په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١١

بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم چی دەگۆڕێ؟
ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە بەرنامە چاکسازییەکەی مەسعود بارزانی دەگرێ.


راپۆرت: ستیڤان ئەحمەد


لە رۆژی یانزەی ئاداری رابردوو لە میانەی کەرنەڤاڵی یادکردنەوەی راپەڕینی شاری هەولێر، هاوکات لەگەڵ گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا، سەرۆکی هەرێم لە رێگەی پێشکەشکردنی وتەیەکەوە بەڵێنی ئەوەی بە خەڵک دا کە لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی داهاتوودا، بەرنامەی چاکسازیی دەستپێدەکات و دۆخی کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت. پاش ئەوە لە ئاهەنگی نەورۆزیشدا لە رۆژی 20-3-2011 سەرۆکی هەرێم بەرنامەی خۆی بۆ چاکسازیی ئاشکرا کرد. هەر پاش ئەمە کۆمەڵێک هەنگاو و رێوشوێن لە بواری لێپێچینەوە لە گەندەڵی و گەندەڵکاران دەستیپێکرد، پاشان پرۆسەکە گەیشتە لابردنی کاربەدەستانی باڵای حکومیی لە پۆستەکانیاندا. هێشتاش بەرنامەکەی سەرۆکی هەرێم بەردەوامە و وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی پێکرد تائێستا پرۆسەکە لە قۆناغی بەرایی و سەرەتادایە و لە داهاتوودا زۆر بوار و لایەنی تریش دەگرێتە خۆی.

حکوومەت گەشبین و ملکەچە.


کابینەی شەشەمی حکوومەتی هەرێم، کە لە ئەنجامی هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی و چەند حزبێکی بچووک هاتۆتە بەرهەم، کەوتۆتە بەر رەخنەی هەمەلایەنە و چڕوپڕی سێ لایەنی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانەوە، بۆیە وەک چاودێرێکی سیاسیی هێمای بۆ دەکات لە ژێر باری رەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و گووشاری بەهێزی خۆپیشاندانەکاندا ناچارە، پرۆسەیەکی چاکسازیی گشتگیر و هەمەلایەنە دەستپێبکات، ئەمە تاکە رێگەی مانەوەی ئەم کابینەیە و بەردەوامی کارەکانییەتی. هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکایەتی حکوومەت بەشێوەیەکی کرداریی پاڵپشتیی و ملکەچی خۆیان بۆ راسپاردەکانی سەرۆکی هەرێم راگەیاند، هەروەک بەشێک لە چاودێران ئاماژەی پێدەکەن حکوومەت ئەو کەناڵەیە کە بەرنامەکەی سەرۆکی پێ جێبەجێ دەکرێت، بەم هۆیەوە ئەرک و هەنگاوی گەورەی چاکسازیی دەکەوێتە سەرشانی کابینەی شەشەم و کابینەکانی داهاتووتر.

د.عیزەت مەلا عەلی، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، پێیوایە بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم بناغەی پڕۆژەی چاکسازییە لە کوردستاندا و دەڵێت: ئەو پاڵپشتییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوێتی بە پرۆگرامی چاکسازیی هێز و دەسەڵاتێکی گەورە دەبەخشێتە جێبەجێکارانی، کە پێشتر لە رووی شۆڕشگێڕییەوە ئەم پێشمەرگەیە خاوەنی قوربانیدان و خەباتێکی دوور و درێژە، ئێستا دەیەوێ نیشتمانێک بنیات بنێت ئێستا و نەوەکانی داهاتوو هەمووان شانازیی پێوەبکەن، بۆیە باوەڕی تەواوم هەیە ئەو ئیرادە و هێزە ئەنجامی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئەوەتا بە پراکتیکیی بەرنامەی چاکسازیی دەستیپێکردووە و تەندەرات و زەوی موساتەحات و سیستمی فەرمانبەران و چەندین بواری تر بڕیاری لەسەر دەرچووە، کاتێک پێدانی زەوی راگیراوە و دووبارە رێکدەخرێتەوە و چاکسازیی و پیاچوونەوەش لەسەر زۆر کەموکوڕیی و گەندەڵی دەکرێ. پێداویستی کوردستانیش وەک حکوومەتێکی مۆدێرن لە 4 ساڵی رابردوو کاری زۆری بۆ کراوە کە بریتین لە چوار کۆڵەگە: پترۆڵ و غاز، کشتوکاڵ، پەیوەندییەکانی دەرەوە، هێزێکی مۆدێرنی سەربازیی.

لای خۆشییەوە سینان چەلەبی، وەزیری پیشەسازیی و بازرگانی، گرنگی پڕۆژە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم دەخاتە روو و پێیوایە: گرنگترین هەنگاوە و بنەما سەرەکییەکانی پەرەپێدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان دەچەسپێنێت و گەشەکردنی ئابووری دەخاتە چوارچێوەی جێبەجێکردنەوە. سیاسەتی چاکسازیی کە بەڕێزیان فەرمانیان پێداوە، پێویستە ببێتە رەوشێکی بەرز لە کارکردن و لە ئەنجامدانی پڕۆژە و پلانەکان بە ئاستێکی باشەوە. سەبارەت بەچاکسازیی کە تایبەت بێت بە بواری کۆمپانیاکان و تەندەرات، ئێمە وەک وەزارەت چەندین لیژنەی بەدواداچوونمان هەیە، چاودێریی دامەزراندنی کۆمپانیا دەکەن بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی بۆیان دیاریکراوە، سەرەڕای ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر هەر گۆڕانکارییەک دەکرێ لە بواری کار و زیادەی موساهەمە و ساڵانە لێپرسینەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکرێت لەسەر پێشکەشکردنی حساباتی ماڵی، سەبارەت بە بواری تەندەراتیش وەزارەتەکەمان بە هەماهەنگی لایەنی پەیوەندیدار بەشێوەیەکی شەفاف مامەڵە دەکەین و ئێمە سوورین لە پێشکەشکردنی بەرزترین ئاستی کار لە چوارچێوەی یاسای وەزارەت و رێنماییەکاندا.

بە بۆچوونی وەزیرەکانی حکوومەت ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی هەرێم لەم ماوە کەم و دیاریکراوەدا لە بواری لێپێچینەوە لە تەندەرات و زەوی کشتوکاڵی و لابردنی هەندێک کاربەدەستی باڵای حکوومییەوە، پەیڕەوی کردووە، جگە لەوەی دەبنە بناغەی پرۆسەی چاکسازیی لە هەرێمدا، لە هەمان کاتدا لە ئایندەدا کاریگەریی ئیجابی خۆیان لەسەر ژیان و گوزرەرانی هاووڵاتیان و ئاسۆی پێشکەوتنی ئەزموونی سیاسیی کوردستان دادەنێت، هاوزەمان پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن حکوومەت ئامادەیی جیددی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە چاکسازییانەی سەرۆکی هەرێم وەک فەرمان و رێنمایی رایاندەگەیەنێت، ئەمەش جێگەی ئومێد و گەشبینییەکی زۆرە، چوونکە هەماهەنگی باش هەیە بۆ ئەوەی کۆی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە پڕۆژەی چاکسازیدا شانبەشانی یەکتر کاربکەن.

ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە بەرنامەی سەرۆکی هەرێم دەگرێ.


لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان رەخنە لە بەرنامە چاکسازییەکانی سەرۆکی هەرێم دەگرن و پێیانوایە ئەو جۆرە هەنگاوانە سنووردارن و ناتوانن بەشێوەیەکی گشتیی هەموو لایەنەکان بگرنەوە، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان "محەمەد تۆفیق رەحیم" رەخنە لە هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت دەگرێت و پێیوایە ئەو جۆرە پڕۆژانە ناتوانن وەک پێویست بن و چاکسازیی ئیرادەیەکی سیاسیی گەورەتری پێویستە، ئەوە تەنیا کۆمەڵێک ریفۆرمی لابەلا و لاوەکین و ناتوانن لە ئاستی تموحی ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا بن. هاوکات ئۆپۆزیسیۆن رایدەگەیەنن، دەسەڵات هیچ بەرنامەیەکی راستەقینەیان نییە و تەنانەت بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنەکانیش هیچ پڕۆژەیەکی جیددی و راستەقینەیان پێ نەبووە، لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، "ئاری هەرسین" بەرپرسی لقی 21 پارتی، رەتیدەکاتەوە دەسەڵات هیچ پڕۆژەیەکی بۆ گفتوگۆ پێ نەبێت و پێیوایە بەرنامەکەی سەرۆکی هەرێم بناغەیە، بۆیە دەڵێ: دوو حزبی گەورە کە حکوومەتیان بەدەستەوەیە، ئەگەر پڕۆژەیان نەبێت چۆن ئەم وڵاتە دەبەن بەڕێوە؟. لە (11- 3)ەوە سەرۆک بارزانى پڕۆژەیەکى چاکسازیى راگەیاند، ئەوانەى ویژدانى سیاسییان هەبێت دەبینن ئەو چاکسازییە دەستیپێکردووە و لە سەرۆکایەتى هەرێمەوە چاودێریی دەکرێت. پێموایە کۆڵەکە بنچینەییەکانى ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەو هەنگاوانە بێت کە سەرۆک بارزانى رایگەیاندووە.

ئارام قادر، سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم تا راددەیەک بە ئیجابی لە قەڵەم دەدا و دەڵێت: بێگومان چاکسازیی هەمووی باشە،‌ لایەنی خراپی نییە بەڵام ئێمە چاکسازیی بنەڕەتیمان دەوێت، کە دەرئەنجام ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی لێبکەوێتەوە لە کوردستان، واتە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵکاران لە دەسەڵات، ئەمە هەنگاوی ئیجابین ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین، بەڵام دەبێ‌ گۆڕانکارییەکان هەر ئەوە نەبێت، بەڵکو دەبێت بڕواتە بنەڕەتی کاروبارە سیاسییەکان، کە بریتییە لە زەمینە سازکردن بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، لەنێوان ئەم هێزەی کە ئێستا دەسەڵاتی لە دەستە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن.

بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە ئەگەر راسپاردەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بە کرداریش جێبەجێ بکرێن، ئەوا لایەنی سیاسیی و ئازادییەکان ناگرنە، کە ئەوە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن، باس لەوە دەکەن کە ئەوان بانگەشەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەکەن و کەچی ئامادەنین دەسەڵاتێکی کردارییان پێبدەن. د.پشتیوان عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان لە هەولێر رەخنە لە بانگەشەکانی بارزانی دەگرێت و دەڵێت: مەسعود بارزانی‌ لەقسە و باسەکانی‌ وەک رێگاچارەیەک بۆ دەرچوون لەم ئەزمە سیاسییەی‌ ئێستای‌ کوردستان بانگەشەی‌ ئۆپۆزسیۆن دەکات بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی‌ بنکە فراوان. بابزانین حکوومەتی‌ بنکە فراوان چییە و چۆن پێکدێت و لەژێر سایەی‌ حکومەتێکی‌ لەم چەشنەدا ئیستیحقاقی‌ ئۆپۆزیسیۆن چییە؟. دیارە بۆ پێکهێنانی‌ حکوومەتێکی‌ بنکەفراوان لەشوێنی‌ حکوومەتە قۆرخکراو و بەرتەسکەکەی‌ پارتی ‌‌و یەکێتی‌، دەبێت: یەکەم: ئەم حکوومەتەی‌ ئێستا هەڵبوەشێتەوە. دووەم: هەموو لایەک بەپێی‌ ژمارەی‌ کورسییەکانی‌ پەرلەمان پۆست‌ و وەزارەت وەربگرن. بەپێی‌ ئەوەی‌ ئۆپۆزیسیۆن خاوەنی‌ 13 کورسییەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستانە و لەکابینەی‌ ئێستای‌ حکوومەتی‌ هەرێمدا (22) پۆست ‌و وەزارەت هەیە، ئەوا لانیکەم ئۆپۆزسیۆن مافی‌ خۆیەتی‌ کە (7) وەزارەت‌ و پۆست وەربگرێت. سێیەم: بەحوکمی‌ ئەوەی‌ نزیک بە 9 پۆستی‌ سیادیی‌ لە کابینەی‌ ئێستای‌ حکوومەتی‌ هەرێمدا هەیە، ئۆپۆزیسیۆن مافی‌ ‌ خۆیەتی‌ کە 3 پۆستی‌ سیادیی‌ وەربگرێ.

بەڵام چاودێرێکی سیاسیی پێیوایە رەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێم لە روانگەی سوود و بەرژەوەندیی حزبی خۆیانەوەیە نەک لە روانگەی قازانجی گشتیی خەڵکەوە، بۆیە هەموو کاتێک ئۆپۆزیسیۆن کە رەخنە دەگرێت، باس لە پۆست و ئیمتیازاتی تایبەتی خۆیان دەکەن، چوونکە ناتوانن بڵێن ئەو رێوشوێنانە خراپە سەرۆکی هەرێم گرتوویەتییە بەر، ئەمە کەس لێیان قبوڵ ناکات، بەڵام دێن لە روانگەیەکی ترەوە کە روانگەی سوودی حزبی خۆیانە رەخنە دەگرن. پێویستیشە خەڵک ئەم دوو جیاوازییە لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆندا ببینن.

ئەنجوومەنی مەیدانی ئازادیی رای جیاوازیان هەیە.


ئەندامانی ئەنجوومەنی مەیدانی ئازادیی کە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی کاتی سەرا بوون و لە مانگی رابردوودا سەردانی فەرمی سەرۆکی هەرێمیان کرد، را و بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر پڕۆژە چاکسازییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن لەو بڕوایەدان کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پڕۆژە چاکسازییەکەی لە بواری کردارییدا بچەسپێنێت، بەتایبەت دوای سەردانەکەی خۆیان بۆ لای سەرۆکی هەرێم گەشبینی ئەوە دەردەبڕن کۆبوونەوەکەیان ئەنجامی زۆر پۆزەتیڤی هەبووە و هەر دوای ئەو کۆبوونەوەیە زۆر هەنگاو لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە نراون لە راستای پرسی چاکسازیی و بنبڕکردنی گەندەڵی.

د.فایەق محەمەد گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئازادیی، گەشبینە بەرامبەر بە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم و پێیوایە دوای کۆبوونەوەکەی ئەوان زۆر لایەنی گەشی ئەو چاکسازییە دەرکەوتوون. بۆ نموونە هەر یەک لەم هەنگاوانە نراون: یەکەم: یەک لە داواکارییەکانی وەفدی ئەنجوومەن، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ناو شار و شارۆچکەکانی هەرێم بوو بۆ دەرەوەی شار و شارۆچکەکان، ئەو داواکارییەی خەڵکی ناڕازی کوردستان پاش چەند رۆژێک جێبەجێکرا، هێزە سەربازییەکان شار و شارۆچکەکانیان بەجێهێشت. دووەم: لەو رۆژەوە سەردانی سەرۆکی هەرێممان کردووە، هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئەنجوومەنی کاتی مەیدانی ئازادی کۆتایی هاتووە. سێیەم: یەک لە داواکارییە هەنووکەییەکانی خەڵکی ناڕازی هەرێم دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بکوژانی شەهیدانی رۆژی 17 شوبات و رۆژانی دوایی بوو کە ئێمە جارێکی تر رۆژی 9-5 گەیاندمانەوە سەرۆکی هەرێم، دواتر کەناڵەکانی راگەیاندن ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای سلێمانی لەسەر کەیسی شەهیدان (سورکێو، شێرزاد)، عەمید ئاسۆ شێخ تەهای بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرکردووە، عەمید ئاسۆ سەرپەرشتی ئەو مەفرەزەیەی دەکرد رۆژی 19-2 سورکێو و شێرزادی لەبەردەمی نەخۆشخانەی سلێمانی ئەهلی شەهید کرد. چوارەم: لە چوارچێوەی دوورخستنەوەی بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان، د.نوری عوسمان بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر کارەکەی لادراوە.

لەبەرامبەردا بەشێکی تر لە ئەندامانی ئەنجوومەن پێیانوایە کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەت و حزبەکان نایانەوێت چاکسازیی بکەن، رایدەگەیەنن ئەو بانگەشانەی دەسەڵاتداران بەوانەی خودی سەرۆکی هەرێمیشەوە تەنیا بۆ خاڵیکردنەوەی ناڕەزایی پەنگخواردووی کۆمەڵانی خەڵکە. "عەلی مەولود" ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی کاتی سەرا پێیوایە: لە ماوەى خۆپیشاندانەکاندا چەندینجار کەسایەتییە (بەحساب) بڕیار بەدەستەکانى دەسەڵات هاتنە سەر خەت و بەڵێنى جۆراوجۆریان دا بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکارییانە و هەندێکجار خەڵکى ناڕازى کوردستان و حزبەکانى دەرەوەى دەسەڵاتیان منەتبار و قەرزدار دەکرد گوایە خۆیان بەرنامەى چاکسازییان هەیە و بەمزووانە ئەنجام و دەسکەوتى گەورە دەبینن، بۆ نموونە سەرۆکى حکوومەت بێجگە لەوتارەکانى دوو نامەى نارد بۆ ئەنجومەنى کاتى و تیایدا بەڵێنى زۆرى هەڵڕشت، سەرۆکى هەرێم هەم لە (فلاش لێدوان)ەکانیدا و هەم لەگەڵ وەفدەکەى ئەنجوومەنى مەیدانى ئازادیى بەڵێنى پڕۆژەى چاکسازیى هەمەلایەنەى دا و گوایە لە ماوەى 4 مانگدا "نەتائیجى باش" بەدیار دەکەوێ، پەرلەمانى کوردستانیش گەڵاڵەیەکى 17 خاڵى کرد بەبڕیار و سکرتێرى گشتیی یەکێتیش لە یادى راپەڕیندا بەهارى چاکسازیى ئازادیى و خۆشگوزەرانى هێنا، ئەمە جگە لە بەڵێنى گەورەى وردە بەرپرسەکان، بەڵام گرنگى خەڵکى کوردستان لەوەدا بوو هیچ باوەڕى بەم گوتە و بەڵێنانە نەکرد، ئەویش لەبەرئەوەنا بەڵێنەکانى ئەوانى پێ کەم و ناتەواو بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەى ئەم دەسەڵاتە بەکردەوە بێبەڵێنى خۆى سەدانجار سەلماندبوو، ئەمەى ئێستاشیان کەوا چەند مانگ تێپەڕى و هیچ ئاسەوارێک لە چاکسازیى نییە و بگرە هیچ هەنگاوێکیش نەنراوە بۆ راستکردنەوەى ئەو تاوان و پێشێلکارییانەى لە 17ى شوباتەوە کراوە، بەشێکە لەو بێ بەڵێنییە.
 

 

Shamzini79@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک