په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١٣

بەسەرهاتی جەژنی قوربان.


هەژێن


کاتێک کە ئیبراهیم پەیامبەر وەک پابەندییەک بە ڕێسای دواکەوتووانەی خێڵەکانی چەند هەزار ساڵ پێش، ئاوای نیشاندا، کە ئەویش ئامادەیە کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت، بەپێی گێرانەوەکە، بەهۆی دەرکەوتنی مەرێکەوە..... بڕیارەکەی گۆڕیوە!


من لەو گێڕانەوە و بەسەرهاتەدا دوو شت دەبینم، کە ئەوڕۆکەش ڕامیارەکان و دەسەڵاتداران هەمان شتدەکەن:


یەکەم یا وەک ئەوەی کە 'مایکڵ مۆڕ' لە پاش ١١ی سێپتەمبەر لە بەرامبەر لەشکرکێشیی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفگانستان و ‌عیراق، لە پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی دەپرسی "بۆچی کورەکانی خۆتان نانێرنە بەرەی جەنگ ؟".


ئەوانیش بۆ بەرگرتن لە دەرکەوتنی دەستەکەیان، وەڵامیاننەدەدایەوە یا دەیانکردە دەرەوە یا ئەگەر وەڵامیان بدایەتەوە، هەزار و یەک پاساویان بۆ دەتاشی. ئیبراهیم پەیامبەریش، بەو درۆیە "گوایە خودا مەڕێکی ناردووە، تاوەکو کوڕەکەی سەرنەبڕێت" خۆی لە ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیی خێڵەکەی ڕزگارکردووە، چونکە ئەوساش، تەنیا کوڕی هەژاران و خۆشباوەڕان شایستەی مردن بوون ! هەروەک چۆن ئەوڕۆکەش ئەوە تەنیا هەژارانی ناهوشیارن، کە پابەندی ئەم پووچگەراییە ماونەتەوە!

دووەم، یا دەتوانین بڵێین دڕندەیی خێڵەکەی ئیبراهیم و ڕێسا ئایینییەکانیان بە ڕادەیەک بووە، کە مەڕێک لە بەرامبەر دیمەنی ڕاکێشراوی کوڕی ئیبراهیم لەژێر چەقۆدا، فرمێسک زاوەتە چاویی و وەک هەر ئاژەڵێکی دیکە کە دەبێتە دۆستی خاوەن و شوانەکەی، بە باعەباع لە ئیبراهیمی پرسیوە ئەوە 'ئیسماعیل'ی شوانەم بۆ سەردەبڕیت؟


ئیدی ئیبراهیمیش بە هەڵبەستنی ئەو درۆیە، لەجیاتی شەرمەزاریی لەبەرامبەر مرۆڤدۆستی ئاژەڵان و هەستبەتاوانکردن، بە سەربڕینی مەڕەکە خۆی لە ئەنجامدانی ئەرکە خیڵەکیی و ئایینییەکەی دزیوەتەوە!


بە بۆچوونی من، ئەمانە ئەو دوو ئەگەرەن، کە بە پشتبەستن بە لۆجیک و تێگەییشتن لە کەتواری ئەو کاتە و داتا دراوەکانی نێو بەسەرهاتەکە، کەسی هزر ئازاد دەتوانێت لە سەرهەڵدانی ڕێسای قوربانیکردنی ئاژەڵ تێبگات.

لە کاتێکدا، هەموو ئایینداران و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و زانایان لەسەر باڵابوون و جیابوونی مرۆڤ پێدادەگرن، ئەگەر ئەم پاگەندە پووچ و بێبنەمایە وایە، ئەدی جیاوازی مرۆڤی سەرەتای هەزارەی سێیەم، کە هەموو ساڵ و ڕۆژ و ساتێک جەژنی کوشتن و ئازاردان دەگێرێت لەتەک گورگێک کە لە ناچاریی و ناهوشیاریی و بێدەرکییدا پەلاماری ئاژەڵان دەدات، چییە؟


ئایا مرۆڤە مرۆڤکوژەکان و ئاژەڵکوژەکان و گۆشتخۆرەکان توانیویانە لە بنەچە ئاژەڵییە دڕندەیییەکەیان دووربکەونەوە، ئەگەر نا، ئیدی باڵابوونی ئێمەی مرۆڤ لە چێدایە و شانازی بە چییەوە دەکەین یا چیمان هەیە شایانی شانازییپێوەکردن بێت؟

سەرەنجام، من ئاوای دەبینم، بەڕاستی دەبەنگییە، کە مرۆڤ هێشتا دەبەنگیی چەند هەزار ساڵەی خێڵەکی پیرۆز ڕابگرێت و سادیزمی خۆی بەسەر ئاژەڵی بێزیان و بێزماندا دامرکێنێتەوە. ئەگەر قسەش لەسەر ماف و ئازادییە، ئەوا هیچ کەس ماف و ئازادیی ئەوەی نییە، کەسی دیکە بکوژێت یا بۆ تێرکردنی گەدەی دڕندانەی قەسابخانە بۆ ئاژەڵان بەرپابکات، بەتایبەت مرۆڤ کە خۆی هوشیار و باڵا و بەدەرک دەزانێت، بۆی نییە لاسایی ئاژەڵە بەناچار دڕندەکان بکاتەوە. ئەگەر قسە لەسەر مافی ژیانە، ئەوا دەبێت هەموو بوونەوەرێک هەمان مافی هەبێت، ئەگەر قسە لەسەر بەجێهێنانی فەرمانی خودا ئافەرینراوەکانی نێو مێشکانە، ئەوا کەسانێک کە خۆیان ناچار بە قوربانیدان دەبینن و پێداگریی لەسەر دەکەن، با بڕۆن لەسەر کێوێک خۆیان بخەنەخوارەوە یا خۆیان بکوژن و خودا دڕندە و تینوو بەخوێنەکەیان ڕازی بکەن، بەڵام مافی سەربڕینی ئاژەڵ و خۆتەقاندنەوەیان لەنێو خەڵیکدا نییە و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤە ئازادیخواز و ئاژەڵدۆست و ژینگە پارێزەکان بەر بە دڕندایەتی ڕەوایەتیپێدراوی تاکەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، بگرن!

دە با هەموومان پێکەوە جیهانێک دوور لە ستەم و سەرکوت و ڕەنجخۆریی و نایەکسانی و نادادوەریی چێبکەین و دوور لە ترس و پووچگەرایی، هەموو ڕۆژێکمان جەژن و گەردن ئازادی بێت؛ مرۆڤ ئازاد و ئاژەڵ دۆست و ژینگەش پارێزراو و ئاوەدان !

 

١٤\١٠\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک