په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٢\٢٠٢٤

بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان یان خۆنمایشکردن!؟

دارا خونچە       


لەو دواییانە بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان برەوی چاکی پەیداکردیە.. بە جۆرەک کە تەنانەت نێرسالارانیش بە تایبەتیی ئەوانەی لە نێو پارتییە جۆراوجۆرەکان و دەسەڵاتدارانن - کە فڕیان وەسەر پرسی ژنانەوە نییە - ناچارن دەمامک بپێچێن و بە شێوەی خۆیان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و راگەیاندنەکانی بۆنەکانی دژ بە توندوتیژیی بەشداربن و هەندەک جاریش فرە تاکتیکبازانە خۆیان بە خاوەنیشیان دابنێن!

 

 

هەڵبەتە پایەداریی و هەژموونی ئەو بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی - کە ئەنجامی کۆشانەکی دوورودرێژی یەکسانییخوازانە - فرە دڵخۆشکەر و ئاسوودەبەخشە.. چون گەلەک بە رۆشنیی گوزارشت لەوە دەکا کە تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادییخواز لە پێناو گەیشتن بە (یەکسانیی وەک یەک) لە هەردوو رووی گفتار و رەفتارەوە تا رادەیەکی چاک بەرجەستە و جێکەوتە بووە، لێ هاوکاتیش نێرسالاران و نەریتپارێزانی نێو سەرجەم ئاراستە هزریی و رامیاریی و فەلسەفییەکان توانیویانە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژ و پیلانگێڕانە هەم لە رێی وەگەڕخستنی خولیای ''تاکگەریی و جەندەریزمی لیبرالیستە نوێیەکان'' هەم لە رێی چەکەرەپێکردنی چەندین ''بزاڤی فێمێنیستی عەنتیکە و نامۆ'' ژنانەکی بەرچاو لەخشتەببەن و گەڕەلاوژێیەکی گەورە لە نێو ئەو دیاردەیەی بەرانگژبوونەوەیەی دژ بە توندوتیژیی چێبکەن و بە لارێیدا ببەن!

هەر لەو گۆڕەی نییە ئێستا لە کوردستان بە ناوی بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی و وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ژنان کەسانەک هەن؛ لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیان چەندین رێکخراو و دامودەزگەی ساختە بە ژنانەک دەڕازێننەوە کە نازانن و هەستناکەن بەکاردێن یان دەیزانن و لەبەر پارە و ناوبانگ پێی لێدەخشێنن.. یان بە بێ شەرم بڕوایان بە فرەژنیی هەیە و بە شێوەی سەردەمییانە کڕین و فرۆتن بە ژنانەوە دەکەن.. یان بە پێی دەقەکانی (شەرع) و رێسا و رێنماییە دینییەکان کە بە رەفتاریش پەیڕەوی دەکەن ژن بە مرۆڤی تەواو دانانێن.. یان نەریتپارێزن و بە پێی زۆربەی زۆری داب و نەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵ ژنان بە پاشکۆ و بە کەمتر لە پیاوان دەبینن.. و... تد.. ئیدی بە چ جۆر و شێوەیەک دەکرێ و دەشێ ئەو کەس و لایەنانە جێی بڕوای ئازادییخوازان بن!؟ بەرخوردکردن لەگەڵ هەموو ئەوانە و چەندین جۆری دیکەی لەو بابەتانە رێک وەک ئەوەیە بێژین:
- فەرموو ''مام شێر'' خۆت سەرپەرشتیی شۆڕشی ئاشتی و نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ئاژەڵان بکە!
ئیدی ''مام شێر''یش ئاڵایەکی سپی و رازاوە بە هێمای کۆتر و چڵە نێرگز هەڵدەکا.. لێ هاوکاتی ئەوە ئاڵایەکەی دەکاتە پەردەیەکی ئەستوور و سەرجەم دڕندەییەکانی لە هێرشکردنە سەر ئاژەڵان لە ژێریدا دەشێرتەوە!

خۆ لە وڵاتانی باکووری گۆی زەویش بە شێوەیەکی گشتی - کە بە ناو پێێشکەوتنخواز و مرۆڤدۆستن! - هێشتا ژنانەکی زۆر رۆژانە تەنیا بە هۆی مێبوونیان هەراسان دەکرێن و لە هەزاران ماڵپەڕی نمایشکردنی جەستە کڕین و فرۆتنیان پێوە دەکرێ و لە هەردوو رووی دەروونی و جەستەیی ئازار دەدرێن.. لە زۆر شوێن مووچەی کاری رۆژانەیان لە ئی پیاوان کەمترە و زۆربەی کارە لاوەکیی و کارەکەرییەکان بەوان رادەپەڕێنن.. بە زەبری پارە مێزی خواردنەوە و سەماگە و رابواردنی شەوانەیان پێ دەڕازێننەوە.. هێشتا مافی ئەوەیان نییە هەر کات بیانەوێ کۆرپەڵەی نێو زگی خۆیان لەبارببەن.. ئەوە بێجگە لەوەی زۆربەی بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکان لە دەستی پیاوانن بەڵام بە رووکەش وەها پێشاندەدەن ژنانیش هەمان مافیان هەیە و بگرە باڵادەستریشن! تەنانەت هێشتا مەژیی و فەرهەنگی پیاوان لەو ئاستە دایە ئەگەر ئاودەستی ژنان و پیاوان تێکەڵاو بکرێ ئەوە ژنان هەراسان دەکەن و زۆر بە ئاسانیی تووشی گێچەڵ و گرفتانیان دەکەن! لێ دەەگەڵ هەموو ئەوانەش هێشتا ئەوە بەو واتایە نییە کە ئاستی ئازادیی و یەکسانیی ژنانی ئەو وڵاتانە وەک ئی ژنانی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای نێوەراست و ژێرییە بەڵکە زۆر زۆر بەرزترە و هەر بەراورد ناکرێ.

سەرەنجام هۆکارەکانی ئەو گەڕەلاوژێیەی بەرانگژبوونەوەی دژ بە توندوتیژیی سەر ژنان زۆر زۆرن لێ دەکرێ لەو چەند خاڵە چڕیان بکەینەوە:

● هێشتا زۆربەی هەرە زۆری ژنان لە سەرجەم جیهان لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ نین و بە بێ پیاوان مافی ئەوەیان نییە تەنانەت دارەک لەسەر بەردەک دابنێن.. هەموو ئەوەشی کە دەیبینین ژنانەکی زۆر کاردەکەن و خاوەن پارە و هەژماری بانکیی و سامانی خۆیانن و پێداویستییەکانی ژیان دەکڕن و سەرپەرشتییکەری خێزان و ماڵن.. گوایە جۆرە سەربەخۆییەکی ئابوورییان هەیە تەنیا رووکەشییەکی تاکتیکبازانەن و بە هیچ شێوەیەک ژنان ناکەنە خاوەن بڕیاری خۆیان بەڵکە بە پێچەوانەوە گەڕەلاوژێیەکەی بەرانگژبوونەوەی دژ بە توندوتیژیی پتر و پتەوتر دەکەن!
● ژنان بە شێوەیەکی گشتیی لە هەموو جیهان نەخش و بەشدارییەکی زۆر لاواز و لاوەکییان هەیە لە کاری رامیاریی و بەڕێوەبردنی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی میللەت، ئەو ژمارە کەمەی ژنانیش کە دەگەنە دەسەڵات و پێشتر ژنایەتییەکی مرۆڤپەروەرانەیان تێدا بووە لە کاتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات ناچاردەکرێن ئەو ژنایەتییە لە خۆیان دابماڵن و دەستبەرداری تێکۆشانی یەکسانییخوازانە ببن.. بە کورتییەکەی دەبی وەک هەر پیاوەکی نێرسالار بەرخورد دەگەڵ پرسی ژنان بکەن ئەگینا فەرامۆش دەکرێن و پاش ماوەیەک وەلادەخرێن! سەرەنجام کۆششی ژنان لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات لە نێو ئەو سیستەمەدا وزە و تونایەکی زۆری ژنان وەفیڕۆدەدا هاوکاتیش ژنان تووشی بێبڕوایی و بەدبینییەکی ئەوتۆ دەکا کە زیان بە کۆی پرسەکە و پێڤاژۆیەکەی بگەیەنی.
● لە رووی هزریی و فەرهەنگییەوە؛ بە پێی سەردەم و سیستەمی ئێستای ژیان ''سەرمایە'' وەک پێوەری رەوشت و کەسایەتی هێندە زاڵە کە نەک هەر تەنیا هزر و بیرکردنەوەی گەمارۆ دایە بەڵکە هەست و سۆز و ئەندێشەی زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکانی داگیرکردیە، سیستەمەکی لەو جۆرە لە رووی بیردۆزەییەوە هەر ئەو فەرهەنگە بەرهەمدەهێنی کە لە رێی خولیایە لیبرالیستیەکانیەوە پرسی ژنان و فێمێنیزم - کە لە بنچینەدا بزاڤەکی ئازادییخوازانەی ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازە - وەسەر چەندین رەوتی وەک (کەتوارگەرایی، بێهوودەیی، تاکگەریی، ئەکادیمیاگەرایی، مێسالاریی، دینیی و ئەفسانەگەریی، دیموکراسی و سێکۆلاریزم، و... تد تەخشانوپەخشان بکا.. ئیدی زۆرینەی ژنە ساکار و ساویلکەکانی نێو کۆمەڵ لە گرۆ و دەستە و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بە ناو ژنان رێکخدەکا و بە پێچەوانەی رەوتی پرسەکەی خۆیان وەکاریاندەبا.

سەرەنجام ئەگەر یەکسانییخوازانی پرسی ژنان بتوانن تەلەکەبازیی رامیاریی و لە خشتەبردن و هاوشوهووشی میدیایی و شێوە بەرهەمێنانی لایەنە مادیی و فەرهەنگییەکانی سیستەمەکە بناسن.. ئەوە پرسەکە زۆر سادە و ئاسان و رۆشنە؛ ئەویش تەنیا یەکسانییکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنانە بە ئی پیاوان.. لێ دوور لە کارتێکردنی پارتییەکان و رامیاربازیی دامودەزگەکانی دەسەڵاتدارانی نێو سیستەمی ئێستا و تێکڕای ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی کە بە رووکەش ئازادییخوازن و لە نێوەرۆک و رەفتاردا رەگەزپەرست و نێرسالارن و هەموویان دژ بەو ئایدیۆلۆژیایە یەکسانییخوازە راستەقینەیە یەکیانگرتیە کە راشکاوانە لە پێناو یەکسانیی (وەک یەک)ی نێوان ژنان و پیاوان تێدەکۆشی و ئەو هەژموونەی ''بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان''ی بەرجەستە و جێکەوتە کردیە لە نێو کۆمەڵ، ئەوەش تەنیا بە رێکخستن و یەکگرتنی ئازادانەی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و بەرانگژبوونەوەیەکی راشکاوانەی رۆژانە لە شوێنی کار و لە نێو خێزان و شوێنی ژیانی خۆیان وەدەستدێ.. نەک تەنیا لە بۆنەیەکی وەک رۆژی بەرانگژبوونەوەی توندوتیژیی و بۆنەکانی دیکەی ژنان کە سیستەمەکە لە بایەخ و بەهایەکانی خۆیانیانی رووتکردیتەوە و بە جێژن و ئاهەنگگێڕانەک وەڕێیاندەکا کە تێیدا سەرچۆپییەکە دەدەنە دەست کۆمەڵە ژنەکی خۆنمایشکەر و بەرژەوەندخوازی مەژیی پووچ و دەموچاو ئارایشتکراو!
 

١\١٢\٢٠٢٤

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک