په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

بەردبارانکردنى زیناکاران

بەردبارانکردنى مرۆڤایەتى.


خوێندنەوەیەکى سەرەپێى بۆ سزاى بەردبارانکردنى زیناکاران له‌ ئاینی ئیسلام و وڵاتی ئێراندا .


ئەنیران غەفوورى


(2-3)


پێشەکى:
لە بەشى یەکەم قسە لەسەر سزاى بەردباران وەک دیاردیەکى مێژوویى و دەروونى کرا و لە بەشى دوەمیشدا ئاماژە دەدرێت بەم سزایە لە ئایینى ئیسلام و حەدیس و گێڕانەوەکان.

بەردباران لە ئایینى ئیسلامدا:
لە ئایینەکاندا کە لە پێشەکی ئەم بابەتە هەندێکى لەسەر دوایین، گەورەترین سزا بۆ مرۆڤ دانراوە کە رەنگە لە بوارى دەروونییەوە زۆر کاریگەرى هەبێت لەسەر مرۆڤ. بۆ نموونە سووتاندن لە ئاگرى دۆزەخ و هێشتنەوە لە عەزاب و زۆر شتى دیکە، ئەو هەڕەشە گەورانەن کە لە لایەن خواى گەورەوە! دەکرێتە سەر مرۆڤى بچووک و عەبد! هەموودەم رووحیەتێکى توندوتیژاویانە و سەرەڕۆیانە لە نێو دینەکاندا هەیە کە دەروونى مرڤى ساویلکەى داگیر کردووە و بووتە هۆى ئەوەیکە مرۆڤ بکەوێتە پیادەکردنیان لە سەر زەوى و لەسەر هاوشێوەکانى خۆى. ئەوەیکە لێرەدا زۆر پێى لەسەر دادەگرینەوە، ئایینى ئیسلامە، چونکە ئەم ئایینە کە دەبێتە ئایینى ئێمەش، بەشێکى سەرەکى لە ژیانى تاکى رۆژهەڵاتى و موسوڵمان پێک دەهێنێت و دواجار هەر لەم راستایەوە قسە لەسەر ئەو ماف و رێزانە دەکەین کە لە مێ نراون. نامانهەوێت ئەو دەقانە بهێنینەوە کە بەلانیکەمەوە تۆزقاڵێک باسى باشەى ئەم بوونەوەرە دەکەن، چونکە ئیشى ئێمە لێردا پیداهەڵگوتن نییە بەم دەقانە، بەڵکوو قسەکردنە لەسەر دیاردەیەک کە کانگاى سەرهەڵدانى لە رۆژهەڵاتدا بووە و دواجاریش نهۆ تەنها لەنێو وڵاتانى ئیسلامى بەزۆرى ماوەتەوە.


دین بە گشتى و دینى ئیسلام بە تایبەتى لەسەر هێڵەکانى ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئیش دەکات و زۆربەى دەقەکانى لە بەرژەوەندى براوە و دەسەڵاتدارن کە دواجار ئەمە جگە لە عەرەب کەسێک و نەتەوەیەکى دیکە نییە. بەهەرحاڵ مەوداى ئێمە ئەوەندە نییە کە لە بوارى کۆمەڵناسى و دواجاریش دەروونییەوە لەم بابەتە و زیانەکانى بدوێین، هەر ئەوەندە رازى دەبین بەوەى کە کۆمەڵێک دەق بهێنینەوە کە لە ئیسلامدا ئاماژەیان پێکراوە سەبارەت بەو بابەتەى کە ئێمە لێى دەدوێین، رەنگە ئاماژەکردنەکە بە تەواوى نەبێت، چونکە دەڵێن ئەو دەقانەى کە باسى بەردباران دەکەن وەها بە روونى دەرناکەون لە قورئاندا، مەگەر لە گووتەکانى پێغەمبەر محەمەددا نەبێت.

 


لە سوورەتى (24)ى قورئان ـ نور ـ :

(سەد دانە تازیانە لە ژن و پیاوى زیناکار بدەن و ئێوەى ئەى ئیمانداران و بەڕێوەبەرانى حوکمى ئیلاهى، لە کاتى بەڕێوەبردنى حوکمەکەدا، رەحم و شەفەقەت نەتانگرێت کە رەحمیان پێ بکەن و دڵسۆزییان بۆ بکەن و حوکمى خودا جێبەجێ نەکەن.)


