به قهد جوانیت بیرت دهکهم.

زیاد
نادر عاڵڵایى
ئیستا لە کوێى،
ئەى پەڕندە تەریوەکەى،
ئاسمانى جوانىء دڵدارى ؟
ئێستا لە کوێى،
ئەى گەڵا هەڵوەریوەکەى،
جەنگەڵستانى خۆشبەختى ؟
ئێستا لە کوێى،
ئەى هەناسەى شیعرى لە گۆ کەوتووم؟
ئێستا لە کوێى،
ئەى باڵدارە ماڵییەکەى دڵ پڕ سەفەر!
ئەو دوورییەت ناوبنێم چى
سەفەر، یا کۆچى تا هەتاییی؟
جیایى، یا مەرگى خوێناوی؟
ئێستا لە کوێى.. بیرت دەکەم!
نیگارى تۆ لە سۆمامدا سەما دەکا ..
ئازیزەکەم،
ئەندێشەء بیرەوەرى دووریى تۆ،
چەمى گیانى من لێوڕێژى هیوا دەکا ..
بیرت دەکەم، بەقەد جوانیت ..
خۆشم دەوێى، بەقەد چاوت ..
ئێستا لە کوێى؟ بڕوا ناکەم لەدووریى من،
سینەت قەت ئاهى ئاسوودەیى پیا بگوزەرێ ..
بیابانى دڵت ڕووبارى خۆشنودیى پیا تێپەڕێ ..
بەقەد ئەوەندەى دوورى لێم ،
هەزار هێندەش، لێم نزیکى،
نزیک لە گیان.. نزیک لە ڕِۆح ..
نزیک لە هەست.. لە هەناسە..
نزیک لە شیعر، نزیک لەتاسە..
لە هەر وشەیەکم نزیکى، شاعیرانە، بیدرکێنم ..
لەو باڵدارانەم نزیکى، وەک سولیمان، دەیاندوێنم ..
ئێستا لەکوێى ..
پەڕەوازەى کام ئاسمانء، کام هەوارى ؟
پەناهندەى کام پەناگەء، کام پەسارى ؟
ئێستاکە تۆ .. هەڵگرى دەردو خەمى کێى ؟
لە کوێندەرێى، شەمى شەوانەى کام ڕێء جێى؟!
ئێستاکە تۆ،
دڵى منت لەگۆڕستانى چ شارێکدا ناشتووە ؟
شەکراوى دەزگیرانیى کێت نۆش کردووە؟
چ نامۆیێ،
پاسەوانى سینەى سنووربەندى تۆیە،
لە جیاتى من،
لەسەر تەختى دڵت، بڵێ،
ئەو خۆشبەختە کێیە کەوا
سوڵتانە، خاوەنشکۆیە؟
ئێستا لە کوێیت ئەى ڕازیارء ڕۆنازى من !
خومارى پێکى شەرابى ئاوێزانىء لێک ئاڵانى،
یا تۆش بێ نازى وەک ئێستاى بێ نازى من؟!
بدوێ
با شیعرم له رهنگی چاوت بچێ.
نەرم نەرم وا ڕێ دەکەم، بەدواى
شوێن پێى کاروانى ڕێکردووى ئەوینت..
چارەنووسم لە دەست تۆیە و پەناى منى
قەدەرم کەوتۆتە بەر نیگاى ئاگرینت..
*
* *
لە سیماتا گوڵ و عیشق بەدى دەکەم
لە دەنگیشت حەزو حەسرەت و پەرستن..
چۆن چک دەکەم لافاوى تۆ لەناخمایە
زەریایێکم لە سایەى تۆ، ئێستا ئەمن..
*
* *
ویستم وا بوو لە ژینم ببیە نەونسارێ
منى گەشتیار لە سایەت حەسێمەوە..
ببیە گۆرانییەکى ناسکى پڕ مانا،
تا دوا نەفەس لە ڕوحمدا بتهێلمەوە..
*
* *
ویستم وا بوو لەگەڵ تۆدا، سەفەر بەرەو
بەندەرى عیشق و ئەویندارى بسازێنم..
لە دڵدا بە فڵچەى نیگا، تۆ عیشقى من
منیش عیشقى بەفرینى تۆ بنەخشێنم..
*
* *
ئێستا خۆشنوودترین شاعیرى ئەو وێرانەم
خەونى خەیاڵم خەریکە وا چرۆ دەکا..
بدوێ با شیعرم لە ڕەنگى چاوت بچێ،
کچێ کوا دڵى من حەز بە بێدەنگى تۆ دەکا !!
*
* *
zyadnadr@yahoo.com
|