په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەرەو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان!!


بەهرەوەر مەرزانى 


هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کایەکانى دیموکراتیەت رۆڵى گرنگ و کاریگەر دەبینێت لەگۆڕان و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات و یەکلایى کردنەوەى ململانێیە سیاسیەکان بەشێوەیەکى ئازادانەى دوور لە هەموو داسەپاندن و بەکارهێنانى زەبرو زەنگێک، ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دیاریکردنى نوێنەرانى پەرلەمان وەک ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەیى پێویستییەکى هەنوکەیى سەر گۆڕەپانى سیاسى کوردستانە لەپێناو گۆڕان و نوێبوونەوەى ئەو دامەزراوەدا، کە بەخەون و ئومێدى یەکە یەکەى تاکەکانى ئەو کۆمەڵگایە دادەنرێت و هەر لەرێگاى ئەو دامەزراوەشەوە حکومەت دادەمەزرێت و سیستەمى ژیانى ئەو وڵاتە رێکدەخرێت لەرێگەى دەرکردنى یاساکانەوە.


دیاریکردنى نوێنەرانى ئەو دامەزراوە گرنگە لەلایەن خەڵکى کوردستانەوە کە بەرهەمى خوێنى هەزاران لە رۆڵەکانیەتى بەهاو گرنگى زۆرى هەیە بۆ میللەتەکەمان کە بەدرێژایى مێژووى داگیرکردنى کوردستان داگیرکەران هەوڵیان داوە نیشتمانەکەمان سوتماک بکەن و گەلەکەمان لەسادەترین مافى مرۆڤ بوون بێبەش بکەن و کولتورو فەرهەنگى نەتەوەییمان بسڕنەوە، بۆیە پێویستە ئەمجارەیان خەڵکى کوردستان بەهەموو چین و توێژو رەنگەکانەوە روو لەسندوقەکانى دەنگدان بکەن بۆ دەستنیشانکردنى نوێنەرەکانیان و گەیاندنى رووى گەشى گەلەکەمان بەجیهانى دەرەوەو زیاتر جوانکردنى ئەو پرۆسەیە، لەروانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتیشەوە پێویستە دەنگدەران دەنگى خۆیان بەو کەس و لایەنانە بدەن کە خەبات و تێکۆشان و ماندوو بوونیان سەلماندوویەتى لەکاروانى خەباتدا پێشەنگ و دڵسۆزن بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان و دەتوانرێت لەرێگەى ئەوانەوە نیشتمانەکەمان بەرەو رزگارى و ئاوەدانکردنەوەى زیاترو گەشانەوەى بارى ئابوورى ببرێت و کەسایەتى تاکى کورد کە چەندین ساڵە رژێمەکانى ئەو وڵاتە تێکیان شکاندووە لەسەر بنەماى دڵسۆزى و ئینتمابوون بۆ نیشتمان و نەتەوە بنیادبنرێتەوە ، تاکو گەلەکەمان لەرووى پێشکەوتن و ژیارییەوە بگاتە ئاستى وڵاتانى پێشکەوتووى دونیاو بەتەواوى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى شادبێت و هەموو خزمەتگوزارى و خۆشگوزەرانیەکانى بۆ دەستەبەر بکرێت، بەتایبەتیش لەکاتێکدا پەرلەمانى داهاتووى کوردستان لەبەردەم دۆزینەوەى میکانیزمى نوێو جێبەجێکردنى چەندین ئەرکى چارەنوسسازى نیشتمانى و نەتەوەییدایە کە گرنگترینیان کێشە هەڵواسراوەکانى نێوان حکومەتى کوردستان و حکومەتى عێراقە، لەسەرووى هەمووشیانەوە مادەى ( 140 ) ى دەستوورى هەمیشەیى عێراق کە تایبەتە بەو ناوچانەى لەلایەن رژێمە یەک لەدواى یەکەکانى ئەو وڵاتەوە لەنیشتمانى دایک دابڕێندراون و هەوڵى سڕینەوەى ناسنامە نەتەوەییەکەیان دراوە،


چونکە شۆڤێنیەتى عەرەب لەو وڵاتەدا تا ئێستا نەیتوانیوە زەمینەیەکى لەبار بۆ پێکەوە ژیان و قوڵکردنەوەى ژیانى دیموکراتى بڕەخسێنێت و وەک جاران بەعەقلیەتى بەعس و رژێمە شۆڤێنیە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق کار دەکەن و دەیانەوێت خەڵکى کوردستان لەکەمترین مافەکانى بێبەش بکەن، ئەوەتانێ دۆستەکانى دوێنێمان ئەمڕۆ لەپێشى پێشەوەى ئەو کەس و گروپ و لایەنانەن کە دژ بە مافەکانمان کاردەکەن و لەجێبەجێکردن بەندوو خاڵەکانى رێککەوتنەکان و دەستورى هەمیشەیى خۆیان دەدزنەوەو نایانەوێت جێبەجێیان بکەن، بێئەوەى گوێ بەوەبدەن کە ئەوان بەبێ گەلى کورد هەرگیز ناتوانن عێراقێکى دیموکراتى فرەیى دروست بکەن چونکە بە درێژایى مێژوو جگە لە زمانى شەڕوکوشتن وبڕین وتیرۆرو تۆقاندن لەهیچى تر نەگەیشتوون.


بۆیە پێویستە ئەمجارەیان پەرلەمان لە هەموو روێکەوە کاراتر بکرێت و لەئاست داخوازى و داواکارییەکانى خەڵکى کوردستاندا بێت ئەگینا مێژوو بەزەیى بەهیچ کەسێکدا نایەتەوەو هەموو روێکى جوان و ناشیرن دەخاتە بەردەست نەوەکانى داهاتوومان بۆ ستایش و نەفرەتبارکردنیان .
 


Bahrawar_s@yahoo.com