په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٩\٢٠١٢

بەرگرییکردن مافێکی رەوای ھەر گەلێکی ماف زەوتکراوە.‌


رەزا ساڵح         


دوای ئەوەی کە لە رۆژی (٤\٩\٢٠١٢)دا، گریلا نەبەز و دلێرەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی( شێرناخ) لە باکووری کوردستاندا. لە ھێڕشێکی قارەمانانەدا بۆ سەر مۆڵگەیەکی سوپای دڕندە و خوێنڕێژی تورکیای داگیرکەری کوردستان.. لە شەڕێکی دەستە و یەخەی نەبەردانەدا.. گورزێکی گورچکبڕیان لە سوپای لە خۆبایی تورکیا دا و (١٠) سەربازیان لێ کوشتن و زیاتریش لە (١٥) سەربازیان بە سەختی بریندار بوون.

لە ھەمان رۆژدا، بەم ھۆیەوە سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئۆردوگان، لەگەڵ سەرۆک ئەڕکانی سوپای تورکیادا کۆبۆوە.. وەکو جارانی تری دەستی بە ھەڕەشە و گوڕەشە و تۆڵەکردنەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و وتی : " ئێمە بە ھەموو جۆرێک بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە و، رێ بە چەکدارانی پەکەکە نادەین کە ئامانجەکانیان بھێننەدی.." وتیشی : " ئێوە بوونەتە یاری بە دەست وڵاتانی جیھانەوە "

ئۆردوگانی کەمالیستی خۆپۆشراو بە عەبایەکی سواوی ئیسلامی، کە ھەڵگری ڤایرۆسی رەگەزپەرستییە.. دەستەکانی بە خوێنی گەلی ئازادیخوازی کوردمان سوورن.. دەیەوێ ئەو دەستە خوێناوییە قێزەوەنانەی بە کورد بسڕێ و.. ناوی شۆڕشگێڕە رزگاریخوازەکانی شۆڕشە رەواکەی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستانماندا بە تیرۆریستان دەبات و.. بە ناڕەواش و دوور لە راستییەوە، ئەو توومەتە دەخاتە پاڵیان کە یارین بە دەستی وڵاتانی زلھێزی جیھانەوە.

رژێمی فاشستی تورکیا ئەوە باش دەزانێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان دەنگ و رەنگ و نوێنەری بیست و پێنج ملیۆن کوردن لە باکووری کوردستاندا .. لەو پیلان و نیاز گڵاوانەشیان بۆ دابڕاندنی پەکەکە و نانەوەی دوو بەرکی و سیاسەتی کورد بە کورد کوشتن سەرنەکەوتن.. زۆربەی وڵاتان و گەلانی جیھانیش ئەوە دەزانن کە پارتی کرێکارانی کوردستان و شۆڕشگێرە قارەمانەکانیان تیرۆریست نین.. بەڵکو بەرگری لە کورستان و لە مافە رەواکانی گەلی کوردمان دەکەن.

بێگومان بەرگریکردن لە خۆ و لە خاکی کوردستانی نیشتمانمان و.. لە مافە زەوتکراوەکانمان و لە ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیمان.. بەرگری مافێکی رەوا و پیرۆزی گەلەکەمانە.. کارێکی تیرۆریستی نییە.. تا ئێستا نە پارتی کرێکارانی کوردستان و، نە ھیچ پارتییەکی تری کوردستان و، لە ھیچ شۆڕشێکی گەلەکەشماندا کاری تیرۆریستیمان نەکردووە و مرۆڤی بێ تاوانمان نەکوشتووە. ھەردەم لە سەنگەری بەرگریکردن لە خۆ و، لە کوردستانی داگیرکراومان بووینە لە دژی ھێڕشی دڕندانەی سوپاکانی داگیرکەرانی کوردستان.. کە نیازی گڵاویان قڕکردنی گەلی کوردمان بووە.. تا ئەمڕۆش دەستیان لەم نیازە رەگەزپەرستی و بێ رەوشتییەیان ھەڵنەگرتووە و.. بە بەرچاوی جیھانەوە بە کوشندەترین چەکی تازەی کۆمەڵکوژی سەردەمییانە.. بەبێ ویژدانی و بە شێوازێکی نامەردانە درێژە بەم سیاسەتە چەوتە وئەم ھێڕ‌شە دڕندانەیان دەدەن.. دەستیش ناپارێزن و منداڵ و ئافرەت و پیر و مەڕ و ماڵات و پەلەوەر دەکوژن و، چەم و باخ و دارستان و لەوەڕ و پووش و پەڵاشی کوردستان دەسوتێنن و، ماڵ و مزگەوت و کەنیسە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و پرد و رێگاوبانی کوردستان وێران دەکەن.. بەبێ گوێ پێدان بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان و بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و، بەبێ رێزگرتن لە داب و نەریت و بەھا مرۆییەکان.. ئەم رەوشت و بەھایانە لە فەرھەنگی کەمالیستیەکاندا بوونیان نییە.

کەواتە کێ تیرۆریستە پەکەکەی شۆڕشگێڕی بەرگریکەر لە کورد و کوردستان.. یان دەوڵەتی تورکیای رەگەزپەرستی خوێنڕێژی داگیرکەری کوردستان..؟؟

بێگومان داگیرکردن، بەرزترین پلەی تیرۆرە.. لە راستیشدا تورکیا تیرۆریسترین دەوڵەتە جیھانە.. لە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانییەوە کە لەژێر عەبای ئیسلامیدا، بە دەیان تاوانی کۆمەڵکوژیان دەرھەق بە گەلانی رەسەنی ناوچەکە ئەنجامدا.. وەکو گەلی کورد و ئەرمەنی و عەرەب و یۆنانی و گەلانی بۆڵقان.. بە تایبەتیش ملیۆن ونیوێک کوردیان کوشت و ملیۆن و نیوێک کوردیان راگواستەوە و لە سەر زێدی باب وباپرانیان دەریان کردن و ئاوارە و پەرتە وازیان کردن.. زیاتریش لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنییان بە بەرچاوی جیھانەوە سەربڕی.. ھەموو ئەم تاوانانەی کە بەرانبەر بە ئەم گەلانە کردیان تەنھا لەبەر ئەوەی کە تورک نەبوون و نەبوونە تورک.. بە داخەوە تا ئەمڕۆش ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە لە خوێنی پیسی تۆرانییەکاندا ماوەتەوە و.. جیھان گۆڕا و گۆڕانی بە سەردا ھات.. بەڵام نیاز گڵاوی تۆرانییە دڵکرمێ و مێشک پووچ و رەگەزپەرستەکان ھەر وەکو خۆیان ماونەتەوە و بوونە بە بەشێک لە کولتووری بۆگەنیان.. دووبارەش خەون بە دەوڵەتی عوسمانییەوە دەبینن و.. دەیانەوێ بە ناوی ئسیلامەوە ناوچەکە داگیربکەن و ببنەوە بە ئاغای گەلان.. و گەلانیش بە نوکەریان.. ئەمەیان خەیاڵ پڵاوە و خەونێکی نەزۆکە و دەیبەنە ۆڕەوە.. چونکە عوسمانییەکان و ئەتاتورکییەکان کەم تاوانیان دەرھەق بە گەلانی ناوچەکە نەکردووە و.. مێژوویەکی رەش و خوێناوییان ھەیە.

ئەی تورکیای رەگەزپەرستی داگیرکەری کوردستان.. کێیە بووە بە یاری بە دەست وڵاتانی زلھێزەوە.. پەکەکە یا ئێوەی ھەلپەرست و ئەڵقە لەگوێ و جاشی بەکرێگیراوی ئەمەریکا..؟ کە ھەر جارەی بە دەنگی دەھۆڵ و زوڕنایەک بای دەدەن و شاباشی ئەو وڵاتە دەکەن کە زۆرترین پارە بکەنە چنگتانەوە..! ئێوە لە عەرەبەکانیشتان چاوبەست کردووە، بە تایبەتیش گەلی فەلەستین کە لە سەرەوە فرمێسک بۆ منداڵانی فەلەستین دەڕێژن و.. لە بنەوەش چەک و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئیسرائیل وەردەگرن.. پەیمان و ھاوکاری و رێکەوتنی سەربازی و ئیستخباراتی و بازرگانی و گەشتگوزار لە نێوان ئێوە ئیسرائیلدا ھەیە.. بە نھێنی و بە ئاشکراش دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە وەردەدەن.. ئەوە ئێوەن کە بوونەتە مەقاش و یاری و داردەستی ئەمەریکا و پەیمانی ناتۆ و.. بە کڵاوسووری پێش لەشکر.. ئێوەن کە بوونەتە موھەڕیج و بووکەڵەیەکی سەردەم و چۆن بیانەوێ وا ھەڵتان دەپەڕێنن و یاریتان پێ دەکەن.. ئەوە ئێوەن بوونەتە جێبەجێکەری نەخشە و پیلانە نێودەوڵەتییەکان.. ئێستا زانیتان کە کێ یارییە بە دەستی وڵاتانی زلھێزەوە..؟؟ کورد یا ئێوەی بەکرێگیراو ؟

سیاسەتی تێکەڵکردنی بەرگریکردن و تیرۆریستی لە لایەن تورکیا و ئەمەریکاوە سیاسەتێکی ھەڵبەستراوی بە ئەنقەسەتە و بیانوو دروستکردنە، بۆ پاکتاوکردنی کێشەی رەوای گەلی کوردمان.. سیاسەتێکی ناڕەویە بۆ چەواشەکردنی رووی راستیی خەبات و شۆڕش و بەرگریکردنی رەوای گەلەکەمان لە باکووری کوردستاندا.. کە بەرگری لە مانەوە و لە ناسنامەی نەتەوایەتیمان دەکەن.

بە داخاوە کە ئەمەریکا وەکو دەوڵەتێکی زلھێزی جیھان، گوایە ھەڵگری دروشمی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و رەوا و ماف پەروەری و داکۆکی کردن لە گەلانی چەوساوەی ستەملێکرا و ماف و نیشتمان داگیرکراو و پاڵپشتی شۆڕش و بزووتنەوەی ئازادیوازی گەلانە.. بەڵام ئەمانە تەنھا دروشمی بریقەدار و رووتن و ھەڵویست و رەفتارەکانیان وا نییە .. بە تایبەتیش لە ئاستی کێشەی رەوای گەلەکەمان لە باکووری کوردستاندا.

ئەمەریکا بە ناڕەوا پارتی کرێکارانی کوردستانی خستۆتە لیستی تیڕۆرەوە.. بەم ھەڵویستە ناڕەوا و بێ ویژدانییەیان ، تیشکی سەوزەیان بە تورکیا داوە و لایەنگرێتی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئازادی و رزگاریخوازی کوردمان و چاوپۆشی لەو تاوانانە دەکات کە دەرھەق بە خەڵکی سفیلی گەلەکەمان دەیکا لە باکووری کوردستاندا.. بەرانبەر بەوەی کە تورکیا نۆکەرێتی و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی دەپارێزێ و.. وەکو جاشێکی بەکرێگیراوی ناوچەکەش نەخشە و پیلانەکانیان پێ جێبەجێ دەکەن.


ئەمەش یەکەمین ناھەقی و تاوان نییە کە ئەمەریکا دەرھەق بە گەلی کوردمان دەیکا.. ئەمەریکا رۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە توانەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستاندا و.. رێکخستنی رێکەوتننامەی رەشی جەزائیردا.

سەرۆکی ئێستای ئەمەریکاش باراک ئۆباما، لە کاتی ھەڵبژردنەکانی ئەمەریکادا.. بۆ بە دەستھێنانی دەنگ و سەرکەوتن و بڕواپێکردن.. ئەو دروشمە جوانانەی دووپات کردەوە و.. کۆمەڵێک بەڵێنی جوانی دا، کە پاڵپشتی لە خەباتی گەلانی ستەملێکراو و ماف زەوتکراو دەکات و ئەمەش بەشێکە لە رەوشت و لە باوەڕی نەگۆڕی.. بەڵام ھێندەی پێ نەچوو کە ئەم قسانەی ئۆباماش تەنھا بانگەشەیەکی بازرگانیی ھەڵبژاردن بوون و.. بەڵێنی تۆکڵداری بێ ناوک بوون.. چونکە ئەمیش لایەنگیری تورکیا دەکا و لە ئاستی ئەو تاوانەی کە ئێستا تورکیا دەرھەق بە گەلی کوردمان دەیان کا.. کە دەچنە چواچێوەی تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە مرۆڤ.. خۆی ‏کەڕ و نابینا و لاڵ کردووە.. مافەکانی مرۆڤ و ویژدان و دادپەروەری و رەوا و سۆزی مرۆڤایەتی.. کرۆتە قوربانی سوود و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.

تا ئەمڕۆش ئەمەریکا لەسەر سیاسەتی : (یا لەگەڵمدا بە.. یا دژم بە) دەڕوات.. واتە ھەر بزووتنەوە و شۆڕشێکی ئازادی و رزگریخواز لەگەڵیدا نەبێت.. ئەوان بە دۆژمنی خۆیانی دەزانن و دەیان خەنە لیستی رەش و تیرۆرە.. بەڵام ھەر وڵاتێکی داگیرکەری تیرۆریست لە گەڵیاندابێت و ببێت بە ئەڵقە لە گوێیان، بە دۆستی خویانی دەزانن و پشتگیری لێ دەکەن.. ئەمەیە دووڕوویی و سیاسەتی دووفاقی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.. بە تایبەتیش بەرانبەر بە گەلی کوردمان.. کە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە.. بووینەتە قوربانی بەرژەوەندی ئەم سیاسەتەی وڵاتە زلھێزەکانی جیھان و.. تا ئەمڕۆش ئەم مێردە زمەیە بەرۆکی بەرنەداوین.

شایانی باسیشە و بۆ بەدرۆخستنەوەی قسەکانی ئۆردوگان، تا ئێستا چەند جارێک پارتی کرێکارانی کوردستان یەک لایەنانە شەڕیان رگارتووە و.. ئامادە بوونە کە لەسەر مێزی گفتوکدا لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دابنیشن و.. بە شێوەیەکی ئاشتی چارەسەری کێشەی رەوای گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا بکەن.. بەڵام رژێمی تورکیا لە خۆبایی شەڕی رانەگرتووە و.. ئەم ھەڵویستە ئاشتیخوازانەی پارتی کریکارانی کوردستانیان بە لاواز لێک دەدایەوە و.. زیاتریش پەلاماری کوردستانیان داوە.. تا ئێستا لەو ئەقڵییەتە بۆگەن و دواکەوتووەدان.. کە بە لەشکرتاری و بە ھێز دەتوانن نزیکەی پەنجا ملێون کورد لە کوردستاندا، کە گەورەتین و رەسەنترین نەتەوەی روژھەڵاتی ناوەڕاستین لە ناوبەرن..! جا جەنابی ئۆردوگانی ناودڵ پڕ لە رق و ژەھر و قین.. ئێستا زانیت کە کێ ئاشتیخوازە و کێش شەڕخوازە..؟

تورکیا باش ئەوەش دەزانێت.. کە ئێمەی کورد گەلێکی قارەمانی خەباتکەر و شۆڕشگێر و چاونەترس و کۆڵنەدەر و پشوودرێژین.. وەکو کێوە سەرکەشەکانی کوردستانخۆڕاگرین و.. لە پێناوی ئازادی و بە دەستھێنانی مافە رەواکانمان.. لە قوربانیدان و مردن سڵ ناکەینەوە.. ئەوەش ئەستەمە کە سازش بکەین و دەست لە مافەڕەواکانمان و لە کوردستانی شیرینمان ھەڵبگرین و.. کڕنۆش بەرین و چۆک بۆ ئێوەی داگیرکەری کوردستان دادەین.. ئێمە ئەگەر کەمێش بژین بەڵام کەڵ دەژین.. مردنمان پێ خۆشترە لە دیلی و ژێردەستی.. ئەو رۆژەش نزیک بۆتەوە کە لووتان بنەوێنن و ناچاربن کە دان بە مافە ڕەوکانی گەلەکەماندا بنێن.


٨
\٩\٢٠١٢ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک