|
١٦\١٠\٢٠٢٦
بەرد لە
بەردی بێتەوە،دەنگی ھەیە.

هۆمەر
یەکەم،
لە سەردەمێکدا مرۆ کەوتووەتە بەر شاڵاوی ھەمەلایەنەی میدیا و،شۆڕشی
تەکنۆلۆژیایش بەلەز ھەموو لایەکی تەنیوە،میدیاکارێکی کورد لەم
جەنجاڵستانەدا و لە نێو بێدەنگییەکی کوشندەدا بنئاخ دەکرێت و
نووزەیەکیش تەنانەت لە خودی ئەو میدیا و ڕاگەیاندانەوە بەرگوێ ناکەوێت
کە ئەم مرۆ نازەنینە،تەمەنێک خەباتی تێدا کردوون و بەشێکی فرەی ژیانی
خۆی پێ بەخشیون!
دووەم، مرۆی ئەم ڕۆژگارە سەرقاڵە،ڕۆژانە ئەوەندە گیرۆدەی نێو دنیای
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە تەنانەت ئاگای لە دەوروبەرەکەی خۆیشی نییە و
ئەوە ئەم دنیا ئاڵۆسکاو و بێسەروبەرەیە کە جڵەوی ژیانی ئینسانی
گرتووەتە دەست و بە مەیلی خۆی ڕاکێش و پەلکێشی ئەملاولای دەکات. خەڵک
ئەوەندە نوقمی نێو ئەوپەڕ دنیایە کە تاق و تەنیا وەک شێتان قاقا
پێدەکەنێت کەچی خەمسارد خەمسارد بە پەنای خەڵکە نزیکەکەی پەنادەستی
خۆیدا تێدەپەڕێت و خۆی لە ئاست فرمێسکی سەر ڕوومەتی خەڵکانی جیران،لێ
نەبان دەکات! چونکە ڕاستیت گەرەگە زۆرینە لە لایەن میدیاوە قورمیش
دەکرێت و بیرکردنەوە و ھزرین دوا پرسە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. کاتێک خودی
ڕاگەیاندنیش سەرقاڵی ئاشووفتەبازاڕەکەی خۆیەتی،ئیدی چاوەڕوانی چیت لە
جەماوەر ھەیە!
سێیەم، ئەم میدیاکارە ڕەزاسووکە کە مەبەستی ئەم کورتە نووسینەیە، ساڵی
١٣٢٤ی ھەتاوی(١٩٤٥)،لە شاری"سنە"ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان چاوی لە ڕووی
ژیان ھەڵدەھێنێت. واتە ڕاست ساڵێک پێش دامەزرانی ڕادیۆ کوردیی تاران کە
ڕۆژی ٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی(٢٥ی نۆڤەمبەری ١٩٤٦)،پەخش و
وەشانی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە ئێراندا دەست پێ دەکات.
تەمەنی لاوەتی خۆی ھەر لە باژاڕەکەی خۆی(شاری سنە)دا وەپشت سەر دەنێت.
لە تەمەنێکی خوار و کەمدا چارەنووس پەلکێشی دنیایەکی دی دەکات کەچی شۆق
و حەزی خوێندنەوە ھەرگیز دەستبەرداری نابێت و ھێدی ھێدی کە ھەست بە
بەھرە و تواناکەی خۆی دەکات،لە چلەکانی ھەتاوی(شەستەکانی
زایینی)بەملاوە،ئاوێتەی نێو دنیای ڕاگەیاندنی کوردی دەبێت و سەرەتا وەک
بێژەر پێی بە ڕادیۆ کوردیی تاران ددەکرێتەوە.
"سەعدەین ستوودە"کە ڕۆژگارێکی درێژ دەرھێنەر و نووسەرێکی بەئەزموون و
ناودیاری نێو ڕادیۆ کوردیی تاران بووە،سەبارەت بەم خانمە میدیاکارە
دەڵێ،لە چلەکانی ھەتاوی(شەستەکانی زایینی)بەملاوە لە سەردەمی
باوکمدا[سەیید ئیبراھیم ستوودە(٢٠٠٠-١٩٢٦)کە نووسەر و شاعیرێکی ناسراوی
کوردە و ساڵی ١٣٤٥ تا ١٣٤٩ی ھەتاوی بەڕێوەبەری ڕادیۆ کوردیی تاران
دەبێت]،وەک بێژەر دەست بە خەباتی میدیایی دەکات.
ئەم خانمە میدیاکارە تەمەنێک وەک بێژەر و ئەکتەرێکی کارامە لەو
مەتەرێزەوە دەگەڵ چەندان میدیاکاری دی ھەر وەک میدیا زەندی(٢٠٠٨-١٩٤٠)،ناھید
ڕاھدار(٢٠٢٥-١٩٤٩)، عوسمان ئەحمەدی(١٩٣٧)و...،ڕاژە و خزمەتی چاند و
زمانی کوردی دەکات و تا دێت توانا و بەھرەکەی پتر دەگەشێتەوە و،لەم
سەنگەرەوە سەرچاوەی خزمەت دەبێت. واتە ڕاست لەو قۆناخە زێڕینەدا کە
ڕادیۆ پڕی دەبێت لە کەسایەتی وەک شوکروڵڵا بابان(٢٠١٢-١٩٢٣)، سوارە
ئێلخانیزادە(١٩٧٦-١٩٣٧)،عوسمان ئەحمەدی،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(١٩٩٥-١٩٢٣)،حەسەن
زیرەک(١٩٧٢-١٩٢١)،پەروین موشیروەزیری(٢٠١٠-١٩٤١)،ھومایۆن کەمانگەر(١٩٤٢)،مەلا
جەمیل ڕۆژبەیانی(٢٠٠١-١٩١٣)میدیا زەندی،سەیید عەزیز عەلەوی(٢٠١٩-١٩٣٠)،ناسر
ڕەوشەن(١٩٤٦)،محەممەد عەبدولسەمەدی(١٩٩٩-١٩٣٦)،عەلائەدین بابەشەھابی(٢٠١٤-١٩٣٩)،محەممەدساڵح
ئیبراھیمی(شەپۆل)(٢٠١٨-١٩٣٣)، حەسەن سەلاح ناسراو بە سۆران(٢٠٠٩-١٩٤١)،سۆران
سنەیی(کوردستانی)،محەممەدفاتیح محەممەدی (١٩٤٧)،سەیید جەلال نیزامی(١٩٥١)
و... .
چوارەم، ئەم میدیاکارە دواتر ڕوو لە شارەکەی خۆی(سنە)دەکاتەوە و لە
پەنجاکانی ھەتاویی بەملاوە و پاش کرانەوەی ڕادیۆ لە سنە،لە ڕادیۆ سنەوە
درێژە بە کاری میدیایی دەدات و بەشێکی دی توانا میدیاییەکەی لەوێندەر
دەردەخات.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگەیش بدرێت کە ساڵی ١٣٣١ی
ھەتاوی(١٩٥١)پەخشی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە شاری"سنە"دەست پێ دەکات. بە
واتایەکی وردتر،ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٣١ی ھەتاوی(١٩٥٢)پەخش و وەشانی
بەرنامە بە زمانی کوردی لە ڕادیۆ سنەوە بە بنزاری ئەردەڵانی دەست پێ
دەبێت.
پێنجەم، وەک خودی خۆم کە تەمەنێک لە نێو میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا
خەباتم کردووە،سەرەتا لە ھەشتاکانی ھەتاویدا و لە بەشی چیرۆکی ڕادیۆوە
بەم کەسایەتییە ئاشنا بووم. خانمێکی ئێسکسووک و خاوەن دەنگێکی سیخناخی
میھرەبانی و سۆزێکی جوان کە دەیان دەوری لە چیرۆکی ڕادیۆدا دەبینی و
ھەر جارە و گۆشەیەک لە توانا ھونەرییەکەی دەخستە بەرچاو.
شەشەم، ئەم میدیاکارە کوردە کە لە دوای شوێنێکی ھەراوتر بۆ دەرخستنی
تواناکەی خۆی دەگەڕا،دوابەدوای دامەزرانی سەحەری کوردی لە ساڵی ١٣٧٦ی
ھەتاوی(١٩٩٧)،زۆر خێرا لێرەوە درێژەی بە خەباتە میدیاییەکەی دا و وەک
ئەکتەرێکی بواری دۆبلاژ پێی بەم مەیدانە کرایەوە و ئەم بەستێنەی بۆ
کارکردن ھەڵبژارد. ئەرچی زۆر پێشتریش ھەر لەم بوارەدا توانای خۆی تاقی
کردبووەوە. ئەمەیش بۆچوونی محەممەد فەرەیدوونی،دەرھێنەری ناسراوی بواری
میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییە کە ڕاستیی بۆچوونەکە سەبارەت بەم خانمە
میدیاکارە دەسەلمێنێت.
دێتەوە یادم،ئەم میدیاکارە ھەر جارە و لە سنەوە بە پاس ڕووی لە تاران
دەنا بۆ ئەوەی لە چیرۆکێکی ڕادیۆیی یان درامایەکی تێڤێدا دەور ببینێت و
ھەگبە میدیاییەکەی خۆی دەوڵەمەندتر بکات. دەرھێنەرەکانی
ڕادیۆ،میدیاکارانی ھەر وەک سەعدەین ستوودە،کاوە کەمانگەرپوور،زێنەب
مستەفایی،ئەحەد ساڵحی،شاڕەزا قەوامی و بەڕێوەبەرانی دۆبلاژ ھەر وەک
محەممەد فەرەیدوونی،زانیار کەمانگەر،فەرزاد مەشعووف و...،دەتوانن
باشترین بەڵگە و شایەت بۆ توانا واڵا ھونەرییەکەی ئەم خانمە میدیاکارە
بن.
حەوتەم، ئەو میدیا و ڕاگەیاندانەی کە ھەڵگری مێژوویەکی ٨٠ و نزیک بە ٦٠
ساڵەن و دەیان سیما و کەسایەتی ناودیاری کورد ھەر وەک دوکتۆر
محەممەدسدیق موفتیزادە(١٩٨٤-١٩٢١)،عەبدوڕەحمان موفتیزادە،ئەحمەد
موفتیزادە(١٩٩٣-١٩٣٣)،خالیدئاغا حیسامی(٢٠١٦-١٩٢٧)،ھەژار
موکریانی،جەمیل ڕۆژبەیانی،حەسەن زیرەک،سوارە ئێلخانیزادە،مەزھەر
خالقی،ھومایۆن کەمانگەر،شەپۆل،سەیید ئیبراھیم ستوودە،خوسرەو شێخکانلوو(٢٠٠٤-١٩٢٥)،سەیید
عەزیز عەلەوی،حەسەن سەلاح سۆران،حیسامەدین ئەمین،سدیق بۆرەکەیی(٢٠٢٣-١٩٤٣)،میدیا
زەندی،جەلال نیزامی،عەبباس کەمەندی،سەیید ئیسماعیل حسێنی(١٩٥٤)،میرزای
ھەورامی(١٩٥٧)،ژیلا حسێنی(١٩٩٦-١٩٦٤،شیلان گەیلانی(١٩٥٣)،کولسووم
عوسمانپوور(١٩٦٨)،فەتانە مورادی(١٩٦٦)، و...تا دەگاتە نەوەی دواتر و
سەدان تۆرەوان و نووسەری دی،لەم سەکۆوە خزمەتی ڕووبەری کولتووری
کوردییان کردووە،جێی کەسەرە کە سووک و سانا بە پەنای پرسێکی ھەستیاری
ئەوتۆدا تێدەپەڕن،ئیدی چلۆن دەیانھەوێت بە نەوەی ئێستا بڵێن ئێمە خاوەن
چەندان میدیاین کە ٨٠ یان نزیک ٦٠ساڵی چالاکی و خەباتمان وەپشت سەر
ناوە لەحاڵێکدا لە ھەمبەر سیما و کەسایەتییە دیارەکانی خۆ،خۆ لە گێلی
دەدەن و کەمتەرخەمن؟!
پار لە یادی ٨٠ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆ کوردیی تاراندا ئاماژەم بەم خاڵە
دا کە میدیایەک ڕێز لە نەوەی دوێنێی خۆی نەنێت یان بە واتایەکی
دی،ڕابردووی نەبێت،داھاتوویشی ھیچ دەرناچێت. میدیات پێ شک دێت ٢٤کاتژمێرە
ژار دەرخواردی بەردەنگ دەدات و"ئاو لە دەسکەوانا ئەکوتێ"کەچی
ڕاگەیاندنی ئەوتۆیشت پێ سۆراغ دێت تەنێ بە چەند کاتژمێر و
ڕووپەلێک،مێژوویەک دەنووسێتەوە کە دەبێتە ویردی سەرزاران و ئەم نەوە بۆ
نەوەی دادێی دەگێڕێتەوە.
میدیا گەر لە دەست ئەھلەکەی نەبێت،دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیشی لە لا ھیچ
گرینگ نابێت!
وەک نەوەی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران،ڕۆژێک و بۆنەیەکم پێ شک نایە کە
یادکردنەوەیەکی شیاوی نەوەی دوێنێی ڕاگەیاندنی کوردی تێدا بەڕێوە
چووبێت. ئیدی چەمەڕای چ ڕێز و سەنگێک لە نێو جەماوەرەکەی خۆدا بین!
دەیان کەسایەتی درەوشاوەی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیم پێ شک دێت کە پاش
تەمەنێک ڕاژە و خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی،درێخ لە سۆراغگرتن و
کورتە ھەواڵپرسینێک! کەچی ھەر کامە و بۆ خۆ لە سەردەمەکەی خۆدا لە
پاراستن،بڵاوکردنەوە،گەشەپێدان و پێشخستنی زمان و کولتووری نەتەوەکەی
خۆدا دەوری ئەستووندەکێکیان بینیوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕش،زۆر میدیاکار و شاعیر و ڕووناکبیری خەمخۆر دەگەڵ
ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی دوێنێی ڕادیۆ یەک دەگرن و ڕەوتەکە
بەرەوپێشەوە دەبەن. میدیا زەندی،ناھید ڕاھدار،ئەمیرئەسەلان
شێخکانلوو،ناسر سینا،ئاگری ھەژار،سەیید نیزام نیزامی،شایستە
ئیبراھیمی،عەزیز عەبباسی،شاناز کەریمخانی،سورەییا ئەمینی،سەیید جەلال
نیزامی،برایم بەریاجی،ئەییووب گازرانی،ھۆمەر نۆریاوی،ئارەزوو
زیرەک،ئازاد ئیبراھیمی،سورەییا مەولانی،حسێن قوربانپوور،نەشمیل
نیزامی،کەریم ئەکبەرزادە،ئەنوەر ھوژەبری،کەریم کڵاشیی فەڕ،ئارام
مستەوفی،کاوە کەمانگەرپوور،ناسر حەسەنی،پەروانە ڕەستگارفەڕ،زانیار
کەمانگەر،سەعادەت ڕەحیمی،ئەمیر ڕەزایی،قادر دادخا،نەسرین حاتەمی،فەرەح
ھومایۆنڕووز،دینۆ مەحموودزادە،نەشمیل نیزامی،سیما ئابخزر،ڕەسووڵ
شێخکانلوو،نەعمەت مارۆنسی،شلێر ئیمرانژاد،ئارەش ئەمجەدی و ...،ھەر کامە
و لە سووچ و گۆشەیەکی میدیاوە دەرکەوتوون و بۆ ھەمیشە جێپەنجەی
خزمەتیان دیارە.
ھەشتەم، شارێکی مینا"سنە"کە بۆ جووڵە و بزاوتی فەرھەنگی لە ھەر ھەموو
کوردستاندا ویردی سەرزاران و بگرە پێشەنگیشە،گەلێک سەیرە کە سادە و
ساکار بە پەنای کەسایەتییەکی ئەوتۆدا تێدەپەڕێت و دواتر بە ھەوڵ و
خەمخۆریی چەندان دڵسۆزی ڕادیۆ ھەر وەک ئارەزوو زیرەک،محەممەد
فەرەیدوونی و نەشمیل نیزامی،سەنگی ڕاستینەی ئەم میدیاکارە دەگەڕێتەوە
خولگەکەی خۆی و جارێکی دی ناوی دێتەوە ناو کایەی فەرھەنگی. کەچی
لەڕاستیدا ئەوە ئەرکێکی ھەرە سەرەتایی بەرپرس و بەڕێوەبەرانی دەزگە و
ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی خودی سنە و تارانە کە ئاوڕ لە ڕووداوە
فەرھەنگییەکان بدەنەوە و کەسایەتییەکی ناسراوی بواری میدیا و
ڕاگەیاندنی کوردی بەو چەشنە غەریبانە و بێدەنگ بنئاخ نەکرێت.
نۆیەم، یەک لە پرسە جەوھەرییەکان لە لای ڕۆژنامەوان و
میدیاکار،پەیجۆریی و گەڕان بەدوای ڕاستیی ڕووداوەکانەدایە کە دەمێکە
لای ڕۆژنامەوانی ئێمە نامۆیە و ئەوەندە ئاوڕی لێ ناداتەوە. زۆربەی
میدیاکار و ڕۆژنامەوانی ئێستا زۆر کەسایەتی لە لا دەبێتە میوان کە
پەرۆشی یەکەم و کۆتایی تەنیا پڕکردنەوەی کاتی بەرنامە و لاپەڕەکەیەتی و
چ خوێندنەوەی بۆ بیر و ھزر و بەرھەمەکەی کەسایەتییەکە نییە. ئەمە
خەسارێکی کوشندەی ڕۆژنامەگەریی ئێستامانە. تەنانەت پاژە سەرەکییەکانی
ھەواڵ کە بریتینە لە[کێ،لەکوێ،کەی،بۆچ و چلۆن]ی لە لا ھیچ گرینگ نییە.
دەیەم و دواخاڵ، بەختەوەرانە منداڵەکانی ئەم میدیاکارە نازەنینە
ئەمڕۆکە ئەوەندە لە ڕێچکەکەی دایک دوور نین و کوڕەکەی واتە"ئامانج
ئازەرمی"،ژەنیار و سترانبێژە و کچەکەیشی،"ئازادە ئازەرمی"یش،لەمێژساڵە
خەریکی کاری نواندنە و ھەروەھا لە بواری شانۆیشدا خاوەن دەست و
ھونەرێکی باڵایە. بەڵام بە داخ و کەسەرێکی فرەوانە مریەم زاھیریانی، لە
نێو بێدەنگییەکی کوشندەدا ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی ھەتاوی(٨ی
سێپتەمبەری ٢٠٢٦)ھەر لە شارەکەی خۆی(سنە)کۆچی دواییی دەکات و بە بەرچاو
ئەم ھەموو ڕاگەیاندنە کاڵفامانەوە غەریبانە بنئاخ دەکرێت. لێرەدایە مرۆ
ئەم بەیتەی"ھێمن موکریانی"بیر دێتەوە کە چەندە جوان دەبێژێت:
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی ھەیە
___________________________________________
ژێدەر:
ناڵەی جودایی،ھێمن،چاپی پێنجەم،سەییدیان،مەھاباد،١٩٧٩
تاریخچە رادیو کردی در ایران(رادیو بە زبان کردی در ایران، از آغاز تا
زمان انقلاب اسلامی)،آرش امجدی،پایان نامەی کارشناسی ارشد ایران
شناسی،زمستان ١٣٩٤.
فەرھەنگی کوردواتەنی،ع.ع.شەونم،دەزگای دواڕۆژ،سلێمانی،٢٠٢٠.
ڕادیۆ کوردیی تاران لە بەردەم دەروازەی دیرۆکدا،نووسین و لێکۆڵینەوە
ھۆمەر نۆریاوی،گۆڤاری ڕێزان،ژمارە ٣،ڕێبەندانی ٢٠١٥.
روزنامەنگاری نوین،نعیم بدیعی،حسین قندی،چاپ سوم،انتشارات دانشگاە
علامە گباگبایی،تھران،١٣٨٢.
h_noryawi@yahoo.com
|