بەردبارانکردنى
زیناکاران
بەردبارانکردنى مرۆڤایەتى.
خوێندنەوەیەکى سەرەپێى بۆ سزاى بەردبارانکردنى
زیناکاران لە ئایینى ئیسلام و وڵاتى ئێراندا.
ئەنیران غەفوورى
(1-3)

پێشەکى:
لە سەدەى بیست و یەکەمدا چ لە سزاى بەردباران بکەین؟ چۆن رزگارمان
دەبێت لەم شێوە ژیانە وەحشیانەى سەردەمەکانى سەرەتا و نێوەند؟ کێ
ئەتوانێت حوکمى کوشتنى هاوجۆرەکەى خۆى بدات؟ کێ هەست و سۆزى ئەوەندە
رەقاوییە کە هاوجۆرەکەى خۆى بە بەرد بکوژێت؟ کاریگەرى مافى مرۆڤ
لەچیدایە؟ کوا مافى تاک و بەتایبەت مافى ژنان؟
لەم وتارەدا ئەوەندەى پشت بە بەڵگە و دیکۆمێنت دەبەسترێت، ئەوەندە روو
لە سۆز و هەست ناکرێت و هەر لێرەدا کێشەى بەردبارانیش بەتایبەت لە
دنیاى ئیسلامدا بە شێوەیەکى دیکۆمێنتارى دەخرێتەڕوو. رەنگە ئەم وتارە
دڵۆپێک بێت لە زەریایەکى بەرین لە پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ. ئەوەندە
دەخوازین کە ئەم نووسینە زانیاریی و لێکدانەوەیەکى هەرچەند کورت، بەڵام
بەپێز بداتە خوێنەر!
مێژوو:
مێژووى مرۆڤایەتى خاڵى نییە لە کوشت و کوشتار و بڕین و قەتڵوعام.
لاپەڕەکانى مێژوو سووربوونە بە لەنێوبردنى نەیار و دوژمنەکان. رەنگە
ئەمە زۆر گرینگ نەبێت و بچێتە خانەى شەڕەوە. ئەوەیکە پێویستە هەڵوەستەى
لەسەر بکەین، ئەو کوشتن و ئیعدامانەیە کە لەبەر رێکنەکەوتن لەگەڵ یاسا
و عورف و نەریتییەکانەوە، سزاى قورس دێتە گۆڕێ و دواجار لەنێوبردن
دەبێتە رێ"اچارەى خۆ خاڵیکردنەوەى رق و کینە. بۆ نمونە لێرەدا تیشک
دەخەینە سەر جۆرە سزایەک کە لە بنەڕەتدا دەگەڕیتەوە بۆ مرۆڤگەلێ کە بە
ئاوەزێک ئیش دەکەن کە مرۆڤبوونیان لا گرینگ نییە کە ئەویش سزاى "بەردباران"ە.
بەردباران جۆرە سزایەکى مەرگاویە کە لە رێگاى هاویشتنى بەردەوە (کە
بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێ) بۆ کەسى سزا بەسەرسەپێنراو ئەنجام دەدرێ. ئەم
جۆرە ئیعدامە سەرتا لە یۆنان و رۆمانى کۆن دەستى پێکرد و دواتریش لە
دینى یەهودییەت و ئیسلام رەواجى پەیدا کرد. لێرەدا کورتە مێژوویەک باس
دەکەین وەک دانانى بناغە و دروستکردنى هزرێک لەلاى خوێنەر.
بۆنەی (جادوگەرى سوتێنەر)، تەنها پەیوەست ناکرێت بە مەسیحیەکان و سەدەى
نێوەندەوە، چونکە لە رابردوودا و بەرلەوەى کە دینەکان بتوانن رۆڵى
تایبەتى خۆیان بگێڕن لە کۆمەڵگادا، شتێکى وەها باو نەبووە کە بتوانرێ
ناوى سزاى لێ بنێین، ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاڵفامى و سەرەتایى
ژیانەى مرۆڤ کە ئیزنى کوشتنى بەرامبەرەکەى لەسەر شتێکى وەکوو زینا
نەداوە. دواى ئەوەیکە مرۆڤ مێشک و هزرى کردە سەنگى مەحەک و و
ئەوجارەیان بە ئاوەز رێگا و یاساکانى دانا و مرۆڤى تەواو سنووردار
کردەوە، تەنانەت لەم نێوەندەشدا بنەماڵە وەک بنەما و پێکهاتەى
کۆمەڵگاکان زیاتر کەوتە بەر ئەم بارە قوورسە و تاک جگە لە دەرەوە،
بەڵکو لە ناو بنەماڵەکەیدا کەوتە بەر بەرتەسککردنەوە و
چوارچێوەدارییەوە. بە حوکمى ئەوەیکە پیاو بەشدار بوو لە داڕشتن و
دانانى ئەم یاسایانە و خۆى کردە موڵکدارى گشت شتەکان و دواجاریش بە
هاوکارى دینەکانەوە کە هەم راسپێردرداوەکەیان پیاو بوون و هەمیش بە
عەقڵیەتێکى پیاوانە داڕێژرابوون، بوونەوەرى مێیەیان وەک پلە دوو هەژمار
کرد و ئەمیش بووە کەرەستەیەک لە کەرەستەکانى پیاو. هەربۆیە دەرچوونى
ئەم بوونەوەرە لە ژێر یاسا و چوارچێوەکانى پیاوى پاشا و موڵکدار،
گوناهى کەبیرەیە و دەبێت سزاى قوورسى بدرێت، چونکە ئەمە گەورەترین
گوناهە بەلاى پیاوەوە کە ژن تووشى دەبێت. ئاخر دەبێت ئەم بوونەوەرە
وەکوو گشت کەرەستە بێگیانەکانى دیکە لە شوێنى خۆى دابنیشێت و فزەى لێوە
نەیەت و ئەمە پیاوە کە شوێنگۆڕکێى پێ دەکات. هەرچەندە کە بەردباران
دیار نییە لە چ دینێک و مەزهەبێکەوە بۆ سەردەمى مۆدێڕنە گوازراوەتەوە،
بەڵام هەندێک شت هەنە کە دەتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت.
لە تەواراتدا (ئینجیلى کۆن) هیچ ئایەتێکى دیاریکراو سەبارەت بە
بەردباران نییە، بەڵام سزاى پەیوەندى ناشەرعى سێکسى لە دەرەوەى
هاوسەرگیرى، لە روانگەى تەواراتەوە مەرگە: (پیاوێک کە لەگەڵ ژنى
دراوسێکەیدا زینا بکات، دەبێت بمرێت، هەم ئەو و هەم شەریکە تاوانەکەشى)،
بەڵام ئەوە ئینجیلى نوێیە کە قسە لە شێوەى بەڕێوەبردنى سزاى زینا (مەرگ
بەهۆى بەردبارانەوە) دەکات وەک بۆنەیەکى کۆنى یەهوودى: (یەهودیەکان
بەردەکانیان هەڵگرت تا بەردبارانى بکەن) هەندێک وەها دەیهێننەوە کە
مەسیح ئەم بۆنە کۆنەى دینى یەهوودییەکانى لەمەڕ ژنان و پیاوان کە تووشى
زینا بوونە، رەد کردوەتەوە: (لە ناکاوێکدا کاتب و "فریسیەکان" ژنێکیان
کە لە کاتى زینادا بووە، دەستبەسەر کردبوو و هێنایانە لاى مەسیح و
ئەویش بە پێوە رایگرت تا خەڵکى بیبینێت. ئەوان بە مسیحیان وت ئەى مەزن،
ئەم ژنەمان لەکاتى تاوانى زینادا گرتووە و موسا لە کتێبى یاسا فەرمانى
پێداوین کە ئەم جۆرە ژنانە ئەبێت بەردبارن بکرێن، تۆ چ دەڵێیت؟ بەڵام
مەسیح... پێى وتن کە هەر کەسێک لە ئێوە بێگوناهە و گوناهى نەکردووە
یەکەم بەردى تێبگرێت ... هەرکە گوێیان لەمە بوو... لە پیرترینیانەوە
دەستیان پێکرد تا دواهەمین کەسیان چوونە دەرەوە. عیسا بە تەنیا لەگەڵ
ژنەکە مایەوە کە بە پێوە وەستابوو. عیسا ئاوڕى دایەوە، جگە لە ژنەکە
هیچکەسى نەبینى. عیسا سەرى هەڵبڕى و پێى وت: ئەى ژن ئەوان بۆ کوێ چوون؟
هیچکەس تۆى مەحکوم نەکرد؟ ژنەش وەڵامى دایەوە نەخەیر گەورەم. عیسا وتى
منیش تۆ مەحکوم ناکەم و بگەڕێوە و ئەوەندە بەدواى گوناهەوە مەبە.)
هەربۆیە لەنێو مەسیحیەتدا سەرەتا بە دار و پۆشاک و شتى لەم بابەتە
شێوەى مرۆڤێکیان دروست دەکرد و ئاگریان تێبەردەدا کە ئەمەش پێى دەوترا
(جادوگەرى سوتێنەر). لە نێوان موسوڵمانانیش بۆنەیەکى لەم شێوەیە بە
ناوى (بەردباران) هەیە. لەم بۆنەیەدا لەبرى ئەوەیکە لە قوماش و دار و
پۆشاک، پەیکەرێ لە شەیتان دروست بکەن و ئاگرى تێبەردەن، سوود لە مرۆڤ
وەردەگرن. موسوڵمانان ئەو ژنەى کە بە بڕواى ئەوان پەیڕەوى شەیتان دەکات
و لەگەڵ پیاوێکى بیانى پەیوەندى سێکسی هەبووە، تا سینگى دەخەنە نێو
چاڵێکەوە و دواتریش لە دەرەوە بەردى تێدەگرن تا بمرێت.
بەردباران وەکو (جادوگەرى سوتێنەر) و (عومەر سوتان)ى شێعەکان و (هامان
سوتان)، جۆرە جادویەکى تەقلیدیانەیە. لە بەردباراندا، لەبرى رۆڵى
بێگیانى گایەک لەسەر دیوارى ئەشکەوتێ یا لەبرى بوکەڵەیەک، سوود لە
جەستەى زیندووى ژنێکى داپۆشراو بە پارچە قوماشێکى سەربەستراو وەردەگرن.
پیاوچاکەکان بە بەردبارانى ژنى زیناکار، بە شێوەیەکى ناهۆشیارانە،
هیوادارن کە سروشت لاساییان بکاتەوە و گشت زیناکاران و شەیتان و هێزە
ئەهریمەنیەکان لە ئاگرى کورەى خۆیدا بسوتێنێ و لەنێویان بەرێت. ئەم
سزایە بە کەمێک بەر لە داهاتنى مافى مرۆڤ و دانانى جاڕنامەى مافى
گەردوونى و دروستبوونى نەتەوە یەکگرتوەکان و بوونە ئەندامى وڵاتان لەو
رێکخراوەیەدا و ئیمزاکردنى جاڕنامەکە، زۆربەیان ئەم سزایەیان لابرد لە
چوارچێوەى یاساکانى وڵاتەکانیان، بەڵام ئەمە وەنەبێت کە لە تەواوى ئەم
وڵاتانەدا ئەم سزایە نەمابێت. لەو وڵاتانەى کە ترادسیۆن رۆڵى سەرەکى
دەبینێت و مۆدێڕنە لە مۆخ و مێشک و هزرى گشتیدا نەیتوانیوە چەکەرە بکات
و دیموکراسى و مافى مرۆڤ شتگەلێکن وەک ئامرازى بەدەسەڵاتگەیشتن، ئەم
سزایە باشترین رێگاچارەیە بۆ سزادانى ئەو تاکانەى کە لە دەستوور و یاسا
و عورف و نەریت لادەدەن. هەربۆیە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، بەتایبەت
ئەو وڵاتانەى کە غەرقن لە دیندا و نەیانتوانیوە شرۆڤەیەکى دیکە و نوێتر
بۆ کتێبە ئاسمانییەکەیان بکەن، ئەم سزایە هەر ماوە و دەشمێنێتەوە.
نمونەى ئەم وڵاتانەشمان زۆرن کە تاوەکوو نووسینى ئەم بابەتە ئەم
یاسایەیان لانەبردووە و کارى پێدەکەن وەکوو نێجیریە کە (سەفیە حوسەین و
ئامینە لوال) ئەم حوکمەیان بەسەردا سەپا و ئەفغانستان و سودان و
عەرەبستانى سعوودى و ئەمارەتى یەکگرتووى عەربى و ئێرانیش کە وەک
نموونەى دیار و نێزیک لە خۆمان باسى لێوە دەکەین.
بەردباران لە رووى دەروونناسییەوە:
بەردباران لەرووى دەرووناسییەوە جۆرێ تۆڵەسەندنەوەى کوڕە لە دایکى بێ
وەفا، بەڵام ئەم کوڕە جەحێڵەى کە لە منداڵیدا عاشقى دایکى بووە و
دەیهەوێت لەگەڵیدا بچێتە جێگاوە، کەچى ئەم عشقە یاساغە بە توندى سەرکوت
دەکەرێت و بە لایەلایە و لاواندنەوە، ئەم کوڕە جەحێڵە وەلاوە دەخرێت.
لە ئەفراندنى ئەهریمەنى دایکى خەتابار، میکانیزمێکى دەروونى، واتە
میکانیزمى دەرخستنى نەخشەو ئەهریمەن رۆڵێکى گەورەى هەیە. کوڕى جەحێڵ
راڕاییە دەروونییەکانى خۆى و مەیلى بە کۆمەڵ و ئاوێزانبوونى لەگەڵ
نامەحرەم (واتە باوانى مێ) دەخاتە دەرەوە. لە روانگەى کوڕى جەحێڵەوە
ئەوە ئەو نییە کە دەخوازێت لەگەڵ دایکى خۆیدا بخەوێت، بەڵکو ئەوە دایکى
خەتاکارە کە مەبەستى فریودانى کوڕە بێگوناهەکەى هەیە. هەرژەندە کە "فرۆید"
باس لەم تەنگەژەیەى نێَوان کوڕ و کچ دەکات سەبارەت بە دایک و
باوکەکانیان و لە بەرامبەردا باس لەو گرێ دەروونییە دەکات کە تووشى
دەبن کە ئەو بە گرێى "ئۆدیب"ى ناودەبات. لێرەدا نامانەوێت زۆر رۆبچینە
نێو ئەم باسەوە، بەڵام بە نمونەیەکى نێزیک لە کلتوورى کوردیەەوە
دەهێنینەوە بۆ تێگەیشتنى خوێنەر. نموونەى کلاسیکى و دیارى ئەم
میکانیزمە دەروونییە، چیرۆکى سیاوەشە لە شانامەى فارسیدا. لەم چیرۆکەدا
عەشقى یاساغى سیاوەش سەبارەت بەدایکى وەک عەشقى شەهوەتاوى "سودابە"، (زڕدایکى
سیاوەش) سەبارەت بە ئەوەى لێهاتووە. لەم قۆناغەدا دایک وەک عفرینەیەکى
دیوسرتى لێدێت کە دەخوازێت کوڕە جەحێڵەکەى لەسەر رێگاى لابەرێت. لە
سیستەمى زاڵمانەى باوکسالاریدا، سزاى دایکى خەتاکار مەرگە. ئەگەر
نەگوترێ وەک "رۆستەم" کە "سودابە"ى کوشت، دایکى گوناهبار سزا بدرێت،
ئەوا دەبێت ژنێکى دیکە پەیدا بکرێ کە لەگەڵ پیاوانى غەریب بچنە جێگاوە
و لەبرى دایکى زیناکردووە بەردباران بکرێت.
ئەو پیاوەى کە بەرەو لاى ژنى زیناکردوو بەرد دەهاوێت، لە راستیدا دایکى
زیناکارى خۆى کە لەبرى وەڵامدانەوە بە عشقى پاکى کوڕەکەى، لەگەڵ
باوکیدا خەوتووە، سزا دەدات. دیاردەى بەردباران لە روانگەى دەروونناسی
لەو جێگایەوە، جۆرێکە لە دایککوژی. لەم بۆنە خوێناوییەدا، کوڕى جەحێڵ
تۆڵە لە دایکى خۆى دەکاتەوە. زۆرجار لەبرى ئەوەیکە کوڕە دایکى بکوژێ،
رێگایەکى تر هەڵدەبژێرێ ئەویش ئەوەیە کە لە کەسایەتى دایکیدا دەتوێتەوە
و خۆى رۆڵى دایکى دەگێڕێت. بۆ ئەوەیکە نموونەیەک بەدەستەوە بدەین، باسى
کەسایەتى "نۆرمەن بیتس" دەکەین لە فیلمى (روحى دەستکرد)ى "ئەلفرێد
هیچکاک". لەم فیلمەدا کوڕێکى جەحێڵ لە هوتێلێکى رووخا و خراپ، لە شێوەى
دایکى دەردێت. ئەو، ژنان دەکوژێت کە ئەو وێنایان دەکات و دەخوازن راڕاى
بکەن تا خیانەت بە عشقى دایکى خۆى بکات.
|