١٢\٧\٢٠١٢
بە پیرۆز بە پیرۆز
بێ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی باشووری کوردستان!

سەرکەش
بە راستیی
پدک و ینک زۆر لە
خەمی ئاسایشی سەر و ماڵ و گیانی خەڵکی باشووری کوردستانن!!
ئەدی بابم.. لەخەمدابوون کوو
دەبی.. هەر
وانییە؟
ئەوە نییە سەڕای ئەو حەمکە دەزگا نهێنی و ئاشکرایەی پاراستن و زانیاری،
هێزی ئاسایشی ناوخۆ، هێزی پۆلیس و هێزی پ. م، دەیان هێز و دەزگای تری
لە ژێر ناوی جۆراو جۆر، وا هاتوون شەویان ناوتە سەر ڕۆژ و بە کۆششی
فەرهادی ئەنجوومەنێکی نرت و نوێیان بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم
بۆ خەڵک و لە بەر چاوی ڕەشی ئەم خەڵکە پێک هێناوە، هەرچەند بە ناچاری
بە پێی بەندەکانی ڕێککەوتننامە ستراتیژییە شکۆمەندە پیرۆزەکەی نێوان
خۆیان دروستیان کردووە!!!
لە خۆمان خەنی ئیتر لە مەودوا هیچ فڕۆکەیەکی سوپای ڕاسیستی تورک و
سوپای کۆنەپەرستی ئێران ناوێری بەسەر ئاسمانی باشووری کوردستان بفڕێ،
چۆن ئەنجوومەنێکی ئاسایش هەیە، ئیتر گوند و دێهاتەکان، خانە و لانەی
خەڵکی سڤیل تۆپباران ناکرێ چۆن ئەنجوومەنێکی ئاسایش هەیە.
ئیتر نە سوپای پاسداران و نە ژاندارمی ئەتاتورک ناتوانن، سنووری هەرێم
ببەزێنن و توپخانەکانیان تەڕو ووشک پێکڤە بسۆتێنن.
ئیتر سوپای داگیرکەری عێراقیش ناوێرێ بە زۆرە ملێ بیتە ناو کەرکوک و
فڕۆکەخانەی سەربازی تێدا چێکا. ئیتر چیتر حکومەتی ناوەند ناوێرێ بۆ
مەسەلەی مادەی ١٤٠ و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەم درێژی بکا چۆن
ئەنجوومەنێکی ئاسایش هەیە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، دار بگوشێ ئاوی لێدێنێ، هەرکەسێک، هەڵەوەڕی
و هەڵەپاسی بکا، دەمی دەشکێنێ، کوڕی هەرکێ بێ زمانی دەبڕێ.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئیتر مافی بەدەستە، تا ئەگەر پێویست بکا
دەرگای پەرلەمان و حکومەتیش دابخا، نەک هەندە ئیتر ڕێگا نادا
ڕۆژنامەنووس و نووسەران و هونەرمەندان، گوێڕایەڵ و ئاقڵ ئاقڵ خەریکی
کاری خۆیان نەبن، ڕێگا نادا سنووری خۆیان نەناسن و ڕەخنە و مەخنەی قۆڕ
و بێ مانا بگرن و بنووسن و بڵاوی بکەنەوە.
ئیتر لە پێناو بەرژەوەندی باڵای هەرێمی باشووری کوردستان، ئەنجوومەنی
ئاسایش بۆی هەیە گوێ لە یاسا و ماساش نەگرێ، خۆی دادگا و سەرووی هەموو
دەسەڵاتەکان بێ.
بۆیە وا چاکە خەڵک تێکڕا دەست بە شایی و هەڵپەڕین کەن تێکڕ بە دەهۆڵ و
زوڕناوە هاوارکەن بڵێن بە پیرۆز بە پیرۆزبێ ئەنجوومەنی ئاسایش!! جەژنی
لەدایک بوونت!
ئەگەر حەوت شەو و حەوت ڕۆژ شایی و چۆپیی و
تەققەی خۆشیی بێ هێشتا هەر کەمە!!
١٠\٧\٢٠١٢
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|