په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠٢٥

بەراوردێک لە نێوان جاڕنامەی مافەکانی منداڵان و

دۆخی منداڵان لە باشووری کوردستان!


رەهێن یاسین حەمەدئەمین


منداڵ لە رووی یاسایی و تەندروستیەوە وا پێناسەکراوە کە: مرۆڤێکە کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵیەوەیە، ماف و بەرپرسیارەتی جیاوازە لە گەورە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەندروستی و تاوانکاریدا.


لەبەر ئەوەی منداڵ پێنەگەیشتووە لە رووی جەستەیی و هزریەوە بۆیە پێویستی بە رێوشوێنی تایبەتی پاراستن و جاودێری هەیە.


هەربۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان جاڕنامەی مافەکانی منداڵی راگەیاند لە ساڵی ١٩٨٩ بە مەبەستی پاراستنی منداڵان، لەم جاڕنامەیەدا کۆمەڵێک بەندی زۆر گرنگ هەیە لەم وتارەدا لە سەر تیشکی ئەو بەندانە هەڵسەنگاندنێک بۆ بارودۆخی منداڵان دەکەین لە باشووری کوردستان.


١.جیاکاری نەکردن:

دەبێت منداڵان هەموو مافەکانیان بۆ دابین بکرێت بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی رەگەز و رەنگ و زمان و ئایین و بۆچوونی سیاسی یان جیاوازی چینایەتی.
جیاکاریەکی گەورەکە هەیە لە باشووری کوردستان لە نێوان منداڵی دەوڵەمەند ە هەژار لە نێوان منداڵانی شار و لادی لە ڕووی دابینکردنی پێویستیەکانی ئاو کارەبا و خوێندن و تەندروستی و رێگاوبان و زۆر بواری تر، ئەم جیاکاریە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر هەموو بوارێکی منداڵ بە تایبەتی دەروونی منداڵ.


٢. بەرژەوەندی منداڵان:

دەبێت لە هەموو بوارەکاندا رچاوی سەرەکی بەرژەوەندی منداڵان بکرێت.
لە کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بەرژەوەندی گەورەکان دەخرێتە پێش بەرژەوەندی منداڵانەوە. هەمیشە ئەوە گەورەکانن بڕیار بە دەستن، بە هیچ شێوەیەک پرس بە منداڵ ناکرێت تەنانەت لەو بوارانەش کە تایبەتە بە منداڵەکە بەتایبەتی لە بوارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ ناچار دەکرێت لای یەکیک لە دایک و باوک بمێنێتەوە بە بێ ئەوەی پرس بە منداڵ کرابێت، هەروەها لە کاتی دابەشکردنی میرات بە هێچ شێوەیەک کەس بیر لە بەرژەوەندی منداڵ ناکاتەوە بەڵکو گەورەکان بەرژەوەندی خۆیان دابین دەکەن و منداڵ پشتگوێ دەخەن ، زۆر جار تەنانەت بێ بەش دەکرێت لەم مافەیان یان هەوڵی بێبەشکردنی دەدرێت.
٣. مافی ژیان و مانەوە گەشەکردن: هەموو منداڵێک مافی سروشتی ژیانی هەیە و لە سەر دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانای مانەوە و گەشەکردنی منداڵ مسۆگەر بکات.
لە کوردستان بە هوی کێشە و شەڕ و ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان و بوونی هیزی عەشیرەت و شەر و ململانێ نێو خۆیان زۆربەی جار منداڵان بوونەتە قوربانی، هەوەها بە هوی خراپی رێکاو بان و سیستەمی هاتووچۆوە منداڵ دەبێت بە قوربانی و ژیانی لە دەست دەدات، کەم نین ئەو چیرۆکە تراژیدیایانەی کە زۆر جار منداڵان ژیانیان لە دەست دەدەن بە هووی کێشە و گرفتی نێوان گەورەکانەوە.


٤. چاودێری دایک و باوک:

منداڵ مافی ئەوەی هەیە دایک و باوکی بناسێت و چاودێری بکرێت و پەیوەندی لە گەڵیان هەبێت تەنانەت ئەگەر ئەو دایک و باوکە جیاش بووبێتنەوە.
منداڵان لە باشووری کوردستان زۆر جار رووی داوە بە هووی جیابوونەوەی دایک و باوکەوە منداڵ بێبەش دەکرێت لە بینینی دایک یان باوک بۆ چەندین ساڵ ئەم منداڵە حەسەرتی بینینی دایک یان باوکی هەیە، بێەبشکردنی منداڵ لە بینینی دایک یان باوک منداڵ تووشی دەیان گرفتی دەروونی و خەمۆکی و پەنابردن بۆ کاری نەشییاو دەبات.


٥. پاراستن:

دەبێت منداڵ بپارێزرێت لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و پشتگویخستن و ئازاردان و دەستدرێژی سیکسی.
لە زۆربەی خێزانەکاندا لە باشووری کوردستان هەتا ئێستایش لێدان و سوکایەتی و شکاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، لە زۆربەی قوتابخانەکان یان لێدان یان سوکایەتی و شکاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، منداڵ پشتگوێ دەخرێت لە لایەن خێزان و قوتابخانەوە ،گرنگی بە بۆچوون و قسەکانی نادرێت.
هەروەها دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ هەیە بە تایبەتی لە ناو خێزاندا لە لایەن کەسانی نزیکی خێزان وەک باوک برا مام و خاڵ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا و خزمەکانی منداڵەوە، یان لە قوتابخانە و گەڕەکاکاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵا هوشیاریان نیە بەم کارە و لە ترسی دایک و باوک و ئابڕوونەچوونیان بە نهێنی ئازاری ئەم کارە قێزەوەنانە دەچێژن و توشی دەیان گرفتی دەروونی دەبن.


٦. پەروەردە:

منداڵ مافی دابینکردنی خوێندن و پەروەردە و گەشەدان بە توانا و بەهەرکانی هەیە.
منداڵانی باشووری کوردستان لە خراپترین ئاستی خوێندندان، قوتابخانە حکومیەکان لە هەموو روویەکەوە خراپە چ لە رووی خراپی بینا و کەرەستەکانی قوتابخانەوە بگرە تا دەگات بە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان بۆ ماوەیکی زۆر بە هوی بایکۆتی مامۆستایانەو، یان خراپی وانەکانی خۆێندن بەراوورد بە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان.


٧. تەندروستی:

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە کە بەرزترین ئاستی تەندروسیتیان پێشکەش بکرێت.
ئاستی پێشکەشکردنی تەندروستی بە منداڵان لە نەخۆشخانەحکومیەکاندا لە باشووری کوردستان لە خراپترین ئاستدایە، دکتۆرەکان زۆر بە خراپی ئەرکەکانیان جێەبەجێ دەکەن و نەک هەر ئەوە بەڵکو لە رێگای نەخۆشخانە حکومیەکانەوە هەوڵ دەدەن نەخۆشەکان ئاراستە بکەن بۆ نورینگە تایبەتەکانی خۆیان لە دەرەوەی نەخۆشخانە، نەبوونی داودەرمان و پێویستیەکانی تری تەندروستی لە نەخۆشخانەکان گرفتی گەورەی دروستکردووە بۆ منداڵان.


لە کۆتایدا قسە زۆرە بکرێت سەبارەت بە خراپی بارودۆخی منداڵان لە کوردستان بەڵام ئەوەی گرنگە چارەسەر چیە؟


دەبێت سیستەمی حوکمڕانی لە باشووری کوردستان گۆرانکاری گەورە بکات بۆ دابینکردن و بەرگریکردن لە مافی مندڵان،هەروەها لە بەر رۆشنای جاڕنامەی مافەکانی منداڵان هەوڵ بدات گرفتەکانی منداڵان چارەسەر بکات و یاسای تایبەتی بۆ دەر بکات و کۆمەڵێک رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی منداڵان، دەبێت بە زووترین کات دەست بکات بە بڵاوکردنەوەی هوشیاری لە نێوان مندڵان و خێزان و قوتابخانەکاندا سەبارەت بە مافەکانی منداڵان یاسای توند دەربکات دژ بەو کەسانەی کە ستەم لە منداڵان دەکەن.

 

 

rawahamajan8@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک