینەمای ئێران کرا.


لە سەرەتای ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سینەماکاریی ئێرانی "فەرھاد تەوحیدی" سەرۆکی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە گوتی: فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" تەنیا فیستیڤاڵێک بە ناوەرۆکی ژینگە پارێزیی لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە دوای وەستان و بێدەنگییەکی ١٠ ساڵە و بە تەرکیز لەسەر قەیرانی ئاو لە سەرتاسەری وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.


گوتیشی: ئەم فیستیڤاڵە بە چەندین مەبەست، لەوانە: "ئامادەکردنی فەرھەنگی و بردنەسەرێی ئاستی ئاگاداریی خەڵکی و بەرپرسان لە بواریی پاراستن و گەشەپێدانی ژینگە"، "پێکھێنانی بواریی پەیوەندیی نێوان ھونەرمەندان و خەڵکی بە بابەتی پاراستی ژینگە" و ھەروەھا "پەرەپێدان و بردنەسەرێی ئاستی کوالیتەی بەرھەمە فەرھەنگی و ھونەریی و سینەماییەکان لە بواریی ژینگەدا" لە بەشەکانی پێشبڕکێی "سینەما" لە بوارەکانی نێونەتەوەیی و نەتەوەییدا و بەشی پێشبڕکێی "ھونەرگەلی شێوەکاریی" بەڕێوەدەچێت و بە براوەکانی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتی "ئاسکی زێڕین" و لەوحەی فەخری و ھەروەھا خەڵاتی نەقدی پێشکەش دەکرێت.


ئەوەیشی خستەڕوو: لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز"ەوە چەندین خاڵ وەکوو داڕشتنی سیاسەتەکانی ئەم فیستیڤاڵە دیاریکراوە، لەوانە: "ھاندانی بەشداریی خەڵک لە پاراستن و چاودێریی کردن لە ژینگە بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی سینەما و ھونەرگەلی شێوەکاریی"، "ورووژاندنی تێگەیشتن و باوەڕیی بەرپرسانی ئێران و دنیا سەبارەت بە پێویستی پاراستن لە ژینگە" و ھەروەھا "ھاندانی ھاوکاریی و بەشداریی خەڵکی، ھونەرمەندان و بەرپرسان لە پێناو پاراستن لە ژینگە.


تەوحیدی ئاشکراشیکرد: فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" توانی خۆی لەگەڵ تۆڕیی فیستیڤاڵەکانی سەوزیی دنیا گرێبدات کە بنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتی ئیتالیایە. تەواوی ئەو فیستیڤاڵانەی کە سەبارەت بە ژینگە لە سەرتاسەری جیھان بەڕێوەدەچێت ئەندامی ئەم تۆڕە جیھانییەن. زۆبەی ئەندامانی ئەم تۆڕە جیھانییە گرینگە پەیامی پیرۆزییان بۆ ناردین و ئەم ئەندامبوونە بووە ھۆی ئەوەی کە بەشداریی فیلمە بیانییەکان لە بەشی نێودەوڵەتییی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز"دا ڕوو لە زیادبوون بکات و ئێران وەکوو تەنیا نوێنەریی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵی فیلمی "سەوز" لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەناسرێت.


"فەرھاد تەوحیدی" لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەم ئەندامبوونەی ئێران لە تۆڕیی فیستیڤاڵەکانی سەوزیی دنیا لەمەوبەدوا دەتوانێت ھەڵسووکەوتێکی زیاتریی فەرھەنگی لە بواریی ژینگە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دنیا ھەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە رێگای بەشداریی بەرھەمە سەوزەکان و وزەی نوێی بە ئێران دەکرێتەوە. ھەروەھا ھونەرمەندانیی جیھانی کە ساڵانێکی زۆرە لە بواریی ژینگەدا چالاکن دەتوانن سەردانی ئێران بکەن و لە ڤۆرکشۆپ و سیمینارەکاندا بەشداریی بکەن و ئەزموونەکانی خۆیان لە خزمەت ھونەرمەندانی ئێرانیدا دابنێن.


گوتیشی: ئەندامبوون لە تۆڕیی فیستیڤاڵەکانی سەوزیی دنیا بۆ بەشداریی گەشتیارە بیانییەکان لە ئێراندا سوودمەند دەبێت و ھەروەھا دوای ئەندامبوون لە یۆنسکۆ و "بەرنامەکانی گەشەپێدانی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان" پشتیوانی زیاتر لە ئێران دەکەن.


سەرۆکی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" سەبارەت بە گەیشتنی بەرھەمە ھونەرییەکان لەم فیستیڤاڵەدا گوتی: لە بەشی ئەنیمەیشندا ٣٨ بەرھەم، لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان ٢٠ بەرھەم، لە بەشی فیلمە چیرۆکییە بڵیندە سینەماییەکاندا ١٠ بەرھەم و لە بەشی کورتە فیلمە چیرۆکییەکاندا ٣٠ بەرھەم لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ھەڵبژاردنی ئەم فیستیڤاڵەوە بۆ قۆناغی کۆتایی و نمایشکردن دەستنیشانکراون. ھەروەھا ١٥٠٠ بەرھەم لە بەشی ھونەرگەلی شێوەکاری و لە شەش بەشدا لەوانە: وێنەی فۆتۆگرافی، شێوەکاریی، کاریکاتێر، ھونەریی تێگەیشتن و پەیکەرتاشی بۆ نووینگەی فیستیڤاڵ رەوانەکراون.


تەوحیدی سەبارەت بە ھەڵوێستی ئەکتەریی ناوداریی سینەمای دنیا و براوەی خەڵاتی ئۆسکاریی ساڵی ٢٠١٦ "لێئۆناردۆ دی کاپێریۆ" سەبارەت بە دەریاچەی ورمێ گوتی: ئەم بابەتە نیشانەی گرینگی و بەرنرخبوونی ئەم ڕووداوەیە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، چونکە دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئاویی سوێریی جیھانە و یەکێکە لە گرینگترین ناوچە سروشتییەکان. بەڵام ئێستا بە جیاتی ببێتە مایەی ژیان بۆتە مەترسییەکی ژینگە، ھەر بەم پێیە ھەوڵی دی کاپێریۆش ھەنگاوێکی باشە. ھەوڵدەدەین تاکوو بتوانین پەیامێکی باشی لێوەربگرین تەنانەت ھونەرمەندانی دیکەی لەوانە: "ریچارد بارۆ".


ئەندامی دەستەی باڵای ماڵی سینەمای ئێران سەبارەت بە ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" گوتی: ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی ئەم فیستیڤاڵە بریتین لە: "نیکۆلای ئۆلریش نیمان" دەرھێنەر و سەرۆکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز"ی بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا، "ئانتوان حەداد" لە تۆڕیی فیستیڤاڵەکانی سەوزیی دنیا لە وڵاتی فەڕەنسا، "ترێزا کامۆ" دەرھێنەر لە وڵاتی مەکزیک، "عەلیڕەزا شوجاع نووری" ئەکتەر لە وڵاتی ئێران و دکتۆر "ئەحمەد زابێتی جەھرۆمی" مامۆستای زانکۆ و دەرھێنەر لە وڵاتی ئێران و ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: خاتوو "مەرزیە برومەند"، خاتوو "ئایدا پەناھەندە"، "ئیسماعیل کەھرۆم"، "شەھابەدین عادڵ"، "عەزیزوڵڵا حاجی مەشھەدی"، "وەحید نەسیریان" و "موحسین ئەمیریۆسفی".


لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا "مێھدی تەوحیدپوور" بەرپرسی ئێجرایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" گوتی: ئەم فیستیڤاڵە گرینگترین ڕووداویی فەرھەنگی و ژینگەی پارێزیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدایە کە دوای ١٠ ساڵ بێدەنگی سەر لە نوێی دەست بە چالاکییەکانی خۆی دەکات و بۆ یەکەمین جارە کە لە لایەن دامەزراوە و دەزگا ناحوکمییەکان بەڕێوەدەچێت.


گوتیشی: دەزگای ناحوکمی "شارستانییەتی ھەنەرمەندانی سەوز" پشتیوانی ژینگەیە کە بە شێوەی پسپۆڕڕنەلەسەر ھونەر و ژینگە کاردەکات و لە ساڵی ٢٠٠٠ بە شێوەی رەسمی دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە و تا ئەمڕۆکە لەسەر پڕۆژە فەرھەنگییەکان، لەوانە: بەرھەمھێنانی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان، بەڕێوەبردنی سیمینار و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ پاراستنی ژینگە چالاکی دەکات. ھەڵبەت تەواوی ئەم دامەزراوە و دەزگا ناحوکمیانە لە سەرتاسەری ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەم فیستیڤاڵەدا لەگەڵ ئێمە ھاوکاریی دەکەن و بۆ یەکەمین جارە کە ئەم ھەمووە دامەزراوە و دەزگا ناحوکمیانە لە پڕۆژەیەکی ھاوبەشدا پێکەوە چالاکی دەکەن. چونکە گرینگترین مەبەستی ئەم فیستیڤاڵە، ئاگادارکردنی کۆمەڵگایە کە دەزگا ناحوکمییەکان دەتوانن لەم بەشتێنەدا باشتر کار بکەن.


بەرپرسی ئێجرایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سەوز" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بەرھەمی شێوەکاریی لە وڵاتانی بڕازیل ە مەکزیک لەم فیستیڤاڵەدا بەشدارن کە بە ھەوڵی بەشی فەرھەنگی باڵیۆزخانەی بڕازیل و مەکزیک ئەم بەرھەمە ھونەریانە بۆ ئێران ھێندراون و لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێدا لە گالێری ناوەندیی فەرھەنگی ھونەریی "سەبا" لە شاری تاران نمایش دەکرێن.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی پێنجەمین ''فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەوز''
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک