په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

بەرنامەی (من جیاوازم) نیشانگەرێکی راست نییە بۆ جیاوازیی بەهرەمەندەکان.


شنه‌ پێنجوێنی  

 
هەر (چالاکییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی) که‌ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا دەکرێ، پێوستی بە بەرنامە و پلان هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ هەموو لایە ئەرێنی و نەرێنیەکان لەهەموو روویەکەوە شی بکرێتەوە، چوون لە ئەنجامی بێ بەرنامەییدا، دەکرێ تاکەکانی کۆمەڵ ببنە قوربانی ئەو بێ بەرنامەییە.


هەروەکوو ئاشکرایە میدیا رۆڵێکی گەورەی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، دوا بەدوای هەموو ئەو گۆڕانگاریانەی بەسەر کتێب و نووسین و چاپدا داهاتووە، فۆرم و تەکنەلۆژیای نوێ هاتوونەتە ئاراوە کە (سەردەمی نیشاندانه‌ به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌)، واتە (تەلەفیزێۆن) بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەریی تەواوی لەسەر ژیانی تایبەتی و ژیانی کۆمەڵگا لەهەموو روویەکی رامیاری، کۆمەڵایەتی، وێژه‌یی، هونەری و هزرییه‌وه‌ هەیە.

بەڕای کۆمەڵێک شارەزا تەلەفیزێۆن کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر پەروەردەکردنی جفات لە میانەی هەندێ لەو بابەتە تەلەفیزێۆنیانەی کە جەخت لەسەر توندوتیژی دەکەن و هەروەها زۆر جار تەلەفیزێۆن راستیەکانی ژیان دەرناخات واتە سەرلێشێواندنێک دروست دەکات بۆ مرۆڤەکان، جوانیەکانت لا ناشرین دەکات و بە پێچەوانەوە. تا جفات بگاتە ئەو دەرئەنجامەی بڵێ ئەمانە راست نین واتە جیهانێکی دروست کراوت نیشان دەدات.


یان زۆربوونی میدیا لایەنێکی نێگەتیفی تری هەیە، ئەویش بەدووبارە بوونەوە و زۆربوون و پێشاندانی بەردەوام وای کردوە کە هەندێ کاری قێزەونەی مرۆڤایەتی بۆ نموونە شەڕ و بەرەکانی جەنگ کاریگەریگەریەکی ئەوتۆی مرۆییانەی نەماوە یان هەستی مرۆڤایەتی بەرامبەر رووداوە دڵتەزێن و مرۆییەکان نامێنێت، تا وای لێهاتووە کوشتن و بڕین بۆتە بەرهەمی هەندێ لە کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندی ماڵی، بەم جۆرە هەست و سۆزی مرۆڤەکان لەناو دەچێت، هەروەها کاریگەریی خراپ لەسەر ناخی تاک بەدی دێنێت.


هەروەها لەروویەکی ترەوە داگیرکردنی فەزای گشتی و هۆگر بوونە. کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتبەستێتەوە، لە میانەی سەیرکردنی بابەتە تەلەفیزێۆنیەکان کە تاکەکانی کۆمەڵ لاواز دەکات لە ئاست چالاکیی لە پرۆسەکانی ژیاندا و فەزای خەیاڵ لای تاکەکانی کۆمەڵ بۆ خۆی رادەکێشێت کە لە ئەنجامدا دەکرێ کۆمەڵگایەکی ناچالاکی لێدەربچێت.


هەرلێرەوە دەچینە (سه‌ر) مەبەستی ئەم نووسینەمان لەسەر بەرنامەیەکی تەلەفیزێونی بەناوی من جیاوازم کە لە کەناڵی زاگرۆس پێشکەش دەکرێ.


هەبوونی ئەم بەرنامەیە باشترە لە نەبوونی، بەڵام ئەمەش ناگاتە ئەو دەرئەنجامەی بەبێ پرسیارکردن و تێرامانێکی رەخنەییانە و شیکردنەوەیەکی لۆژیکی، بەرنامەکان پێشکەش بە بینەران و تاکی کورد بکەن.


بەرنامەی من جیاوازم لە بنەڕەتدا خۆی جیاوازە، چوون تا ئێستا هیچ کەس لە ئێمە نەیدیوە کە کەسێک هەبێت لەهەموو بوارەکانی ژیاندا وەک، موزیک، ئەکتەر، دانس، گۆرانی، هەموو ئەو جۆرە بەهرانەی لە مرۆڤدا هەیە لێزان بێت یان شارەزایی تەواوی هەبێت یان پرۆفیشناڵ بێت، راستە ئەم بەرنامەیە لاسایی و کۆپی کردنی بەرنامەی وڵاتانی ترە، بەڵام بەبێ رەچاوکردنی ئامانجی بەرنامەکە یان ئەو پەیامە هونەرییە، کەمێک لەنگی دروست دەکات کە ئایا مەبەست لەم برگە جیاواز و تێکەڵاوانە چیە کە پێشکەش بە بینەران دەکرێ؟
دەکرا بەرنامەی من جیاوازم هەر مانگەی تایبەت بکرایە بە باتێکی دەستنیشان کراو، بۆ نموونە موزیک، گۆرانی، سه‌ما، هەموو ئەو بەهرانەی تر کە لەمرۆڤدا هەن. هەروەها دەستنیشان کردنی تەمەنی کەسەکانیش بکرایە، واتە منداڵ، گەنچ، یان کەسانی پێگەیشتوو.

 
لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەیەک لە هەڵسێنگەران کە شارەزایی تەواویان هەبێت لەو بەشانەدا، واتە ئەو دەستەیەش گۆڕانی تێدا بووایە، نەک تەنگ هەڵچنین بە هەندێکیان کە بابەتێک پێشکەش دەکرێ گەر زانیاریشی لەسەر نەبێت ناچارە هەر شتێک لەسەری بڵێت، کە زۆرجار لەنگی بۆ ئەو کارەکتەرانە دروست دەکات و دەکەونە هەڵەوە . یان لەکاتی هەڵسەنگاندندا زیادەڕۆییەک بە پەیڤەکانەوە دەبینرێ کە نەبوونی زانیاری دەردەخات لای ئەو بەرێزانە، لەلایەکی ترەوە ئەو پرنسیبانەی بۆ بەرنامەیەک هەیە رەچاو ناکرێ، بۆوێنە، کات، وەک دەڵێن کات وەک تیر وایە نەیبڕی دەتبڕێ کە بەداخەوە زۆر جار قەدری نازانرێ و بە فیڕۆ دەدرێ لەم بەرنامەیەدا.


پەیامی هەر بابەتێکی هونەری یان وێژه‌یی یان هزری، دەبێت رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی تێدا بکرێت، گەر نا ئەوە شیاوی بڵاوکردنەوە نیە و کاریگەریی تەواویان لەسەر منداڵان و مێردمنداڵان بە شێوەیەکی خراپ ده‌بێت، هەر بۆ نموونە لەکاتی لە سێدارە دانی سەدام حسێنی گۆڕ بەگۆڕدا چەند منداڵێک لە میانەی یاریەوە لاساییان کردەوە و بوو بە تڕاژیدیا.


لەکاتی پێشکەش کردنی هەندێ لەو بڕگە نەشیاوانە، بینەر هەست بە تێڕامان دەکات، بۆ نموونە کابرایەک لەناو سەتڵێک ئاودایە و کارەبای لە خۆی بەستوە و و هەڵدەپەرێت، یەکێکی تر ئۆتۆمبێلێک بەسەر دەستیدا دەڕوات، یان گەنجێک لەسەر بزمار پاڵدەکەوێت و بلۆک لەسەر سنگی دادەنێن و بە چەکوش بلۆکەکان دەشکێنن و چەندین دیمەنی تر، راستە ئەم کەسانە ئەو توانا گەورەیەیان هەیە بەڵام نەشیاوە بۆ پێشاندان، ئەمە تووشی شۆکت دەکات لەبەر ئەوەی کارێکێ راست نیە لە رووی پەروەردەوە و دەکرێ ببێتە هۆی لاسایکردنەوە و رۆڵێکی خراپ بگێرێ لەناو کۆی جفاتدا.


ئەم بەرنامەیە لە هەندێ جاردا هەست دەکەیت لە هۆڵی دادگایکردندا دانیشتووین، تۆنی قسەکانی دەستەی هەڵسەنگاندن نەک هەر هەمووی ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەو شێوەیە دەگات کە هەروەک لە پەروەدرەماندا هەیە، دەبێت گەنجان بچووک بکرێنەوە و تا هەست بەشەرم بکەن کە دەبوو پێچەوانەکەیان بسەلماندایە کە سنوورەکان ببەزێنن، دیوارەکان لابەرن، فەزای ئازادی و خۆشی و کەش و هەوایەکی سەردەمیانەیان بهێنایه‌ته‌ ئاراوە تا گەنجەکان بیانتوانیبایە لەو ئازادییەدا باڵەفڕێیان بە خواست و ویستەکانیان بکردایە.


دوای ئەوە لەهەندێ هەڵسەنگاندندا هەست بەوە دەکەی کە مافی ئەو بەهرەمەندانە دەخۆن، نموونەمان بەهرەمەندێک کە لەقۆناخی سێیەم دا بوو بەناوی (جێژووان )، کە نەتوانرا وەک پێویست بەهرە هونەرییە تازە ئامێزەکەی شی بکەنەوە و وەکوو پێوست پاڵپشتی بن، ئەو کوڕە دەمی نەدەکردەوە و گۆرانیەکانی دەووت، یاریی بە تۆنی دەنگی دەکرد و دەیگۆڕی کە ئەمە بۆ خۆی جیاوازە. دوای ئەوە بینەر هەستی بە هیچ جووڵاندنەوەک نەدەکرد لە دەموچاوی ئەو گەنجەدا لەکاتی گۆرانی گووتنەکەدا کە بەراستی جیاواز بوو.


دووەم، بڕگەیەکی شانۆیی بووکەڵە شووشەکانی پێشکەش کرد کە خۆی گۆرانی بەقوڕگ دەووت و بووکەڵەکەش رۆڵەکەی دەبینی، من پێـم وابوو نەرمین کاوانی بەهۆی ئەوەی شارەزایی لە کاری نواندندا هەیە دەبوو بەرێزی تیشکێکی بخستایە سەر ئەو شانۆی بووکەڵەیە کە زۆر بەجوانی توانی رۆڵی دووکەس ببینێ، کە ئەوە بۆ خۆی هونەرێکی جیاواز و تازە بوو بۆ ئێمەی کورد، کە جێی داخە هیچ کامیان نەیاتوانی هەست بەم جیاوازییە هونەرییە بکەن، دوا بەدوای ئەمانەش زانا شیکردنەوەیەکی نالۆژیکیی بۆ ئەو بەهرەمەندە کرد گوایە هیچ تێناگات لە ووشەکان، کە دەبوو ئەو باشتر تێبگات ئەم بە قورگ دەیڵێت نەک بە کردنەوەی دەم و لێوەکانی بجوڵێنێت تا بتوانێ وشەکان بگەیەنێت. دوا بەدوای ئەمە بەرێز زەهاوی کەوتە هەڵسەنگاندن کە من ئەوەندە تێگەیشتم کە زۆر ناشاییست قسەی لەسەر کرد و مرۆڤی بێزار دەکرد. لە هەمووشی بەرچاوتر ئەوە بوو کە پلەی (٩) ی پێبەخشی کە ئەمە کۆمیدیایە. خۆشبەختانە نەرمین کاوانی توانی (١٠ )ی پێ بدات کە جێی خۆی بوو.


بەڵام بە شیوەیەکی گشتی نەیانتوانی لەروویەکی هونەرییەوه‌ هەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ ئەو بەهرەمەندە بکەن، ئەمە جێی سەرسوڕمانە، دووبارە بوونەوەی هەندێ لەم درامایانە لە (بەرنامەی من جیاوازم) دا ئێمە تووشێ تێرامان و پرسیار دەکات، کە ئایا کەسی شیاو لەشوێنی شیاودایە؟ یان کاری هونەری پەیامی خۆی دەگەیەنێت؟


یان بەرنامە و پلانمان هەیە؟ یان تاکەکانی ئێمەی کورد ئەو دڵسۆزییه‌مان تێدایە کە داوامان لێبکرێت لەبەرنامەیەکدا بەشداری بکه ین‌ چالاکانە بتوانن هەوڵەکانی خۆمان بخه‌ینه‌ گەڕ؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە پێویستە لە خۆمانی بکەین، وە چۆن هەنگاوەکانمان باشتر بکەین؟ بە چ رێگایەک؟


دیارە هەموو پرۆسەیەک لە ناو جفاتدا پێوسیتی بە هەرەوەزی و دڵسۆزیی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، هەر بۆیە رووی گازندەکانمان هەموو لایەک دەگرێتەوە، چوون ئێمەی کورد لەکاتی قسەکردن و پێشنیارەکاندا زۆر زیرەک و وریاین و پەیڤی باشـمان پێیە، بەڵام کە دێتە سەر پراکتیزە کردنی ڕوویەکیتر نیشان دەدەیین، واتە خۆمان دەدزینەوە لەو بەرپرسیارێتیە، نەبوونی هەست بە پرسیارێتی بە تەوێڵی زۆربەی کایە رامیاری و هونەری و وێژه‌یی و هزرییه‌کانمانەوە دیاره‌.


هەر بۆیە دەبێ تاکی کورد چالاکانە بێتە مەیدان و ئەسپی خۆی تاو بدات لەهەموو روویەکەوە تا بە هەموو لایەکمان هەڵە و پەڵەی خۆمان ببین و بە لێبوردەیی و خۆشەویستی و زمانی گفتوگۆ بتوانین راڤە و شیکردنەوەمان هەبێت تا کەش وهەوایەک لە ئازادی بێنینە کایەوە. تا هەست بە ئازادی نەکرێ ناتوانرێ داهێنانیش لەگەڵ ئاستی سەردەم و تەکنەلۆژیادا بکەین، ئەمانەش زادەی بیر و تێڕامانی کۆمەڵگایەکی شارستانی دەسەلمێنێت کە لۆژیک بەرێوەی دەبات.
__________________________________________
بە سوپاسەوە سودم لەشاکارە بەنرخەکەی کاک فاروق رەفیق وەرگرتوە بەناوی ؛

یەک کاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو.

 هٶڵەندا - ٣\١١\٢٠١٠
 
ماڵپه‌ڕی شنه‌ پێنجوێنی