١٨\٦\٢٠١٦
بەردە گەورەکان!

محەمەد بەرزی
ماوەیەکە لەگەڵ ( ڕۆجەر ) دا کاردەکەم ،کۆمەڵیک کێشە و گرفتی سەخت و
گرانی هەیە ، کە بە تەواوی مێشک و جەستەی شەکەت و ماندوو کردووە . ئەم
کابرایە بەرنامەیەکی دیاریکراوی لە ژیاندا نییە و هەوایەکی سەیر چۆتە
سەرییەوە و هەر ساتەی بیر لە شتێکدەکاتەوە و ژیانی لە خۆی شێواندووە ،
خۆ کاتێک خوشکە گەورەکەی بەمە دەزانێت ، دوێنێ ئەم چیرۆکەی بۆ ناردبوو
، بە لامەوە جوانبوو ، بۆیە حەزمکرد بۆ ئێوەی ئازیزی بکەم بە کوردی ،کە
ئەمەش دەقەکەیەتی:
ڕۆژێک مامۆستایەکی شارەزای بە ئەزموون ویستی وانەیەکی نوێ فێری
قوتابییەکانی بکات . دۆلکەیەکی مەزنی دەمکراوەی لەسەر مێزەکەی دانا ،
بە تەنیشتییەوە نزیکەی دەرزەنێک خڕە بەردی گەورەی ئامادەکرد ... !! .
پاشان بە کاوەخۆ یەکە یەکە بەردەکانی خستە ناو دۆلکەکەوە تا قەڵاپەچن
بوو . کاتێک دۆلکەکە پڕبوو و بە هیچجۆرێکیش بەردی زیاتری نەدەگرت ، ئەم
پرسیارەی ئاڕاستەی قوتابییەکانی کرد : ( ئایا ئەم دۆلکەیە پڕ بووە ؟ )
... هەموو قوتابییەکان بە یەکدەنگ بە بەڵی وەڵامیاندایەوە . مامۆستاش
بە سەرسامییەوە سەری بادا و وتێ :( ئەوە بە ڕاستتانە ؟ ) .. ئنجا
دەستیبرد لە ژێر مێزەکەدا قاپێک چەوی دەرهێنا و وردە وردە هەندێکی
ڕۆکردە ناو دۆلکەکەوە ، بە ڕاوەشاندنی دۆلکەکە چەوەکان ڕۆدەچوونە
خوارەوە و لە نێوان بۆشایی بەردە گەورەکاندا جێگایان بۆ خۆیاندەکردەوە
تا بە تەواوی پڕ پڕ بوو ، ئنجا سەرلەنوێ هەمان پرسیاریکردەوە : ( ئەی
ئێستا دۆلکەکەمان پڕ بووە ؟).
ئەمجارەیان یەکێک لە قوتابییەکان وتی : ڕەنگە پڕ نەبووبێت .. مامۆستاکە
سەری باشەی بۆ لەقاند . پاشان دەستیبرد قاپێک لمی لە ژێر مێزەکەدا
دەرهێنا و هێدی هێدی لمەکەی کرد بەسەر چەو و بەردەکاندا ، لمەکە بە
شێنەیی دەڕژایە خوارەوە و هەموو ئەو بۆشایی و کەلێنانەی پڕکردەوە ، کە
لە نێوان بەردە گەورەکان و چەوەکاندا بە جیێ مابوون . کاتێک دۆلکەکە پڕ
بوو ، هەمان پرسیاری کردەوە : ( ئەی ئێستا دۆلکەکەمان پڕ بووە ؟ ) .
هەموو قوتابییەکان بە یەکدەنگ هاواریانکرد : نەخێر پڕ نەبووە . مامۆستا
ئەم پەرسڤەی پێخۆشبوو . ئنجا سوراحییەکی پڕ لە ئاوی لە ژێر مێزەکەیدا
دەرهێنا و وردە وردە ئاوەکەی ڕۆکردە ناو دۆلکەکەوە تا هەموو
بۆشاییەکانی نێوان بەرد و چەو و لمەکەی پڕکردەوە و دۆلکەکە یەک پارچە
لێوان لێو و سەرڕێژ بوو . پاشان مامۆستاکە ڕووی پرسیاری کردەوە
قوتابییەکانی و زۆر لەسەرخۆ ووتی : ( باشە بەلای ئێوەوە خاڵی بەهێز و
گرنگی ئەم تاقیکردنەوەیە چیی بوو؟).
قوتابییەکی زیرەکیان پەنجەی بەرزکردەوە و ووتی : ئەو خاڵەیە ، کە بە
ئاشکرا پێمان دەڵێ گرنگ نییە چۆن بەرنامەی ژیانمان پڕ دەکەینەوە ، خۆ
ئەگەر چالاکانە تێبکۆشین ، ئەوا دەتوانیین بەردەوام شتی زیاتر بخەینە
ناویێوە . مامۆستاکە دەمودەست وەڵامی دایەوە و ووتێ : نەخێر ئەوە خاڵی
گرنگ نییە ، بەڵکو ئامانج و کرۆکی ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوەمان فێردەکات
، ئەگەر لە پێشدا بەردەگەورەکان نەخەینە ناوەوە ، ئەوا مەحاڵە لە
دواییدا بتوانیین بیانخەینە ناوەوە . باشە بەردەگەورەکانی ژیانمان دەبێ
چیی بن ؟ . ئەوانە بریتیین لە : نیشتمانەکەمان ، نەتەوەکەمان ، ئازادی
و سەربەخۆیی مان ، شارەکەمان ، منداڵەکانمان ، تەندروستیمان ،
ڕۆشنبیرییمان و خەونەکانی داهاتوومان و... هتد.
لە بیرت بێ یەکەمجار بەردەگەوەکان دابەزێنە ، ئەگەنا هەرگیز ناتوانیت
دوای شتە پچکۆلەکان دایانبەزێنیت .. گەر لە پێشدا شتە پچکۆلەکانت
دابەزاند ، ئەوا ژیانت پڕدەبێت لە شتی وردی بێ نرخ و بایەخی لاوەکی ،
کە گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە و کاتی ئەوەشت لیێ دەگرن بیر لە شتە
بایەخدارە مەزنە نەمرەکان بکەیتەوە .. دیارە هیوا گەورەکان بریتیین لە
بەردە گەورەکان ، کە واتە تۆش پاش ئەوەی ئەم چیرۆکە لە ناختا بە تەواوی
ڕەنگدەداتەوە ، هەر ئەمشەو یان بەیانی ، کە زوو لەخەو هەستایت ، بە
شێنەیی دەرگای دڵ و مێشکی خۆت بخەرە سەرپشت و بە دەروونێکی
پاکوبێگەردەوە پرسیارێک لە خۆت بکە : بەردەگەورەکانی ژیانم کامانەن ؟ .
ئەو کاتە گورج ئەوانەیان یەکەمجار بخەرە ناو دۆلکەکەتەوە.
٢٠٠٤ - ئەمەریکا
mkbarzy@hotmail.com
|