په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٢

بەرد بەردێن لەگەڵ با، خەت خەتێن لەسەر دەریا.

ئەرسەلان مەحمود    

- بەشی یەکەم -


دەرد، لەدڵم دەڕژێ‌، سێڵاوەی ڕەش، تەزوە بەشکۆکانی بردەوە ژێر پرسیارو، تاوە تەرزەی پەژارە، دیسانەوە سەرو سینەم دەکوتێ!..


بۆنی خاک، تامی ئەستێرەیی زریانێک لەساڵ، فەنابوون لەمنداو، لەسێبەری زڕگوێزێکدا هەڵوەرین!، ئەم هاڵاوی بەهەڵمبوونەوەیەی دەریایەک لەعاتیفەو، خۆڵەمێشێک لەهەمەکی لیوڕێژ بووە لەبارینەوەی ژەهرو بەدی بوونی جوانتر کردوم!..


مناڵیم، باخچەیەک بوو لەجوانی، دەرد هەڵیپروکاند، گەورەیم پەژارە ژەهرخواردوی کرد، تراژیدیا هەموو فەسەلەکانی لێکردم بەیەک و، بەخەزان، جوگرافیای گومان ونیکردوم لەخۆیداو، سەختەوەریم بەماڵنابێتەوە لەڕوانیندا، پڕ پڕم لەماندوێتی چەم، بەڵام مەست نابم‌ لەدڵدانەوەی ماسیەکان، پر پرم لەترپەی هەلا هەلا، بەڵام ماندو نابم لەبەخودا شکاندنەوەی ڕێگە دورەکان، ڕۆژەڤیشم لێزەوتبکەن، مانگ لەدەلەقە سروشتتیەکانی وجودەوە هەر بۆم دێتە سەر چیچکان، پەرتبوونێکی هەناری هەیە لەمندا، وەک هەمیشە دەبێت بەهەزاران پشکۆی ڕامنکراو لەڕوانینمدا !..


دەبم بەخوڕەمێک لەخورپەی پەژارەو، هەناریم دەپژێ‌، دەبم بەزریانێک لەدەردو، هەڵایساوێک دەملاوێنێتەوە، بەکانیلەیەک لەخەنینەوەی ڕوبارە خۆیم پێ‌ خەنیدەکاو، دەریاچەیەک ژەهر پەنگم پێدەخواتەوە، ئەو دەمانەی دەبم بەئاگر، دارستانی دەردەداریم فێدەگرێ‌ !..


ئەوەی ڕۆحی پڕ نەبوبێت لەپێکدادان، تەفسیرێکی نەدۆزیوەتەوە لەناو مندا، ئەوەی باڵی زویر نەبوبێت لەهەدادان، ڕەت نەبووە بەناو ئاسمانی مندا، بمدەنەوە ڕوندکێک لەئەشکی چاوتانم بدەنەوە‌، با سوێراوەی پەژارە نەمخواتەوە، بمدەنەوە لوێچێک لەو شیلەی لوێتانم بدەنەوە‌، با ئەفسانەی دەرد، نەمباتەوە، قەترەیەک لەژەهرم بدەنەوە‌، با بژیم، شانەیەک لەتێزابم بۆ بکەنە زامە قوڵەکانی ژیانەوە، با نەمرم، ئەو دورگەیەم بدەنەوە هەڵچوونی بوغزو غەریزەی ڕوتبوونەوە لەخود، نەیانتوانی کاولی بکەن !..


دەرد لەدڵم دەڕژێ‌، تاوێرە بەردینەکانی پەژارە، هاڕەیان دێ‌ لەلێژی، کۆتری سەر پەلە سیەکانی دەرد، نیخەیان دێ‌ لەبێدەنگی، زەردەی هەموو ئێوارانێک، ورشە ورشی ئاگرێکی سور لەڕوانینمدا، شەوەهای شەو زیکزیکەیەکی وشک لەگوێچکەمدا، نەهاتنی لێوی ڕەشت بەلێومدا، لەخۆمم یاخی دەکات، تاریکیت ڕاهێناوە بەتەنیایم بووەڕێ‌، شەپۆلت فێر کردوە لەدورگەیەکی تەژی لەقرژاڵدا، جێگرم بکات !..


