په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٨\٢٠٢٦

بەرکەوتن و بەیەکدادانی کولتووریی

یان شکستی لێکتێگەیشتنی یەکدی و بەرژەوەندخوازیی.


زاھیر باھیر       


دەستەواژەی " بەیەکدادانی یاخود بەریەککەوتنی کولتوور" ماوەیەکی درێژە لە ئارادایە بەڵام ھێرشەکانی ١١ ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیھانی و پنتاگۆن ئەم بیرۆکەیەی زۆر زیاتر بەرچاو خست. ھەر ئەو ڕۆژە جۆرج بوشی کوڕ وتی "ئەمڕۆ ھاوشاریانمان، شێوازی ژیانمان، خودی ئازادیمان لە زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی بە ئەنقەست و کوشندەدا کەوتە بەر ھێرش".


بیرۆکەی 'بەیەکادانی کولتوور' کە دواتر بە شێوەیەکی گشتی " بە بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان" ناسراوە. بیرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان دوای ئەوەی ساموێل پی ھەنتینگتۆن، بابەتێکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بە ناوی پێکدادانی شارستانیەتەکان نووسی ناسرا. دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ دا فراوانتری کرد و کردییە کتێبێک. ھەنتینگتۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای جەنگی ساردەوە ململانێکانی داھاتوو زیاتر بەھۆی جیاوازییە کولتووری و ئایینییەکانەوە دەبن نەک جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان یان ئابوورییەکان.


ڕاگەیاندنەکەی جۆرج بووش لە ڕۆژی کارە تیرۆریستییەکەی ئەیلولی ٢٠٠١ دا سەرەتایەک بوو یاخود بازدانێک بوو بۆ تێڕوانین و شرۆڤەکردنێکی جیاوازتر تاکو بکرێتە بەھانەیەک بۆ تێڕاونین لە کولتوورە جیاوازەکانی میللەتان بەو شێوەیەی کە دەویسترێت تا ئەو ڕادەیەی کە وا لێکدەدرایەوە کە ئەمەی ڕوی داوە بەیەکدادانی کولتوورە و میللەتە کوولتور جیاوازەکانن کە خۆشییان بە کولتووری ئەمریکییەکاندا نایەت. لە بریتانیاش وا شرۆڤەو دەکرا کە گوایە ھێڕش دەکرێتە سەر شێوازی ژیانمان.


ھەر لەو سەردەمەی ھێڕشەکەدا بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیھانی و پنتاگۆن زۆرێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکاران بە فراوانتر زاراوەی "بەریەککەوتنی شارستانیەتەکانیان" ناسی و دەستیان کرد بە باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و بەشێک لە جیھانی موسڵمانان. بەڵام ھەندێکی تر دەیانگوت ئەم لێکدانەوەیە پرسە سیاسی و مێژوویی و ئابوورییە ئاڵۆزەکانی زۆر ئاسان کردووە.


بێ گومان جیاوازی نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکان و کۆمۆنێتییەکان تا دەگاتە جیاوازی نێوانی خێڵەکانیش، جیاوازی کولتوور بەخۆوە دەگرێت، کە ڕەنگە ئادابێکی کولتووری نەتەوەیەک، میللەتێک، لە لایەن نەتەوەکان و میللەتەکانی دیکەوە تا ڕادەیەک غەریب بێت و دەشکرێت بکەوێتە بەر کاردانەوەی خراپیشەوە.
کاتێک کە ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەھێنرێت، واتە کە شێوەیەکی لاستیکی وەردەگرێت، دەشکەوێتە بەردەم ڕەخنە و شیکاری جیاوازیشەوە. ھاوکاتیش خەڵکانێکی زۆریش زاراوەکە پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە دەبینن و ڕەخنەیەکی زۆرییشیان لەو ڕوانگانە گرتووە و دەگرن. ئەوان دەڵێن ململانێکان دەرئەنجامی حەتمی جیاوازییە کولتوورییەکان نین.


ئەمڕۆ سیستەم لە ڕێگای دەوڵەت و دەسەڵات و میدیای فەرمی و سۆشیال میدیا و چین و تۆێژاڵی باڵادەستی وەکو دەستەبژێر گوێ بەو ڕەخنانە نادەن ، بگرە تێڕوانین و ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی دەیخەنە نێو بڕگە یاساییەکانەوە. ئاشکرایە سیستەم کە دەوڵەت و پایە سەرەکییەکەی مانەوەیەتی سوود لە دابەشکردنی خەڵک لە ڕێگای جیاوازی زمان و ڕەنگ و پێست و کولتوور و نەریتی جیاوازەوە دەبینێت بەو جۆرە مامەڵەیان دەکات کە لە بەررژەوەندی خۆیەتی. سەرەڕای ئەمەش زمان گرنگە لە دەربڕینی شتەکاندا ھەندێک جار بەڕاستی زمان بۆ پاساوھێنانەوە بۆ ھەیمەنەکردن یان دوورخستنەوە بەکارھێنراوە و بەکاردەھێنرێت، کە ئەو زمانە ھەموو بەرژەوەندخوازانی سیستەمەکە بە سیاسی و دەوڵەتمەداران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانەوە ڕۆژانە گوێمان لێیانە کە چۆن بەکاری دەھێنن.


ڕەنگە جێی گومان نەبێت ئەگەر بڵیین لە بریتانیا دەستەواژەی بەیەکدادانی کولتوور بە باری لوتبەرزی دامەزراوەی بریتانی و بە نزمبینینی نەتەوەکانی دیکەوە بە ھۆی کوولتورە جیاوازەکەیانەوە بە ھۆکاری بوونی ئەو پاشخانە سیاسییە ئیمپریالانەوە ھەیبووە ، زاراوەکان بەکارھێنراوە و مامەڵەیان پێوەکراوە.


من وەکو خۆم پێم وایە دامەزراوەی بریتانیا لەڕادەبەدەر زیرەکن و چەمکێک بەکارناھێنن بەبێ ھەبوونی مانایەکی لاستیکیانە. واتە لێکدانەوە بۆ وشە/زاراوە دەتوانێت نەرێنی و ئەرێنی بێت بەڵام چونکە بریتانیا ئیمپریالیست و کۆڵۆنیستێکی کۆنی بەھێز بووە، لە بەکارھێنانی چەمک و زاراوەکاندا پێموایە ھەمیشە لە ناو ھێنانی چەمک و زاراوەکان مەبەستیان لایەنی نەرێنی بووە.


بەڵگەیەک بۆ ئەو ڕایەی سەرەوەم بەکارھێنانی دەستەواژەی " سروشتیکردنە" . پرۆسەی 'سروشتیکردن' ئەو پرۆسەیە کاتێک پەنابەران دێنە بریتانیا و مافی پەنابەرییان پێدەدرێت ، دوای ساڵێک لە مۆڵەتی نادیار، مافی Indefinite leave یان، ھەیە کە ببنە ھاووڵاتی ئەم وڵاتە و خاوەنی پێناسەی بریتانی. ئەو پرۆسەیەی کە پێیدا دەڕۆن پێی دەوترێت " سروشتیکردن، Naturalisation ". بەرگریکەرانی ئەم دەستەواژەیە دەڵێن ئەم وشەیە "سروشتیکردن" بەو مانایە نییە کە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە ھاوڵاتی، "ناسروشتی" بووە. ماناکەی لە مێژووی یاساییەوە ھاتووە نەک لە مانای ئاسایی وشەی سروشتی. دەڵێن ناسنامەدان ئەو پرۆسە یاساییە کە کەسێک کە لە کاتی لەدایکبوونیدا ھاوڵاتی نەبووە، دواتر لە ژیانیدا ھەمان پێگەی یاسایی بەدەست دەھێنێت. ھەروەھا زۆرێک لە زانایانی یاسایی و حکومەتەکان ئەم زاراوەیە دەھێڵنەوە گوایە مەبەستیان ئەوە نییە کە حوکمێک لەسەر بەھا و ناسنامە و مرۆڤایەتی کەسێک بدەن، بەڵکو مانای تەکنیکی جێگیرکراوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ھەیە.


بەڵگەیەکی تریان ئەوەیە : زاراوەکە تەمەنی چەندین سەدەیە و لە زۆر وڵاتدا بەکارھاتووە، لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا. بەڵام ئەم پاساوە دروست نییە چونکە کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیا ھەموویان لە سەردەمی جیاوازدا کۆلۆنی بەریتانیا بوون.


