بەرسیلە
قەسیدەیەکى
نەنوسراوە .
دیار محهمهد
ئەم گوڵەى من
عادەتییە
وەرزەکانى تێکەڵە
بە تەڕى شەونم و
دەنکەکانى باوەش
لە تاریکمدا دەگرنەوە ..
................................................
بەرسیلە هەر کە
یەکەم ڕۆژ عاشقە
وەک من،
پرچەکانى حەمامین و
ڕوومەتەکانیشى
تەڕن وەک ئاو
..................................................
شوێن پێکانى
مەراقى شهراب دەڕەوێنن
باپۆشەکانیشی
جگەرى سوتاو
باوەشێن دەکەن
................................................ ..
کە هەناسەکان دەتەکێنن
بەرسیلە
لەستیانى بەهاردا
سەما دەکات بەڕوتى
...................................................
کە مقنعە لە سەرى
چاوەڕوانیدا لا دەچێ
چڵە بزافى حەرفەکانم
لێت شین دەبێت
بەساواى ..و
بەهار چاوەڕێى
بەشودانى ڕەنگەکانیکەى
دەکات بۆ گەڵامێو
کەچى مێرو پاشایانە
بە باڵەکانیەوە دەنازێ
وەک شینە شاهۆ
.............................................
بەرسیلە ئەڵوەنێکە
مروارى کۆشى لێ پڕ دەکات و
بە میحرابى نیوەڕەکاندا
دەیگێڕێ
...............................................
بەفر کاتێک شیلە دەبەخشێت
لە خۆى
باوەش بە پەیکەرى
گەڵادا دەکات..وەک من
................................................
وردە دڵۆپەکانیشى
دەکاتە کریستاڵى
ئێوارە و
سەر مەمکى ژنە ستیان
تەڕەکانى قیامەت
................................................. ..
ئەم گوڵەى من عادەتییە
ئاوازەکانى تێکەڵ
بە پیانۆى
بەیانیان و
دووگمەى لە ئێوارە
بوونم دەکاتەوە
.....................................................
بە هەستانى تریفە
لە بەیەنى خاک
بەداچونى پرژە وەریوەکانى
زوهرە
لەتایپ کردنى غەریزە
تە قاندنم وەک باروتى فیشەکە
چروکەکانى دواى شەڕە و
نیوەڕیەکى ووشکم وەک
ژەمە خواردنى جگەرى
بێچوە کۆترێکى سپیى
.................................................
بە ڕەچەڵەک
ئەم گوڵەى من
پایزێکى پۆڵاییە
یارییەکە بێ تاقەت چوون
هەناسەیەکى تەڕە بێوشک
بونەوە
....................................................
شیعرێکى پەمەییە وەک (قوباد)
زەردەخەنەیەکى (با) یە
وەک ئێوارە
ئاوازێکە لە تەواوبون
هەڵدەقوڵێ
سەرابێکە پڕلە بارانى
وەنەوشەیى
....................................................
بەرسیلە
قەسیدەیەکى نەنوسراوە
کەچى تالێى ورد دەبمەوە
هەر دێرە و دێڕە و دێڕە
بێ سەرەتا .
هــاوینى 2007
سلێمانــــــــى
|