٢٨\١١\٢٠١٠
بەرهەمهێنانی
گەورە، مامناوەندیی و بچووکیش لەتەکیدا
دروستە.

مەهدی کاوانی
هەق وانیە هەرێمی کوردستان و عێراق شێوازی
بەرهەمهێنانی کەنداو بەخۆوە بگرن چونکە کوردستان ئەگەر نەوتیشی نەبێت ،
دەتوانێ پشت بە داهاتی تر ببەستن بەتایبەتی بەرهەمی کشتوکالیی و
ئاژەلداریی و کانزاو بەرەدە بەنرخەکان و زۆرەها کەنالی تر . ئەگەر
گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزاریش بدرێت ، ئەوا داهاتەکەی نزیکی داهاتی نەوت
دەبێ.
ناچمە سەر دیاردەی گەندەلی و نەبوونی پلان بۆ سوود وەرگرتن لە داهاتی
نەوت . بەڵام ئەگەر ئیێمە بیر لە وەبەرهەمهێنانی تەندروست بکەینەوە ،
خۆ دەبێ بەلایەنی کەم بیر لە کەمکردنەوەی هاتنەناوەوەی کەرستە
بەکاربەرییەکان بە تایبەتی خۆراکیەکان بکەینەوە . بۆ نموونە ئێستا و لە
کاتێکدا کە ئێمە ٨٠-٩٠% مان پشت بە هێنانەناوەوەی کەرستە
بەکاربەرییەکان دەبەستین ، ئەگەر بێت و لە ڕێگەی وەبەرهەمهێنانەوە ئەو
بڕە بۆ ٤٠% دابەزێ ، لەو حالەتە ئێمە ٥٠%ی داهاتەکانی بەکاربەرییمان
گواستۆتەوە بۆ بواری وەبەرهەمهێنانی ناوخۆ . یاسایەکی ئابووریش هەیە کە
دەڵێ چەندی هەلی وەبەرهەمهێنان لە وڵاتەکەت زیاد بکات ، چەندی بەهای
پارەکەت لە چاو دۆلارو دراوە دەگمەنەکانی تر زیاد دەکات و بەهەمان
ڕێژەش نرخی کەل و پەلەکان تەنیا هێزی ئیشکەر نەبێت ، ئەوانی تر کەم
دەکەن.
من لە گەڵ ئەو ڕایەم ئەگەر بەرهەمهێنانی گەورە نەبێت ، بەرهەمهێنانی
بچووک و مام ناوەندی دادی گەشەکردنی ئابووری نیشتمانیمان نادات ، بەڵام
لێرەش نابێت لە وەبەرهەمهێنانی گەوەرە ، ڕەچاوی ئەوە نەکەین کە ئێمە
تازەین و لە سیستەمی بازاڕی ئازادیش بەرهەمەکانی ئێمە لە ڕوویی جودەو
نرخەوە ئەگەر پشتیوانی دەولەتی پێوە نەبێت ، خۆ ڕاگر نابێت لە بەرامبەر
هاوتاکانی هی دەرەوە . بەڵام پسپۆریی بەرهەمهێنانیش لە وڵاتێکەوە بۆ
وڵاتێکی تر هەیە . بۆ نمونە مافوری ئێرانی لە ناو هەموو مافورەکانی
جیهانی دیارە . چای هیندی و سیلانی دەستی بە سەر هەموو جیهان داگرتیە ،خورمای
عیراقی باشترین خورمایە لە جیهان . توتنی کوردی ئەگەر گرنگی زیاتری
پێبدرێ زیاد لە وڵاتانی دەوروبەر لە برەو دایە . ئێمە ئەگەر بێت و لە
سەرەتادا لە بواری بەرهەمهێنانی گەورە پشت بە کشتوکاڵ و بە پیشەسازی
کردنی ، ببەستین و دەکرێ لەگەڵیدا بە سەدان بگرە هەزاران پڕۆژەی مام
ناوەندو بچووکیش دەکەونە کار چ وەک کەل وپەلی نیوە دروست کراو بۆ چوونە
ناو پڕۆژە گەورەکان چ وەک کەلوپەلی تەواو.
ئێستاکەو دەتوانم بڵێم بووتە دیاردەیەکی گشتگیر واتە جیهانی ،
کەسەکەکان بە پێی شوێنی ئیشەکەیان شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان دیاری
دەکەن . واتە دەولەت لە ڕێگای میکانیزمی وەبەرهەمهێنانەوە ، دەتوانێ
ئەو جلەوگیرییە تا زۆر ڕادە لە مەڕ شوێنی حەوانەوەی تاکەکانی دیاری
بکات . بە مەزندەی من و مادامەکینێ دیاردەی کۆچ لە ماوەی ٣٠ ساڵی
ڕابوردو بە شێوەیەکی نائاسایی لە کوردستان بەرجەستە بوو بە هۆی
شەڕەکانی نیشتمانی ، ئێران و عیراق ، هەردو شەڕی کەنداو و
شەڕەناوخۆیەکان ، لەو بارەدا فراوانبوونی شارەکان لە ڕووی چری
دانیشتوانیانەوە ، بووەتە بار بە سەریانەوە . دەولەت دەتوانێ لە ڕێگای
بەرنامەی وەبەرهەمهێنان ، ئەو دیاردەیە لە سەرەتادا پێچەوانە بکاتەوە ،
تا ئەو کاتەی هاوتایەک لە نێوان شارو لادێ دروست دەبێ.
من نمونەیەک لە دەڤەری شەقلاوە دێنمەوە کە ناوچەیەکی شاخاوی و
گەشتیاریەو هەموو کەرستەکانی بەرەو پێشەوە چوونی بەرهەم تیایە ئامادەیە
. ئەگەر بێت و پڕۆژەی گەورەی گەشتوگوزاری و کشتوکاڵی و ئاژەلداری و
پڕۆژەی گەورەی بیناسازی... تێدا دروست بکرێ ، هەر لە خۆیەوە بە دوایەوە
بە سەدان پڕۆژەی ئەهلی و بیانی مام ناوەندی و بچووکی تێدا دەکرێتەوەو
بە دەیان هەزار دەستی کاری ئەو دەڤەرەو شوێنەکانی تری تیا دەکەوێ و لە
ڕێگەشیەوە خەلکە ئیشکەرەکە بە ناچاری ئەو شوێنانە دەکاتە مۆلگەی
هەمیشەییی حەوانەوەی خۆی ، ئەوە جگە لەوەی ئەگەر دەولەت بە پلان گوندی
هاوچەرخ دروست بکات . حالەتی وەها ڕوبەڕووی کۆچی پێچەوانە لە
شارەکانەوە بۆ لادێکان دەبیتەوە کە بارێکی گونجاوی ئەو سەردەمەی
کوردەواریمانە.
کە باس لە پڕۆژەکانی وەبەرهەمهێنانی گەورە دەکەم ، مەبەستم لەوە نیە
لاسایی ڕۆژئاوا ، بکەینەوە ، چونکە لەبەر پێشبڕکێی بازاڕ و جۆریی و
تەمەنی مێژوویی ئەو پڕۆژە گەورانە ، زیاتر لە ڕٶژئاواو ئەو وڵاتانە
بەرجەستە دەبێت کە چڕێ دانیشتیوانیان بەرزە ، ئەگینا وڵاتانی تری نا
نەوتی بە تایبەتی ئەوانەی کەچری دانیشتوانیان نزمە ، مەگەر زۆر زۆر
کارامە نەبن یان لە لایەن ڕۆژئاواوە پالپشتی نەکرێن وەک ئەوەی بۆ
ئیسرایل بە پلەی یەکەم و خواری ئەفەریقیا بە پلەی خوارتر دەکرێ ،
ئەگینا سەختە . بەڵام بۆ وڵاتانی نەوتی ، مەسەلەیەکی ترە چونکە ئەو
وڵاتانە و لە ڕێگای داهاتی نەوتیانەوە دەتوانن گەورەترین پڕژەی گەورەو
بە ستایلی نوێ بکەنەوەو سوود لە سیستەمی وڵاتە پێشکەوتوەکانیش وەربگرن
و پێشبڕکێشیان بکەن و سەرمایەی ئەوانیش تێدا بئاڵێنن . سیستەمی نوێی
جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ڕٶژئاوا کە ئێستاکە چین دەتوانێ پێشبڕکێیان
بکات ، ناچارن بیر لە نەمەتێکی نوێی بەرهەمهینان بکەنەوە کە
پڕۆژەکانیان لە دەرەوەی وڵاتی دایک دابمەزرێنن لە بەر هەرزانی هێزی
ئیشکەر لەو وڵاتانە . لەو نێوەندەدا بە بۆچوونی خۆم لەوانەیە وڵاتانی
دەرهێنەری نەوت هاوبەشی ئەو جۆرە پڕۆژانە لە وڵاتی خۆیان بکەن و لە
ڕێگاشیەوە بە شێوەیەکی فراوان پڕۆژەگەلی فراوان بکەوێتە وڵاتەکەیان .
من ناڵێم هەرێمی کوردستان کە تازەیە لە بواری بەرهەمهێنان و لە
سەرەتادا ئەو ستایلە پێشکەش بکات . بەڵام خۆ دەتوانێ خۆی لەو جۆرە
پڕۆژانە بدات بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکال و ئاژەڵداری و کەرتی
گەشتوگوزارو پڕۆژەکانی پتەکردنی ژێرخانی وڵات لە ڕووی ڕێگاو بان و تۆڕێ
تەواوی ئاو و کارەباو دامەزراندنی کۆمەڵە بەنداوێک لە ناوچە شاخاویەکان
و شتی تری لەو بابەتانە کە پێیانەوەو بۆ پاشەڕۆژ تەکانێکی زۆر دەدرێتە
بەر گەشەکردنی ئابووری.
لە سەردەمی کابینەی پێنج کە بەڕێز نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو
. لێرەو لەوێ کۆنگرەی بازرگانی و زۆر لە چالاکیە ئابوورییەکان ئەنجام
دران ، بەڵام ئەوەی من لەو بابەتەم لە گەڵ ئەو چالاکیە بازرگانی و
ئابووریانە جیا دەکاتەوە ، لە لایەکەوە زیاتر خۆ بەدەرخستنی هەولێر بوو
وە لە لایەکی تر جۆری پڕۆژەگەلی بەکاربەریی و چالاکیە بازرگانیەکانی
پێوە دیار بوو . لە هەموو جیهانیش و هەموو کاتێکیش پڕۆژەگەلیە یان
چالاکیە بازرگانیە تاکەکان لە گەڵ پلانی حکومەت بۆ هەبەرهەمهێنان
یەکانگیری پێکەوە دروست ناکەن و لە بواری ستراتیجیشیان دەکەونە دوو
دونیای لە یەک جیاوازەوە . هەمیشە کەرتی تایبەت و بیانی هەولی ئەوە
دەدا سوڕی خولانەوەی پڕۆژەکانیان ماوە کورت و قازانجدار بێت و هەولی
ئەوەش دەدەن کە ئەوان دەولەت ڕاکێشنە ناو بەرنامەرێژیی خۆیانەوە نەک
دەولەت لە پێناو پتەوکردنی کۆلەگەکانی ئابووری نیشتمانی ئەوان بەکار
بێنێ . ئا لێرەیە پڕۆژەگەلیە دەستبەکاربووەکان لە کوردستان کورت دەهێنن
. خۆ ئەگەر دەولەت پلانی خۆی و ئامانج و شووێنەکانی دامەزراندنیان و
جۆریان بسەپێنێتە سەریان ، گومانت لەوە دانەبیت کە پێیەوە ئابووری
نیشتمانیمان پێش دەکەوێ.
خالێکی تریش هەیەو پێویستیشە ئێمە لەو سەردەمە ڕەچاوی بکەین ئەویش
ئارامیی کوردستانە لە چاو شوێنەکانی تری عێراق . ئەگەر بێت و ئێمە لەو
نێوەندەدا گۆلی خۆمان نەکەین کە کاتەکەی لەبارە بۆمان ، لەوانەیە لە
کاتیتر شتی وەها بۆمان بەرجەستە نەبێ . ئێستاکە دەتوانین نەک هەر تەنیا
سەرمایەی نیشتمانی و تاکەکانی خۆمان وەگەر بخەین بۆ پێشکەوتنی ئابووری
لە کوردستان بەلکو دەتوانین سەرمایەی عیراق و وڵاتانی عەرەبی بە
تایبەتی کەنداویش بخەینە ناو ئەو چالاکیە بازرگانی و وەبەرهێنانەوە .
کاتی ئەوە هاتووە بڵێین داهاتی نەوتمان نا بۆ گەندەلی نا بۆ
هێنانەناوەوەی کەلوپەلە بەکاربەرییەکان نا بۆ ئەو بوارانەی کە سودی
وڵاتەکەمانی تێدا نییە بەلکو بۆ ئەو بوارە پیشەسازی و پڕۆژە سوودمەند و
گەورەکان . بەڵێ کاتی ئەوە هاتووە بە سەرمایەدارەکانی دەوورو بەرو هەتا
ڕۆژئاواش بڵێین فەرمو ئەوە عارد ئەوە سەرمایەمان فەرموون سەرمایە و
کەرستەکانی وەبەرهەمێنانی خۆتان بێنین ، با کوردستان بکەین بە تایوان.
ماڵپهڕی مههدی كاوانی
|