٧\١٠\٢٠١٦
بەراوردکردنی ئەوەی لە
رۆژاوا
روویداوە
بەوەی لە ئیسپانیای سەردەمی جەنگی
نێوخۆ
ستەمێکی گەورەیە.

زاھیر باھیر
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ماڵپەڕێکی ئەنارکستانەوە ئیمەیلێک بۆ منیش ھات
کە وتارێکی ھاوڕێیەکی ئەنارکیست لە ئیرلەندە، بوو، کە بە دوورو درێژ
لەسەر بزوتنەوەی جەماوەری ڕۆژاوا، بوو . لەو وتارەدا گەلێک خاڵی باشی
دەربارەی ڕۆژاو تیادایە و ھاوکاتیش پەنجەی خستۆتە سەر ھەندێک خاڵی
لاوازی . بەڵام لە ھەمووی خراپتر ئەو بەراوردکردنەیە کە بەیەکیان دەکات
. ھەڵبەتە دەستنیشانکردنی جیاوازی نێوانی دوو شت ، زۆر جیایە بە
بەراوردپێکردنیان.
پێشئەوەی بێمە سەر خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان ، دەتوانم بلێم ئەوەندەی
کە من لە ئەنارکیزم گەیشتبێتم، خودی بەرواردکردن لە ھەر بوارێکدا بێت
ھەڵەیە ، چونکە ئەنارکیزم ڕووداوەکان ، دیاردەکان بە ڕەھایی و پێرفێکتی
وەرناگرێت و شتەکان لە نێوانی ڕەش و سپیدا نابینێت و ڕوودان و
ڕوونەدانی ھەر شتێک بە ژمارە ھۆکارێکەوە ، گرێدەداتەوە ، ئەمە جگە
لەوەشی کە کار کەوتە سەر بەراوردکردن ئەوکات کێشەی تەحەکوم و حوکمدان
بەسەر ڕوداوەکاندا ، دیاردەکاندا، دەکرێت و بە ھەڵە لێکدەدرێنەوە . لای
من ھیچ جۆرە بەراوردێک ڕاست نییە ، تەنھا بەراوردکردنی کێشەیەکی
دیاریکراو لە ھەنووکە و ڕابوردوودا، یاخود ھەڵسەنگانی خۆت یا کەسایەتی
خۆت ، بیرکردنەوە و بۆچونت ، لە ھەنووکە و ڕابوردوودا ، نەبێت.
بۆچی بەرواردکردنی نێوانی ئەو دوو بزوتنەوەی سەرەوە، یا شۆڕشەی سەرەوە
ھەڵەیە؟
• سەردەمی ئیسپانیای جەنگی جیھانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩ ئەنارکیزم وەکو ھزر و
وەکو بزوتنەوەش زۆر بەھیز بوو. ماوەی نێوانی سەرکوتکردنی ئەنارکیستەکان
لە کرۆنشتان ، ئۆکرانیا لە سەردەستی سوپای سوری بەلشەفییەکاندا ،
فەترەیەکی کەمبوو وەک لە ڕوودانی جەنگی ئەھلی ١٩٣٦ -١٩٣٩ تاکو ٢٠١٤ ی
ڕۆژاوا. دوای جەنگی ئەھلی ئیسپانی ، بەڕای من، بزوتنەوەی ئەنارکیستی لە
زۆربەی ساڵەکاندا لە پاشە کشەدا بووە جگە لەو ساڵانەی کە بزواتی
ئەنارکیستانە لەژیر ناوی ئەنتی کاپیتاڵیستی و دژ بە پەیمان بەستنە
بازرگانییەکان و گڵۆبەزایشن و بانقی نێودەوڵەتی و ێندوقی دراوی
نێودەوڵەتی و شەقامەکان بۆ خۆمان و ھەروەھا بزوتنەی زاپێتێستا. ئەو
کەلێنە ٧٥ ساڵییەی کە لە نێوانی ئیسپانیا و ڕۆژاودا، کە زۆربەی وەخت
خامۆش بووە ، مایەوە، بمانەوێت و نەمانەوێت کارایی خۆی لەسەر
بزوتنەوەی ئەنارکیستی داناوە.
• لە ئیسپانیادا حیزبەکانی وەکو حیزبی کۆمۆنیست و ڕەوتەکانی دیکە
ڕۆڵیان لەسەر ھزر و بزوتنەوەی ئەنارکیستانی ئەوێ نەبووە ، واتە خۆیان
ڕاستەوخۆ بەشدارییان کردەوە بە بۆچونی خۆیان و لەڕێگای کۆبونەوە و
بەکارھێنانی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆە ، بڕیارەکانیان داوە و کاریان بۆ
کردوە. بەڵام لە ڕۆژاوا ، ئەوە نکوڵی ناکرێت کە دوو حیزبە سەرەکییەکە،
پەکەکە و پەیەدە، ڕۆڵی دیاریکراویان لەسەر بزوتنەوەی ڕۆاژاوا ھەبووەو
تا ئێستاش ھەر بەردەوامە.
• ھاریکاریی دەیەھا ھەزار کەس لە ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازان و
مارکسییەکان و نقابییەکان بۆ شۆڕشی ئیساپانیا. ھاوکات ئەو ھاریکارییە
یەکجار ھەر یەکجار کەمبووە بۆ ڕۆاژاوا ، کە ھاوکاریش ڕۆڵێکی گەوەرە
دەبینێت لە سەر بزوتنەوەی ڕۆژاوا و داھاتوشی.
• ئیساپانیای ئەو کاتە وڵاتێکی سەرمایەداری ئیمپریالی بوو ، واتە
کرێکاران لەوێ چینێکی پتەو و کارامە و خاوەنی نقابەی وەکو
(سی ئێن تی) بوون کە بە دەیەھا ھەزار کرێکاریان ھەبوو ھاوکاتیش زۆر خۆڕێخراو بوون
. ھەرچیش ڕۆژاوایە ھەموومان دەزانیین بەھۆی سیاسەتی حکومەتی سوریاوە
ھەر لە شەستەکانەوە تا ئێستا بە بەکارھێنانی سیاسەتی " پشتوێنی سەوز"
نەک ھەر بە پیشەسازیکردنی کوردستانی ڕۆژاوا، بە ئەنقسەت ، فەرامۆش
کرابوو، بەڵکو دروستکردنی بیناش یاساخ کرابوو. کەواتە بەراوردی دوو
وڵاتی ، دوو دەڤەری زۆر لە یەک جیاواز ، کە یەکێکیان لە ڕوی
پیشەسازییەوە پێشکەوتوو ، ئەوی دیکەیان بە پێچەوانەوە، زۆر ھەڵەیە.
• ئیساپانیا کە خۆی وڵاتێکی ئەوروپییە لە زۆر ڕووەوە : کۆمەڵایەتی
سیاسی و کوڵتوری و ڕۆشنبیری و پێگەی جوغرافیشییەوە زۆر نزیکتربوو ،
نزیکترە لە ئەوروپاوە تاکو ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە ئەو نزیکبوونە، نزیکتریان دەخاتەوە و زانیارییەکان و ئەزموونەکانی ئەوروپا بە
ڕوسیاشەوە باشتر و ڕاستەوخۆیانەتر دەگوازرانەوە و دەگوێزرێنەوە بۆ
ئیسپانیا تاکو ڕۆژاوایەکی ھەژاری بندەستی سوریا و کە زۆرینەیەک لە
خەڵکەکەی، نەخوێندەوارن.
• ئیسپانیا و ڕۆژاوا ھەردووکیان لە خاڵی جەنگی
نێوخۆ و داگیرکردن و
یارمەتی ڕوسیا بۆ شیوعییەکانی ئیسپانیا، لە ڕۆژاوادا یارمەتی تورکیا و
قەتەر و سعودییە بۆ داعش و زۆر خاڵی دیکە ، ھاو بەشیتییان ھەیە ، واتە
خاڵە ناوکۆییەکانی ھەردووکیانن . بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییەی کە من
لەسەر ھەردوو لایان، ھەمە، دووژمنەکانی ڕۆاژاوا زیاترن، دڕندەترن،
ھاوکاری مادی مەعنەوی زیاتریان لە دوژمنەکانی ئەو سەردەمەی
ئەنارکیستەکانی ئیسپانیا ، ھەیە. بەرھەڵستی یەپەگە و یەپەژە لە
بەرانبەر دەسەڵاتەکانی ناوچەکەو ھێزی داعش ، ڕەنگە مێژوو تا ئێستا ئەو
گیانبەختکردن و خۆنەویستییەی نەدیتبێت، ھەر بۆیەش گیانبەختکراوانی
ئەمان بە چەندەھا جار لە گیانبەختکراوانی ئەنارکیستەکانی ئیساپانیا،
زیاترە. دوژمنەکانی ئەنارکیستەکان لە ئیساپانیاندا لە جاو دوژمنانی
خەباتکەرانی ڕۆژاودا، بە ھیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت.
• پێش شۆڕشەکەی ئیسپانیا، ئەنارکیستەکان خۆیان وەکو بزوتنەوە بەھێز
بوون ، خاوەن
ئەزموون بوون، بە سەدەھا سەرچاوەی ئەنارکیستییان لە
بەردەستدا بوو ، ئاسۆی تێکۆشانیان ڕوون بوو، بەھۆی ھزری ئەناکیستییەوە
کە ھەیانبوو دەیانزانی چیدەکەن و چیان دەوێت. بەڵام لە ڕۆژاوا ڕەنگە بە
دەگمەن ھەبووبێت کە ھەر ناوی ئەنارکیستیان/ ئەنارشییان بیستبێت ئیدی لە
باقییەکەی دیکەی بگەڕێ. ھەر ھەموو سەرچاوەکانی خۆپێگەیاندن و
خۆڕۆشنبیرکردن و خۆڕێکخستن ، لە ڕۆژاوا، ھەمووی لە کتێبەکان و
نوسینەکان و موحازەرە و ڕاسپاردراوەکانی بەڕێز ئۆجەلانەوە وەرگیراوە و
وەردەگیرێ.
• لە ئیسپانیا بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە نێوانی دوو داھاتوودا بوو :
سەرکەوتن یاخود تێشکانێک کە ھەتا ئێستاش وەکو ئەستێرەیەکی گەش لە
ئاسمانی مێژووی تێکوشانی ئازادیخوازاندا ماوەتەوەو دەمێنێتەوە،
ئەزموونێکی گەورەی گەلێک گەورەی لە دووی خۆی بەجێھێڵاوە. ھەرچیش
ڕۆژاوا ھەیە لە نێوانی ٣ ھەلبژاردەدایە : یەکەم: سەکوتکردن و تێشکانی
تەواو چ لە ڕووی سەربازیی و چ لە ڕووی ئەوەی کە بەدەستھێراوە (کە ئەمە
گریمانێکی یەکجار کەمە). دووەم ڕۆیشتن لەگەڵ نەزمی نوێی سیاسەتی نیو
لیبراڵ و بازاڕ
- ئازاد بە دروستکردنی جۆرێک لە دەسەڵاتی ھاوشێوەی
دەسەڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە. سێیەم: گرتنەبەر و خۆگرێدانەوە بە ھزر و
داخوازیی و ئامانجەکانی ئۆجەلانەوە و کارکردن لەسەر لاوازی ڕۆڵی حیزب و
ھەنگاونان بەرەو کۆنفیدراڵیزم، ھەروەھا کەمتر باسکردن لە کوردایەتی
و یەکگرتنی کوردان و
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد.
٢\١٠\٢٠١٦
- لهندهن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|