٥\٧\٢٠٢٠
بەرگریی لە
ناسنامە.
ناودار زیاد
سەرباری ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و داگیرکەرانی
کوردستان بە سەدان ئامڕاز و وەسیلەی جۆراوجۆر، بە پەنابردنە بەر
میکانیزم و شێوازی تودنوتیژ و نەشیاو و نامرۆیی هەوڵی شێواندن و
تواندنەوەی ئەوێتی و ناسنامەى تاکیی کوردیان داوە، بەڵام کوردان بە
سوربوون و پێداگرییەوە شەڕ و ململانێ و تێکۆشانیان بۆ پاراستنی شوناس و
ناسنامەکەیان کردووە. کورد لە پاراستنى فەرهەنگ و کولتورەکەیدا هێزێکى
سەرسوڕهێنەرى هەیە، دەیان ساڵ لە وڵاتێکى ئەوپەڕى دونیا نیشتەجێیە،
کەچى هەر دەڵێی لە سلێمانى یاخود لە مهاباد یان ژى لە گوندێکى چەپەکى
کوردستان دەژیت. تورک و عەرەب و فارس بە ڕێگاى داگیرکردن و سیاسەت و
بەڕێوەبردن و، سەپاندنى زمان و ئایین و، کڕین و دەستەمۆکردن و خیانەت و
جاسوسى و، کۆمەڵکوژى و زیندان و سووتاندن و کاولکارییەوە هەوڵى قڕکردن
و سڕینەوەیان داوە، کەچى کوردان هەر دەڵێى "نە بایان دیوە نە باران".
بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت چاوپۆشى بکەین لەو هەزاران کوردەى کە لە
خەمى فەرهەنگ و شوناسى ڕەسەنى خۆیاندا نین و، بەسێنایى دەکەونە ژێر
کاریگەرى ئەم فەرهەنگ و ئەو فەرهەنگەوە و تێیدا دەتوێنەوە.
بەداخەوە، لە دوای ڕوخاندنى ڕژێمى بەعسەوە (٢٠٠٣) بەشێک لە کوردی
هەرێمى کوردستان بە ڕەزامەندی و ئارەزوومەندانە خۆیان لەناو ناسنامە و
کولتوری ئەم میللەت و ئەو وڵاتدا تواندۆتەوە! بەجۆرێک بەزەقیی لێرە و
لەوێ و لە کەسایەتی من و تۆ و ئەم و ئەودا شوناس و ئەوێتییەکی کوردیى
توێ توێ و شێواو و پارچە پارچە بەدیدەکرێت. ئەمە بە ماناى کۆنزەرڤاتیڤى
و کۆنینەخوازى و داخراوى و دژایەتیکردنى گۆڕانکاریى نایەت، ناکرێت
لەژێر دروشم و بانگەشەى نوێخوازیى و برایەتى گەلان و کراوەییەوە لەبرى
جەمەدانى و مرادخانى و شەڕواڵ و پشتوێنى کوردى، دیزداشە و عەگالى
عەرەبى بپۆشیت. سروشتى نییە گوێت لە ئاست ئاواز و گۆرانى کوردی دابخەیت
و تەنها زەوقت بە فارسى و تورکى و عەرەبى و ئینگلیزى بێت. چۆن دەبێت
کولتور و فەرهەنگى کۆمەڵگە و میللەت و نەتەوەکانى تر باشتر بێت لە هى
تۆ و، کولتورەکەى خۆشت دواکەوتوو!
دەتوانین بڵێین ئەوەی مایەى سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە کە، کەناڵ و ناوەند
و دامەزراوە هەمەجۆرەکانی ڕاگەیاندنى وەک تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و
ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت و گۆڤارەکان ژیان و کولتوری میللەتانی دیکەمان
ڕازاوە و قەشەنگ نیشان دەدەن، ڕیتواڵ و داب و نەریت و ڕەمز و بۆنە و
ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکانی دیکەمان لا شیرین و سەرنجڕاکێش
دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر سور بزانن ئامادەیی هزریی و باوەڕیی و
زەمینەی پەیرەوکردنی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا نەگونجاو و نەشیاو و
نەکردەیش بێت، چونکە هەر کۆمەڵگە و ناوچە و میللەتێک شوناس و فەرهەنگى
تایبەت بەخۆى هەیە و بە خواستن لە ژنە فەیلەسوفى ئەڵمانى بە ڕەگەز
تورکى (سیلا بن حەبیب) (١٩٥٠- ) کولتورى هیچ میللەتێک لەویتر بەرزتر و
باڵاتر نییە، بەڵکو هەر کولتورێک خاڵى ئەرێنى و نەرێنى تێدایە. هەر
کولتورێک سیما و تایبەتمەندى خۆى هەیە کە گرێدراوەتەوە بە ئەفسانە و
ئایین و زمان و باوەڕیى وعەقڵییەت و جوگرافیاوە و بە پڕۆسەیەکى
مێژووییدا تێپەڕێوە. لێرەوە دەشێت بڵێین باشترین بژاردەى گۆڕانکاریی لە
سیستەمی کۆمەڵایەتی و شوناس و کولتوری کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەیە لە
هەناو و ڕۆحی خودی کۆمەڵگەى کوردییەوە هەوڵی چاکسازی و وەرچەرخان بدەیت،
بەڵام ئەگەر تۆوی کۆمەڵگە و وڵاتێکی دیکە بێنیت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانى
ئەوەش بکەیت لەسەر خاک و لە ژینگەی کۆمەڵگەى کوردیدا بێ بەرهەم و پووچ
و ناکام بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیشاندانی سەرسامی و دڵبەندیی بۆ ناسنامە و فەرهەنگى
داگیرکەر و بیانیی واتای خۆبەدەستەوەدان و بەچۆکداهاتنە لە بەرامبەر
هەڵمەتی شێواندن و تواندنەوەی شوناسی کەسیى و تاکایەتى و نەتەوەیى.
کارەساتەکە لە هەرێمى کوردستاندا ئەوەیە تا ئێستاش تاکیى ڕەسەن و بە
ڕەچەڵەک کورد ناوى عەرەبى و فارسى و تورکى لە منداڵەکانیان دەنێن، ئەمە
دەچێتە خزمەتى پڕۆسەى تواندنەوەى کولتورى کوردان لەناو کولتوریى عەرەب
و فارس و تورکدا، ئەوان سەدان تاکتیکیان بەکارهێناوە و ئێستاش
بەکاریدێنن تاکو کولتور و ناسنامەى خۆیان بەسەر ئەوەى تۆدا بسەپێنن،
ناوى هەزاران کەس و سەدان شوێن و گوند و شارى ڕەسەنى کوردیان گۆڕیوە بۆ
ناوى عەرەبى و فارسى و تورکى، چەندین ناوچەى کوردیان داگیرکردووە و بە
عەقڵییەت و سیاسەت و هێزى مرۆیى خۆیان بەڕێوەى دەبەن نەک هى تۆ، تۆى
کورد وەک ژێردەست و ناشارستانى و جوداخواز دەبینن، تۆش کاتێک دێیت لەم
پڕۆسەیەدا هاوکاریان دەبیت و باربوویان دەکەیت ئەوە جێى ڕەخنە و
هەڵوەستە و بەخۆداچوونەوەیە.
znawdar910@gmail.com
|