په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠٢٢

بەسەرهاتی ژیانی کرێکارێکی هاتوو لە کوردستان.


عامر سابیر       


من ناوم (مارگرێت)ە، خەڵکی (گانا)م، ئەوە نزیکەی ساڵێکە لە کوردستان ئەژیم و کرێکارم. دایکێکی تەنهام و منداڵێکی شەش ساڵانم هەیە، کە لە گانا بەجێم هێشتووە لە لای دایکم. من تەمەنم ٣٤ ساڵە. ئەو کۆمپانیایەی منی هێنا بۆ کوردستان، لە گانا پێێان وتین ئەتانبەین بۆ دوبەی و مانگانە هەزار دۆلاری ئەمریکی مووچەمان ئەدرێتێ. کاتێکمان زانی لە عێراق و لە کوردستاندا، لە سلێمانی دایان بەزاندین و وتیان لیرە ئیش ئەکەن نەک لە دوبەی. من پێشتر هەرگیز ناوی کوردستانم نەبیستبوو.

من لێرە لە ماڵێکی کورددا ئیش ئەکەم. مووچەکەم ٢٥٠ دۆلاری ئەمریکییە لە مانگێکدا. ئیشی من حەوت ڕۆژە لە هەفتەدا و هەر ڕۆژی بیستوچوار سەعاتە. کاری من یارمەتیدان و ئاگالێبوونی دووکەسە، کە پیاوێکی زۆر بەتەمەنە کە تووشی لەبیرچوونەوە بووە، لەگەڵ کچەکەیدا کە کەمئەندامە. کە هەردووکیان، خۆیان ناتوانن هیچ شتێک بۆ خۆیان بکەن و من ئەبێت خواردنیان بۆ بکەم و بۆیان دابنێم، ئەبێت پاکیان بکەمەوە و بیانبەمە سەر جێگا و بیانهێنمە دەرەوە و شۆرین و جلگۆڕین و پاککردنەوە و پێدانی دەرمان و هەموو کارێکی تر بۆیان. من تەنها ئەو کاتانە کە ئەوان نووستوون منیش ئەتوانم هەندێک بنووم.

مارگرێت ئەڵێ کچێکی تری ئەم پیاوە لەگەڵ مێردەکەی، دراوسێیە و لە ماڵەکەی تەنیشتمانەوە ئەژین. ئەوان مووچەی من ئەدەن. هەفتەی یەک دوو جار، هەر جارەی بۆ سەعاتێک یان دوو سەعات ئەمباتە دەرەوە بۆ بازاڕ، بۆ کڕینی پێداویستی و خواردن بۆ باوک و خوشکەکەی. ئەمە هەموو چوونەدەرەوەیەکی منە لەم خانووەدا. وە بە چەند مانگ جارێکیش ئەمبات تا ئەو پارەیەی کۆمکردۆتەوە حەواڵەی بکەم و بینێرمەوە بۆ دایکم و منداڵەکەم لە گانا. هەروەها ئەگەر ئەم کچەشیان میوانیان هات و قەرەباڵغ بوون، ئەوا ئەبێت لەوێش یارمەتی بدەم و هەموو قاپەکان بشۆم. من کە نزیک بە ساڵێکە ئەمە ئیشمە، هیچ ڕۆژێکی پشووم نەبووە، کە بڵێم ئەمڕۆ بۆ خۆمە و هیچ ناکەم و ئیسراحەتم. کچەکەیان کە دراوسێمانە، کە ئەچن بۆ گەشت و سەیران، من ئەبێت لە ماڵەوەبم و ئاگام لە باوک و خوشکەکەی بێت.

مارگرێت ئەڵێ، من پاسەپۆرتەکەم لەلای ئەو کۆمپانیایە گلدراوەتەوە کە ‌منی هێناوە بۆ ئەم ئیشە. عەقدەکەم بۆ دوو ساڵە، دوای ئەوە ئەتوانم بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم.


فرمێسک، کە ئەم کرێکارە هاتووەی (مارگرێت)ی گرتووە بۆ ئەوەی ئاگای لە باوک و خوشکەکەی بێت، بەم شێوەیە باس ئەکات و ئەڵێ.


ئێمە لە ڕێگەی یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە کرێکاری هاتوو ئەهێنن بۆ کوردستان، ئەم کرێکارە (مارگرێت)مان دۆزییەوە. من بڕی نزیک بە ٦٠ وەرەقەم داوە بە کۆمپانیاکە، واتە شەش هەزار دۆلار بۆ عەقدی دووساڵ ڕێکەوتووین کە موچەی مانگانەکەشی ٢٥٠ دۆلار بێت. ئەوە نزیکەی ساڵێکە مارگرێت، لە گەڵماندایە و یارمەتی باوک و خوشکەکەم ئەدات. پێشتر کرێکارێکی ترم هێنا، تەنها دوو ڕۆژ کارەکەی کرد و حەزی لێنەبوو، ڕۆیشت و دامانەوە بە کۆمپانیاکە و ئەم کرێکارەی ئێستا (مارگرێت)یان بۆ دۆزینەوە. فرمێسک ئەڵێ ئەزانم کە ئیشەکەی مارگرێت زۆر سەختە، بەڵام ئێمەش هەر ئەوەندە ئیمکاناتمان هەیە و ناتوانین مووچەی زیاتری بدەینێ.

سەبارەت بەو ٦٠ وەرەقەیەی کە داویانە بە کۆمپانیاکە، فرمێسک ئەڵێ ئەوە بۆ کۆمپانیاکەیە. لە پاش دووساڵەکە ئەو پارەیە نە ئەگەڕێتەوە بۆ ئێمە و نە ئەشدرێ بە مارگرێت.


سەبارەت بەوەی کە بۆچی مارگرێت هەفتانە لانی کەم ڕۆژێکی پشووی نییە؟ فرمێسک ئەڵێ، جا خۆ ئەو هیچ شوێنێکی نییە بڕوا بۆی! لەگەڵ باوکم و خوشکەکەمدا ئەو ژوورێکی بەتەنهای هەیە بۆ خۆی، تەلەفزیۆن و سەتەڵایتی هەیە، ٢٥٠ دۆلارەکە بە سافی بۆی ئەمێنێتەوە و هەموو مەسرەفێکی لەسەر ئێمەیە.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی مارگرێت ناتوانێت خۆی بەتەنها بچێتە دەرەوە و بەردەوام ئەبێت لەگەڵ ئێوەدا بچێت بۆ شتکڕین؟ میردەکەی فرمێسک هاتە دەنگ و وتی، ئاخر ئەگەر بەتەنها بڕوا، ئەوا ئەچێت چاوی بە کرێکارانی تری وڵاتی خۆی ئەکەوێ و ڕەنگە مەعاشی ئەوان زیاتر بێت و ئیشەکەیان سوکتر بێت و دوایی مێشکی ئەمیش تێک ئەدەن و ئەمیش فێر ئەکەن و وای لێ ئەکەن بەجێمان بهێڵی. لەوەڵامی ئەوەی کە ئایا ئەم مامەڵەیەی ئێوە ڕەفتارێکی ئینسانییە کە لەگەڵ ئەم کرێکارەدا ئەیکەن؟ مێردەکەی فرمێسک وتی، خوا ئەم دەسەڵاتە دز و جەردەیە بگڕێ کە گەیاندیانین بەم ڕۆژە. لەسەردەمی بەعسدا هەزارانی وەک ئەو کچە نقوستانە دەوڵەت ئەیبرد و بە جوانترین شێوە بەخێویان ئەکرد، بەڵام ئێستا حکومەت هیچ ناکا و هەموو عەزیەتەکە بۆ خانەوادەکان ماوەتەوە.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی مارگرێت سەرەڕای ئیشی سەختی خۆی ئەبێت جار جارە قاپەکانی ئێوەش بشوا؟ فرمێسک وتی، وەڵا خۆ ئێمە زۆری لیناکەین، هەر خۆی کە ئەیبینێ، بێ ئەوەی پێی بڵێین، دێت دەستئەکات بە ئیش و یارمەتیمان ئەدا.

چیرۆکی ژیانی مارگرێت و ئەم ژیانە سەختەی ئەیباتە سەر، گۆشەیەکی بچوکە لەو چەوسانەوە و بێ مافییەی بە کرێکاران ئەکرێت لە کوردستاندا، کە هیچ کەس لە دەسەڵاتداران خۆی بە لێپرسراو نازانێ لەبەرانبەردا.

بەداخەوە، تا ئێستا لە کوردستاندا، لە سایەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورددا، قانوون کارێکی کرێکاری پێشکەوتووخوازانە نییە کە مافەکانی کرێکار و لە نێویشیدا کرێکارانی هاتوو فەراهەم بکات. ئەوەتە کۆمپانیاکانی سەمایەداران کە بە هەزار ڕایەڵ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتدارانەوە، لەسەر چەوسانەوە و مژینی شیلەی گیانی تەنها ئەم کرێکارە، شەش هەزار دۆلار کەڵەکە ئەکەن بەبێ ئەوەی دارێک لەسەر بەردێک دابنێن.

لە سایەی ئەم حیزبە میلیشیایانەی کوردایەتی و دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچییاندا، کە کەرتی تەندرووستی وەک باقی هەموو کەرتەکانی تر، بە تایبەتی کراوە و نەخۆشخانەی ئەهلیان قوت کردۆتەوە بۆ ڕووتانەوەی خەڵک و نەخۆشخانە گشتییەکانیشیان پشتگوێ خستووە و کردوویانن بە کەلاوە. ئەگەر لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بێدەربەست و گەندەڵ و تاوانبارەدا نەبوایە، ئەوا ئەبوایە هەموو بەساڵاچوان کە هەموو تەمەنیان کاریان کردووە و خزمەتی کۆمەڵگایان کردووە، ئەبوایە لە سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بە بەساڵاچواندا بوونایە و ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکرایە و بەهرەمەندبوونایە لە هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و خۆشگوزەرانی. ئەبوایە ئەو هەموو گەنجەی کە پەیمانگا و زانکۆ تەواوئەکەن و بێکار ڕاگیراون، بەشێکیان لەو سەنتەر و نەخۆشخانانەدا ئیشیان بکردایە و مووچەی شایستەیان پی بدرایە تا ژیانی بەساڵاچوانمان کە لە تەمەنی ساڵانی کۆتایی ژیانیاندان، بە ڕێزەوە بەڕێبکردایە و پاداشتی ماندووبونیان بدرایەتەوە و خزمەتکردنی ئەوان بکرایە بەکاری کۆمەڵایەتی.

 

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک