په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 
                   بەسەر چوو سەردەمى سەفەرەکان.

 


یوسف عیزەدین


سەفەر مەکە
چیدى نابینى
سێبەرى ئەو دەریایەى
بەیادەوەرى تنۆکە سوێرەکانى

زەمەن بارگاوى بوو
ئاستەمە بینینەوەى
سێبەرى یادەوەرى هەڵوەرینى
خشۆکە بێباڵەکانى ئاسمانێ
لەو حیکایەتانەى
تنۆک تنۆک بە ئەسپایى
لەسەر لێوى زەمەن هەڵدەخزان
ئەو حیکایەتانەى بەشێک بوون
لەسولالەى ئەفسانەکانى باو
سیحرو تەلیسمى
چاخەکانى تاعوون
ئاستەمە بینینەوەى
نیوەڕۆکانى رەنگپەڕینى میتاڵەکانى خوێ
لەنێو توانەوەو مەیینى
چاخەکانى هەڵزنان و رۆچوون
بۆ نێو نهێنى کوولبوونى
میلى کاتژمێرەکانى لم
پەنهانى رەگداکوتینى
کانزا ژەنگاوییەکان
بۆنێو لوغزى سێگۆشە بوونى
هەموو ئەو خەنجەرانەى پاش کوژرانیان
لەزەردەپەڕى ئێوارەیەکا
بەخەیاڵ گەڕانەوە بۆ سەمەرقەند
ئاستەمە بینینەوەى
چاخەکانى دۆزینەوەى سەیرترین ئیکسیر
لەئێسکى ماسییە مۆمیاکراوەکانى
سەردەمى فیرعەونەکان
ئاستەمە بینینەوەى
سپێدەى دۆزینەوەى تەڵخترین مەرهەم
بۆ رۆشنکردنەوەى پەنجەکان و
شێلانى ئەندامە شاراوەکانى شەیتان
بۆ گۆڕینى رەنگى پێست و چاوو
ئاوەڵکراسى مەخلووقە بێڕەنگەکان
بەسەرچوو
سەردەمى دابارینى گەڵاو
گەمەى گوڵ و چاوشارکێى خەیاڵ
بەسەرچوو
ئەندێشەکردنى چەندین شەوانى
شینى وەک دەریا
بەسەرچوو
سەردەمى ئەو دەروازانەى
کەلەبەردەمیا رۆحى کەشتیە چارۆکەدارەکان
بۆ هاتنى با
خەونیان بەشەپۆلەکانەوە دەبینى
بەسەرچوو
سەرگوزشتەى ئەو شمشێرانەى
بۆ خاترى بینینى خوێن
لەقووڵایى ماجەراکانى جەنگا دەخەوتن
ئێستا زەمەنى تێکشکانى خەونى ئەو کەشتیانەیە
کەرۆحى ماجەراپەرستى قەراسنەکان
لەخاڵێکى وەستاوى زەمەنا
بۆ زانینى قەدەرى ئەژدیهاکان خستیانە رێ
ئیدى تۆ ئەو ئەسپە نادۆزیتەوە
کەدوا میرى مەملەکەتى لەسەر گلا
هیچ رێگەیەک ناتباتەوە
بۆ سەر ئەو گۆمە نەبینراوەى
میناتۆرە حەرامکراوەکانى تێ فڕێدرا
هیچ دەلاقەیەک
ناڕوانێتە نێو ژوورە شووشەبەندەکەى میر
تابزانی چەند مێینەى سەیرتر
لەئاو و گوڵ
لەوێدا رامکرا
ئیدى ئەو کچە نابینیتەوە
کە بۆ بینینى رۆحى بیابان
دواى کاروانى ئەندێشە کەوت
ئەو کچەى
بەبێ ئەوەى پێ بزانێ
لەنێو جەرگەى دەریاى لما
لە ساتەوەختى روانینى بۆ سەراب
بۆ هەتا هەتایە ونبوو
ئەى ئەو کەسەى رەنگى موسافیر
لە رووکارت نیشتووە
سەفەر مەکە
چاخى سەفەرەکان بەسەرچوو
رێگەکانى ئێستا دەچنەوە سەر هیچ
تۆ ئیتر نەسلى ئەو مشکانە نادۆزیتەوە
کەتاوانبارن بەهێنانى چڵە وشکەکانى حەقیقەت
چیدى رێگەیەک نییە
بچێتەوە سەر رێگەى ناشوێنێک
لەقەڵا دێرینەکانى ئاو
جەنگە جوانەکانى خەون
شارستانیەتى نەوەکانى قەومى ڵووت
چیدى ئەو پیاوە نادۆزیتەوە
کەبەرەبەیان رەجمکرا ئێوارە لەخاچدرا
تەنها لەبەر ئەوەى دەیویست
لەنێو کتێبخانە پەنهانەکەى ئیبلیسا
ببێتە ئەفسانە کتێبێکى نەنووسراو
بەسەرچوو هەموو ئەوەى کەبوو
ئێستا زەمەنێکە لەوێنە
بۆ ناوێنا کردنى ئیماژ دەگەڕێ
نابیستێ
هیچ میتافۆرى رووداوێک
تازمانى سەردى بێتە گۆ
بەو دێوە دەچێ
لەچاوەڕوانى فڕینى بەردێکا توایەوە
هاوشێوەى عیفریتێکە
نەزانرا بۆ لەقووڵایى خورافەیەکا خەوت
وەک ئەو دوو بوونەوەرەیە
بەرلەمێژووى کوشتن و
بەدرامابوونى ژیانى کوژراوەکان
پێش لەدایک بوونى یەکەمین بکوژ
بێ ئەوەى پێ بزانن
یەکتریان کوشت
ئەمڕۆ رۆژێکە بێدەنگ
وەک بێڕەنگى خوێن
لێوانلێو لەبێهوودەیى دەمارەکان
ئیدى سێبەرى ئەو دەریایە نابینیتەوە
باڵندە کزۆڵەکان
پاییزانێک بەسەریا وەرین
لەساتێکا
تیشکى دوایەمین خۆرەتاوێک
دەنگى ماسییەکانى لەگەل خۆى برد
دڵۆپە ئاوەکانیش هەورەکان لەخۆیانگرت
ئەى ئەو کەسەى هێندەى باڵاى موسافیرێ
لەبەردەم پەنجەرەى سەفەرا
سەرەتاتکێى رێگە بێکۆتاکان دەکەى
گوێڕادێرە بۆ هەموو ئەو دەنگانەى
کەپێت دەڵێن ئەگەر بڕۆى
جارێکى تر نایەیتەوە
نێو کۆڵانە دێرینەکانى حەقیقەت
نابینیتەوە سەرو سەکوتى خۆڵاوى
میرەکانى خەون
کۆشکە خەیاڵییەکانى مۆڵگەى کەڕوو
دەڵێن مەڕۆ
تاببینى چۆن
هەموو ئەو کچە ئاوییانەى
لەگەڵ باران دێنە خوارێ
بەفەرمانى ئاسمان
لە ئامێزى موریدەکانى بێهوودەییا
هەر بەڕووتى رادەکشێن
دەڵێن مەڕۆ
بەسەرچوو
ساتەوەختى لەدایکبوونى ئەو حەرفانەى
لەپشت زەخرەفەکانەوە دەبوونە دەنگ
رۆژگارى ئەو وشانەى لە یادەوەریا دەنووسران
ئەو دێڕانەى دەبوونە موسافیرو
شارە و شار
بەشوێن پەرەگرافێکا دەگەڕان
بەسەرچوو
ساتەوەختى فڕینى ئەو نەوڕەسانەى
لەئاسمانێکى گەرما باڵەکانیان هەڵپڕووکا
بەسەرچوو
وەرزى ئەو ئاسکانەى لەپێناو دۆزینەوەى
دارستانێک لە شەبەنگ
تائەبەد بوونە پەلکەزێڕینەى
ئاسمانێک لە هیچێتى هەمووان
بەسەرچوو
سەرگوزشتەى گەڕانەوەى کاروانى
ئەو مەخلووقانەى
سەردەمانێک بۆ هێنانى خوێ
بە رێگەیەکەى نەزانراوا
گەیشتنە سەر پردى سیراد
بەسەرچوو
شەوانى ئەو حیکایەتانەى
بەبێ حیکایەتخوانیش هەر هەبوون
دەڵێن مەڕۆ
تۆ هانیباڵ نیت
بەسوارى فیلێکى بێدەنگەوە
بەنێو چاخەکانى بەفرا سەفەر بکەى
وەک جەنگاوەرێک لەتەم
لەگەڵ هەموو تەمتوومانێک بێیتە دنیا
تۆ ئەو نیت
تا لەپێناو سڕینەوەى ناوى رۆما
کارتاجەیەک لەحەرفى نەزانراو
لەدەرەوەى زانراوەکان چێبکەى
تۆ خوێنى هیچ فینیقییەک
بەدەمارەکانتا ناگوزەرێ
تا بەڕێکەوت
توێژاڵە لمى کەنار بکەیتە کریستاڵ و
دەریایەکیش لەوەهمى شووشە
بنێریتە کارتاج
تۆ ناتوانى وەک هۆمیرۆس
لەپشت تەڵخترین پەنجەرەوە
بڕوانیتە موعجیزەى زیندووبوونەەى
ئەو کوژراوانەى
حیکایەتى مەرگى رۆژەکان دەگێڕنەوە
دەڵێن مەڕۆ
تۆ سێبەرى ئەو دەریایە نابینیتەوە
کەهێشتاکە خۆڵبارانى نەبینیبوو
بەسەرچوو
سەردەمى سەفەرەکان
سەردەمى خەیاڵ
سەردەمى شیعر و جوانى ومەستبوون
سەردەمى ئاوازە رۆحییەکانى
سەدان قیسارەى نەرم
نەرمتر لەلێوى شەهرەزاد
دەلێن مەڕۆ
لێرەبە بۆ بینینى نەوەکانى خۆڵ
بۆ خوێندنەوەى مێژووى کێویبوونى ئەقڵ
لێرەبە تا لە حیکمەتى هەموو تۆبەکان بگەى
ئیدى بە هیچ رێگەیەکا نەڕۆى
هەرگیز نەبیتە موسافیر و
تا ئەبەد سەفەر نەکەى
لێرەبە لە گەڵمان
لەلاى یەکێک لە پەیکەرە جیوەییەکانى
سەرکردەى خۆڵ
لەنێو مەعشەرى خۆڵ
لە خامۆشى باخچەهەڵواسراوەکانى
بورجى دەنگ و سەدامان رابمێنە
بۆنى رێنووسى بەرد بکە
بڕوانە میرى خۆڵاویمان
ببینە چۆن هەر لەیەکەم رۆژى بوونیەوە
زمانى هەموو ئەو خشۆکانەى بڕى
کەدەیانویست زمانە تەڕەکانیان
لەخۆڵى ئەو خاکە وەردەن
کەسەدان پشتى میرانى خۆڵ
لە دەرەوەى دونیاى باران حوکمیان کرد
لێرەبە لەگەڵمان
چاو بۆ هیچ هەورێ مەگێڕە
بیر لە هیچ بارانێ مەکەرەوە
خەون بەهیچ دڵۆپە ئاوێکەوە مەبینە
لەلاى یەکێک لە پەیکەرە جیوەییەکانى
سەرکردەى خۆڵ
هەروەک وەستانى سەدان ساڵى ئێمە
لەحوزورى گەورەیى ئەوا
بێدەنگتر لە خۆڵ رابوەستە.