په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١١

بەرگرتن بە سیاسەتی دیپۆرت، ناڕەزایەتی فراوان و ڕێکخرابوون و پشتیوانی گەورەی پێویستە!‌
- پەیامێک بە خۆپیشاندانی پەنابەران لە نەرویج! -

ده‌شتی جه‌مال   

پەنابەران ، نۆینەرانی ڕێکخراوە ئینسانی و پەنابەریەکان!
سلاوێکی گەرم و دەستان بەگەرمی دەگوشم....


خۆپیشاندانی ئەمرۆتان ھەنگاوێکی گرنگە لەڕاستای بەر‌گرتن بەسیاسەتی دیپۆرتی پەنابەران. پەیامێکی ناڕەزایەتی کارسازە بۆ پەرلەمانی نەرویج تا گۆی بۆ خواستە بەرھەقەکانتان رابگرێ.


ھەلومەرجیکی دژوار کە ئەمرۆ بەرۆکی بە پەنابەران گرتوە، بەشێکە لەھێرشێک کە باڵی راستی دەولەتانی سەرمایەداری لەسەراسەری ئەو‌روپادا بە دژی چینی کریکار و خەڵکی دەستەنگ و کەم دەرامەت بەڕییان خستووە، تا قەیرانە ئابووریەکانی خۆیان بەسەر کۆمەلگادا بشکێننەوە وسەرەنجامیش پاشەکشە بکەن لە ھەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بەشەریتی موتەمەدن و پیشکەوتووخوازی ئەوروپا بەدانی دەیان قوربانی بەدەستی ھیناوە‌.


پەنابەران وەک بەشیک لە چینی کریکار ئامانجی حکومەتە راسترەوەکانی ئەوروپایە لەم ھیرشانەدا تا خۆیان قوتار بکەن لە ھەموو بەرپرسیاریتیەک لە ئاستی ھەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر ژیان وچارەنوسی پەنابەراندا دایان سەپاندوە. ئەمە لە ‌کاتێکدایە کە ‌دیاردەی ھەڵھاتن وپەنابەری خۆی بەرھەمی سیاسەتی حکومەتە لیبرال وکۆنسیرڤەتیڤەکانە وبەھۆی دەستبردنی ئەم دەسەڵاتانە بۆ جەنگ و میلیتاریزم وسەپاندنی گەمارۆی ئابووری وھەژارکردنی کۆمەلانی خەڵک سەری ھەڵداوە وژیانی ئاوارەیی وکۆچی کردۆتە یەک واقعیەتی جیانەبووەوەی سیستەمە سیاسیەکانی دونیا.


حکومەتی عیراق وحکومەتی ھەریمی کوردستان وچینە دەسەلاتدارەکەی، کەلایەنیکی ھەموو ئەودەردەسەری ونەھامەتییانەیە کەڕووی لەژیانی ئێمەی پەنابەران کردووە، لەناوخۆی ولات سەرچاوەیەکن بۆ داسەپاندنی ھەلومەرجی ئەوپەڕی نایەکسانی وبێکاری وسەرکوتی ئازادی وھەژارکردنی ئێمەی ھاولاتیان ‌و دەیان دەردومەینەتیی تر، کەچی لەولاشەوە ژیانی فیرعەونیان بۆ خۆیان پێکھێناوە ودەستیان بەسەر سەروەتوسامانی کۆمەڵگادا گرتووە. ئەم دوو حکومەتەو چینە ‌دەسەلاتدارەکەی بەوھەموو زوڵمەوە کەلەناوخۆی وڵات لەئیمەیان کردووە و دەیکەن، لەدەرەوەش دەست لە یەخەمان ناکەنەوە وژیانی پەنابەریمان پێڕەوا نابیین، ئەوەتا مەسەلەی پەنابەریان کردۆتە وەرەقەیەکی سیاسی لەپێناو بەدەستھێنانی چەند بەرژەوەندیەکی سیاسی وئابووری و نیشاندانی دەسەلاتەکەیان بە دەسەڵاتێکی ‌دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.. لەم ڕاستایەشدا بەتەواوی توانا لەھەولدان بۆ ھاوکاری کردنی دەولەتانی ئەوروپایی تا ئەم ‌سیاسەتە دژی ئینسانی ودژی پەنابەریە بەڕیوەبەرن وبە ‌زۆر پەنابەران دیپۆرت بکەنەوە. دانی زانیاری لەسەرپەنابەران وڕاگەیاندنی ئاشکرای ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی ئارامە، تا ئەوەی کە فرۆکەخانەکانیان خستۆتە ئیختیاری ئەم ولاتانەوە، بەشە سەرەکیەکانی ئەم سیاسەتی ھاوکاریکردنە بێشەرمانەیەی حکومەتی عێراق وھەرێمی کوردستانە.


ئەمرۆ حکومەتی نەرویج ولاتانی ئەوروپا لەریگای کۆمپانیاو دەزگا تایبەتیکانەوە یەک سیاسەتی سەراسەری دەبەنە پیشەوە بەرامبەر بە ئیمە. بۆیە گرنگە ئیمەش ریکخراوترو منسجیم تر لە دەوری ریکخراوی خۆتان "فیدراسیۆن " سەنگەری داکۆکی لە مافەکانتان بینە مەیدان تا بتوانین خواستە ئینسانیکانی خۆمان بە دەست بھینین.


ھاوکاری وپشتیوانی خەڵکی ئازادی خوازویەکسانی خوازی نەرویج وگریدانەوەی خەباتی پەنابەران بە خەباتیک کە رۆژانە لە مەیداندایە بەرامبەربە سیاسەتی ئەم راسترەوانە لە سەرکەوتن نزیکمان دەکاتەوە.


فیدراسیۆن دڵنیاتان دەکاتەوە لە ھەوڵەکانماندا تەنھا نیین بە دەیان خەڵکی ئازادی خوازو یەکسانی خوازو حیزب و ریکخراوی پەنابەری ،ئینسانی و یەکیتی کریکایی لە ئاستی ئەوروپا و عیراق وکوردستان پشتو پەنامانن بۆ ژیانیکی ئازادویەکسان.
سەرکەۆی خەباتی پەنابەران.

______________________________________

* ده‌شتی جه‌مال: سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی

٩\١١\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک