په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١١

 بەڕێز سەرۆکى هەرێم، نە جارێک کارەسات و نە دوو.
- نامەیەکى سەرئاوەڵا -


پاریزەر : کامیل ژیر


لە پەیامەکەى ئیوارەى 3/3/2011تاندا لەجێی خۆیدایە کە ئاماژەتان بۆچارەسەرکردنى بریندار ەکان کر دوە . بەلام هیچ ئاماژەیەکى بۆ چارەسەرکردنى مافى ئەو بریندارانەو شەهیدەکان تیدانیە! ئەمە ئەگەر پشتگوێخستنى ئەو مافەیە، ئەوە جارێک کارەساتە. خۆ ئەگەر لەبیرچوونى ئەو مافەیە کە نابێ لەبیربکرێت، ئەوە دوو جار کارساتە .


مافى یەکەمى ئەو شەهیدانەو مافى بریندارەکانیش ، سزادانى بکوژان و بریندارکەرەکانە . دوەم مافیشیان قەرەبووکر دنەوەیە . جا ئەگەر بەرێزتان لەگەڵ ئەو دوو مافەیاندا نین ، ئەوە جارێک کارەساتە. ئەگەر پەییشتان بەو دوو مافە نەبردوە ، یا ئەیزانن و ناتانەوێ تاوانکاران سزا بدەن، ئەوە دوو جار کارەساتە!
لە پەیامەکەتاندا بە جوانی وتوتانە ئەبێ گەلی ئێمە ئازادبێ لە خۆپیشانداند و ناتانەوێ لە کوردستانێکدا بژین ئەگەر میلەتی کورد تێیدا ئازاد و سەرفراز نەبێت. بەڵام هەر خۆشتان لە یاسای خۆپیشانداندا ئەو ئازادیەتان نەهێشت بەوەی ئەبێ پێشەکی رەزامەندی بۆ خۆپیشاندان وەرگیرێ کە ئەمە لە راستیدا رێگریە لە خۆپیشاندان. جا ئەگەر ئێستا، دوای ئەو وتانەی بەرێزتان، ئەو یاسایە نەخەنەوە دوخی جارانی، ئەوە جارێک کارەساتە. ئەگەر ئەو کۆت و بەندەش هەر لە دەست و پێی ئەو یاسایەدا بمێنێتەوە و بەرێیزیشتان هەر لە کوردستاندا بژین! ئەوە دوو جار کارەساتە !


لە پەیامەکەتاندا وەک داخوازیەکی رەوا داوای چاکسازی و موعالەجەی ئەساسیتان کردوە. بەڵام ئەوەتان نەوتوە ئەبێ لە خودی بەرێزتان و خودی بەڕێز مام جەلالەوە دەستپێبکات، بەوەی سامانی خۆتان و سامانی خواردەستەکانتان لە ئەندامانی سەرکردایەتی دوو حیزبەکەتان و خزم و خوێشتان پیشانی میللەت بدەن، سامانی ئاشکر و سامانی ژێر پەردەش، کە بریتیە لە کۆمپانی و پرۆژەکان و پارەی سپی نەوتە رەشەکە و چی و چیتر. جا ئەگەر سەرەتا بەم هەنگاوە دەستپێنەکەن و هەموو سامانێکی زیادەتان هی ئاشکر و هی ژێر پەردەش نەگێرنەوە بۆ موڵکی گشتی، ئەوە جارێک کارەساتە. ئەگەر واشبزانن میللەت بێخەبەرە لەو سامانانە ، ئەوە دوو جار کارەساتە.


لەپەیامەکەتاندا ئاماژەتان بۆ هەڵبژاردنى گشتى پێشوەخت کردوە . ئەو هەلبژاردنە ئەگەر هەروەک ئەوانەى پێشوو بەشێوازى( لیست) و تەنیا بۆ گۆرینى دەموچاوەکانبێ و مووچەى زۆرو خانەنشینىو زەوى و ماشین ، مافى خەڵکیان لەبیر بباتەوە، ئەوە جاریک کارەساتە . ئەگەر شێوازەکە نەگۆڕن بۆ(بازنەیی) بۆئەوەى پەرلەمانکارەکان ببنە نوێنەرى خەڵک و هەر ناوچەیەو نوێنەرى خۆى بناسێ و لیپرسینەوەى لەگەڵدا بکات ، ئەوە دوو جار کارەساتە .


بەهۆى دیاردەى پەنجا بە پەنجاوە پێشتر فەرمانگەکانتان پرَکرد لە خەڵکى نەشارەزاو ناپێویست و ئەوەش بوە هۆى هەڵئاوسان و زیادکردنى رۆتین و تەگەرە لەڕێی ئیش و کارى خەڵکیدا، ئەوە جاریک کارەساتبوو . ئیستاش کە شانازى بەوەوە ئەکرێ25هەزار فەرمانبەریتر دامەزرێنرێت بەبێ کردنەوەى پرۆژەى پیشەسازى و کشتوکاڵى و خزمەتگوزارى بۆیان ، ئەوە دووجار ئەبیتە کارەسات .


لە پەیامەکەتاندا ر اشکاوانە دانتان بە داواکارییەکانى گەنجەکاندا ناوەو بە پێشنیارى زورزور چاک و زور بەنرخ ناوتانبردوون . ئەگەر لەماوەیەکى دیاریکراودا، بەریکەوتن لەگەڵ ئەنجومەنى کاتیی مەیدانى ئازادى ، نەتوانن ئەو داواکارییە(11+26) خاڵەرەوایانە جیبەجێکەن ، ئەوە جارێک کارەساتە . ئەگەر لەگەڵ ئەو نەتوانینەشدا هەر دەسبەردا رى سەرۆکایەتى هەرێم نەبن ، ئەوە دووجار کارەساتە !.
 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک