٤\٣\٢٠١٢
بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ عێراقدایە نەک لایەنێکی دیکە
- مالیکی.

ھیوا رەش
ئەو ناونیشانەی سەرەوە بەشێکە لە قسەکانی مالیکی - سەرەکوەزیرانی
عێراق - لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی - عوکاز - ی سعودیدا
، جێگەی ئاماژەپێدانە کاتێک سەرەکوەزیران قسە دەکا دەبێ بزانێ کە
خوێندنەوەی جیاجیای وردی بۆ دەکرێ چونکە دەبێتە وێنای سیاسەتی فەرمیی
وڵات ، بۆیە دەبێ بە لێوردبونەوەی تەواوەوە بێتە گۆ
، ھەڵوێستی
ڕاگەیەنراوی ئەمجارەی نوری مالیکی لەمەڕ مافی بڕیاردانی چارەنوسی
گەلەکەمان ھاوشێوەی شۆفینیزمە عەرەبە باڵادەستەکانی پێشوتری عێراق کە
خوێنی یەکتریان دەکردە کاسەوە
، کەچی لە بڵند کردنەوەی بەیداخی
قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورددا کۆک و تەبا بوون و بە ئەمانەتەوە ڕادەستی
یەکتریان دەکرد
، جا کاوێژەکانی مالیکیش نە تازەیە و نە نامۆ کە دەیەوێ
وەکو ھاوسەرۆکە ھاوبیر و ھاوشێوەکانی پێشخۆی ھەمان قەوانی سواو
لێبداتەوە و وەکو ئەوانیش کورد بەوە تاوانبار بکات کە بە دەستی لایەنێک
دەیەوێ ھەنگاو بنێ بۆ ئەوەی لە عێراق جیا بێتەوە
، خۆیان وتەنی : عێراق
پارچەپارچە بکەن
، بێئەوەی خوێندنەوەی ھەبێ بۆ خواستی سەربەخۆییبوون بۆ
ساڕێژ کردنی پارچەپارچەیی خاکێکی دابەشکراو و گەلێکی بێئاڵا و
بێناسنامە و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان وەکو سەرەتاییترین مافی
گەلان ، قسەکانی ناوبراو واتایەک دەبەخشێ و لەوەش زیاتر لە ھەگبەکەیدا
جێگەی نابێتەوە کە خاکی کوردستان بە پارچەیەک لە - نیشتمانی عەرەب -
و گەلی کوردیش بە بەشێک لە - نەتەوەی عەرەب - دەزانێ
، بەڵام دەبێ
بیریان نەچێ کە نە عێراق و نە لایەنێکی دیکە مەحاڵە تا سەر بتوانن
خاوەندارێتیمان بکەن و خاکمان بە میراتی باپیری خۆیان بزانن کە نزیکەی
سەدەیەکە لە ژێر باری سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی شۆفینیزمیی نەتەوەی
باڵادەستدا یەخسیر و داگیر کراوین
، بەڵام ئەوەش دەبێتە مێژویەکی پڕ
شەرمەزاریی بۆیان و ڕۆژێک دادێ ئەمڕۆ بێ یا سبەی گەلی کورد بە تەواوی
مافەکانی خۆی بگا.
دوژمنان وەکو پیشەی فرچکپێگرتویان ھەمیشە لە کاتی لاوازییاندا خنەخنیان
کردووە و بە خەندەگۆوە بەپیر داواڕەواکانمانەوە ھاتوون بەو مەبەستەی
جێپێی خۆیان پتەو بکەن
، پاشان کاژ فڕێ دەدەن و مڵۆزمیی خۆیان ئاشکرا
دەکەن و زمانی لۆکەییان دەبێتەوە بە دڕکەزێکەی جاران و چاومان لێسور
دەکەنەوە ، لەو چاوپێکەوتنەیدا مالیکی ئەوە بە چاوی کورددا دەداتەوە
دەڵێ : ( ئەی ئەوە نیە لە نەوتی باشوری عێراق بەشیان ھەیە
) ، پێدەچێ
بیەوێ خۆی لە گێلی بدا کە نەوەد ساڵە لە ژێر دروشمی ( نفت العرب للعرب
) دا بەرھەم و داھاتی سەر و ژێر زەوی وڵاتەکەمان لە لایەن شۆفینیزمی
عەرەبی عێراقەوە لووش دەدرێ و دەدرێتە بۆمب و ناپاڵم و خەڵک و خاکی
کوردیان پێقڕ و سوتماک دەکرێ
، جا ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ئێمەش وەڵام
بەو دروشمە پێیان بڵێین : نەوتی خۆمان بۆ خۆمان و نەوتی خۆتانیش بۆ
خۆتان و ماڵی خۆمان جیا دەکەینەوە و چاومان لە ماڵی ئێوە نیە و چیتر
خێرمان پێمەکەن
، ئێمەش لەباتی پینەچێتیی بۆ عێراقی ھەڵوەشاوە لەمەودوا
سەرقاڵی یەکخستنەوەی ماڵی خۆمان دەبین.
