په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٤

بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە نابێ خۆشخەیاڵیی دروست بکا!

سەردار عەبدوڵا حەمە 


سەرەنجام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەم ڕۆژانەدا بە زۆربەی دەنگ یاسای بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجەی پەسەند کرد، بەڵام ‌ھێشتا قۆناخێکی تری ماوە ئەویش پەسەندکردنی ئەم یاسایەیە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ، ئەمە بە واتەی میدیاکان . لە ھەمان کاتدا ئەم ھەواڵە بە یەکێ لە گرنگترین ھەواڵەکانی ئەم ھەفتەی میدیاکان ئەژمار دەکرێ.


خەڵکی ‌ھەڵەبجە ماوەیەکی زۆرە خەون بە پارێزگا بوونی شارەکەیانەوە دەبینن وە ھەمیشە وەک خواستێک لە ناڕەزایەتیەکانیاندا بەرانبەر دەسەڵاتداران ئەمەیان ڕاگەیاندوە. دەسەڵاتدارن ھەر ملیان بەوە نەدا تالەم دوایەدا لە ژێر فشاری زۆری ناڕەزایەتەیەکاندا بە تایبەتی بایکۆتی مەراسیمە حکومیەکانی یادی کیمیا بارانی ھەڵەبجە لە لایەن خەڵکی ئەم شارەوە دەسەڵاتدارانی ناچار کرد کارێکی جیددی لەم بوارەدا بکەن . تا وای لێھات سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە سەردانی ئەمجارەی بۆ بەغدا ئەم بابەتەی کردە یەکێ لە باسە گرنگەکانی لەگەڵ مالیکیدا.


خواستی بە پارێزگا کردنی ھەڵەبجە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٨ ، لە لایەن حکومەتی ئەوکاتەوە وەک پرۆژەیەک بە ھەمان شێوەی پرۆژەی بە پارێزگا کردنی نەجەف نابوویە دەستوری کاریەوە بەڵام چەند ساڵ دواتر پرۆژەکەی نەجەف پەسەند کرا ئەوەی ھەڵەبجە بە بیانووی سنوری لە گەڵ ئێراندا پەسەند نەکرا . لە ساڵی ١٩٩٩ یش ھەمان پرۆژە درایەوە بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆرجێبەجێ نەکراوە تا ئێستا.


ئاستی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ھەڵەبجە گەیشتە ئەو ئاستەی کەھەر بەرپرسێکی حکومی ڕووی لەو شارە دەکرد خەڵک ڕووبەڕوی دەبوویەوە وە بەئاسانی بەرپرسانی حیزبەکان تەنانەت سەرۆکی ھەرێمیش نەیاندەتوانی بچنە ئە و شارەوە لە بەر ئە م نارەزایەتیانەی خەڵک . ھەروەھا بایکۆتی مەراسیمە حکومیەکان لە لایەن خەڵکەوە بۆ یادی کیمیاباران ، بۆ دەسەڵاتداران مایەی شەرمەزاری بوو ، ئەمە گرنگترین فشارەکانی خەڵک بوو بۆ سەر دەسەڵاتدارن بۆیە کەوتنە پەلە کردن بۆ بە جێ گەیاندنی ئەم بڕیارە تاوەکو دڵی ھەڵەبجەییەکان نەرم بکەن و ناڕەزایەتییەکانیان کپ بکەنەوە بە تایبەتی بۆ ئەمساڵ زۆر پیویستیان بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی بە پارێزگا کردنی ھەڵەبجە ھەیە چونکە یادی کیمیا بارانی ھەڵەبجە نزیک بووەتەوە تا بەرپرسان بتوانن خەڵکی ئەم شارە بەلای دەسەڵاتداراندا رابکێشن بەشداری مەراسیمەکانیان بکەن . لەمەش گرنگتر ئێستا لە ھەڵەبجە نەوتێکی زۆر دۆزرارەتەوە کە بە سەدان ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێ بۆیە ھەڵەبجە دەسکەوتێکی ماددی گرنگیشی دەبێ بۆ بۆرژوازی کورد وە قازانجێکی زۆر دەگەیەنی بە دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد و عێراقیش.
دەسەڵاتە سەرمایەدارەکان بە ئاسانی مل نادەن بە خواستی خەڵک تا بەرژوەندیەکانی خۆشیان مسۆگەر نەکەن ، بۆیە ئەمڕۆ بۆرژوازی کورد و عەرەب لە عێراقدا لە ھەموو کات زیاتر پێویستیان بەوەیە بڕیاری بە پارێزگا کردنی ھەڵەبجە پەسەند بکەن وەک ئەووترێ بە بەردێک دوو نیشانە ئەپێکن یەکەم : ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئەو شارە خامۆش دەکەن و دڵی خەڵکی نەرم دەکەن بە تایبەتی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم شارە زوو دەچێتە نێو پێگە دەوڵەتیەکانەوە بە حوکمی ئەو کارەساتەی بە سەر ئەم شارەدا ھاتووە . دووەم : ڕێگایان بۆ تەخت دەبێ بۆ دەسکە و‌تە ئابوریەکانیان بە تایبەتی لە ئێستادا کە نەوت لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە.


خەڵکی ھەڵەبجە پێیان وایە ئەگەر ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا زیاتر گرنگی پێ دەدرێ و خزمەت گوزاری زیاتر ئەنجام دەدرێ چونکە بە درێژایی چەندین ساڵ لەو خزمەت گوزاریا‌نە بێ بەش بوون وە پێیان وایە ئەگەر ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا ئەم کێشەیان بۆ چارەسەر دەکرێ ژیانی خەڵکەکەی خۆشتر دەبێ . خەڵکی ھەڵەبجە لەم بوارەدا نابێ ھیچ خۆش خەیاڵ بن ، بە بێ ناڕەزایەتی دەر بڕین ھیچ ئیمتیازیک نادرێ بە خەڵکی بێبەش . ئەگەر چاوێک بگێڕین بە خەڵکی ١٨ پارێزگاکەی عێراقدا خزمەتگوزاریەکانیان لە نزمترین ئاستدایە و خەڵکی ئەم پارێزگایانە بە بەغداشەوە ئاھو ناڵەیانە بە دەست تاڵانکاران و گەندەڵکارانەوە کە سەدەھا ملیار دۆلار لە سامانی ئەو خەڵکە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەدزرێ لە لاکەی تریشەوە خەڵکی ئەم ووڵاتەیان گەیاندووەتە ئاستی ووڵاتە ھەژارەکانی ئەفەریقا لە بەر ھەژاری و برسیەتی ئەناڵێنن.


بە پارێزگا کردنی ھەڵەبجە ئەگەر بە دێ بێت دەبێ وەک ھەنگاوێکی سەرکەوتن ئەژمار بکرێ ، ئەم دەسکەوتە بە خەبات و ڕەنجی دەیان ساڵەی خۆیان بە دی ھاتووە ، خۆش خەیاڵ نەبن کە دەسەڵاتداران بە خێرو سەدەقەی خۆیان ئەم کارەیان بۆ کردوون ، ھەر خواستێکی تری ئینسانیش بە بێ خەبات و ڕەنج و ناڕەزایەتی بەدی نایەت.‌ دەبێ بە دوای ئەوەدا خەڵکی ھەڵەبجە بە شوێن ئەوەوە بن دەسکەوتی گەورە تر بە دەست بێنن وەک بە دیھێنا‌نی عەدالەت و یەکسانی و ئازادی بۆ سەرجەم دانیشتوانی کوردستان و عێراق وە چرای ناڕەزایتیەکانیان نەکوژێنەوە بۆ یەک چرکەش لە دژی گەندەڵی و تاڵان برۆ وە ھەرگیز بێ دەنگ نەبن لە بەرانبەر ئەمەدا وەک ناوچەو شوێنەکانی تری کوردستان و عێراق.


١\١\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک