په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١١

بەرەی چارەسەریی کێشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.


عەلى زیرەک


فارسەکان ئازاتر بوون ولانیکەم کۆنگرەیەکیان لەو بارەیەوەو بۆ نزیکبوونەوە و دروستکردنی کۆدەنگییەک سەبارەت بە داهاتوو پێکهێنا.ئێمەش دەبێ‌ هەرچۆن بووە لایەنەکان بێنینە سەر مێزی دانووستان. چونکا زۆربەمان حازرین لەگەڵ دوژمندا دانووستان بکەین، کەچی نازانم بۆچی لەگەڵ خۆماندا هێندە دڵڕەقین! من هەوڵم داوە شێکارییەک بخەمە بەر دەستی هەموو رای گشتی و دواتر هەوڵەکانیش دەدۆزمەوە.

چۆن کەرامەتی گشتیمان گەشە پێبدەین؟

ئیرادەی گەشەپێدانی گشتی (General Actualizing Tenedency) کە لە هەموو بوونەوەراندا هەیە و ئیرادەیەکی خۆڕسک لە ئۆرگانیزمدایە بۆ گەشەی هەموو تواناکان، بە شێوەەیەک کە لە خزمەتی پاراستن و بردنەسەرەوەی ئاستی ئۆرگانیزمدایە..."1...دەتوانرێ‌ وەکو نموونەیەکی خۆبەڕێوەبەری و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا و تەنانەت گەشەپێدانی خەبات و چالاکیی نەتەوەیی و مافخوازانە کەڵکی لێوەربگیردرێ‌.

گەشەپێدان بە گشتی خاوەنی چوار تایبەتمەندییە و دەکرێ‌ بەو پێیە ئێمەش دۆزی خۆمانی پێ‌ سەربخەین.ئەو چوار تایبەتمەندییەش ئەمانەن:

1- "گەشەپێدان ئۆرگانیزمی یە. یانی ئامادەبوونی بیۆلۆژیکی ، سروشتی و ناوەکی لە تەواوی بوونەوەراندا هەیە. ئەم بەشە پێمان ئەڵێ‌: ئەگەر لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکاندا راوەستین، تووشی پارادۆکس دەبینەوە و بەم شێوەیە وەکو لایەنێکی کوێر دەبینرێین.
2- رەوتێکی چالاکە "و پێشگرتن لەو چالاکییەش ئەستەمە.ئەمە ئەو تایبەتمەندییەی ژیان و ئۆرگانیزمە، کە ناهێڵێ‌ هیچ دیکتاتۆرییەتێک ئەبەدی بێت و هیچ پاوانخوازییەک هەتا سەر بمێنێ‌. ئەوەی لێرەدا وەکو وانەیەک فێرمان دەکات : وانەی دێمۆکراتییەت فرەچەشنی و ئاڵۆزنەکردنی ژیانە لە ئۆرگانەکانی دیکە.
3- لایەنی ئامانجدار و بەرنامە پێدراوی هەیە.
ئەم خاڵە بابەتی سەرەکیی ئۆرگانیزمە. یانی کەس ناتوانێ‌ ئۆرگانیزمی ژیان تێک بدات و دووکەڵەکەی لەچاوی خۆیدا نەبینێ‌.
4- لایەنی هەڵبژێردراوی هەیە.(2) ئەمە یانی تەنانەت ئۆرگانیزم ئەو دیمۆکراسییەتەی تێدایە کە ئیجازە بە تاک و کۆ دەدات: یان لەگەڵ تێکداندا بمێنە و خۆیشت بمرە. یان لەگەڵ ژیانی هەتاهەتاییدا بمێنەوە و بژی!

بەڵام لایەنێکی تایبەتی ئینسانیش هەیە، کە لایەنی (خۆ - گەشەپێدان 3 ) ی پێدەڵێن.

ئەم شێوازەش لەگەڵ کرداری گەشەکردووی سەرکەوتوودا ، پێوەندیی بە چەند لایەنێکەوە هەیە:

1- خۆ- گەشەپێدان دەبێتە هۆی ئاوەڵایی و کرانەوە سەبارەت بە ئەزموونەکان. یانی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە بەرەو پاڵنەرەکان، ناسیاری و تێگەیشتنە تاکەکەسییەکان ئامێز ئاوەڵا بکەین.
2- تاکی (خۆ- گەشەپێدەر) بە شێوەیەکی زیندوو دەژی. واتە بە شێوەیەکی ئیرادی کار دەکات و بە تەواوی لەگەڵ( کات )دا سەروکاری دەبێ‌.واتە لێرەو لە ئێستادا دەژی.
3- تاکێکی (خۆ- گەشەپێدەر) متمانەی زیاتری بە کرداری ئۆرگانیکی خۆی هەیە و بە شێوەی کەسێک کە پەیامی حەقیقەت (سرووش و ئیلهام) ی پێگەیشتووە، پێش لەوەی زانیارییەکان تاوتوێ بکات، ئەو کار و ئەرکەی پێیوایە دروستە بەڕێوەی دەبات. (4)

لێرەدایە کە تاکەکانی ئێمە ئەو دنیا جاڵجاڵووکەیی و دێمۆکراتیکەی ئێستایان کە لە سیستەمی جیهانیی گەشە کردوودا دۆزیویانەتەوە بۆسیستەمە دواکەوتوو و پیاوسالار و خۆسەپێنە حیزبی یەکانی ئێمە تێک نادەن. زۆربەیان بە بچووکترین دەرفەت باڵ دەگرنەوەو دەفڕن. ئەمە ئێمەی لە قەڵای ئاسنینی خۆماندا بەرەوڕووی پرسیارە قورسەکان کردووەتەوەو بە تەنیاش نەمانتوانیوە وەڵامی بۆ بدۆزینەوە.

ئەمانە هەمووی بۆ ئەوە بوو، کە پێداچوونەوەیەک بە خۆماندا بکەین و ئامانج و پلانەکانمان وەک ئۆرگانیزمێکی هەنووکەیی ئامانجدار بکەین و لە ئێستادا و بەرانبەر بە کاتەکان و تایبەتمەندیی ئەو دەمەی تێیدا دەژین هەڵوێست بگرین.

"برایان ترەیسی" لە یەکێک لە یاساکانی خۆیدا ئەڵێ‌" هەموو هۆکار و دەرئەنجامەکان فکرین. بیری ئێوە دەبێت بە راستەقینە. فکرەکانی ئێوە خولقێنەرن. ئێوە دەبن بەو شتەی کە زۆرتر لەبارەیەوە بیر دەکەنەوە.بە بەردەوامی لەو ئەو شتانە بیر بکەنەوە کە خوازیاری ئەوانن و لە بیرکردنەوە لەو شتانەش کە خوازیاری نین دووری بکەن."

کەوابوو لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە... ئایا ئێمە تاکو ئێستا بەڕاستی بیرمان لە یەکخستنی هەڵوێستەکانمان و وەسەریەکخستنی هێزەکانمان کردووەتەوە؟ دڵنیام ئەگەریش کرابێتەوە زۆر لاواز و بەرتەسک بووە.چونکە تا ئێستا بە هیچ ئاکامێک نەگەییوین.

پێموایە ئەگەر بەم پرسیارەوە دەست پێبکەین زووتر بە ئاکامێکی لۆژیکی (مەنتقی) دەگەین.
ئایا ئەوەی دەکەین، بۆ کوردە؟
کەوابوو با لەگەڵ داواکانی گەلدا بڕۆین! داواکانی گەل لەم قۆناغەدا چین؟ تاکو ئێستا چۆن ژیاوین؟


"سیاسەتی دۆستانە لە جێگەی سیاسەتی دوژمنکارانە بۆ نێوخۆمان".


"روانینی پۆستمۆدێرن بۆ کاری سیاسی، وەکو شتێک کە ئەتوانێ لە سادەترین و سەرەتاییترین ئاستەکاندا رووبدات"روانگەیەکی تازەو هەنووکەیی¬یە.

پۆست مۆدێرنەکان پێیانوایە بۆ ئەوەی بتوانین لەشێوازی سیاسەتی ئێمڕۆژی تێبگەین،" دەبێ‌ لە گشت کۆمەڵگا وەکو وێنایەکی یەکپارچە نەڕوانین، بە پێچەوانەوە زۆرتر لە جاران، سەرنجی شتە بچووک و لە رواڵەتدا بێبایەخەکانی ژیانی خەڵکی بدەین". بەم شێوە روانینەوە دەتوانین لە ئاستێکی بەرینتردا و بە بەشدارییەکی زیاترەوە ژیانی دووتوێی پەراوێزەکانی کۆمەڵگایش پێناسە بکەین و خۆمان بە مەعریفەی تازە ئاپدەیت بکەین.لەوانەیە ئەم رستەیەی خوارەوە پڕ بە پێستی دۆخەکە بێت:"لە جێگای رۆحی بە هەڵە یەکپارچە وەسفکراوی سەردەمی ئێستا، تۆپەڵێکی گڵۆڵەکراو لە حەزو پەرۆشییەکان و حیکایەتگەلی پەنگ¬خواردوو و دژ بە یەکتر دەبیننەوە. "ئەمەیش ئەو شتەیە لە تێگەیشتنی سیاسەتی کوردیدا رەنگدانەوەیەکی - تا ئێستا- محاڵی بووە." (5)

چونکا ئێمە لە سیاسەت و کەسایەتیشماندا داگیرکارین و حەسێبیش بۆ شتە بچووکەکان ناکەین.

لە کاریزماوە بۆ کەسایەتی و پرەنسیپی خزمەتگوزار.


یەکێک لەو رەوشتە خراپانەی ئێمە ئێستا و لەو سەردەمی جیهانگیری و بەجیهانیبوونی پڕەنسیپەکانی دێمۆکراسییەدا وەکو یادگارێکی سەردەمی کۆن هێشتوومانەتەوە ، سیاسەت و کەسایەتیی لە لووتکەدا مانەوەو کاریزماتیکە. کەسایەتییەک کە دەمانەوێ‌ دروستی بکەین و دەنگی پێبدەین دواتر هەموو ئیرادەکانی کۆمەڵگا بۆ خۆی وەردەگرێ‌ و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیرادەی کاریزماتیک ئیرادەیەکی خۆسەپێن و ئیرادەی دێمۆکراتیکیش ئیرادەیەکی گەورەی ئینساندۆست و بەڕێز و خزمەتگوزارە. یانی لە ئیرادەیەکی کاریزماپەسندەوە تەنیا دیکتاتۆرییەت و یەکدەستکردن و لە ئیرادەیەکی دێمۆکراتیکەوە ئازادی و فرەڕەنگی و حورمەتگرتن لە مافەکان بەرهەم دێت. کەوابوو ئێمە دەبێ‌ پێداچوونەوەیەک بە سیاسەت و کەسایەتیی خۆماندا بکەین.

ئۆرگانیزمی کار و بەڕێوەبەری: لە خۆسەپێنی یەوە بۆ وەڵامدەرەوە.


یەکێک لەو فۆرم و نۆرمانەی کە ئێستا لە رۆژئاوادا بووە بە باو ، بەردەوام دروستکردنی گۆڕانکاری و لێپرسینەوە و بەدواداچوون و خۆ – فێرکردنەوە و خۆ – داڕشتنەوەی مرۆڤەکانە.

لە راستیدا لە رۆژئاوا بۆ ئەوەی کەسایەتیت هەبێ‌ دەبێ‌ رەچاوی کۆمەڵە خاڵێک بکەیت، کەچی لای ئێمە نابێ‌ گوێ بدەی بە داواکانی لایەنی بەرانبەر و ئەمەش هەر ئەو (عەقڵی دەسەڵات)ە پێکی هێناوە ، کە تەنانەت ژیانی رۆژئاوا و سیستەمی (دەسەڵاتی عەقڵ) ی ئەوان دێنێتە ژێر پرسیارەوە و خۆی لەوان بە زیاتر دەزانێ‌. ئەمە یەکەمین پیرۆزییە کە لە ناو ئێمەدا بووە بە پڕەنسیپێکی ئەخلاقی و پڕ متمانە و کاری پێدەکرێ‌ و وەک یاسایەکی نەنووسراو پەیڕەو دەکرێ‌، کەچی ئێمە بۆ ئەوەی لەو بازنەی رەنجەی ئێستامان دەربچین دەبێ‌ ئەو پیرۆزییە بشکێنین.کەوابوو لە حیزبی خۆسەپێن و داگیرکارەوە دەبیچ بۆ حیزب و لایەنی خزمەتگوزار بگۆڕدرێین.ئەمە داوای راستەقینەی گەل و زەمەنە.

دەبێ‌ پێداچوونەوەیەک بە کردارو پێوانەکانی خۆماندا بکەین، ئەگەر سەرنەکەوتووین کێ‌ بە تاوانبار بزانین: خۆمان یان دەستی دەرەکی؟

لە راستیدا هیچ دەستێکی دەرەکی بە رێژەی تاکێکی سەرکردایەتیی پارتێکی سیاسی کوردی کە ناهێڵێ‌ ئێمە پێکەوە بژین و خەبات بکەین، مەترسیی بۆ بەرژەوەندیییەکانی گەلی کورد نییە.

هەموو هەڵسەنگاندنەکانی تاک، لە کرداری ئۆرگانیزمی و پێوەندییە ئینسانییەکانی خۆیەتی.(6)

لێرەدایە کە پێوەندییە ئینسانییەکانمان و پێوانەکانیشمان دەبێ‌ بێنینە ژێرپرسیارەوە.دەبێ‌ گەسکێکی باش لە ناوماڵی پێوەندییەکانمان بدەین. لێرەدایە کە ئەرکی کەسایەتیی گەورەو رێبەر و مامۆستا و رۆشنبیر قورستر دەبێت و ئەوان دەتوانن بە پشوودرێژی و لێبوردەیییەوە چارەسەری کێشەکان بکەن.یانی ئەگەر ئەوە نەکەن زۆرتر وەکو کایەی مناڵانە کاروباری سیاسییان کردووە، ئەوە نییە ئامریکا و ئیسڕائیل بەو هەموو سووربوونەیان لەسەر بەرەپێشبردنی ئامانجەکانیان کەچی باوەڕیان بە دانیشتن تەنانەت لەگەڵ سەختترین دوژمنانیان (قاعیدە و تالیبان و ئێران و...) هەیە. کەچی ئێمە حازر بە دیالۆگ لەگەڵ برایانی خۆماندا نین.

کورد خوازیاری تەبایی نێوان قەوارەکانیەتی !
کورد شەڕی نێوخۆ پەسند ناکات!
کەوابوو ، دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەی جەنگدا، چ مەبەستێک دەپێکێ‌؟
ئەمە قەیرانی پارتە شۆڕشگێڕەکانە یان دابەشکردنەوەی جوغرافیا و هێز و شار و کۆمەڵگا بە گشتی؟
ئەمانە چەند پرسیارێکن کە وەڵامیان نەدراوەتەوە.
کە وابو ئێمە چۆن بتوانین لەو گەمارۆ ئەبەدییەی تێیکەوتووین، خۆمان دەرباز بکەین، لە کاتێکدا حازر بە قبووڵکردنی خۆمان نین؟

دیارە هەر ئەمەشە بووەتە هۆکار که هیچ حەسێبێکیان لە کیسەی تازەی کۆنگرەی فارسەکاندا بۆ ئێمە نەکرد.

لە راستیدا کۆمەڵگا داوای خەباتی یەکگرتووانە لە ئێمە دەکات لەگەڵ ئەوەی ئەوانیش هەرکامیان هۆکریی خۆیان بۆ لایەنەکان ناشارنەوە. ئەمەش دێمۆکرات بوون و پێشکەوتنی بەرچاوی کۆمەڵگاکەمان وەدیار دەخات کە هێزەکانمان نەیانبینیوە.

ئاراستەی سیاسەتەکانی ئێمە ئاراستەیەکی نادێمۆکراتیکە و ئاراستەی کۆمەڵگاش ئیمڕۆژی و ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا بە پیر داواکانمانەوە نەچن. گۆڕینی رەوشتی سیاسیی نا - چارەساز، لە ئێستادا گەورەترین خەمی ئۆپۆزیسیۆنی وەڵامدەرە. کەوابوو دەبێ ئاراستەی خەبات و تەنانەت هاوپەیمانانمان بگۆڕین، کێ‌ دەیەوێ‌ دۆستایەتیمان بکات دەبێ ڕێزی لێبگرین، کێ‌ زیاتر دوژمنی دوژمنمانە دەبێ‌ ببێ بە دۆستی ستراتێژیکمان و لەم خاڵە گرنگە خۆمان نەشارینەوە.

کۆنگرەی سێکۆلارە سەوزەکان و چەند قسەیەک.


زانای بەناوبانگ "ئەنیشتەین" دەڵێ‌ "ئەم جیهانە بۆ ژیانکردن زۆر ترسناک بووە، ئەمەیش بە هۆی ئەو کەسانەوە نییە کە بەدکاری ئەکەن، بەڵکو بە هۆی ئەوانەوەیە کە خۆیان دوورەپەرێز ئەگرن و وازیان لێدێنن بەدکاری بکەن" 7

لێرەدایە پرسیارێکی تازە دەخولقێ‌: ئایا ئێمە بە زۆری لە دوژمنان و نەیارانمان نەگەڕاوین کە بەرانبەر بە ئێمە بەکاری بکەن؟

چەند رۆژ لەمەوبەر "کاک مستەفای هیجری"وەڵامێکی بۆ کۆنگرەی سێکۆلارە سەوزەکان نارد و نامەیەکی ئاراستە کردن.من هیچ پێداچوونەوەیەک بە رەخنە و پێشنیارەکانی جەنابیاندا ناکەم چونکا مافی خۆیانە لەهەر شوێنێکدا قسە لە سەر چارەنووسی نەتەوەوەیی ئێمە بۆ داهاتوو بکرێ‌، هەڵوێستی شیاوی خۆیان دەرببڕن.کێشەکە لێرەدا دێتە ئاراوە کە لە چەند ملیۆن کەسایەتی و کەسی کوردی ئێرانیدا تەنیا یەک تاکە کەس هەڵوێستی پیشانداوەو هەموومانیش پێکەوە هێرش دەکەینە سەر هەڵوێستەکانی جەنابیان. ئایا کێشەکە لە خۆمانەوە نییە کە تاکو ئێستا گوتار و ئۆرگان و پڕەنسیپ و ئاکارێکی یەکگرتووی وریایی بەخش و رۆشنکەرەوەمان لە ناوخۆماندا دروست نەکردووە و سەرمان کردووەتە وێزەی یەکتر و ناهێڵێن ئەو رەوتەی ، گەل چاوەڕوانی لە ئێمە دەکات گەشە بکات و ئێمەش نوێنەرانمان لە هەموو شوێنە ستراتێژیکەکاندا هەبێ‌؟

دڵنیام ئەو کۆنگرەیەش ئەگەر بە هەڵوێستی پەرتەوازەی ئێمە بزانێ‌ هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی نێوان نەتەوەکانی ئێران پێشکەش ناکات. ئیتر لێرەدایە بەڕای من دەبێ‌ هەموومان بە هەموو رەخنەو پێشنیارەکانمانەوە لەو جۆرە کۆنگرانەدا بەشدار بین و بایکۆتکردنی کۆنگرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە و ئۆپۆزیسیۆنی رەسەن بە باش نازانم. خۆ لەوانەیە دەنگی ناسازیش لەو کۆنگرانەدا ببیسترێ‌ و دژایەتیی مافەکانیشمان بکرێ‌، کەچی کۆدەنگیی لایەنەکانمان دەبێتە هۆی سستکردنی بریاری لایەنە پاوانخوازەکان.

"شێوازی کردەوەی ئیمە هەمیشە لەگەڵ بنەڕەتیترین بایەخ و باوەڕەکانماندا خۆیان رێکدەخەن.

" بەراستی ئەوەی ئەو بایەخانە دەردەخات کە ئێمە بڕوامان پێیانە تەنیا قسەکانی ئێمە نییە، بەڵکو کردەوە و هەڵبژاردنەکانی ئێمە و بە تایبەت ئەو بژاردانەن کە لە کاتی تەنگانە و تووڕبووندا دەریاندەبڕین." 8 یانی ئەگەر باوڕمان بە ئازادی هەڵبژاردن و گەورەیی ماف و کەرامەتی ئینسانیی نەتەوەکەمانە دەبێ‌ باوەڕمان بە دێمۆکراسی و مافەکانی لایەنی بەرانبەریش هەبێ‌ ئەو دێمۆکراسییەش کە ئێمە پەیڕەومان کردوە مەبەستی من نییە، بەڵکو ئەو دێمۆکراسییەی فۆکۆیاما باسی دەکات: "بەڕای من دێمۆکراسی تەنیا دەسەڵاتی زۆرینە نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە پابەندە بە فرەیی و بەردەوامبوون و درێژەدان بە هەڵبژاردن."9

ئەگەر ئێمەش باوەڕمان بە گەورەیی زاتی خۆمان و خزمەتکاربوونی سیاسەتەکانمان هەیە، دێینە ناو بەرەیەکی یەکگرتووەوە و دەنگی بەردەوامی سەرۆکایەتی و بەڕٍێوەبەرایەتییەکانی ناو هۆڵەکانی بەرە بەدەست دێنین.

لێرەدا پۆلێن بەندییەکی ناو هێزەکانیش هەیە کە پێویستە ئاماژەیان پێبکەین:


1- پارێزگارەکان
• حدکا
• حدک
• پژاک
• کۆمەڵە - کۆمۆنیستەکان
• کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
• رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان (کاک مەلا حامید)
• سپای رزگاری

2- رێفۆرمیستە نوێیەکان
· • کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
· • سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
· • یەکیەتى دیمۆکراتى کوردستان
· • پارتی سەربەخۆیی کوردستان
· • پارتی سەربەستی کوردستان
· • کۆمەڵە - پارتی سۆسیالدێمۆکرات
· • پاک
· • پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان
· • یەکیەتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
· • رەوتی سۆسیالیستی - کۆمەڵە
· • پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان

زۆر بە داخم کە کێشەکانم بینیوە. بە داخەوە ئەو دوو رەوتە لەناو ئۆپۆزیسیۆندا هەن و دەشتوانین کاری یەکخستنەوە و پێکهێنان دەست پێبکەین، کەچی دەشتوانین لە دوو بەرەی (ریفۆرم و پارێزگار) دا ئێمە کۆببینەوە و کارو بارەکان دەست پێبکەین.
_________________________________________
سەرچاوەکان:
1 و 2 و 3 و 4 و 6 و8: مجموعە مقالاتی از "راجرز" روانشناس شخضیت.
5 و 7 : کتێبی "نەوەی سپی: خوێندنەوەیەکی ئێستایی بۆ کورد و حیکایەتە جیاوازەکانی سەردەم" ن: عەلی زیرەک.
9: مجموعە مصاحبەهایی با فوکویاما.

 

skirtaryet.liberal@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک