په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١\٢٠١٠

بە روخسەتى جەنابتان...!!


عەبدولوەهاب عەلى

(1)
لەم ئێوارانەدا ، نمە بارانێَک دەبارى و رووخسارى تۆراوى تەڕ دەکردم و زۆر بە ئارامى و لەسەرخۆَ نمە نمە ئاوپرژێنى دەکردم و گوناهو هەڵەکانمى دەشۆرییەوە ، ئەوەندە تێکەڵ بوو بوو لەگەڵ پێستی رووم و جەستەو رووحم ، من بوومە نمە باران و نمەبارانیش ، بووبووە چەخماخەو رقى لێ پرسینەوەى لە ناخى منەوە هەڵدەلووشى و دواتر بەرەو دارستان و چەنگەڵێکى ژیان راپێچى دەکردم ، کە لەوێ بێ دەنگى هەبوو ، لەوێ تەنیا غەم و خەو ، یاساو ڕێساى ژیان بوو ، سەردارانى ئەو چەنگەڵە خەسەکرابوون ، بۆیە هەموو زیندەوەرەکانى ترو من و مرۆڤەکانى تریشیان خەسەو خەفەدەکرد، چونکە لەو دارستانەدا ، زمان و ئاماژەکانى لێک تێگەیشتن ، تەنیا بوو بووە سەیرکردنێکى پڕ حەسرەتى بێ دەسەڵاتى و هیچى تر ، کەس لەکەسى تر ناپرسێتەوە و هەر مرۆڤ و زیندەوەرە هەڵەپەیەتى بۆ ئەوەى ئەو تەلیسمى بێ دەنگیە بە هاوارو قیژەیەک تێک بشکێنن ، تا ئەو کاتەى دەنگ دەگەڕێتەوە بۆ بێ دەنگەکان و هەموومان بەیەک دەنگ دەڵێین ، بڕوخێ بێ دەنگى و بە کۆتا بێت شەوە زەنگى بێ یاساو رێساى نادادپەروەرى ناو ئەم جەنگڵستان و خەمستانە !!


(2)
هاوڕێ شیرینم نامەکەتم پێگەیشت ، لێت پرسیبووم چى دەکەیت ! ئەم رۆژگارە بە چییەوە سەرقاڵ و خەریکى ، باسى رۆژەکانى عەشق بازى و سەردەمى ئەوینداریت بەبیرهێنابوومەوە ، لە خۆمت پرسیى بوو ! لەدڵمت پرسی بوو ، لە چاومت پرسی بوو، لە هەواڵى گیرفان و گوزەرانمت پرسى بوو ، لە پێڵاوو گۆرەوییەکانمت پرسی بوو ، ئیتر لە هەموو شتێکت پرسى بوو ،!! تەنیا لە یەک شتت نە پرسی بوو !!لە کوێ دەژیت و ئێستا چ عینوان و ئەدرێسێکت هەیە ، !! لە وەڵامدا منیش دەڵێم ، هاوڕێ نزیکە دوورەکەم ، ئێستا لە هەتیو خانەیەک ژیان بەسەر دەبەم کە کەسى تێدا نیە دایک و باوکى مابێت ، ئەمەش ئەدرێسەکەمە ، شەقامى درۆزنان !! کوچەى دەست بڕەکان !! خانەى زمان بڕەکان !! ژمارە ملیۆنان ( بەندیخانەى ژمارە 1 نمرەکەى خۆشم 2779 ) ..!! هاوڕێ لە کۆتاییدا بۆت دەنووسم نەخۆت وەرە بۆ سەردانم نەسەگەکەشت بنێرە بۆ پاسەوانیم ، چونکە سەر لەتۆش دەسەنن و ژیانت لێ دەکەن بە دۆزەخ و پاشانیش وەفا لە سەکەکەشت دەدزن و بە پێ سوتاوی تەرەو پەروازەى دەکەن ، بۆیە دەڵێم دەخیلە سەردانم مەکە هاوڕێ نزیکە دوورەکەم ..!!!


(3 )
مانگى پێشوو چەند رۆژێک چوومە ناو بازاڕە میللیەکانى هەولێرەکەم ، شێخەڵا ، قەیسەرى ، کۆترى ئاشتى و کۆڵان و جادەو بازاڕەکانى تەعجیل و بازاڕى لەنگەو سورچیان و مەزاد خانەو زۆر کوچەو بازاڕۆچکەى ترى ناو شارو گووزەرم پێدا کردن ، دەگەڕام و دەسووڕامەوە و لە مێشک و ناخمدا چەند غایلەو ئەندێشەیەک هەبوو ، بۆ نموونە کەسەیرى حەشامات و خەڵکە کارکەرو کاسبکارەکەم دەکرد ، کارو بژێوى ژیانم لا گرنگ و شیرین دەبوو ، کە سواڵکەرەکانم دەبینى رووم لە خودا دەکردو بۆیان دەپاڕامەوە و پشتم دەکردە دەسەڵات ، کە پۆلیسەکانى سەر شەقام و گۆرەپانەکان شاووریان لێدەدا یان ئاماژەیان بۆ ئۆتۆمبیلەکان دەکرد، یاسا شکێنەکانم وەبیر دەهاتەوە ، کە موبایل بەدەستەکانم دەبینى هەندێ بە نزمى و هەندێ بەدەنگى بەرزو هەندێکیش بە قیژەو هاوار دەدوان ، ڕقم لە تەکنۆلۆژیاى دژە ژیانى کۆمەڵایەتیمان دەبۆوە ، کە عەباو سەرپۆشى عارەبى و خلیجیم دەبینى ، لەبەر چاومدا دنیا دەبووە شەوەزەنگ و تاریکستان ، ! کە سفورى بێ سنوورم دەبینى ، دەستم لە دایک و کچ و خوشکەکانم دەشۆرییەوە ، کە جلوبەرگى کوردیم دەبینى هەموو مێژووى خۆمم جارێکى تر لەبەر دەکردەوە !!! کە خۆمم بینى سەیرى ئەو خەڵکە دەکەم ، قێزم لە رابردوو ئێستاى خۆم و تۆى هاوڕێ ى دوێنێ و ئەمڕۆم کردەوە ، کەواتە با بگەڕێمە بۆ ماڵە ساردو سڕەکەم کە جگە لە کەلاوەیەک نەبێ، لە هیچى تر ناچێت !!

(4 )
دەمەوێت ئەمڕۆ سەفەربکەم نە پارەم پێیە و نە روخسەتم لە جەنابتان وەرگرتووە !! نەتکتى فڕۆکەو نەشەمەندەفەرو نە کەشتى و نەئۆتۆمبێلم بۆ دابین دەکرێت ، !! پەساپۆرتەکەم ساختەیە ، فیزەکەم قاچاخچیەک بۆى دابین کردووم ، کە دڵنیام ئەویش تەزویرە ، دەروازە سنووریەکان هەمووى بەڕوومدا کڵۆم و داخراوە ، پاسەوانەکانى مەرز بە کەلەپچەوە چاوەڕوانمن ، باشە هاوڕێ سەفەر وا دەکرێ ؟ نە جانتایەک و نە کیسە خەویک و نە جلوبەرگ و کەل وپەلیک و نە تاقمی تەراش و فلچەیەکی دان شتن! ...نەخێر ئەفەنەکەم ئەمە سەفەرى کۆتاییە ، سەفەرى ئەمجارەم وادەبێت کە جگە لە چەند مەترێ خامى سپى هیچى ترى ناوێت ، دیارە هاوڕێ سەفەرەکەت مەرگ و مردنە !! نەخێر قوربان سەفەرى ئەمجارە هەموومانین !! بەڵێ من و تۆ هەموومان دەرۆین!!هاوڕێ خۆ شارو وڵات بەدەرمان ناکەن ؟!! نازانم .......هەر ئەوەندە دەزانم قوربان بە دڵنییایەوە دەبێت ئەم سەفەرە بکەین کەى و چۆن و بۆکوێ من نازانم ......من نا ..نا ..نا ....نا ....نازانم !!!!؟؟؟

 

 

abdlwahabali@yahoo.com