ئێستا چەن بەجێیە‌‌ تۆ بێت و، تا ئەوپەڕی سێڵاوە لاسارەکانی سەختەوەریم، خاڵیخاڵی دەبنەوە لەزڵزڵەی بەختەوەری، تۆ بێت و، بەیەکەوە وەک جارانی مناڵی، بەرد بگرینە لەقلەقی سەر دار تێلەکان، ئەوەی نیشتیمانی نەبێ‌، دەردی دەردەکەی ئەرە‌، جوانی و، پیاسەو، جریوەی لەکوێ‌ بوو !..


دارەسای خۆشبەختی، بەنیگای باڵندەیەک، هەمیشە بەدوای حەییەوەو، گەڵای مارانگەزیش بەشوێن سەماوەن، لەگەڵ نەی، منی وێڵیش بەشوێن تۆوە پەلکەزێڕینەی پەژارە سواری خۆیکردوم!..


تۆ کەی دەگەی؟، بەختەوەری، تاو تاوەی بارانێکی بەهارییە، دێت و، دەبڕێتەوە، بەفری بەفرانبارێکی زستانییە، دێت و، دەچێتەوە، مرۆ تا نغرۆ نەبێ‌، لەتاریکیدا، هیچ لەحیکمەتەکانی ڕۆناکی تێناگات، مرۆ تا ژێکانی گەروی ژاهراوی نەکرێ‌، تا تەماشای پەتیار نەکرێ‌، نرخی لەدەس دانی بزەیەکی ئازادی، تاسەی هەناسەیەکی سارد، بەهای ونبوونی لوێچێک لەرۆشنایی، نازانێ و، نازانێ‌‌ چەندە !..


من هەر لێرەم و، تا ئەو ساتە مەستانەیش بەرەبەیانێکی ئەبەدی دەمگەێنێتە مەحاڵ، تا ئەو دەمە لاسارانەیش دەم دەمباتە ناو دەمی دنیایەکی تری بەتاڵ، پڕ بەهەموو بەندەرەکانی خەیاڵ، من هەر لێرەم و، هەتاوی پەژارە لەچاومەوە دەبێ‌ فیچقە بکات ‌!..


لەبەختەوەریدا، جگە لەحیکایەت، شتێکی تر بەجێنامێنێ‌، لەبەختەوەریدا، جگە لەخامۆشییەت، پشکۆیەکی تر، ناگەشێتەوە، تۆ وەرەو، لێرەی لاساری مندا، هەرچی هەیە، لەچڕ بوونەوەی دەردو، ئەوپەڕی جوانی لەقوڵبوونەوەی پەژارەدا ببینە !..


فریشتەکان، لەئەزەلەوە فێرە مەرایی و، فێرە دوو زمانی بوون، تۆ وەرەو بۆ من لەمەدار دەرکەوە، دەمەوێ‌ هەوای ژیان لەکەوکەبێکی ترهەڵمژین و، ئاگری ئەوین لەئاوێکی تردا، بکەینەوە !..


چەن خۆشە تۆ بێت و، بەیەکەوە وەک جارانی هەرزەیی، گڕ بەردەینە هێلانە هەڵواسراوەکانی نزا، ئەوەی ئاسمانی نەبێ‌، تیمارەکەی دەردی ئەرە‌، سایەو، ئەستێرەو، نەسیمی لەکوێ‌ بوو !..


تۆ کەی دەگەی؟، هاڵاوی ژێر دار سنەوبەرەکانی ئێرە، تاقەت پڕوکێن و، ژیانکوژن، ئەم بناری خەیاڵە، پڕ بووە لەچرکەساتی کاتکوژ، پڕ بووە لەماچی ناخۆش، پڕ بووە لەبۆن و بەرامەی نامۆ، لێورێژ بووە لەبێهودی، بەدمەست بووە لەپوچی، تۆ کەی دەگەی؟..


هاتنی تۆ، بەناو پلیکانەکانی دڵی مندا، قەلەقی فەتح دەکات، قوم قوم دەردو، پێک پێک پەژارە، بەناو ئەم چڕە دوکەڵەی زەمەندا، فری دەکات لەڕۆشنایی!..


وەرەو، با لەبەردەم پەرستگەکانی حەسرەت و، مێرگە موجەڕەدەکانی خۆشنودیدا، مۆزەخانەکانی شەیتان، لەمەزادخانەکانی ژیریدا، هەڕاجبکەین، وەرەو لەبری ئەوەی خۆمان بەژماردنی ماچە سوتاوەکانی پەپولەو، شوعلەیەکەوە، خەریک بکەین، وەرەو لەبری ئەوەی کات بەهەڵدانی خێوەتگەی ڕەشبینییەوە بکوژین، وەرەو با ئەرشیفی ئۆینبازی ئەهریمەن، باوێینە چاڵە بەفرینەکانی فەلسەفەی وجودەوە، ئەوەی مەعدەنی لەخاک نەبێ‌‌، پەژارەکەی دەردی ئەرە، مەنجەنیق و، دۆزەخ و، سوتانی لەکوێ‌ بوو !..


تۆ وەرەو، لەژوانی ئەمجارەدا، دوا شەرحی دەردەداری دەبەینە بەردەم دوا ئاهەکانی کازیوەیەکی ئەبەدی و، بەر لەوەی دەسنوێژ لەزریانی عەشق بشۆین، زەمبیلەکانی دڵمان، پڕ پڕ دەکەین لەو هەڵوژە ڕەشانەی، ڕەشە"با"، ویڵاشی لەپەژار بڕین، تاریکی لەسەری ئافاتە بێمروەتەکانی چیاگەل دەردەکەین، وەرەو، هێشتا فرسەخێکی ماوە بۆ هەڵزنان بەباڵای لاساریدا، هێشتا گەمارۆ دراوە سینەی ئاسمان بەزنجیری تەمتومان، هێشتا دەمی ئەسترەکان خەنجەری بنار بڕن، ئەوە ئاسۆی ڕوماهی تۆیە تۆ، تۆ ئەی شنە لاسارەکەی دڵی ئەرە، بووە بەدەسرۆکەی سڕینەوەی ئەشکی دارستانە قژ رۆتاوەکان و چاو هەڵێنانەوەی کانیلەی زەمینێکی تر، وجودێکی تر !..


بەمەنتیقی چیا، عەشق گوڵە نامۆیەکی لاسارە، ڕوتبوونەوەی درەختە لەتوێکڵ و گەڵا، ئاوس بوونی تارماییە بەدڵۆپەیەک هەتاو، ئەنفلۆنزای بەردە، داڕوخانی شەهامەتی چینایەتی و، تاوانە، لۆژیک لەچیادا، حەرس حدودی تاوانە !..


تۆ کەی دەگەی؟، وەرەو، هەرچی سنور هەیە بیبڕە، وەرەو، هەرچی زەوی و ئاسمان هەیە لاساری تیادا بچێنە، وەرەو، لەمەرکانەکانی ئاودا، هەتاوی عەشق هەڵێنجە !..


وابکە دڵی تاشە بەردەکان بەوپەڕی دڵڕەقییەوە نەرمبکەی، وابکە ڕێ‌ ڕێ‌ گوناهە جوانەکان شتڵبکەی، تفبکە ناوچەوانی هەر چەشنە دوستایەتیەکی لەنێوان مەرگ و، ژیاندا هەیە !..


