٢٩\٦\٢٠١٢
بەرژەوەندیی
زلهێزەکانی جیهان، چارەنووسی راپەڕینەکان دیاری
دەکا.

تەوار شەریفی
هەرچەند کە ئەو مانشێتە ئازاردەرە و مرۆڤی
بەرهەڵستکاری دیکتاتۆرەکان دەتاسێنێت بەڵام لە راستی دا ئەوە راستیەکی
تاڵە و لە جیهانی سێهەم دا، بەرژەوەندیی
زلهێزەکان چارەنووسی راپەرینە دژە دیکاتۆرییەکان دیاری دەکا.
لە جیهانی سەردەمی شەڕی سارد و دونیای دو جەمسەری دا ئەو دیکتاتۆرەی کە
دۆستی جەمسەری سۆڤیەت بوو جەمسەری رۆژئاوا یان باشترە بڵێم ئەمریکا
پشتگیری ئۆپۆزسیۆنەکەی دەکرد و بە پێچەوانەشەوە ئەو دیکتاتۆرەی کە
دۆستی ئەمەریکا بوو جەمسەری سۆڤیەت پشتگیری ئۆپۆزسیۆنەکەی دەکرد بۆ
راپەڕین و بە ئاکام هەیشتنی راپەڕینەکان، کە دەکرێ ئاماژە بە کاسترۆی
دژی باتیستا و تاڵبانی دژی نەجیبوڵا بکەم.
ئێستاکەش لە پاش تێپەڕ بوونی بیست ساڵ بەسەر دونیای دووجەمسەری
و کۆتایی هاتن بە شەڕی سارددا کێشەی داگیرکەر و داگیرکراو و دیکتاتۆر و
دیموکراتخواز لە فۆڕمێکی دیکەدا بەردەوامە.
بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە سەردەمی شەڕی سارد دا دەولەتانی ئەمەریکا و
سۆڤیەت وەک دوو جەمسەری بەرچاو رۆڵیان لە چارەنووسی دیکتاتۆڕەکان و
راپەڕیوە دژە دیکتاتۆرەکان دا دەگێڕا، ئەوە ئێستا چەندین جەمسەر بە
ئاشکرا و بە نهێنی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان خاوەن رۆڵن
لە چارەنووسی دیکتاتۆرەکان و راپەڕینەکان دا.
ئەگەر لە رابردوودا نەتەوە بندەستەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت بلوکی رۆژئاوای
ئەوروپا و چەن دەوڵەتێکی ئەمەریکای لاتین
سەلمێنەری ئەو راستیە بوون، ئێستا ئەو راپەڕینانەی کە بە بەهاری عەرەبی
ناسراوە سەلمێنەری ئەو راستیەن ، کە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بە گەلی
لیبیا و گەلی سوریا بدەین. ئاشکرایە ئەگەر دەوڵەمەندی خاکی لیبیا
نەبوایە و کۆنە قینێک بەرانبەر بە قەزافی لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە
نەبوایەت ئەوە دەکرا هەروەکوو راپەڕیوانی سوریە ئاسۆیەکی نادیار
سەبارەت بە راپەڕینەکە ببوایەت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر فەقیری خاکی
سوریا و دۆستایەتی دەسەڵاتدارانی سوریە لەگەڵ کۆمەڵێک لە زلهێزەکان
نەبوایە ئەوە دەکرا چارەنووسی راپەڕینەکەی گەلی سوریا تاکوو ئێستا بە
ئاکام بگەیشتبایە.
ئەگەرچی ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان راستیەکی تاڵن، بەڵام بەو
مانایە نیە کە گەلانی بندەستە لەبەر بە هێز بوونی ئەو راستیە خۆ بدەنە
دەست چارەنووسێکی نادیار، بەڵکوو بە هەست کردن بەو راستیە دەبێت گەلی
راپەڕیوو سیاسیانە بەرژەوەندی خۆی بۆ دەرباز بوون لەو پرۆسەیە و تا
گەیشتن بە سەروەری دەوڵەت و یا دیاری کردنی جوگرافیای سیاسی لە دژی
دیکتاتۆرەکان لە دانی قوربانی سڵ نەکەنەوە و بە هەست کردن بە بوونی
ئیرادەیەکی بەهێزی نەتەوەیی چارەنووسی خۆیان لە ئەوستۆ بگرن.
هەر لەو پێوەندیە دا گەلی باشوری کوردستان سەلماندیان کە ئیرادەی بە
هێز و پۆڵایینی گەل دەکرێ زاڵ بێت بەسەر بەرژەوەندی زۆر یەک لە
زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکەدا و ئێستاش خەباتکارانی باکوری کوردستان بە
پێچەوانەی خواستی زلهێزەکانی جیهان بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانیان
تەنگیان بە گەورە ئەندامی ناتۆ هەڵچنیوە و راپەڕیوانی رۆژئاوای
کوردستان و گەلی سوریاش بە درێژەدانی قوربانی دان و سڵ نەکردنەوە لە
نەبوونی پشتیوانی دەرەکی سەلمێنەری ئەوەن کە هەرچەند
زلهێزەکان خاوەن رۆڵی بەرچاون و زۆر جار ئیرادەی
بەرژەوەندیەکانی ئەوان یەک لاکەرەوەیە بەڵام ئیرادەی رۆڵەکانی
نەتەوەیەکیش بە قوربانی دان و سووربوون لە
سەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەکرێت هاوکێشە سیاسیەکان بەرەو
ئاراستەیەکی دیکە بەرێت.
ruk.party@gmail.com
|