لە شوێنێکى دیکەى کتێبى ئاسمانى ئیسلامییەکاندا هاتووە:

(ژنانى ئێوە وەکوو کێڵگەکانتان وەهان، هەروەک چۆن لە کشتوکاڵدا تۆو پێویستە، لە ئێوەش تۆو پێویستە تا منداڵ دروست بێت. لە شوێنى کشتوکاڵ بە هەر بەش و لە هەر شوێنێک کە دەتانهەویت بۆ جووتبوون ئامادە بن. بەر لە مەرگ رەفتارى باش بۆ خۆتان بنێرن[…] پیاوان بەرزترن لە ژنەکانیان. بە هۆى ئەو تایبەتمەندیانەى کە خودا بە پلە و پایەى پیاوى داوە، چونکە پیاوان زەحمەت دەکێشن و نەفەقەى ژنان دەدەن و شوێنى ژیانیان بۆ دابین دەکەن و ژنانیش بەدوورن لە کارکردن و […] ئەو ژنانەى کە نیشانەى بەجێهێنانى فەرمانەکان و تووڕەیى لێوەیان سەر هەڵدەدات، لەگەڵیان مەچنە جێگاوە و جووتبوون تەرک بکەن. ئەگەر هەر باش نەبوون، لێیان بدەن. ئەگەر بە گوێیان کردن باشتر، ئیتر بەهانەتراشیان بۆ مەکەن و ئازاریان مەدەن.)


سورەتى "نیساْ":

(لە ژنەکانتان، ئەوانەى کە تووشى زینا دەبن، بۆ زیناکردن چوار شاهیدى پیاو بهێنن. ئەگەر چوار پیاو شاهیدى دا بۆ زیناکردن، لە ماڵەوە زیندانیان بکەن تا مەرگیان دەگاتەجێ و تەمەنیان تەواو دەبێت، یا خوداى گەورە رێگایەکیان بۆ دەدۆزێتەوە.)


سورەتى (19)، ئایەتى (46):
(وتى ئەى ئیبراهیم، ئایا تۆ تۆ نەفرەتت هەیە لە خودایەکانى من، ئەگەر نەوەستى بەردبارانت دەکەم و]بڕۆ[ بۆ ماوەیەکى زۆر لەمن دوور کەوە.)


سورەتى (18)، ئایەتى (20):

(چونکە ئەگەر ئەوان دەستیان بگاتە ئَێوە بەردبارانتان دەکەن و یا دەتانخەنە ژێر دەسەڵاتى خۆیانەوە و ئیتر ئێوە بەختەوەرى بەخۆتانەوە نابین.)


سورەتى (36)، ئایەتى (18):
(وەڵامیان دانەوە ئێمە ]ئامادەبوون[تان بە خراپ لەقەڵەم دەدەین و ئەگەر واز نەهێنن بەردبارانتان دەکەین و عەزابێکى زۆر لە لایەنە ئێمەوە دەچێژن.)


سورەتى (11)، ئایەتى (91):
(وتیان ئەى ]شعیب[ زۆرێک لەوەى کە ئێوە دەیڵێن تێناگەین و لە راستیدا بە لاوازتان دەزانین و ئەگەر عەشیرەکەى ئێوە نەبوایە ئەوا بەردبارانمان دەکردى و تۆ بەسەر ئێمەدا سەرناکەویت.)


سورەتى (26 ئایەتى (116):
(وتیان ئەى نوح، ئەگەر واز نەهێنى ئەوا تۆش لەوانە دەبیت کە بەردباران کراون.)


سورەتى (44)، ئایەتى (20):

(و انى عژت بربى و ربکم ان ترجمون ـ و لە شەڕى ئەوەیکە بەردبارانم بکەن، پەناە دەبەمە بەر پەروەردگارى خۆم و پەروەردگارى ئێوە.)
هەرچەندە ئەم شەش ئایەتە کە بەردبارانیان تێدایە، هیچکامێکیان مۆچیارى قورئان نین و تەنانەت وەک هەڕەشە لەلایەن خوداوە نەهاتوونەتە خوارەوە، هەروەکوو ئەوەیکە خراپەکاران هەڕەشەیان لێ دەکرێت بە ئاگرى دۆزەخ. ئەمە پیشاندەرى ئەوەیە کە بەردباران لە سەردەمى جاهیلیەتەوە هەبووە. لە قورئاندا بەلانیکەمەوە (16) ئایەت لەمەڕ زیناوە هەن، هەرچەندە بۆ ژنى زیناکار سزاى مەرگ دیاریکراوە، ئەویش نەک بەهۆى بەردبارانەوە، بەڵام ناشتوانین بەڵەین کە لەم دیندا مەیلێک نەبووە بۆ بەردباران، چونکە پێغەمبەرەکەیان خۆى ئەم مەیلەیەى هەبووە. تەنانەت "ئایەتوڵا جەننەتى"، مامۆستاى ریفۆرمخوازى زانستگەى قوم دەڵێت کە زیاتر لە پەنجا هەزار حەدیسى لاوەکى و نافەرمى هەنە کە زۆربەیان دژى ژنان و دژى بەرژەوەندییەکانیانن. هەر بۆیە لە خوارەوە و بۆ پاڵپشتى قسەکەمان کۆمەڵێک قسە و گێڕانەوە و نموونەى حەزرەتى محەمەد دەهێنینەوە:

ـ ژنێ لە پێغەمبەرى ئیسلامان دەپرسێ کە ژن لە ئیسلامدا چ مافێکى هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: زۆر. ژنەش دووبارە لێى دەپرسێتەوە وەکوو چى؟ پێغەمبەریش لە وەڵامدا دەڵێت: ژن دەبێ خۆى بە باشترین بۆن، بۆنى خۆى خۆش بکات و باشترین پۆشاک لەبەر بکات و خۆى بڕازێنێتەوە بە جوانترین زینەت کە هەیەتى و هەر بەیانى و ئێوارەیەک خۆى بۆ مێردەکەى عەرز بکات.


ـ فەرمودەیەکى حەزرەتى محەمەد هەیە کە دەڵێت:
(هەر ژن و پیاوێکى خێزاندار زینا ئەنجام بدەن ئەوا دەبێت سەد دانە تازیانەیان لێبدرێت و دواتریش بەردباران بکرێت. ئەگەر هاتوو ژن و پیاوەکە سینگڵ بوون ئەوا دەبێت سەد دانە قامچیان لێبدرێت و دواتر دوور بخرێنەوە.)


ـ دەگێڕنەوە و دەڵێن:
( لە کاتى پێغەمبەردا، ژنێکى زگپڕ زیناى کردبوو و هەربۆیە محەمەد فەرمانى کرد تا دواى منداڵبوونى ئەوجا بەردباران بکرێت. دواى منداڵبوونى تا سەر سینگ خستیانە نێو چاڵێکەوە و خالید رۆیشتە پێشەوە و یەکەم بەردى تێگرت و خوێن لە سەرى ژنەکەوە فیچقەى کرد و بە دەمووچاوى خالیددا پژا و ئەویش تفى تێکرد، بەڵام پێغەمبەر چووە سەرى و نوێژى کرد و فەرمانى دا تا دەفنى بکەن.)


ـ عومەرى کوڕى خەتاب دەڵێت:
(ئەترسم دواى تێپەڕینى زەمەنێکە زۆر کەسێک بێت و بڵێت: من ئایەتى تایبەت بە بەردباران نادۆزمەوە لە کتێبى پیرۆزدا، لە ئەنجامدا بە ئەنجامنەدانى ئەو فەرزانەى کە خودا بۆى داناون گومڕا ببن. رەسوڵى خودا بێ ئەملاو وسزاى رەجمى جێبەجێ کردووە و ئێمە دواى ئەویش هەر درێژەى پێدەدەین.)


لە "معز بن مالک" دەگێڕدرێتەوە کە رۆژێ چووە لاى ئەبووبەکر و گووتى:

(من مرۆڤێکى پیس و خراپم، چونکە زینام کردووە، ئەبووبەکریش وەڵامى دەداتەوە: لەلاى خوا تۆبە بکە و بابەتەکەش بە کەس مەڵێ. دواتر هەمان شەخس چووە لاى عومەر و کێشەکەى خۆى بۆ گێڕایەوە و عومەریش هەمان وەڵامى دایەوە. دواتر چووە لاى پێغەمبەر تا بزانێت گەورەى موسوڵمانان چى پێدەڵێت. پێغەمبەریش لێى پرسى کە ئایا ئەو لەکاتى ئەنجامدانى تاوانى زیناکەدا نەخۆش، دێوانە، سینگڵ یا ژن و منداڵدار بووە؟ مەعز وەڵامى دایەوە کە ساغڵەم و ژن و مناڵدارە بووە. پێغەمبەریش فەرمان دەدات کە بەردبارانى بکەن. لە کاتى بەردباراندا کە بەردەکان ئازاریان دەدا، هەڵاتنى هەڵبژارد لە مانەوە لەژێر رەهێڵەى بەردەکاندا. دووبارە گرتیانەوە و بەردبارانەکەیان دەست پێکردەوە تا پیاوە مرد. دواتر پێغەمبەر وەک پیاوێکى باش قسەى لەسەر کرد و دواتر نوێژى لەسەر تەرمەکەى کرد.)


بە پێى حەدیسێکى دیکە هاتووە:
(خاخامەکانى یەهوودى بۆ ئەوەى کە محەمەد تاقى بکەنەوە، ژن و پیاوێکى یەهوودى ژن ومنداڵدار کە زینایان پێکەوە کردبوو، ناردە لاى. ئەوان لەنێو خۆیان قەراریان دانا کە ئەگەر محەمەد تەنها سزاى بە لێدانى تازیانەى بۆ بڕینەوە، وەک شاهزادەیەک رێزى لێبگرن و ئەگەر هاتوو بەردبارانى بۆ دانان ئەوا وەک پێغەمبەرێک پەیڕەوى لێ بکەن. پێغەمبەریش فەرمانى دا کە بەردباران بکرێن. لە کاتى بەردبارانەکەدا، پیاوە بەردەوام خۆى دەدایە بەر مەعشووقەکەى تا بەردەکانى پێ نەکەون، بەڵام دواجار هەردوو کووژران.)


بەپیى حەدیسێک پیاوێکى دەوڵەمەند ئاماژەى بە دەوڵەمەندێکى دیکەدا کە:
(کوڕەکەم لەلاى ئەم پیاوە ئیشى دەکرد و لەگەڵ ژنەکەیدا زیناى کرد. منیش لەبرى ئەم کارە سەد سەر مەڕ و کەنیزێکم پێدا. پێغەمبەریش وتى مەڕ و کەنیزەکەى خۆت وەرگرەوە، چونکە دەبێت کوڕەکەت سەد دانە قامچى لێبدرێت و بۆ ماوەى ساڵێک دوور بخرێتەوە و ژنەکەش لەبەر ئەوەى کە دانى بە تاوانەکەیدا ناوە، دەبێت بەردباران بکرێت.)


دووبارە دەگێڕنەوە:
(پیاوێک لەگەڵ کەنیزى ژنەکەیدا چووە سەفەر و لە رێگادا لەگەڵى خەوت. ژنەش ئەمەى گەلێک پێ ناخۆش بوو و چووە لاى عومەر و شکایەتى لە پیاوەکەى کرد. عومەریش گوتى: دەبێت پیاوەکە بەردباران بکرێت، مەگەر ئەوەیکە لە کاى خەوتن لەگەڵیدا خاوەنى کەنیزەکە بووبێت. ژنەش کە رازى نەبوو بە مەرگى پیاوەکەى گوتى: کە من کەنیزەکەم بەخشیبووە پیاوەکەم.)


بەگشتى لە ئیسلامدا باوەڕ وەهایە کە ژنى موسوڵمان دەبێت پیاوەکەى رازى بکات، چونکە هەروەک مێرد پێویستى بە خواردن هەیە، وەهاش پێویستى بە زەوق و پیویستى سێکسى هەیە و دەبێ مێردەکەى تێر بکات و وەڵامى پێویستییەکانى بداتەوە تا ژنێکى دیکە نەهێنێت، لە بەرامبەریشدا پێویستە مێرد ژنەکەى تێر بکات و جەستەى بلێسێتەوە و نازى بداتێ.


لە ئیسلامدا ئەگەر بێت و پیاو نەتوانێ ژنى خۆى رازى بکات و لە بەرامبەردا ژنە تووشى زینا بێت، ئەوا لێرەدا پیاو تاوانبارە و ئەو پیاوە دەبێت بەرلەوەى ژنەکەى تووشى کارى خراپ بێت، تەڵاقى بدات.


لە لایەکى تریشەوە ئەگەر هاتوو ژن دڵگران و دڵەڕاوکێى هەبوو، ئەوا لە کاتى حەزى میردەکەى بۆ کارى جنسى دەبێ وەها خۆى نیشان بدات کە ئامادەیە، هەروەک بڵەیت کە لە دڵەوە ئەم کارە دەکات، کەواتە مەیلى جنسى ژن لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بە فەرمى دەناسێنرێت، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەکى وەکوو ژن و مێردایەتى هەمیشەییدا جێبگرێت. دواجار دەبێت ئەم مەیلە لەژێر دەسەڵات و مەیلى خودى پیاودا بیت، کەوابێ هەرجۆرە جوڵانەوە و رەفتارێک کە ئەم نیزام و سیستەمە بباتە ژێر پرسیارەوە، سزاى تایبەتى خۆى هەیە وەکوو مەرگ بەهۆى بەردەوە کە بۆ ژنى زیناکار ئامادە کراوە.


ئەتوانین بڵەین کە ژن لەو بەردە (18) مەتریە دەچێت کە خەڵک لە کاتى حەجدا بەردى تێدەگرێت لە مەکە و ماڵى خودادا. کەوایە ئەتوانین بڵەینن رەجم کردن هەر لە بنەڕەتەوە لە ئیسلامدا چەسپیوە بە بەڵگەشەوە.


هەندێک لە رووحانییەکانى نێو ئیسلام، قورئان بە نەرمتر و ناتوندوتیژتر لەقەڵەم دەدەن لە سووننەت، بەڵام دواجار هەر ئەمانەن کە زیاتر لە بەرژەوەندى سووننەت هەڵدەسووڕێن و رەفتار دەکەن. نهۆ لە دینى ئیسلامدا لەبرى ئەوەیکە پشت بە کتێبە ئاسمانییەکە ببەسترێت بۆ سزاى زیناکاران، زیاتر پشت بەو حەدیس و رەفتارى پیاوە گەروەکانى سەردەمى پێغەمبەر دەبەسترێت کە دواجار ئەمانە شتێکى دیکەیان لێ ناکەوێـتەوە جگە لە بەردباران و سزاى بێتام و قوورس نەبێت.


هەموودەم لە ئیسلام و بەتایبەت لە مەزهەبى شێعەدا پلە و پایەى پیاو زۆر لەسەرووى ژنەوە دانراوە و تەنانەت بۆ مەیلى سێکسى زۆر ماف دراوە بە پیاو کە لەبەرامبەردا هیچ لەو مافانە بە ژن نەدراوە. بۆ نمونە پیاو لەم چەند بوارەى خوارەوە ئەتوانێت پێویستییە سێکسییەکانى خۆى پڕ بکاتەوە:


1. هاوسەرگیرى هەمیشەیى (ئەویش لەگەڵ چوار ژندا)
2. هاوسەرگیرى کاتى (سیغە) بە دانى کەمێک پارە (المبلغ المعین) لەگەڵ هەر ژمارەیەک ژن و بۆ هەر کاتێک کە پیاوە بخوازێت، هەرچەندە کە لەگەڵ کەسێک یا کەسانێکیش ژیانى هاوسەرى هەمیشەیى پێکهێنابێت ئاساییە.
3. کڕینى کەنیز.
4. دەستبەسەرداگرتنى ژنان و کچان وەک دەستکەوتى شەڕ.


لەبەرامبەردا نەک تەنها ژنان ئەم جۆرە مافانەیان نەبووە، بەڵکوو بە پێى یاساى شەرع بەردەوام ناچاربوونە بە پەیڕەوکردنى حیجابى ئیسلامى و دووریگرتن لە کەسى نامەحرەم و بێگانە و گۆڕینى ئاواز و دەنگیان، پەیڕەوکردنى بى ئەملا و ئەولا لە پیاوەکانیان و زیندانیبوون لە ماڵەوە. پیشتر شتێک بە ناوى حەرامسەرا هەبوو کە کەسێک یا بازرگانێک یا ئەمیرێک ئەیتوانى لەنێو ژن و کەنیزەکانیدا هەڵسووڕێت و سێکس بکات و بخواتەوە و سەما بکات، بەڵام ئیسلام بە مافى چوار ژنى و کەنیزەک بوون زۆر واوەتر نەچووە لە حەرامسەراکان.