ئەوە ڕاستە گەر بڵێین لە وتووێژی ڕۆژانەی ئینگلیز-زماندا زاراوەی "سروشتی" بەمانای شتێکی ئاسایی یان سروشتی باس دەکرێت . بەڵام لە کاتێکدا کە پەنابەران بەو پرۆسەیەدا دەڕۆن دەکرێت کەسەکان ھەست بکەن کە "سروشتیبوون" ئەوە دەگەیەنێت کە پەنابەران تەنھا دوای بەدەستھێنانی ھاووڵاتیبوون دەبنە کەسێکی "سروشتی" لە بریتانیادا.


لێرەدا من قسەم لەسەر زاراوەی ' بەریەککەوتنی کولتوورە ' کە زەمینەی دروستکردنی ئەم دەستەواژەیە بوونی ئەو جیاوازییە کولتوری و نەریت ئادابەیە کە ھەیە لە نێوان میللەتاند. ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ ململانێ، یان تێنەگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخان کولتووری جیاوازدا. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە جۆرێک لە تێگەیشتن لە مێژو و پێناسینی کولتوورە جیاوازەکە مامەڵە بکرێت .


کاتێک ئەو تێگەیشتن و زانیارییە نییە دەربارەی کولتوورەکانی دیکە ئیتر لە نەزانییەوە بێت یاخود گوێ پێنەدان بێت مشتومڕێکی توند و تیژ، توڕەیی و ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێکان زاڵ دەبێت و جێگای گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن دەگرێتەوە ، کە لەوانەیە تەنھا تێنەگەیشتنێک بێت، ھیچ دژواری و ناکۆکییەکی تێدا نەبێت.


بێ گومان ھەندێک ئادابی کۆمەڵایەتی یا دینی ھەن لەوانە نەناسینی مافی ژنان و بە کەمگرتنیان، نایەکسانییان، بەشوودانیان بە زۆر، بەشوودانی کچانی منداڵ ، خەتەنەکردنی کچان، دژایەتیکردنی ھاوڕەگەزخوازان و ترانس، ئەمانە دەبێت ڕووبەروویان ببینەوە بەڵام نەک بە بەکارھێنانی توندوتیژی و شەڕ و شۆڕ. بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە ئاداب و نەریتە و پەیڕەوکردنی لە وڵاتانی ئەوروپا و پیشەسازی پێشکەوتودا بەیەکدادانێک لە نێوانی ئادابی ئەوان و ئاداب و نەریتی ئەمان دا دروست دەکات .


ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە ھەیە لە نێوانی بەیەکادانی کولتوور و تێنەگەیشتن و نەناسینی کولتوری جیاواز، ئەو جیاوازیانە دەکرێت وەک حەتمی یان مەحاڵ دەربکەون و زاڵ ببن کە چەقبەستووانە بۆ چەواشەکردنی لایەنە جیاوازەکانی دیکە بەکاربھێنرێت. لە ڕوی سیاسیشەوە دەتوانرێت ئیستغلال بکرێت بۆ پاساوھێنانەوە بۆ دوژمنایەتی، جیاکاری، یان تەنانەت ململانێی خوێناوی.


لە بەرامبەردا قسەکردن لەسەر "تێگەیشتن لە کولتووری یەکدی" جەخت لەسەر گفتوگۆ و فێربوون و ڕێزگرتنی یەکتر بکرێتەوە و خەڵک ھان بدرێت پێش تێگەیشتن لە داب و نەریت یان بیروباوەڕی جیاوازیان کە ھەیانە، پێش ئەوەی حوکمیان لەسەر بدەن. تێنەگەیشتن لە کولتوورێکی تر تیشک دەخاتە سەر بوونی پێویستی پەروەردە و پەیوەندی. گفتوگۆی ڕێزدار و ئامادەیی بۆ تێگەیشتن لە کەسانی دیکە دەتوانێت پێشوەختە نەزانین و نەناسینی کولتورەکان کەم بکاتەوە ھەر ئاواش مەترسی ململانێکانیش. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵک لەسەر ھەموو بەھایەک یان ئادابێک ڕێکبکەون. دەکرێت بە قووڵی لە کولتوورێکی دیکە تێبگەین لە کاتێکدا کە ھێشتا لەگەڵ ھەندێک لە داب و نەریت یان بیروباوەڕەکانیدا ناکۆک بین. خودی ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ تێگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخانی کولتووری جیاوازدا.


ئایا لە سای ئەم سیستەمەدا دەکرێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت ؟


پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم دەستەواژەکە بە ھەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لێکدانەوەی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت. ڕووداوەکەی سێبتەمبەری ٢٠٠١ کارایی زۆر خراپی لەسەر چەمکی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی کولتور جیاواز بە شێوەیەکی نەرێیانە ھەبووە و لێکدراوەتەوە. چونکە گرفتی ئەم پرسە ئەوەیە کە زاراوەی "بەریەککەوتن" ئاماژەیە بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە و تەنانەت توندوتیژیش. ھانی خەڵک نادات سەرەتا بیر لە دیالۆگ، تێگەیشتن، یان ھاوکاری بکەنەوە. بۆیە کاتێک سیاسەتمەداران یان میدیاکان ئەو دەربڕینە بەبێ ڕوونکردنەوە بەکاردەھێنن، دەتوانێت ترس و دوژمنایەتی بەرامبەر کولتوورەکانی دیکە بەھێزتر بکات. زۆرێکیش لە خوێنەران ئەو دەستەواژەیەیان بەو مانایە لێکداوەتەوە کە جیاوازی شارستانیەتەکان بە شێوەیەکی سروشتی قەدەریان ھەیە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن.


کاتێکیش کە قسە لەسەر گۆڕینی زاراوەکە دەکرێت بە زاراوەیەکی دیکە، زۆرێک لە چەپەکان ، سیاسییەکان ، زانایان ڕایان وایە کە تەنھا گۆڕینی ناوەکە بەس نییە. ئەگەر حکومەتەکان، میدیاکان، یان بزووتنەوە سیاسییەکان بەردەوام بن لە وێناکردنی کولتوورەکانی دیکە وەک دوژمن، ڕەنگە لە کۆتاییدا زاراوەیەکی نوێ ھەمان مانای نەرێنی بەدەستبھێنێت. بە واتایەکی تر، ھەم زمان و ھەم شێوازی بەکارھێنانی گرنگە.


ئەوان دەڵین ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە و لە زۆرێک لە چوارچێوەکاندا بەکارھێنانی زاراوەیەکی کەمتر ڕووبەڕووبوونەوە، باشترە. چەمکێک دەبێ تا دەتوانێت بە وردی واقیع وەسف بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ململانێ سروشتییە یان شتێکی حەتمییە.


ئەوە ڕاستییە کە زمان کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ھەیە و ئەو زاراوانەی کە پێشنیاری دوژمنایەتی حەتمی دەکەن دەتوانن بەشداری بکەن، بە تایبەت لە قۆناغەکانی گرژی سیاسیدا، ڕەنگە شەڕەنگێزی و لە ھەندێک حاڵەتدا پشتگیری لە شەڕ بخولقێنێت. بەڵام گۆڕینی وشەکان بە تەنیا ناتوانێت ئەو مەترسیانە لەناو ببات، ھەتا ئەگەر ڕوونکردنەوەی وردتر و گفتوگۆی گشتی بەرپرسیارانەشی لەگەڵدا بێت. ڕەنگە کردنی ئەوانە تا ڕادەیەک پرسەکە کاڵ بکاتەوە بەڵام لە ڕەگوڕیشە ھەڵیناکێشێت.


کەواتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەکەوێتە سەر تێروانین و ئاراستەی فکری کەس و لایەنەکان کە ئەمەش وا دەکات کە وەڵامەکە ڕێژەیی بێت. ھەرچی چەپەکان و ڕیفرۆمیستەکان ھەن زاراوەکە دەخەنە ناو مشتومڕی گشتی و سیاسیی سەرەکییەوە. زۆربەیان ئەوەی کە لە سەرەوە بەیانم کرد لایان پەسەندە . بەڵام لابەلاکردنەوەی تەواوی کێشەکە لای ئەوان بەستراوە بە دەسەڵات وەرگرتن، دەوڵەت و گۆڕانکاری بۆ دەسەڵات و دەوڵەتێکی دیمۆکراسی کە نوێنەرایەتی تەواوی گەل بکات. بە ڕای ئەوان ئەو کاتە ئەم پرسەش دەبێتە یەکێک لە پرسەکانی دەوەڵەت و دامەزراوەکانی کە دەتوانن بوار بۆ دانوستان و فێربوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بخولقێنن.


بەڕای من کێشەکە تەنھا زاراوە نییە، ھەروەھا لە پرۆسەی گۆڕانی دەسەڵات و دەوڵەتیشدا لابەلا نابێتەوە. شێوازی تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان کولتوور و گەلە جیاوازەکان. ئەوەندەی من بزانم ڕێبازی ئەنارکیستی ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە بوونە گەورە و جێگیرەکان کە پێیان دەوترێت "شارستانیەتەکان" بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ یەکتردا ناکەونە ململانێ . بێ گومان زۆر یان کەم موسڵمانان ھەن دژایەتی پاوانخوازی ئیسلامی دەکەن و ڕۆژئاواییش ھەن دژایەتی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دەکەن. ھەروەھا دەشکرێت موسڵمانانێک و ڕۆژئاوایی ھەبن کە ھاوکارییەکی تەواو باشیان ھەبێت.


بەڕای من ڕەنگە دروستتر بێت کە دەستەواژەی "ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندی" لە جێگای دەستەواژەی " بەیەکادانی کولتوری جیا یاخود شارەستانی جیا" دابنرێت. کێ ھەیە نکوڵی لەوە بکات کە کولتوری ھەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکو سعودییە ، پاکستان و دەولۆتکەکانی کەنداو و ئەوانی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا و بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپادا زۆر جیاوازن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ' جیاوازی ئەو کولتورە نابێتە بەکارھێنانی توندوریژی و جەنگ لە نێوانیاندا، چونکە لە بەرژەوەندی یەکدیدا پەیوەندییەکانیان یەکە ، ھەر کاتێکیش بەرژەوەندی نێوانیان نەما پەیوەدنییان گەیشتە ڕادەیەک، بێ گومان ململانێی پاوانەخوازی و دەسەڵات دەکەوێتە بەینیانەوە، لە ھەندێک کاتیشدا ڕەنگە بگاتە جەنگ . لەو کاتەشدا زاراوەی کولتووری جیاواز و بەیەکادانی کولتوورەکان بۆ ناکۆکی جەنگەکان دەبنە پاساو.


جیاوازی مرۆڤایەتی بە ناچاریی، ناکۆکی و ململانێ بەرھەم ناھێنێت. ململانێ و ناکۆکی کاتێک سەرھەڵدەدات کە جیاوازییەکان بەھۆی سیستەمی دەسەڵات و باڵادەستی و کێبڕکێ و لێبوردەیی، بگۆڕدرێن بۆ دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان.


لەم قۆناخەی ئێستادا کە ھێشتا دەوڵەت و پایە سەرەکییەکانی، جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵی پلەبەندیی / ھیرراشی ھەن و بەردەوامن دەکرێت لە ئێستادا بەشێک لە خەباتمان کەمکردنەوەی پێکھاتەکانی دەسەڵات بەخۆوە بگرێت کە جیاوازی و پەیوەندی نێوان خەڵک دەگۆڕن بۆ بەرژەوەندخوازی و ھەژموون و دوژمنایەتی و توندوتیژی. واتە زەروورە ئەرکی ھەنووکەیمان ھاندانی دروستبوونی ، دروستکردنی کۆمەڵگە و کۆمۆنێتی ئازاد، ئاڵوگۆڕی کولتووریی، سەربەخۆیی/ئۆتۆنۆمی تاک بێت. ھەروەھا خەبات دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت بە ھەموو شێوەکانییەوە ، ھاوپشتی نێونەتەوەیی، نەک ئەوەی کە ئەمڕۆ ناوی لێنراوە شارستانیەت، ناسیۆنالیزم، دەسەڵاتی دەوڵەت، ململانێ و کێبڕکێی میلیتەریی، کۆمەڵی پلەبەندیی / ھەرەمیی و دەسەڵاتی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی.
 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک