بەراوردێک لە نێوان بۆردومانەکانى غەزە و سنوورەکانى کوردستان.
بەڵام ئەوەى بەلاى منەوە سەیر بێت ئەو هەلایەى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى و سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى کە میهرەجانێکى جەماوەریان سازکرد بۆ پشتیوانى لە غەززە، من دەپرسم لە سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى و سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان میهرەجانێکى ئاواتان سازنەکرد بۆ پشتیوانى لە دێهاتەکانى سەرسنوور کە لە لایەن تۆپخانەکانى وڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران و تۆپخانە و فڕۆکەکانى تورکیاوە وێران دەکرێن، ئەوە ماوەى چەند ساڵێکە ئەو بۆردومانانە بەردەوامە و خەڵکى دانیشتوانى ئەو دەڤەرانە ناتوانن بە دڵنیایەوە لە ماڵەکانى خۆیان ژیان بگوزەرێنن، کەچى لە میهرەجانەکەى پشتیوانى لە غەززە بە گەرمى بەخێرهاتنى نوێنەرى کۆمارى ئیسلامى ئێرانیان دەکرد، ئەو ئێرانەى کە بۆردومانى سنوورەکانى وڵاتى ئێوە دەکات، کەچى وەک ئەوە وابوو هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە ئاوا بەگەرمى بەخێرهاتنیان دەکرا،
من لەم هاوکێشەى ئەوان سەرم سوڕماوە، بۆ ئەوکاتى کورد زیندەبەچاڵ و کیمیاباران دەکرا هیچ وڵاتێکى عەرەبى ئیدانەى ئەو کارەى ڕژێمى بەغدایان نەدەکرد، هەر لەبەرئەوەى چونکە سەرکردەیەکى عەرەب بوو، من دەڵێم هەر چینێک مافى چینێکى تر زەوت بکات ئەمە ستەمە جا ئەگەر عەرەبی ئیسلامى بێ یاخوود تورک بێ، لە هەمووشى سەیرتر ئەوەبوو داواى خۆنیشاندانیان دەکرد لە جەماوەر بۆ ئیدانەى هێرشی سهر گوندەکانى سەرسنوورى خۆمان نا، بەڵکو بۆ هێرشی سهرکەرتى غەزە.
بۆیە پێویستە جەماوەر وشیاربێت بە قسەى هیچ گروپێک و لایەنێک نەخرۆشێ، هەموومان دەزانین عەرەب هەر عەرەبە جا لە بەغدا بێت یاخوود لە جەزرائیر بێت، هەموویان یەک هەڵوێستن بەرامبەر بە نەتەوەى کورد، ئەگەر سەیربکەین ئەو پارێزەرانەى بەرگریان لە سەدامى دکتاتۆر و دارودەستەکەى دەکرد لەکاتى دادگایی کردنەکانیان هەمووى پارێزەرى عەرەبی بوون لە وڵاتان هاتوون بۆ بەرگرى کردن لە نەتەوەى عەرەب.
تا ئێستا هیچ وڵاتێکى عەرەبی ئیدانەى ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ نەکردووە، کەچى ئێمەش دەمانەوێت یارى بەئاگر بکەین، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەکمان مافەکانى نەتەوەى خۆمان مسۆگەربکەین و نەتەوەکەمان بپارێزین لە دەستى دووژمنان ئینجا بیر لە خەڵکى تر بکەینەوە، ئەمەش یاریەکى ترى سەرکردەکانى فەلەستینە دەیانەوێت کۆمەڵێک هاوکاریی مادى ومەعنەوى لە وڵاتانى بەناو ئیسلامى کۆبکەنەوە بۆ پڕکردنى گیرفانى لێپسراوەکانیان. من هیچ کاتێک گریانم نایێت بۆ سەرکردەیەکى حەماس کە بەخۆى و چوار خێزانەکەى بەر بۆردوومان کەوتوون، چونکە ئەم لێپسراوە خۆشترین ژیانى گوزەراندووە، چوار ژنى هەبووە کەچى من لێرە داخ و کەسەرى بۆ هەڵڕێژم، من تەنها دڵگرانم بە کوژرانى منداڵ و ئافرەت و پیرەکان، چونکە هەموو کاتێک ئەوانە دەبنە قوربانى سیاسەتە چەوتەکانى دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەیان، لە کۆتایی دەڵێم با بەرژەوەندى وڵات و نەتەوەى خۆمان زیاتر مەبەست بێت نەک وڵاتێک کە بچوکترین مافى رەوامان پێ نابینێ.
sherzad_33@yahoo.com
|