ھەر لەو دیمانە ڕۆژنامەییەیدا بە جەختکردنەوە ڕایدەگەیەنێ : (ئەوەی
کورد لە عێراقدا بەدەستیھێناوە - ھەرگیز - کوردی سوریا و تورکیا و
ئێران بەو شێوەیە بۆیان نایەتە دەست)، لەھەمانکاتدا دەڵێ: (لەبەر
ئەوەی کورد لە پارچەکانی تر - ھەرگیز - ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر)
، وەکو ئەوەی پێمان بڵێ لە ئاسمانەوە سروشی - ھەرگیز - ی بۆ ھاتۆتە
خوارەوە بۆیە وا بە مکوڕییەوە بە - ھەرگیز - دەمانترسێنێ کە ئەم -
ھەرگیز - بەکارھێنانە لە یاسای ژیاندا جێگەی نابێتەوە چ جای لە زانستی
سیاسەتدا ، دیارە لەوەپێشیش لەو بڕوایەدا نەبووە و
پێی وابووە کە -
ھەرگیز - پیرەدیکتاتۆرەکانی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارێتی عەرەب ئاوھا
بە دوای یەکدا تاج و تەخت و بەختیان سەروەنگون نابێ
! ، بۆیە پێویستە
بە ھەمان - ھەرگیز - ەکەی ئەوان ئێمەش ڕایبگەیەنین کە ئێمە
پێکھاتەیەک نین لەوان و خاک و زمان و داب و نەریت و کلتور و کەلەپور و
ڕۆشنبیری و باری کۆمەڵایەتی و ھەموو شتێکمان لەگەڵ ئەواندا جیاوازە
، چونکە مالیکییەکان بێئاگان لەوەی ھەمو شتێک لە ژیاندا ڕێژەییە نەک ڕەھا
و بە ڕەھا قسە کردن بەڵگەی نەزانییانە و نەزانیش ئەستەمە لە زمانی
پێکەوەژیان بگا.
لە لایەکی ترەوە ھۆشداریمان دەداتێ کە: (ئەوەی لێرەش لە عێراق ھەیە
جیاوازە لە باشوری سودان
، ئەزمونەکان کۆپی ناکرێن
، باشوری سودان
ھۆکاری تایبەتی ھەبوو
، ژمارەیەک دەوڵەت لە پشتی بوون
، بەڵام ھەرێمی
کوردستان ژمارەیەک دەوڵەت دەوریان گرتووە)
، بەم درەنگوەختە و بە
دزەنیگاوە ئاماژەمان پێدەدا و کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە
دوژمنەکانی کورد - تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا - مان بیر
دەخاتەوە کە ھاوکاتی پێشڕەویی شۆڕشی گەلی کورد کۆ دەبونەوە بۆ
پیلانگێڕی و درەنگخستنی سەرکەوتنەکان و پێیوایە سەردەم سەردەمی سەدامی
دیکتاتۆرە و دەتوانێ لاسایی ئەو بکاتەوە
، نەبادە لەوەی لە سەردەمی
زانست و کرانەوە و ئەنتەرنێتدا دۆخەکە گۆڕاوە و لاوانی کورد توانیویانە
دەیان ماڵپەڕی وەچەکانی ئەتاتورکی فاشیزم ھاک بکەن و ئاڵای کوردستان و
دروشم و وێنەی شەھید و سەرکردەی کورد لەسەر دڵی دڕندەترین دوژمندا
بچەقێنن کە بە لوتبەرزییەوە نکوڵی لە بونمان دەکەن و بە تورکە کێوی و
شاخاوی ناومان دەبەن.
لە چەندین بۆنەدا مەسعود بەرزانی - سەرۆکھەرێمی کوردستان - ھەندێ جار
بە ژێر لێوەوە و ھەندێ جاریش ڕاشکاوانە لە دەرگای سەربەخۆیی کوردستانی
داوە و لە بەرامبەردا شۆفینییەکان بە ھەڕەشە وەڵامیان داوەتەوە
، دیارە
ھەڵوێستی لەم شێوەیەی سەرۆکی ھەرێم ئەگەر ببێتە کردار پشتیوانییەکی
سەرتاسەریی خەڵکی لەگەڵدایە
، بۆیە پێویستە بە مکوڕییەوە کاری بۆ بکرێ
و لە دروشمەوە بخرێتە سەر ڕاستەڕێی واقیع و ببێتە بەرنامەیەکی
یەکگرتووی تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ھاوچەشنەکانی
مالیکیش خوێندنەوەی ھەڵە بۆ مافە زەوتکراوەکانمان نەکەن و تەواوی
تواناکانمان وەگەڕ بخەین تا ویستی ڕەگەزپەرستانەی تواندنەوەی گەلەکەمان
لە نێو بۆتەقەی عروبەچێتیدا زیندەچاڵ بکەین.
نوری مالیکی دەبوایە کاتێک ئەو ھەڵوێستەی دەرببڕیبایە ھیچ نەبێ:
١ - دەسپێشخەری سڕینەوەی ئاسەواری ئەنفالە بەدناوەکان و شار و گوندە
کیمیابارانکراوەکانی بکردایە کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتی عەرەبیی
شۆفینیزمی ناوەندەوە دوچاری جینۆساید و کارەساتی مرۆیی ھاتوون و بودجەی
تایبەتی لە دەسەڵاتی ناوەندییەوە بۆ تەرخان بکردایە و قەرەبۆی مادی و
مەعنەوییانی بکردنایە نەک ببێتە درێژەپێدەری ھەمان سیاسەتی نامرۆڤانە .
٢ - بە ڕژدی کاری بۆ نەھێشتنی سێکوچکەی سیاسەتی تەعریب و تەرحیل و
تەھجیر لە ناوچە سنورییەکانی باشوری باشوری کوردستان بکردایە نەک وەکو
ئێستا بە دوای ھەلی ڕەخساودا ویڵ بێ بۆ زیاتر برەو پێدانی .
٣ - ئەگەر لە ماوەی نۆساڵی دوای نەمانی ڕژێمی بەعسەوە کار بکرایە بۆ
جێبەجێ کردنی مادەی - ١٤٠ - و ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی کە
بەعسییەکان لە ھەمبەر ناوچە داگیرەکانی کوردستان خولقاندویانە ئەوا
ئەوسا ئێمەش ئحمێکمان بۆ قسەکانی جەنابی دەکرد.
بەھەرحاڵ لە مار چاوەڕوانیی ھەنگوین ناکرێ
، ئەوەی مالیکی دەیڵێ و
دەیەوێ پەیامێکی ژەھراوی کۆن و بەسەرچووە و لێی تێدەگەین
، بەڵام دەبێ
ئێمەی گەلی ستەملێکراوی کورد ببینە جەستەیەکی خۆشەکراوی دژەژەھر و
نەسڵەمێینەوە لە تێفکرینی بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان چونکە
بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی جیھان لە ھەموو کاتێک لەبارترە بۆمان
، لەھەمانکاتدا بە دروشمی سەرکردایەتی کوردیش نەکەوینە ھەلەکەسەما و دەبێ
خۆمان بڕیاردەری ئاییندەی خۆمان بین چونکە ئەوان ھێندەی سەرقاڵی
پینەوپەڕۆ کردنی عێراقی ھەڵوەشاوەی دوای سەدام حوسێن و لە غەمی
بەشەبودجەی زیاتری خۆیانن بۆ بەرژەوەندیی حیزب، ھێندە سەربەخۆبوونی
کوردستانیان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوە لا مەبەست نەبووە و نیە
، ئەگینا
دەمێک بوو لە وەدیھێنانی ئامانجی نەتەوایەتیمان نزیک دەبووینەوە، پێویستە کار بۆ بەمیللیکردنی سەربەخۆیی بکەین بەدەر لە ویستی حیزب و
سەرکردەکان تا ناچاریان بکەین بە کردەوە بێنە ژێر باری خواستی گەلەوە و
تێکڕا بە مکوڕییەوە کار بۆ ھێنانەدیی ئامانجی لەمێژینەمان بکەین نەک
تەنھا لە بۆنەکان وەکو دروشمی قەتیس لە ھۆڵە داخراوەکاندا بوترێتەوە و
دوای چەپڵەڕێزان بیر بچێتەوە
، دەبا ھەمومان یەکڕیز و یەکدەنگ
جیاوازییەکانمان بخەینە خزمەتی سەربەخۆیی کوردستانەوە و بە گیانێکی
نیشتمانپەروەرانەوە پاڵپشتی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بین و کاری
ئەمڕۆمان دوا نەخەین بۆ سبەی.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|