په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١١

بەرەو نۆیه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی چاک.


قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و کەس و کاری گیانبەختانی تاوانە کۆمه‌ڵکوژییه‌کان
گەلی کوردی ستەمدیدە.

وابەرەو یادی نۆهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ناوەندی هەڵەبجە دژ بە ئەنفالکردن و جینۆسایدی گەلی کورد-چاک- دەچین و قۆڵ هەڵدەکەین بۆ هەنگاونانی پڕ بە باوەڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی لە سەرەتای دامەزداندنی ئەم ڕێکخراوەوە دەسنیشانمان کردووە، و شێلگیرانە وبێ ووچان وەک چۆن دایکە هەژارێک دەرگا و دەرگا دەکات بۆ پەیداکردنی نان و ئاو بۆ منداڵەکانی، ئێمەش دەرگا بە دەرگای ناوخۆ و جیهان ئەگەڕێین بۆ گەیاندنی ناڵەی قوربانیان و کەس و کارەکانیان بۆ هەموو ئۆرگانێکی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی پێاسە و بەرژەوەندییەکانی قوربانیان و کەس و کار و پابەندبوونی نەتەوەییان.


هەر ساڵێک تێدەپەڕێت زنجیرەیەک چالاکی بەتین و هەنگاوی ڕەسەن بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی ناوەند دەخرینە سەر مێژووی ئەم ڕێکخراوەو و چەند لاپەڕەیەکی پرشنگدار بۆ نەوەکانی ئایندەی گەلەکەمان تۆمار دەکرێت. ئەگەر باس لەسەروەرییەکانی ناوەندی چاک بکەین لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ئەوا تەنها ئاماژەپێدانیان بە چەند لاپەڕەیەک تەواونابێت، بۆیە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەو چالاکی و دەسکەوتانەی لەساڵی ڕابوردودا بەدست هاتووە. یەکێک لەبەرهەمە هەرە گرنگەکان بڕیاری هەڵواسینی وێنەی عومەری خاوەرە لەسەر یەکێک لەدیوارەکانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەجنێڤدا وەک سمبولێک بۆ کۆمەڵکوژی گەلی کورد، ئەوەش بەرهەمی 2 ساڵی هەنگاوە بێ ووچانەکانی ناوەندی چاک و پێشکەشکردنی پتر لە 310 هەزار واژۆ و 100 نامەی پشتگیری کۆمەڵە و ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتی کوردستانی و جیهانی کە بەهەوڵ و کۆشەشی ناوەندی جاک و دۆست و هاوکاران و خەمخۆرانی گەلەکەمان کۆکرانەوە بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران بەجینۆساید لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکاندەوە. هەروەها:


- بەشداریکردن لەکۆبونەوەی ساڵانەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لەجنێڤ لە مانگی 6 ی 2010.
- سیمینار و کۆڕ و یادکردنەوەی تاوانەکان بۆ هاووڵاتیانی بیانی لەووڵاتەکانی نەرویژ و دانمارک و سویسرا.
- دروستکردنی یاریگا و کتێبخانە و بۆ گەنجان و لاوان لە ناوچە ئەنفالکراوەکان بە هاوکاری ریکخراوی گرینکرۆس‌و ریکخراوی وادی ئەلمانی.
- بەشداریکردنی چالاکانە لە سەرجەم هەنگاوە پابەندەکان بەئازادی مرۆڤ و ڕا دەربڕین و کەمپین بۆ ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕیسواکردنی هەنگاوە دڕندەکانی ڕژێمی سوریا بۆسەپاندنی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
- په‌یوه‌ندیکردن به‌کۆمه‌ڵێک لە په‌رله‌مانەکانی ئه‌وروپا و حیزبه‌ چه‌پ و سه‌وزه‌کانه‌وه‌ بۆ ناساندن و به‌ فه رمى ناسینى جینۆسایدی گه‌لی کورد.
- مه‌حکومکردن و ئیدانه‌کردنی زەوتکردنی ماف و ئەو تاوانانەی به‌رامبه‌ر به‌ ئێزیدیه‌کان کراون.
- ناردنی نامایه‌کی ناڕه‌زایه‌تی بۆ که‌سایه‌تی سیاسی به‌ریتانی(ئان کلود) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ئازدکردنی فرۆکه‌وانی تاوانبار(ڕه‌مه‌زان عه‌زاوی)دا له‌ 10 حوزیرانی 2009دا.
- راگەیاندنی کەمپیەنی دادگایی کردنی تۆمەتبارانی ئەنفال ( لەسلیمانی – هەلەبجە- گۆپتەپە)
- لە گرنگترین چالاکیەکان کە لەبەر هەستی قوربانیان ڕاگەیاندنیان بۆ نەکراوە (بنیاتنانەوەی کەسێتی، هەوڵدان بۆگەراندنەوەی ئەنفالکراوێک لەخوارووی عێراق، ئامادەکردنی دۆسێی بریندارێکی شەری ناوخۆ)
- بەشداری راستەوخۆی هەموو چالاکیەکانی فیدراسیونی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی لەهەریمی کوردستان.


ئەمانە و کۆمەڵێک لەپەیوەندی جۆراوجۆر بەکەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی ئەوروپادا بۆ پشتگیریکردن لەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ڕێکگرتن لە دوبارەبوونەوەی تاوانی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بەگەلی نکورد لەئاندەدا.


هەر لە ساڵی 2010 دا بۆ جاری سێهەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لەپاش تاواتوێکردنی دۆسیەی فەیلییەکاندا، ئەوتاوانانەی لەشێوەی ڕاگواستن و کوشتن و سەرنگومکردن و سەندنەوەی مافی هاووڵاتییبونی فەیلییەکانی بە جینۆساید ناساند. ئەوەش بەڵگەیەکی دیکەی حاشا هەڵنەگرە کە ڕژێمەکانی پێشوو و بەتایبەت ڕژێمی بەعس، شاڵاوی لەناوبردنی گەلی کوردی گرتبووە بەر لە هەموو لایەکەوە بێ گوێدان بە ئایین و تایفە و هۆز و نیشتەجێبوونی جوگرافییان، تەنها پابەندبوونیان بە نەتەوەی کوردەوە بەس بوو بۆ کۆشتن و بڕینیان.

کوردستانیانی هێژا، هەرچەندە کۆمەڵێک لە ئامانجەکانی ناوەندی چاک لەماوەی ئەو 9 ساڵەی ڕابوردودا هاتە دی، وەک ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران لەسەر ئاستی جیهان، و ناسناندنی ئەوتاوانانە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی به تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دانانی 16/3 یادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و 14/4 یادی تاوانی ئەنفال وەک پشوی فەرمی لەکوردستاندا. وئاستێکی بژێوی کەم بۆقوربانیانی تاوانە جینۆسایدییەکان. بەڵام هەتاوەکو ئێستا زۆرهەنگاو هەیە کە بەپێی پێویست نەکراوە و تەنانەت هەنگاوەکانیش کەماسی تێداکراوە وەک:


- خزمەتگوزارییەکانی ناوچە ئەنفالکراوەکان و ناوچە بەرکەوتووەکانی چەکی کیمیاوی لە ئاستی پێویستدا نیە.
- بژێوی قوربانیان و کەس و کاری قوربانیانی ئەو تاوانانە لە ئاستێکدا نیە کە شایەنی بێت.
- تاوەکو ئێستا مۆزەخانە و ئارشیفێکی نیشتمانی نیە بۆ کۆکردنەوەی هەرجی بەڵگە و کەرەسە و جلو بەرگی قوربانیان و بابەت و بەڵگەی تاوانەکان لەخۆ بگرێت.
- هەتاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردنی نەکردوە لە گەلی کورد و تاوەکو ئێستا قەرەبووی سیاسی و یاسایی و مادی قوربانیان و گەلی کوردی نەداوەتەوە.
- تاوەکو ئێستا نە حکومەتی عێراق و نەدەسەڵاتی کوردی هەنگاوی نەناوە بۆ دانپێنانی جینۆسایدی گەلی کورد لە ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکاندا و هەنگاو نان بۆ دەرخستنی یاسایەکی نێودەوڵیتی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە دەبارەبونەوەی تاوانی گەلکوژی لە ئایندەدا.
- تاوەکو ئێستا دادگایەکی نیشتمانی بۆ ئەنفالچی و سەرۆک جاشەکان دانەنراوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە قۆناغ و بارودۆخێکی پڕ شەرمەزاری ژمارەیەک لە کوردە کاربەدەستەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بهێنرێت و ئەو برینەی لە جەستەی نەتەوەی کوردایە بەرەو ساڕێژ بوون بڕوات.
- تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ بپارێزێت لە کوردستاندا بەو ئاستەی کە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنیان لە پێناویدا ڕشتوە.

ئەگەر ئەوانەی سەرەوە تەنها نیگەرانی و کاری داهاتووی ناوەندی چاک و هەموو مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازێکی گەلی کورد بێت، ئەوا ئەبێت لە چەند مەترسییەکی کوشندەش بێ ئاگا نەبین کە ئەگەری دوبارەبونەوەی تاوانەکانی گەلکوژی بە خۆوە دەگرێتەوە وەک:


- گەڕانەوەی بەعسیەکان بۆ گۆڕەپانی دەسەڵات، و هەوڵی نەهێشتنی یاسا و پەیڕەوەکانی ڕیشەکێشکردنی بەعس، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئامانجی بەردەوامبوونی تاوانەکانە.
- ڕێگرتن لە داوالێبوردنی فەمری حکومەتی عێراق لە گەلی کورد لەسەر ئەو تاوانانە و هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی دڕندەیی تاوانەکان و کەمکردنەوە کاریگەرییەکانی، و ڕێگرتن لە گەیاندنی ئەو تاوانانە بۆ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناساندنی تاوانەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و دەرکردنی بڕیارێک بۆ پاراستنی گەلی کورد بەرامبەر هەر هێرشێکی گەلکوژی ئامێز لە ئاندەدا.
- جێبەجێنەکردنی یاسا و هەنگاوەکانی قەرەبوکردنەوەی سیاسی و یاسایی و مادی گەلی کورد و قوربانیانی تاوانەکان، و ڕێگترن لە گەڕانەوەی ناوچە بەعەرەبکراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەوڵدن بۆ سەپاندنی دەرهاتەکانی ئەو تاوانانە بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ ڕێگرتن لە ئاساییکردنەوەی بارو دۆخی ئەو ناوچانە و پاراستنی پێناسەی کوردستانیبوونیان.


لە کۆتاییدا بەڵێن دوپات دەکەینەوە بۆ قوربانیان و کەس و کاری قوربانیانی تاوانە گەلکوژییەکان و سەرجەم گەلی کوردستان، کە هەموو ئەندامان و چالاکەکانی ناوەندی چاک بە هاوکاری هەموو خەمخۆرێکی ئەو دۆزە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ناوەندی چاک و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی قوربانیان و کەس و کار و شکۆی گیانبەختان. و هیوادارین لە پڕۆژەکانی ساڵی 2011 دا بە هاوکاری ئێوە هەنگاوی بەتینتر بنێین. لە هەمان کاتیشدا سوپاس و پێزانینمان بۆ سەرجەم ئەو ڕێکخراو و کەسایەتی و دەزگایانەی هاوکاریان کردوین لە چالاکییەکانماندا.


ناوەندی هەڵەبجە
دژ بە ئەنفالکردن و جینۆسایدی گەلی کورد - چاک -
5\1\2011