٢٩\١\٢٠١٤
بەراوردکردنی
رۆمانێکی گابریل مارکیز لە نێوان دوو وەرگێڕدا.

یاسین برایم
بێگانە بە تەرجومەی زوبانی
ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی -
حاجی قادری کۆیی
١.
مرۆڤ بە ھۆی وەرگێڕان لە مێژووی نەتەوەکان و شارستانیەتی (کۆن و نوێ)
ئاشنا دەبێت. ئەگەر ئەم کارە پیرۆزە نەبێت ئێمە ناتوانین شاکارە
جیھانییەکان بە زمانی شیرینی دایک بخوێنینەوە. وەرگێڕان وادەکان
زانایان و فەیلەسووفان و ھزرو ئایدیاو کارو بەرھەمەکانیان بخاتە بەر
چاوی ئێمە ، ھەر لە رێگای وەرگێڕانیشەوە ئێمە لەم نووسینە ، روودەکەینە
دونیای رۆمان و ئاوڕێک لە بەرھەمێکی رۆماننووسی ئەمریکای لاتین (گابرێل
گارسیا مارکیز) دەدەینەوە .ئەو رۆمانە باس لە کوشتنی گەنجێک دەکات بە
بیانووی شەرەف کە لە لایەن دوو برای جمکەوە ئەم تاوانە ئەنجامدەدرێت،
کاتێک بەوە دەزانن خوشکەکەیان بەجلی بووکینی رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە
وپێشتر کچینی لە دەستداوە و ئەوانیش ئەم تاوانە بە ئاشکرا ئەنجام دەدەن
و شانازیش بەکارەکەیان دەکەن لە پێناو کرینەوەی نامووسی خۆیان و
بنەماڵەکەیان!
ئەم
رۆمانە بە ناوی (چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا
٢)
لە وەرگێڕانی (ئەرخەوان) ، لە ساڵی ٢٠٠٠ چاپ کراوە،ھەمان رۆمان لەلایەن
(حەمەقادر) بە ناونیشانی (راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو
٣،لە
ساڵی ٢٠١٣ جارێکی تر وەرگێڕدراوەتەوە.زۆرجار ئەمە روودەدات کتێبێک لە
لایەن دوو وەرگێڕِِ وەربگێردرێت، بۆنمونە رۆمانێکی خالید حوسێنی( ھەزار
خۆری درەوشاوە) لەلایەن ئازاد بەرزنجی و بەناونیشانی (ھەزار ئەستێرەی
پرشەنگدار )لە لای خاتوو (چراخان) وەرگێڕان بۆ ئەم شاکارە نایابە کرا ،
لەیەک ماوەش کەوتە بازار. کەچی دەبینین ئەم رۆمانەی مارکیز ماوەیەکی
زۆرە خوێنەری کورد پێ ئاشنا بووە. واباشە وەرگێڕِِِی کورد ئاگای لە
بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانی وڵاتی خۆی ھەبێت ، بەر لەوەی کتێبێک وەربگێرێت
با زانیاری لە سەربەرھەمەکەو نووسەرکە وەربگرێت، بزانێ ئەو بەرھەمەی
ئەو خۆی پێوە ماندوودەکات پێش ئەو وەرگێڕدراوە ، ئەگەر ھەبێت بۆچی خۆی
بۆکارێکی تری وەرگێڕان خەریک ناکات کە کتێبخانەی کوردی پێویستی پێیەتی،
زۆرکتێب ھەیە وەرگێڕانی بۆکراوە بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی ، ھێشتا
بزافی وەرگێڕانی کوردی ئەوەندە خێرا نییە وەرگێڕ ئاگای لێنەبێت ،دەکرێت
لەمەودوا وەرگێڕان پتر گرنگی پێبدرێت و وەرگێڕیش ئاگادار بێت لەو
بەرھەمەی وەریدەگێرێت .دوای خوێندنەوەی ئەم دوو رۆمانەو بەراوردکرنێکی
ورد، چەند تێبینی و ھەڵەیەکم بەرچاوکەوت. منیش وەک خوێنەرێک تیشک
دەخەمە سەر ئەم خاڵانەوبەراوردێکی ھەردوو رۆمانەکە لە رستەو
دەستەواژەکان دەخەمە روو. ئێوەی خوێنەریش لە پەنجەرەی ئەم نووسینە
بڕوانە دوونیا گەورەکەی وەرگێڕان ،بزانین چی باسە. سەرچاوەی ھەڵەو
تێبینیەکانی ھەردوو وەرگێڕ، لە رستەو پەرەگراف و ئیدیۆم و پەند و واتای
وشەکان و ھەڵەی چاپ و بە ھەڵە بەکارھێنانی مانگ وڕۆژو ژمارە وناوی شوێن
وتەنانەت ناوی پاڵەوانیش بەراوردکردنیان دەخەینە بەرچاو .بۆ ئەوەی
لەوەی تێبگەین وەرگێڕان کارێکی چەند قورسەو بەئاسانی و بەسادەیی ناکرێت
ھەموو کەس خۆی لێ نزیک بکاتەوە ، دەبێ وەرگێڕ باگراوندێکی رۆشنبیری و
مەعریفی و کەلتووری و ھەردووزمان(سەرچاوەو ئامانج)ی ھەبێت.
نیومارک لەم باریەوە دەڵێت "وەرگێڕان شارەزایی و لێزانینەو ھەوڵدانە بۆ
لێکدانەوەو گواستنەوەی پەیامێک یان نووسراوێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی
تر ٤".
سەرەتا لە ناونیشانی رۆمانەکە دەست پێدەکەین ، یەکێکیان وشەی (چیرۆک) و
ئەویتریان وشەی (راپۆرت)ی بەکارھێناوە. جیاوازی لەنێوان ئەم دوو وشەیە
ھەیە .حەمەی وەرگێڕ، رۆمانەکەی بە
٥
بەش دیارکردووە بەڵام ئەرخەوان بەشەکانی دیارنەکردووە، لاینەکی باشی
ئەم وەرگێڕە بایەخی بە پەراوێزداوەو گەلێک وشەو زاراوەی روون کردۆتەوە.
ھەندێک لە پاڵەوانەکان لە رووی نووسین و ناوھێنانەوە زۆر لە یەک جیان ،
جاری واھەیە خوێنەر سەری لێ سووردەمینێ کە ناوی کامە پاڵەوان ڕاسترە.لە
بەراوردکردنی ئەم ناوانە بزانە لەرووی فۆنەتیک و گۆرینی وشەکە چەند
جیاوازە.(سانتیاگۆ نازار -سنتیاگۆنەسار ، ئەنخێلا ڤیکتۆریا - ئەنجیلا
فیکاریۆ ، کلۆتیلدا ئارمێنتا - کلۆتیلدی ئەرمینتا،خایم - جیم ،
ڤیگتۆریا گازمەن -ڤیکتۆریا گوپمان،مارکۆ - مارگۆت ، ئۆرتنزیا بایۆتە -
ھورتینسیا باوتی، بامیل شایۆم -جەمیل سایم ، میمی لویز- می می لۆئایسا....ھتد.ھەروەھا
ناوی شوێنیش وەکو (کاساتار -کاساناری ترسوبیم ، کۆراسایۆ - کورتاپۆ،
تاکارینکا -توکرینکا ، ئەل دیوینۆ - ئەلدیفینور روسترودا ، زانکۆی
سالامانکۆ - زانکۆی سلمنکا... ھتد.
لە خوارەوەش چەند
رستە و دیالۆک و پەرەگراف ئاماژەیان پێدەدەین و تیشک دەخەینە سەر
جیاوازی و ھەڵەکانیان.
- مرۆڤ ئەتوانێ بەیانیەکی شوباتی ئەو دەمە بێنێتە بەرچاوی خۆی .
ئەرخەوان .ل٨.
- چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی تەمموز لە ھەموو ڕۆژەکاندا بە باشی
ھەڵبکات.حەمە .ل١٠.
جیاوازی نێوان مانگی (شوبات) و مانگی (تەموز) کە یەکێکیان دەکەوێتە
کۆتایی وەرزی زستان و ئەویتریان وەرزی ھاوین.
- چوار تفەنگی ھەڵگرت ، یەکێکیان مالینشیر شوناور ٣٠٠٦ بوو. ئەرخەوان
،ل٩.
- چەند چەکێکی دیکەشی وەک مانلیچەر شۆنار ٣٠/٦٠ . حەمە ،ل١١.
لە نێوان ئەم دوو ژمارەیە ، ئەگەر ھەڵەی چاپ نەبێت ئەوە بێگومان
یەکێکیان کەوتۆتە ھەڵەوە .ژمارەکە جیاوازی زۆرە.
- لە دوا ھەفتەی کانوونی دووەمدا بیست و یەک ساڵ تەمەنی تەواو
کرد.ئەرخەوان ، ل١٠.
- ھەفتەیەک بەر لە کۆتایی مانگی ئازار تەمەنی بیست و یەک ساڵ بوو .
حەمە ، ل١٣.
کانوونی دووەم دەکاتە مانگی (١) و ئازار مانگی (٣) ئەوا یەک لەو دوو
وەرگێڕە ئەم ھەڵەیان بە سەر دا تێپەریووە.
- ھەر کە قوتابخانەی ئامادەیی تەواوکرد بە ھۆی مردنی باوکیەوە ناچار
بوو واز لە خوێندن بێنێ.ئەرخەوان ، ل ١١.
- سانتیاگۆ دوای مردنی باوکی درێژەی بە خوێندنی ئامادەیی نەدا .حەمە
،ل١٤.
سانتیاگۆ دوای مردنی باوکی وازی لە خوێندن ھێناوە ھی یەکەم دەڵێت
خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە ، کەچی لە ھی دووەم درێژەی بە خوێندنی
ئامادەیی نەداوەو تەواوی نەکردووە.
- نە ئەو رۆژەو نە سەرانسەری مانگی شوبات ئەو ساڵە باران نەباریووە .
ئەرخەوان ، ل١٢.
- سوور بوو لە سەر ئەوەی لە مانگی نیساندا بۆ جارێکیش باران نەباریووە
. حەمە ، ل١٥.
ھەردوو وەرگێڕ دەڵێن باران نەباریووە، بەڵام یەکێکیان دەیباتەوە بۆ
مانگی شوبات و ئەویتریش مانگی نیسان.
- کە ئەیروانیە سەر دارمۆزەکانی گۆرەپانەکەوە. ئەرخەوان ، ل١٤.
- کە لێواری دارچوالەکانی گۆرەپانی بەندەرەکە ، بە باشی دەبینرا .حەمە،ل١٨.
لە نێوان (دارمۆز )و (دار چوالە) جیاوازی زۆر ھەیە ئێمە نازانیین بە
کامەیان باوەربکەین.
- ئەوە یەکەم چاو چوونە خەویان بوو لە ڕۆژی شەممەوە .ئەرخەوان ،ل١٨.
- چاویان لێکنابوو و خەویان لێکەوتبووەوە.لە ڕۆژی یەکشەمەوە تا ئەو
کاتە نەخەوتبوون .حەمە ،ل٢٣.
چاو چوونە خەوەکەیان لە ھی یەکەم (شەممە) یەو لە ھی دووەمیش (یەکشەممە)یە.
- قوتابیانی قوتابخانەی ڕەبەنەکان بە بەرگی تایبەتی ھەتیوانەوە بە
ھەراو ھۆریاو پەلە پەل بە گۆرەپانەکەدا تێ ئەپەرین. ئەرخەوان ،ل١٨.
- کچە بچووکەکانی کلێسا بە یەکپۆشییەکی تایبەتەوە ، لە سوچی مەیدانەکە
دەرکەوتن .حەمە ،ل٢٤.
دەکرێت قوتابیانی قوتابخانەی رەبەنەکان ھەردوو ڕەگەزی لە خۆگرت بێت ،
رەبەنیش بن وەک لە ناوەکەوە دیارە کە بەرگی تایبەتیان لە بەر بووە،
کەچی لە ھی دووەم تەنھا کچ دەبینرێت ئەویش بچووک کە سەر بە کلێسابووە.
- مەتران بە سیپاڵێکی سپی یەوە وەستا بوو لە نێوان دەست وپێوەندە
ئیسپانیەکانیدا .ئەرخەوان ،ل١٩.
- ئەسقەف لە سەر ڕووتەختی سەرەوەی کەشتیەکە ، نزیک ژووری کاپتن بە
ڕووپۆشێکی سپییەوە ، لە گەڵ ھاوڕێ و ھەڤاڵەکانی دا وەستا بوو .حەمە ،
ل٢٥.
لە ھی یەکەم ئاماژە بەوەی دەدا کە مەتران لە نێو دەست و ھاوڕێ
ئیسپانیەکان وەستاوە . کەچی ھی دووەم ھیچ باس لە ھاوڕێ ئیسپانیەکان
ناکات.
- ئێستا سەعات چەندە؟ کاتژمێر شەش و بیست و پێنج دەقیقە بوو. ئەرخەوان
،ل٢١.
- کاتژمێر چەندە ؟ پێیانگوت: شەش و پێنج خولەکە.حەمە ،ل٢٧.
لە نێوان بەرسڤی ھەردوو کاتژمێرەکە بیست دەقیقەی جیاوازی ھەیە ،
جانازانم کاتژمێری کامەیان ھەڵەیە!
- بیاردوسان رومان ، ئەو پیاوەی ژنەکەی خۆی ناردەوە ، لە مانگی ئابی
ساڵی پێشوودا بۆ یەکەم جار پێ ی نایە ئەم گوندە .ئەرخەوان ،ل٢٥.
- بایاردۆ سان رۆمان ، ھەر ئەو زاوایەی کە بووکەکەی بۆ ماڵی باوکی
گەڕاندەوە ، شەش مانگ پێش مەراسیمی ھاوسەرگیری ، واتە لە مانگی تشرینی
یەکەمی مانگی ساڵی ڕابردوودا. حەمە ،ل٣٧.
وەک لەم روونکردنەوەیە دەردەکەوێت ئەو ئەوکاتەی پێ ناوەتە ئەو گوندەی ،
شەش مانگ پێش پرۆسەی ھاوسەرگیری بووە ،بۆیە جوانترە زاوا بەکاربھێنیت
لە جیاتی پیاو بووکیش لە جیاتی ژن واتە زاوا بووکەکەی بۆماڵی باوکی
گەڕاندەوە.
- وەک نێرەمووک دیار بوو. ئەرخەوان ،ل٢٦.
- لە یەکەم بینینیدا لە نێرباز دەچوو. حەمە، ل٣٧.
نێرەمووک خاوەن ھەردوو رەگەزەو لە رووی جەستەوفیزیۆلۆجی جیاوازە لە
مرۆڤی ئاسایی ، بەڵام نێرباز لە رووی کۆمەڵایەتی و ئەخڵاق و یاسا و
دابو نەریت لای داوە یاخود تووشی لادانی سێکسی ھاتووە ، جانازنم مارکیز
کام وشەی بەکارھێناوەو ئەم دوو وەرگێڕەش چۆن وەریان گێراوە.
- لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا نیوەڕیەکیان بیاردوسان رۆمان لە سەر
کورسیەکی لەرزۆک لە ھۆڵەکەدا خەریک بوو سەرە خەوێکیان ئەشکان.ئەرخەوان
،ل٢٨.
- لە پاشنیوەرۆیەکی مانگی تشرینی دووەم ، باباردۆ لە سەر کورسیەکی
بێشکەیی ، دوای خواردنی نانی نیوەرۆ ، سەرەخەوی دەشکاند حەمە ،ل٤٠.
لای ھەردوو وەرگێڕەکە دیارە دوانیوەڕۆیە ، بەڵام نازانین نێوەڕۆیەکەی
مانگی( ئەیلوول ) یا (تشرینی دووەم)ە.
- "ئەھا ئەوە کچە پوورە گەوجەکەتە ، ھەر بۆ ئەوە باشەبە تەلێکەوە ھەڵی
واسی " ئەرخەوان ،ل٣٢.
- "کچە خاڵە گەمژەکەی تۆ ، وەک ماسیەکی وشکەوەکراو ، لەڕولاوازدەبێت.
حەمە ، ل٤٥.
ھەروەھا جاریکی تر ئەم جیاوازییە بەدێدەکرێت . وەک لە رستەی:
- کچە پورەکەت ھەواڵت ئەپرسێ . ئەرخەوان ،ل٨٠.
- کچە خاڵەکەت سڵاوی بۆناردووی. حەمە ،ل١١٣.
لە نێوان (کچە پوور) و (کچە خاڵ )جیاوازی ھەیە ،جانازانین کامە بە
دروستی ئامانجەکەی پێکاوە.
- لە گەنجێتی دا بە جوانترین کچ ھەڵ بژیررابوو لە نێوان دوو سەد
جوانترین جوانەکانی ئەنتیل.ئەرخەوان ،ل٣٣.
- لە کاتی گەنجیدا ، لە ناو بیست کچی جوان و ھەڵبژێردراوی ئەنتیل ، وەک
شاجوان دیاریکرابوو. حەمە،ل٤٦.
ئەو کچەی دیارە بوویتە شاجوان لە کچە جوانەکانی ئەنتیل ، دەبینین لە ھی
یەکەم لە نێوان (٢٠٠) و لە ھی دووەمیش(٢٠) ھەڵبژێردراوە .جانازانین لەم
دوو وەڕگێرە کامە کێشەی سفرەکەی بۆدروستبووە.
- دکتۆر سیوسی بێوە پیاو دوای دوو مانگ مرد.ئەرخەوان ،ل٣٧.
- خیوس دوای تێپەرینی ساڵێک بە سەر ئەم رووداوە مرد. حەمە ،ل٥١.
مردنی دکتۆردوومانگ لە گەڵ تێپەرینی ساڵێک زۆر دەکات لە ھی یەکەم ھێشتا
کفنەکە زەرد نەبووە ، بەڵام ھی دووەم ساڵێک زۆرە وەک کورد دەڵێت ئێسک و
پروسکیش نەماوە.
- ناتوانێ مانگایەک سەر ببڕێ ئەگەر لەوەوبەر ناسیبێتی و بە تایبەتی
ئەگەر لە شیرەکەی خواردبێتەوە .ئەرخەوان،ل٥٠.
- ناتوانم گایەک سەرببڕم ، کە پێشتر بیناسم . بە تایبەت ئەگەر شیرەکەشی
خوارد بێت .حەمە ،ل٧٠.
لە رستەی یەکەم مانگا بەکارھاتووەو شیریش بەرھەم دەھێنێ ئەمەیان
تەواوە، بەڵام لە ھی دووەم (گا)بەکارھاتووە ئەمەش بۆ ئاژەلّی نێر
بەکاردێت نەمانزانیووە گا ، شیری بدات ، لەم باریووە وەرگێڕی دووەم
پەندە کوردییەکەی (نێرە بیدۆشە!)ی سەلماندووە!
- لە نێوان ئەو ھەموو برینە زەوەندەی بەلاشەکەوە بوون ، حەوتیان کوشندە
بوون .... یەک برین بە پشتیەوە بوو ، ئەویش لە ئاستی بڕبڕەی سێیەمی .
سێبەندەی دابوو گورچیلەی چەپی کون کرد بوو. ئەرخەوان ،ل٦٩.
- لە ناو برینە بێشومارەکانی تەرمەکەدا ، پێنج دانەیان کوشندەتر
دیاربوو .... بە تەنھا یەک لێدانی چەقۆ لە سێیەمین بڕبڕەی کەمەریدا
دەبینرا و گورچیلەی لای راستی کون کردبوو .حەمە ،ل٩٨.
بە گوێرەی وەرگێڕی یەکەم حەوت برینی کوشندەیە لە ھی دووەم پێنج دانەیە
، لە وەرگێڕی یەکەم باس لە گورچیلەی چەپ دەکات کوون کراوە ھی دووەم
گورچیلەی ڕاست. ئاخر ئەم جۆرە جیاوازیە لە راپۆرتی پزیشکی و دادگا کاری
پێدەکرێت .جانازانین زانیاری کامە وەرگێڕ لە سەر برینەکوشندەکان و
گورچیلەکان راستە.
- ژنەکە پێ ی َوتم " وەکو مشکە کوێرەی گەوج ئەیجوێ " . ئەرخەوان ،ل٧١.
- دایکی پێ ی گوتم "وەک شێتەکان قەپاڵی لێدەگرێت ، ھەندێجار بە پەلەو
ھەندێجار لە سەر خۆ" حەمە، ل١٠١.
لەم دوو دێرەی سەرەوە ئەگەر ئیدیۆمە یان پەند نازانم چ مانایەک بە
یەکتریان دەبەستێتەوە، باس لە کچێکی کچکە دەکات گەنمەشامی بەدەستەوەیە
لە ھی یەکەم ئەم دیمەنەی بە مشکە کوێرەو ھی دووەمیش بە شێتی خستۆتە
روو.
- لە کاتژمێر شەشی ئێوارەدا لەو دەمەدا کە لاشەکەی سنتیاگۆنەساریان
توێگەری ئەکرد.ئەرخەوان، ل٧٣.
- لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا ، کە توێکاریی جەستەی سانتیاگۆ نازار
کۆتاییھات. حەمە ، ل١٠٣.
بێگومان وەرگێڕێک لە نێوان کاتژمێر شەشی ئێوارەو شەشی بەیانیدا تووشی
ھەڵە ھاتووە.
- بابلۆ فیکاریۆ پێ ی وتم " لە ئاودا نقوم بووم"" نەمان توانی ئەوە لە
سەرمان دەرکەین کە تورکەکان ئەمەیان کردووە" ئەرخەوان ل٧٣.
- پابلۆ ڤیکاریۆ پێی گوتم : - بە تەواوی ترسابووم ، بیرکردنەوە لەوەی
ئەو عەرەبە خوێریانە ئەم کارەیان کرد بێت ، ھەراسانیان کردبووم . حەمە
، ل١٠٤.
(لە ئاودا نقووم بووم) ئەوکاتەی مرۆڤ دەکەوێتە ئاو مەترسی خنکانی
لێدەکرێت ، بەڵام (بەتەواوی ترسابووم) حالەتێکی سایکۆلۆژیە لە رووی
فاکتەرێکەوە تووشی شلەژانی دەروونی دەبێت ، ھی یەکەم باس لە تورکەکان
دەکات و ھی دووەمیش عەرەبەکان.
- ھۆ تورکی لێرەوە مەبە لە لای بەندەرەی کۆنەکەوە برۆ. ئەرخەوان ،ل١٠٣.
- ھۆ کابرای عەرەب لە مەیدانەکە مەڕۆ!حەمە ل١٤٧.
جاریکی تر عەرەب و تورک بەکارھاتوون.
- نامەوێ کەس وەڕسم بکات ، ئەگەر لوقمانی حەکیم بووە بە خۆی و
چارەسازییەکانەوە .ئەرخەوان ،ل ٧٨.
- کەس بێزارم نەکات ، بە تایبەتی باوکم بەو جووتە گونە لە کار
کەوتوانەی ! حەمە ،ل١٠٩.
لەم دوو دەستەواژەیەی سەرەوە مانایەکی جیاواز دەبەخشێت لە ھی یەکەم
لوقمان حەکیم و لە ھی دووەم جووتە گونی لە کار کەوتووی باوکم. دەبێت
مارکیزیش ئەم دەستەواژەیەی چۆن نووسیبێت.
- دکتۆر دیونیسیو ئەگواران بە سواری ئێسترەکەیەوە کە لە کاتی پەلەدا
بەکاری ئەھێنا . ئەرخەوان ،ل٧٨.
- دکتۆر دیۆنسیۆ ئیگواران بە خۆی و گوێدرێژێک کە سندوقی فریاکەوتنی
سەرەتایی و لە ناکاوی لە سەر بوو ، گەیشتە لایان . حەمە ،ل١١٠.
لەم دوو رستەیە دکتۆر یا (ئێستر یان گوێدرێژ) ھەبووە ، ئەمەش ئەگەربۆ
سواری بێت یان بار یەکێکیان لە ئەویتر باشترە.
- کاتژمێر نزیکی شەش بوو لە پەنجەرەکانەوە ھەتاوێکی ئاڵتوونی ھاتبووە
ژوورەوە .... ھەمیشە وا راھاتبوو کە کاتژمێر شەش ھەستێ . ئەرخەوان
،ل٩٥.
- ھێشتا کاتژمێر حەوت نەبووبوو و ڕووناکی زێرینی خۆر لە پەنجەرەکەوە
دەھاتە ژوورەوە....لە کاتژمێر حەوتدا چاوبکاتەوە . حەمە ، ل١٣٥.
لە ھی یەکەم دەڵێت کاتژمێر نزیکی شەش بوو ، ھەتاو لە پەنجەرە ھاتە
ژوورەوە بەردەوامیش لە کاتژمێر شەش ھەڵدەستا ، کەچی وەرگێڕی دووەم
دەڵێت حەوت نەببوو ، لە کاتژمێر حەوتیش لە خەو ھەڵدەستا . وەرگێڕێک
تووشی ھەڵەی ئەم شەش و حەوتە ھاتووە.
- دەمانچەی ماگنۆمی پێ یە کە دیوار ئەسمێ . ئەرخەوان ،ل٩٧.
- سانتیاگۆ چەکی پێیە دەتوانێت بە ماگنۆمەکەی ، مەکینەی ئۆتۆمبێلیش کون
کون بکات ! حەمە ،ل١٣٩.
دەمانچە جۆرێکە لە چەک ، چەکیش سووک و قورسی ھەیە لە ھی یەکەم بە
دەمانچە ناوی ھاتووەودیوار ئەسمێ ، لە ھی دووەم بە چەک ھاتووە باس لە
کوون کردنی مەکینەی ئۆتۆمبێل دەکات .مەکینەودیوار بۆگوللە لێدان
جیاوازی ھەیە.
- لەم دێَ یەدا کە گشتیان نێرەمووکن پیاوێکی تێدا نییە. ئەرخەوان ،ل٩٨.
- لە گوندێکدا ، کە ھەموو دانیشتوانەکەی نامەردن. حەمە،ل١٤٠.
دەکرا وشەی نێرمووک ھەر بەکار نەھاتبوایە کەوتمان ئەو گوندە پیاوی
تیدانییە ، واتە ھەموویان ترسنۆک و نامەردن.پیاوی ئازای تیدانییە.
- لە لاپەرە ٣٨٢پێش نووسەکەدا . ئەرخەوان ،ل١٠١.
- ئەو لە پەراوێزی لاپەرە ٣٢٨ی راپۆرتەکەیدا . حەمە،ل ١٤٤.
ئەگەر ئەمە ھەڵەی چاپ نەبێت ئەوا (٣٨٢) و(٣٢٨) ئەم ھەڵەشیان دەکەوێتە
ئەستۆی وەرگێڕێک.
- لە تووڕەییدا رەنگی سەوز ھەڵ گەڕابوو . ئەرخەوان ، ل١٠٢.
- میگل لە تاو توڕەی دەمو چاوی شین ھەڵگەرابوو .حەمە،ل١٤٥.
زۆر جار دەبیستین ئەم منداڵە لە تاو ئازاری شین ھەڵگەڕاوە ، پێستی شین
و مۆر بووەویان ئەو پیاوە لەماندووتیان ئارەقەی شین و مۆری دەرداوە ،
بەڵام نەمانبیستووە بڵێن لە تووڕەیدا سەوز ھەڵگەڕابوو .
جانازانین رۆمانووسیش، سەوزی بەکار ھێناوە یاخود شین.
- ئەوەی دوا جار ھاتە دەرەوە باوکی بوو ناھیر میگیل . ئەرخەوان ،ل١٠٢.
- یەکەم کەس گەیشتە ئەوێ ، نەھیر میگێل باوکی فلۆرا بوو . حەمە ،ل١٤٥.
لە ھی یەکەم دەڵێت ئەوەی لەدوای ھەموو کەسەکان ھاتە دەر ناھیربوو ،کەچی
دووەم دەڵێت یەکەم کەس گەیشتە ئەوێ . جانازانم لە نێوان گەیشتن وەک
یەکەم کەس و رۆیشتن وەک دواھەمین کەس کامە ڕاسترە.
- یەکەم لێدانی بیدرو فیکاریو بگرێ کە لە لای چەپیەوە بە چەقۆیەکی ڕێک
پەلاماری دا. ئەرخەوان ،ل ١٠٥.
- تا یەکەم لێدانی چەقۆی پیدرۆ ڤیکاریۆ لە لای ڕاستەوە ڕابگرێت. حەمە
،ل ١٥٠.
لە نیوان ھەردوو لێدانەکە ھی یەکەمیان چەپ و ھی دووەمیان ڕاست . دەبێت
کامە وەرگێڕ راستیەکەی دەستنیشان کردبێت.
ئەم وردە سەرنج وھەڵانە و چەندانی تر لە ھەردوو رۆمانەکە داھەیە ، ئەمە
بێجگە لەو وشانەی لە رووی شێوەی نووسینیان (دارێژراوو لێکدراو)کەموکوری
بەرچاو دەکەوێت .بەومانایاش نا لە بەھای رۆمانەکەو ھەوڵ و ماندوو بوونی
ھەردوو وەرگێڕەکە کەم بکەینەوە ، چونکە کاتی خۆیان بۆکارێکی پیرۆزو
بەھادار تەرخاناکردووەو بە ھیوای بەرھەمی نایابتر و باشترو سەرکەوتنی
بەردەوام.
__________________________
سەرچاوەکان:
١.
دیوانی حاجی قادری کۆیی، ھەرکوردە ، لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی : سەردار
میران و کەریم شارەزا ، سنە ،٢٧٠٧، ل٢١٩.
٢.
گابرێل گارسیا مارکیز ، رۆمانی(چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا )وەرگێڕانی :
ئەرخەوان ، بنکەی ئەدەبی و روناکبیریی گەلاوێژ ،چاپی دووەم ، ٢٠٠٠.
٣.
گابرێل گارسیا مارکیز ،(راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو)
وەرگێرانی لە فارسیەوە: حەمەقادر،ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و
بڵاوکردنەوە ، چاپی یەکەم ، ٢٠١٣.
٤.
پەروین عوسمان مستەفا عەللاف ، واتاو وەرگێڕان ،دەزگای توێژینەوەو
بڵاوکردنەوەی موکریانی ،ھەولێر ، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٩ ، ل١٨.
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|