شتێک نەماوە بەناوی سنور‌، وەرەو، مردن تەریقبکەوە، وەرەو، لەو مەخلوقانە بە، تراژیدیا بەخێویکردن، لەریزی ئەو جوانناسە سەرسەختانە بە، پەژارە گەورەیکردن، تۆ وەرەو، پێنج فەرزە لێرە، دەرد، دەرتداوێتەوە لەمردن، وەرەو ئەو بستۆکەییەی دەستەمۆیی، کەڵدە !..


گەر ویستت‌ شۆفێری ژیانبی و، دنیا لێبخوڕی، لاسار بژی، لاساری خۆنەبەستنەوەیە بەکوشنی هیچ زەمەنێکی نەرێتییەوە، نەوەستانە لەهیچ ترافیکێکی سوننەتیدا، مۆڵەتی چەرخاندنی ئەم ماشێنەی بوون‌، لەئەستێرەو، ئاسمانی هیچ دیارو نادیارێک وەرمەگرە، مەگەڕێووە بۆ هیچ ڕێسایەکی ترایفاتی، لاسار بەو، جاددە حەڵاڵەکان بکە بەژێرەوە، بەربەستە حەرامەکان هەڵتەکێنە، پستۆنەکانی دەنگت پێکدادە لەبۆشایدا، گوێچکەی حەپە حەپچییەکان لەناو مێگەلدا بتاسێنە، لاسار بەو، گوڵەباغی عومرت با بەروتی سەما بکات لەگەڵ دڕکدا، لاساربەو، بخەوە لەباوەشی پشیلەیەکدا، لاساری ئەوەیە دڵی شەوەزەنگ بەهەموو یەقینتەوە بکەیتە بێژنگ، ئەوەیە تریفە بەهەموو درەنگکەوتنیەوە لەتەوێڵتەوە بپژێ‌، ئەوەیە نەهێڵی ئێوارەکانی زەمەن، هەروا بەسادەیی لەچاوانت ئاوابن !..


وەرەو، بانەهێڵن وەسوەسەوو ئەفسوس لەباوەشماندا هێلانێ‌ بکات، وەرەو، با نەهێڵین ترس لەدڵمادا جۆلانێ‌ بکات، وەرەو، زاڵگەکانی ئەوسەری سنور، مین رێژ بکەین لەپەژارەو، دەرد هەڵگرینەوە، دەرد !..


لاساری، ژیانە، گەیشتنەوەیە بەخۆت، کامڵبوونی هەنارە بەخەتمی لیمۆی پڕ لەشیر مۆزی باسەفای سەر سینەی تۆ، تێزی ئەزەلی شەڕابی هێشووی دڕووە بەچنگی دڕکاوییەوە، بەرسیلەی ئومێدە بەلێوی حەڵاڵەوە، سێوێکی سنگ سورە بەدەمی مەحاڵەوە، لاساری هەمیشە جوانی و، هەمیشە پەژارەو، هەمیشە ئاونگی گوناهی بەرەبەیانێکی ئەبەدی لێدەتکێ‌، لاساری بەرد بەردێنە لەگەڵ با، خەت خەتێنە لەسەر دەریا، هەڵماقۆ کردنە بەدڵۆپەکانی باران، ڕەنگڕێژ کردنەوەی سروشتە بەقەترە سەوزەکانی ئەزەل !..


تۆ وەرەو، لەبری گۆڕێک، با پەرستگەیەک بۆ ڕەهایی، لەسەر کەڤەر بەکەڤەری پەژارە هەڵکۆڵین، وەرەو، تۆش دەتوانی نغرۆبی لەپەژارەدا، تۆش دەتوانی خلیسکانێ‌ بەگالیسکەکانی شادی بکەی، تۆش دەتوانی جگە لەزەوی، ئاسمانیش بۆ فڕین بکەی بەهی خۆت، ئەوەیە ئەی یار هەر ئەوەیە دوا خەڵاتەکانی تاریکی، ئەوەیە دوا سزاکانی لاساری، ئەوەیە حیکمەتەکانی قوڵبوونەوە لەپەژارەدا !..


لەمندا، تامزرۆییەکی عاشقانە بۆ پەژارەیەکی بەردەوام دەژی، لەمندا، منێکی دەردەدار، دیارو نادیارێکی بریندار، وێڵە بەدوای بینینێکی تری تۆوە، لەمندا، دەریاچەیەک نەماوە بۆ ئارامی، شەپۆلێک نەماوە بۆ شادی، تۆی هەم دەردو هەمیش تیمار!..


وەرەو، بارانی دەرد ببارێنە سەر زامە بەشکۆکانی پەژارە، لەناو بەلەمە لاسارەکەی دڵیمندا، سەمایەکی ئەبەدی لەگەڵ کەفوکۆڵە سەر شێتەکانی پەژارەدا بکە، وەرەو بەسەر سەری ئافاتە شێتەکانی دڵیمنەوە، تۆ ببە دوا کاپتن !..


دەریایەک لەپەژارە، کەڵەکێک لەتارمایی، چیایەک لەخەونی نابیناو، تەختە ڕەشێک لەڕەشکردنەوەی لاساری، شایلۆغانی چژانێکی بێژیانە ئەی یار‌، تۆ بڵێی خەمی ئێمە لەپەژارەی چیاکانبێ‌، یان چیاکانن لەمەعدەنی پەژارەی ئێمە، ئەوە چیاکانن قەڵغانی ڕەشهەڵگەڕاوی بەردەم لەخەم نەڕەخسانی خەمی ئێمەن، یان باخەکانی پەژارەی ئێمەن لەچیاکاندا بوونەتە لانەی باڵندە کەنەفتەکانی ژێر تاوە تەرزەو، هەڵچوونەوەی باران !..


تۆ چیتداوە لەخوێندنەوەی دیرۆکی بەڵاڵوک، چیتداوە لەشرۆڤەی دار بەڕو، بەرد بەبەردی چیاکان، لەدەرد بەدەردی پەژارەی خەونەکانی ئێمە هەڵچنراون، تۆ وەرەو، لێرەی بێدرەختی مندا، گوێ‌ بۆ ترپەکانی دڵی "با"، هەڵخە، ئەوسا دەزانی سەرچاوەکانی ئەم هەموو حەسرەت و، قەهرە، لەسەری چداهۆڵێکی درۆینەو، لەبەری چڕەزێکی بێوەنەوزەوە ڕژاونەتە وجودمانەوە !..


‌ سەری ئادەم‌، پڕیبوو لەگوناهی جوان، پڕیبوو لەلاساری، وەرەو، ئیتر بۆ خەمی چدۆڵ و، نشێوێک، لەسەرە فڕیوەکانی چیاگەلدا مەگەڕێ‌، وەرەو، لەلوتی چیاکاندا، خەونی لوتبەرزییەکی ترو، خەیاڵی ڕشانەوەی هەزارەها بورکانی لێوورێژ تر، لەتاڤگە بەد مەستەکانی شەرابی شین هەیە، وەرەو، لەو دیوی هەر جەنگەڵێک، جەهەننەمێکی ترو، لەو سەری هەر جەننەتێک، بێبەشکردن لەڕوناکی بەرە بەیانییەکی تر هەیە، وەرەو، ئیتر بەزمانی کەڵەکێووی نوێژی ژیاندۆستی لەهیچ مەعبەدێکدا مەخوێنە، لەبەرگی چیاگەلدا، سوجدەی مرۆڤدۆستی، بۆ دارو بەردی هیچ قیبلەیەک مەبە، وەرەو، بەرماڵێک لەپەژارە بۆ لاساری، لەسەر چاوە جاویدەکانی زەوییەکی تر، دنیایەکی تر، بۆ ڕۆناککردنەوەی شەوانی تارت ڕاخە !..
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک