په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٥

    بهشێک له جامه شیعرى

    رەبەنی پرچ.

یوسف خەلیل

لە خەونێکی خۆشدام دەترسم شتێک بەئاگام بهێنێت
ئەو سۆزە پەرییەم پەرت بکات کە ئێستا تیایدام
   *   *   *
جریوەی بەیانەو
لە ژێر تارمایی مەرگەساتی
دونیای ئەفسانە و سریالدا
دیدەکان وێڵن
بەدووی حەزە سەرشێت و بێ نەواکاندا
ڕاستە حەقیقەت لە نێو مەملەکەتی جەنجاڵی ئافاتدا
سەرەو ژێرە
بەڵام راستیی ناپێکێنرێ
لە بۆسەی زەمەنە بەوقوومەکاندا
جەستەکانیش
لە تاو شەهوەتی حەزە سەرشێتەکان
لە نامۆستانی بێ هودەیی ئەم گەردوونە
کەرنەڤاڵی ماسکە رەبەنەکان دەگێڕن
مەمک تلۆر دەکرێتەوە
حەز دادەمرکێنرێتەوە
هەورەکان
ئەسرینی فەلەکە رۆژە بێ ئاسۆکان دەچێنن
بنەوشەکان
بە نەزۆکیی چاو هەڵدێنن
دەروێشەکان بێ مەرام
بەرپەرچی باڕێژە دەبنەوە
تۆفانیش تا دێ‌
زەمەن بەرەو کەندەڵ
بەرەو ئەشکەوتە خۆر نەدیوەکان
بەرەو دۆزەخە بێ مروەتەکان
بەڕێدەخرێن
زوڵفەکان روخسار لە ئامێز دەنێن
لە هێرشە بێ پەردەکان
بێ بەریی دەکرێن
چڕە شەقامەکان بێ گیان و بێدار
بێ حەز و بێ ناز
دەتەنێ‌ و
بەرەو دەریا بێ رۆخەکان
راپێچ دەکرێن
کۆچ بەڵێ کۆچ
بەرەو مەملەکەتی ڕۆژ و
گردۆلکەی جەستە بێ گرێکان
کاروان بەڕێدەخرێن
لەم شارە نامۆ و بێ هوودەدا
مرۆڤەکان بێ خورپەن
بێ جەستە و بێ سەرن
سوڵتان
پەیکەری فیوداڵە سەرکار تاج دارە
لۆ کەس نییە بێژێ
بپرسێ
دیالۆگ بێ نموونە و روخسار
راستییەکی نیادرتاڵ
خۆرهەڵات
لە نێوەندی جاڵجاڵۆکەی ئەم پەیڤە بێ راڤەدا
سەرگەردان بەدووی خۆردا
خۆریش ون بەدووی ناندا!!
شتە بەهاکان دەکرێنە قوربان
تا رەنگاڵەی سپێدەی
ئەم رۆژە بێ بۆنە
بگا بە ترۆپک
لە پێناو لوتکە
دەتوانن وێڵ بن
تا سەرە بێ مۆخەکان
خەرمانەی بیرۆکە دەبیننەوە
ئەو ساتەی خۆم لە نێوەندی هاڤیدا دەبینمەوە
ئاسوودەگیم بەستراوە
چارەنووس سەرلێشێواوە
هەناویشم هۆبەیە
لە نێوەندی تەونە ئاڵۆزکاوەکاندا
هەست بە هەرزەیی دەکەم
لە ئامێزی کەنیشکە خرۆشەکاندا
دیدەکانیش
بەهەژک لەدایک دەبن
ئێدی چۆن خەون بە هوورەوە ببینن
   *   *   *
ئیرۆس وەک نەورەسی ڤینۆسێ
ماچە گەرمەکانم بگرە خۆت
گەر زەلکاو هەبێ
مێشوولەی کودەتای کەندەڵ
هێندەی تر
نەوەد و هەشت و
سەد و دوو
سەد و چوار
بورکان ئاسا دێنەخوار
ئەفسووس
خۆ پاڵەوانی سریالی (ئوحود) نیم
ددانم بشکێ‌
(کافکاش) نیم
لە تۆفاندا بەدەرکرێم
خۆ (هیچکۆکیش) نیم
پەنجا داستانی مەرگ جێهێڵم
خۆ دۆگی (پاڤڵۆڤیش) نیم
پەیکەری رێزم لۆ بنیات نێن
(عیسا) ش نیم
مریەم بێ مامان دەرمهێنێ
سۆزدارم بەڵێ سۆزدار
عەشقم گوڵستانەو بە دڕکە چڕەکان
نابەزێنرێ
ڕاستە دەتوانن ژیانم دابماڵن
بەڵام هێزی جوودایی تۆیان لە دڵۆچکەما نییە
پەرییەکان
خەرمەن دڵتان نەپێکێ‌
دڵنیابن
بە شەوقەوە گۆناتان دەپێوم
بێ پایان سۆزتان لۆ دەنێرم
دڵنیابن
تابوون لەفەلەکدا بێ
ئەفسوس هەردەمێنێ‌.

__________________________
تیبینى: سوود له ههندێ زاراوهى ههورامى وهرکیراوه.

 

ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک